ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

    ئێران.. دادگای شۆڕش سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا ده‌سه‌پێنێت

    ئێران.. دادگای شۆڕش سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا ده‌سه‌پێنێت

    ئاژانسی ته‌سنیمی ئێرانی بڵاویكرده‌وه‌، ئێران سه‌رقاڵی سه‌پاندنی سزای له‌سێداره‌دانه‌ به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی شه‌ش رۆژی رابردوودا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ ده‌ستگیركراون. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، سه‌رۆكی دادگای شۆڕش له‌ تاران ئاشكرایكردووه‌، زۆر نزیكه‌ له‌وه‌ی دادگا بڕیاری له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌دا بسه‌پێنێت، كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا ده‌ستگیر كراون.
    وه‌ك ئاژانسی ته‌سنیم له‌ موسا غه‌زه‌نفه‌ر ئابادی سه‌رۆكی دادگای شۆڕش گواستییه‌وه‌، گومانی تێدا نییه‌ یه‌كێك له‌و تاوانانه‌ی خۆپیشانده‌ران ئه‌نجامیانداوه‌، راگه‌یاندنی شه‌ڕه‌ له‌ دژی "خودا"، ئه‌مه‌ش تاوانێكی گه‌وره‌یه‌ و سزاكه‌شی به‌لایه‌نی كه‌م له‌سێداره‌دانه‌.
    هه‌روه‌ها غه‌زه‌نفه‌ر گوتوویه‌تی، به‌م نزیكانه‌ دادگاییكردنی به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ره‌ ده‌ستگیركراوه‌كان ده‌ستپێ ده‌كات، كه‌ به‌ دژایه‌تریكردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و تێكشكاندنی سه‌روه‌تی گشتی تۆمه‌تبارن و راشیگه‌یاند، هه‌ر گردبوونه‌وه‌ و چالاكییه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئێرانه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر نه‌درابێت، نایاساییه‌ و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و چالاكیانه‌ به‌سزای خۆیان ده‌گه‌یێندرێن.
    ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئه‌گه‌ر دادگای شۆڕشی ئێران ئه‌و سزایه‌ به‌سه‌ر خۆپیشانده‌ره‌ ده‌ستگیركراوه‌كاندا بسه‌پێنێت، له‌وانه‌یه‌ مردن چاوه‌ڕێی سه‌دان كه‌س بێت، چونكه‌ ته‌نیا له‌ شاری تاران، 450 خۆپیشانده‌ر ده‌ستگیركراون، له‌كاتێكدا خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ هه‌ریه‌ك له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك: "تاران، مه‌شهه‌د، كرماشان، به‌نده‌ر عه‌باس، شیراز، ئیزه‌، سه‌نه‌نده‌ج، خرم ئاباد، قوم، تاكستان، نه‌جه‌ف ئاباد، كه‌ره‌ج، قه‌زوین، سبزوار، كاشان، دورود، ئاراك و تویسركان" به‌ڕێوه‌چوون و له‌ گرژی و ئاڵۆزییه‌كاندا جگه‌ له‌ كوژرانی نزیكه‌ی 25 كه‌س، به‌ سه‌دانی خۆپیشانده‌ریش له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستگیركراون.
    ئێران له‌سه‌رده‌می ویلایه‌تی فیقهیدا رووبه‌ڕووی چه‌ندین ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری بووه‌ته‌وه‌ و، به‌درێژایی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ش، هه‌رجارێك خه‌ڵك خۆپیشاندانێكیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی ژیان سازكردبێت، به‌ دژایه‌تیكردنی خودا تۆمه‌تبار كراون و دادگا سزای له‌سێداره‌دانی بۆ بڕیوه‌ته‌وه‌.

     ئێوه‌ له‌ كوێبن ئێمه‌ش له‌وێن هه‌ژماره‌كانی ماڵپه‌ری شایسته‌ بینه‌رمان بن

    په‌یجی فه‌یسبوك      كه‌ناڵی ته‌له‌گرام       كه‌ناڵی یوتوب      هه‌ژماری تویته‌ر       په‌یجی انسته‌گرام