ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

    👇 ده‌ته‌وێت له‌ ڕێی مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    5- رووداوی فیل یان ساڵی فیل

    5- رووداوی فیل یان ساڵی فیل


     

    چه‌ندین ڕووداو و به‌ڵگه ‌و نیشانه‌ی خوایی پێش هاتنی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ڕوویان دا؛ له‌ گرنگترینی ئه‌و ڕووداوانه‌ كه‌ پێش له‌ له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ڕوویان دا ئه‌وه‌یه‌ به‌ ڕووداوی فیل ناسراوه ‌و پێغه‌مبه‌ری خوا له‌و ساڵه‌دا له‌دایك بووه‌ که‌ ناو نرا به‌ ساڵی فیل. جا با بزانین ئه‌و ساڵه‌ و به‌سه‌رهاتی ئه‌و ساڵه‌ چییه‌‌؟ كتێبه‌كانی (سیرة)‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ یه‌كێك به‌ ناوی ئه‌بره‌هه‌ی حه‌به‌شی جێگری نه‌جاشی ده‌بێت له‌ یه‌مه‌ن. ده‌بینێت وا عه‌ره‌به‌كان هه‌موو ساڵێك به‌ره‌و كه‌عبه‌ ده‌ڕۆن و به‌ره‌و ئه‌وێ حه‌ج ده‌كه‌ن. كه‌عبه‌ پله‌یه‌كی گه‌وره ‌و پیرۆزی هه‌یه‌ له‌ دڵیاندا. زۆر ئه‌مه‌ی پێ ناخۆش ده‌بێت.

    ده‌یه‌وێ شتێك بكات خه‌ڵكی پشت له‌ كه‌عبه‌ بكه‌ن و ڕوو له‌ یه‌مه‌ن بكه‌ن؛ هات كه‌نیسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ صنعاء دروست كرد و به‌ جوانترین شێوه‌ ڕازاندیه‌وه‌ تا خه‌ڵكی له‌مه‌ودوا به‌ره‌و ئه‌وێ بێن و واز له‌ كه‌عبه‌ بهێنن.

    جا كاتێك پیاوێكی عه‌ره‌ب له‌ نه‌وه‌ی كینانه‌ ئه‌مه‌ی بیست، به‌ره‌و یه‌مه‌ن كه‌وته‌ ڕێ و شه‌وێ‌ به‌دزیه‌وه‌ خۆی گه‌یانده‌ كه‌نیسه‌كه ‌و میز و پیسایی تێ كرد. كاتێك ئه‌بره‌هه‌ به‌مه‌ی زانی پرسیاری كرد كه‌ كێیه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌و كاره‌ی كردووه‌؟ وتیان پیاوێكه‌ ئه‌و كاره‌ی كردووه‌ خه‌ڵكی ئه‌و شوێنه‌یه‌ وا‌ خه‌ڵكی حه‌جی بۆ لا ده‌كه‌ن له‌ مه‌ككه. ئیتر ئه‌بره‌هه‌ تووڕه‌ بوو و سوێندی خوارد ‌كه‌عبه‌ بڕووخێنێت. سوپایه‌كی گه‌وره ‌و به‌هێزی ئاماده‌ كرد و به‌ مه‌به‌ستی ڕووخاندنی كه‌عبه‌ی پیرۆز به‌ره‌و مه‌ككه‌ به‌ڕێ كه‌وت. له‌و گیاندارانه‌ی له‌ گه‌ڵیاندا بوون له‌ سوپاكه‌یاندا فیل بوو كه‌ عه‌ره‌به‌كان پێی نامۆ بوون و له‌و ناوچانه‌ی ئه‌واندا نه‌بوو.

    ئیتر ئه‌بره‌هه‌ له‌ صنعاء‌وه‌‌ به‌ڕێ كه‌وت و عه‌ره‌به‌كانیش ترسی ته‌واویان لێ نیشت. ته‌نها چه‌ند به‌رگرییه‌كی كه‌م نه‌بێت له‌و تیره ‌و هۆزانه‌ی پیرۆزیی كه‌عبه‌ له‌ لایان به‌هێز بوو ئیتر كه‌سی تر بوێریی ئه‌وه‌ی نه‌بوو ڕووبه‌ڕوویان بێته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌دا تا گه‌یشتنه‌ چوارده‌وری مه‌ككه‌. خه‌ڵكی مه‌ككه‌ش خۆیان دایه‌ پاڵ و شاخ و دۆڵه‌كانی ده‌وروبه‌ری مه‌ككه‌ و به‌رگرییان نه‌كرد.

    له‌م كاته‌دا هه‌ندێك له‌ حوشتره‌كانی (عبد المطلب) سوپای ئه‌بره‌هه‌ ده‌ستی گرتبوو به‌سه‌ریاندا. كاتێك (عبد المطلب) ئه‌وه‌ی زانی، داوای چاوپێكه‌وتنی كرد له‌گه‌ڵ ئه‌بره‌هه‌دا. ئه‌بره‌هه‌ش بێ وه‌ستان ئاماده‌یی ده‌ربڕی چونكه‌ ئه‌و كاته‌ (عبد المطلب) سه‌رگه‌وره‌ی مه‌ككه‌ بوو. كاتێك ئه‌بره‌هه‌ (عبد المطلب)ی بینی ڕێزی لێ گرت و سه‌نگێكی گه‌وره‌ی پێدا. به‌ڵام كه‌ بینی وا بۆ داواكردنی حوشتره‌كانی هاتووه‌ پێی گوت: «من كاتێك چاوم پێت كه‌وت جێی سه‌رسوڕمانم بووی، به‌ڵام كه‌ ئێسته‌ وا قسه‌ت كرد له‌ گه‌ڵمدا ئه‌و سه‌رسوڕمانه‌م نه‌ما. ئایا داوای دووسه‌د حوشتری خۆت ده‌كه‌یته‌وه‌ لێم و واز دێنیت له‌ ماڵێك كه شوێنی‌ ئایینی خۆت و باب و باپیرانته؟ له‌ كاتێكدا من هاتووم بیڕووخێنم و له‌ناوی به‌رم. له‌سه‌ر ئه‌مه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ ناكه‌یت؟» (عبد المطلب) پێی وت: «من ته‌نها خاوه‌نی حوشتره‌كانم و ئه‌و ماڵه‌ش خاوه‌نێكی هه‌یه‌ و ده‌یپارێزێت.» خه‌ڵكی مه‌ككه‌ش به‌ قوڕه‌یش و تیره‌كانی تریشه‌وه‌ هه‌موو له‌ ترساندا ناو مه‌ككه‌یان چۆڵ كرد و چوونه‌ سه‌ر شاخه‌كانی ده‌وری مه‌ككه‌ تا خۆیان بپارێزن و چاوه‌ڕێیان ده‌كرد داخوا ئه‌برهه‌ كه‌ی هێرش ده‌بات و كه‌عبه‌ ده‌ڕووخێنێت.

    كاتێك ئه‌بره‌هه‌ سوپاكه‌ی ڕێكوپێك كرد و فیله‌كه‌ی ئاماده‌ كرد، به‌ڕێ كه‌وتن تا گه‌یشتنه‌ شیوی مه‌حسه‌ر -نێوان موزده‌لیفه‌و مینا- له‌وێ فیله‌كه‌ چۆكی دادا و نه‌ڕۆشت. جا كاتێك ڕوویان ده‌كرده‌ رۆژهه‌ڵات یان ڕۆژئاوا یان هه‌ر ڕوویه‌كی تری پێچه‌وانه‌ی مه‌ككه‌ فیله‌كه‌ به‌ خێرایی ده‌ڕۆێی و هه‌نگاوی ده‌نا، به‌ڵام هه‌ر ڕوویان له‌ مه‌ككه‌ ده‌كرد نه‌ده‌ڕۆیشت و مانی ده‌گرت. ئه‌وان له‌م حاڵه‌ته‌دا بوون، خوای گه‌وره -سبحانه ‌وتعالی- باڵنده‌ی (أ‌بابیل)ی بۆ ناردن. (أ‌بابیل)یش مانای یه‌ك به‌دوای یه‌كدا هاتنه. هه‌ر باڵنده‌یه‌ك سێ به‌ردی له‌ گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرتبوو؛ دانه‌یه‌ك به‌ ده‌نووكی و دووانی تریش به‌ قاچه‌كانیه‌وه. به‌ر هه‌ر یه‌كێك له‌وانه‌ بكه‌وتایه‌ ده‌یهاڕی وپارچه‌پارچه‌ی ده‌كرد و له‌ناوی ده‌برد. به‌ڵام ئه‌بره‌هه‌ له‌وێدا له‌ناو نه‌چوو و نه‌مرد.

    خوا گیرۆده‌ی كرد به‌ ده‌ردێكه‌وه به‌ هۆیه‌وه‌ هه‌موو سه‌ر‌په‌نجه‌كانی هه‌ڵوه‌رین ‌و وه‌ك بێچو‌وه‌كۆتری لێهات. سنگی له‌ لای دڵیه‌وه‌ هه‌ڵته‌كی و به‌و شێوه‌ زه‌لیلییه‌ گه‌یشته‌وه‌ صنعا‌ء و هه‌ر به‌و ده‌رده‌وه‌ له‌ناو چوو. ئه‌و‌ ڕووداوه‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا باسی كراوه‌ و سوره‌تێك به‌و ناوه‌وه‌ هاتۆته‌ خواره‌وه؛ خوای (متعال) ده‌فه‌رموێت: { ألم تر كيف فعل ربك بأصحاب الفيل * ألم يجعل كيدهم في تضليل * وأرسل عليهم طيرا أبابيل * ترميهم بحجارة من سجيل * فجعلهم كعصف مأكول} {ئایا نه‌تزانیوه‌ (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)) په‌روه‌ردگارت چی كرد به‌ خاوه‌نی فیله‌كان؟ * ئه‌ی سه‌ری لێ نه‌شێواندن و نه‌خشه‌كانی پووچ نه‌كردنه‌وه‌؟!* پۆل پۆل باڵنده‌ی نه‌نارده‌ سه‌ریان؟ * تا به‌ به‌ردی سه‌نگڵ (وه‌ك خشتی سوره‌وه‌ كراو)، به‌ردبارانیان بكه‌ن * سه‌ره‌نجام وه‌كوو پووشوپه‌ڵاش و كای خوراوی لێ كردن.} ئه‌م ڕووداوه‌ش له‌ مانگی موحه‌ڕڕه‌مدا به‌ په‌نجا ڕۆژ پێش له‌ له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ڕووی دا كه‌ به‌رامبه‌ره‌ به‌ مانگی شوباتی ٥٧١ی زایینی.

    له‌ بارودۆخێكیشدا ڕووی دا كه‌ یارمه‌تیده‌ر بوو تاكوو هه‌واڵ و به‌سه‌رهاتی ڕووداوه‌كه‌ بگاته‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانی پێشكه‌وتووی ئه‌و كاته. حه‌به‌شه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی به‌ یۆنانییه‌كان و ڕۆمانه‌كانه‌وه‌ هه‌بوو. له‌ملاشه‌وه‌ فارسه‌كان هه‌میشه‌ له‌ په‌رێزدا بوون تاكوو‌ شتێك له‌ دوژمنه‌كانیان ڕوو بدات و بڵاوی بكه‌نه‌وه. ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ش نوێنه‌ری جیهانی پێشكه‌وتووی ئه‌و كاته‌ بوون. جا ئه‌م ڕووداوه‌ سه‌رنجی خه‌ڵكی به‌ره‌و خۆی ڕاكێشا له‌ سه‌رانسه‌ری دنیاوه‌ تاكوو خه‌ڵكی شوێن و پایه‌ی ماڵی خوا بزانن و چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌یانه‌وێت بیڕووخێنن و له‌ناوی ببه‌ن.


     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام