ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

    ژیان نامه‌ی لوط علیه‌ السلام

    ژیان نامه‌ی لوط علیه‌ السلام


     

     خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{كَذَّبَتْ قَوْمُ لُوطٍ الْمُرْسَلِينَ ﴿١٦٠﴾ إِذْ قَالَ لَهُمْ أَخُوهُمْ لُوطٌ أَلَا تَتَّقُونَ ﴿١٦١﴾ إِنِّي لَكُمْ رَسُولٌ أَمِينٌ ﴿١٦٢﴾ فَاتَّقُوا اللَّهَ وَأَطِيعُونِ ﴿١٦٣﴾ وَمَا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ مِنْ أَجْرٍ إِنْ أَجْرِيَ إِلَّا عَلَى رَبِّ الْعَالَمِينَ ﴿١٦٤﴾ أَتَأْتُونَ الذُّكْرَانَ مِنَ الْعَالَمِينَ ﴿١٦٥﴾ وَتَذَرُونَ مَا خَلَقَ لَكُمْ رَبُّكُمْ مِنْ أَزْوَاجِكُم بَلْ أَنتُمْ قَوْمٌ عَادُونَ ﴿١٦٦﴾ قَالُوا لَئِن لَّمْ تَنتَهِ يَا لُوطُ لَتَكُونَنَّ مِنَ الْمُخْرَجِينَ ﴿١٦٧﴾ قَالَ إِنِّي لِعَمَلِكُم مِّنَ الْقَالِينَ ﴿١٦٨﴾}}. ألشعراء.

    واتە: قەومی ـ لوط ـ یش بڕوایان بە پێغەمبەران نەکرد. کاتێک (لوط)ی برایان پێی گوتن: باشە، ئەوە ئێوە لە خودا ناترسن؟ بەڕاستی دڵنیابن کە من پێغەمبەری خودام بۆ لای ئێوە، دەستپاک و ئەمینم لەگەیاندنی پەیامی خودا. جا ئێوەش لە خودا بترسن و ئەوەی من فەرمانتان پێ ی دەکەم جی بەجێ ی کەن. من داوای هیچ جۆرە پاداشتێکتان لێ ناکەم لەسەری، من تەنها پاداشتی خۆم لە پەروەردگاری جیهانەکان دەخوازم. ئایا لەناو ئەو هەموو خەڵکانەدا ئێوە بە شوێن نێرینەدا دەگەڕین و دەتانەوێت ئارەزووی جووت بوون لەگەڵ ئەواندا جێبەجێ بکەن؟.. وازیش دەهێنن لە هاوسەران و هاوجووتانی خۆتان کە پەروەردگارتان بۆی خوڵقاندوون، بەڵکو ئێوە هەر قەومێکی نالەبار و بەدڕەوشت و ناڕەسەنن. تاوانباران گوتیان: ئەی لوط، گەر واز لەم گلەیی و سەرزەنشت کردنانەت نەهێنیت ئەوا لە دەربەدەر کراوان دەبیت. لوط گوتی: من دژی ئەو کردارەتانم، ڕقم لەم کارانەتان دەبێتەوە.

    لەمەو پێش لەچیرۆکی ئیبراهیم (عليه السلام) باسی ئەوەمان کرد کە چۆن ئیبراهیم (عليه السلام) دوای کۆچ کردنی لە (میسر)ەوە بۆ (فەلەستین) و نیشتەجێ بوونی لەوێ بە مەبەستی بڵاو کردنەوەی ئایینی خودا، هەروەها (لوط ـ ـ )ی نارد بۆ ناوچەی (سەدووم). دانیشتوانی ئەو ناوچەیە واتە (سەدووم) بەدکارترین خەڵک و بێ باوەڕترین خەڵکی ئەو هەرێمە بوون، هەروەک کە بێ ویژدان ترین و بێ شەرم ترین خەڵک و دز و جەردە و ڕێگر بوون، زۆر بەدڕەوشت بوون و بەجۆریک لە هیچ کارێکی ناشیرین نەدەگەڕانەوە و بەدکرداریەکی تازەشیان داهێنابوو کە لەوەوبەر هیچ کەسێک لە نەوەی (ئادەم) نەی کردبوو، ئەو کارە ناپەسەندەش (لاقە کردن) بوو کە مەبەست لێی جووت بوونی پیاوانە لەگەڵ یەکتریدا. خودای گەورەش بۆ ڕێنمایی کردن و ڕێگەی ڕاست پیشان دانیان پێغەمبەری خۆی (لوط)ی بۆ ڕەوانە کردن تاکو لە ئاکامی خراپی کردەوەکانیان ئاگاداریان بکاتەوە و بیانترسێنیت لەسزای سەختی خودا.

    لوط (عليه السلام) کەوتە ئامۆژگاری ئەو گەلە و هاندانیان لەسەر وازهێنان لەو گوناهە گەورەیە، وەبانگ کردنیان بۆ باوەڕهێنان بە خودا و بەسزای خودا.

    بەڵام ئەو گەلە دڵڕەشە لەجیاتی ئەوەی بەدەم بانگەوازەکەیدا بچن و لەجیاتی ئەوەی بە ووت و وێژ ــ کە توانای ئەوەیان نەبوو ــ وەڵامی لوط (عليه السلام) بدەنەوە، کەوتنە هەڕەشە کردن لێی بەدەرکردنی لە ناوچەی (سەدووم) کە لە ئایەتەکانی پێشوودا باسمان لێکرد. ئەوجا بێجگە لەو تاوانە گەورەیەی ئەو گەلە، چەندین تاوانی دیکەشیان ئەنجام دەدا، وەک کردارە ناشرینەکان بە ئاشکرا لەنێو کۆڕو کۆمەڵەکانیاندا و ڕێگرتن لە گەشتیاران و ڕووت کردنەوەیان و دەستدرێژی کردنە سەر ناموسیان. خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{وَلُوطًا إِذْ قَالَ لِقَوْمِهِ إِنَّكُمْ لَتَأْتُونَ الْفَاحِشَةَ مَا سَبَقَكُم بِهَا مِنْ أَحَدٍ مِّنَ الْعَالَمِينَ ﴿٢٨﴾ أَئِنَّكُمْ لَتَأْتُونَ الرِّجَالَ وَتَقْطَعُونَ السَّبِيلَ وَتَأْتُونَ فِي نَادِيكُمُ الْمُنكَرَ فَمَا كَانَ جَوَابَ قَوْمِهِ إِلَّا أَن قَالُوا ائْتِنَا بِعَذَابِ اللَّهِ إِن كُنتَ مِنَ الصَّادِقِينَ ﴿٢٩﴾}}. ألعنكبوت.

    واتە: یادی (لوط) یش بکە کاتێک بە قەومەکەی گوت: ئێوە بەڕاستی تاوانێکی گەورە دەکەن، ئێوە گوناهێکی ناشیرین ئەنجام دەدەن، هیچ کەس بەر لە ئێوە بەکاری وا هەڵنەستاوە! ئێوە نێربازی دەکەن و ڕێگە بەخەڵکی دەگرن و لەیانەکانتاندا کاری نابەجێ و ناشیرین و نادروست ئەنجام دەدەن! کەچی وەڵامی قەومی (بەدخوو) تەنها ئەوەبوو کە گوتیان: ئادەی کوا سزاو تۆلەی خودا، ئەگەر تۆ ڕاست دەکەیت؟! بۆمان بهێنە!!

    بڕوانە لووت بەرزی و خۆ بەزل زانینی ئەو گەلە چەند بێ منەت بوون لە سزای خودای گەورە و بە (لوط) یان گوت: (ئەگەر ڕاست دەکەیت و ڕاستگۆیت لەو هەڕەشەیەتدا دەربارەی هاتنی سزا بۆمان ئەوا هەر زوو بەپەلە بۆمان بێنە) .

    کاتێک لوط (عليه السلام) نائومێد بوو لە گەلەکەی بۆی دەرکەوت تاقە کەسێکیشیان لێ نابێتە باوەڕدار، هانای بردە لای خودای گەورە و فەرمووی: خودایە خۆم و ماڵ و خێزانم ڕزگار بکە لەو کاروکردەوانەی ئەوانە دەیکەن: {{رَبِّ نَجِّنِي وَأَهْلِي مِمَّا يَعْمَلُونَ ﴿١٦٩﴾}}. ألشعراء. دواتر دوعای لێکردن و گوتی: خودایە، سەرکەوتنم پێ ببەخشە بەسەر ئەو قەومەی کە تۆوی خراپە دەچێنن: {{قَالَ رَبِّ انصُرْنِي عَلَى الْقَوْمِ الْمُفْسِدِينَ ﴿٣٠﴾}}. ألعنكبوت.

    ناردنی فریشتەکان بۆ "سەدووم" لەمەو پێش لە چیرۆکی ئیبراهیم (عليه السلام) دا باسی ئەوەمان کرد کە خودای گەورە چەند فریشتەیەکی نارد تاوەکو سزای گەلی لوط (عليه السلام) بدەن، ئەم فریشتانە لە ڕوخساری چەند کوڕێکی نەوجەوان دا خۆیان پێشان دابوو. یەکەم جار ئەو فریشتە بەڕێزانە سەردانی ئیبراهیم (عليه السلام) یان کرد لە (فەلەستین)، ئەویش میوانداریەکی باشی کردن و جوانەگایەکی بۆ سەربڕین، بەڵام ئەوان دەستیان بۆ خواردنەکە نەبرد، ئیبراهیم (عليه السلام) لێیان ترسا، فرێشتەکان پێیان گوت: مەترسە، ئێمە فریشتەین، خودای گەورە ناردوونی بۆ سەر قەومی (لوط) بۆ لە ناوبرنیان چونکە زۆر ستەمکارن. لەهەمان کاتیشدا مژدەی ئەوەیان پێدا کە خودای گەورە نەوەیەکیان پێدەبەخشێت ناوی (ئیسحاق)ه.

    خودای گەورە فەرموویە:

    {{وَلَمَّا جَاءتْ رُسُلُنَا إِبْرَاهِيمَ بِالْبُشْرَى قَالُوا إِنَّا مُهْلِكُو أَهْلِ هَذِهِ الْقَرْيَةِ إِنَّ أَهْلَهَا كَانُوا ظَالِمِينَ ﴿٣١﴾ قَالَ إِنَّ فِيهَا لُوطًا قَالُوا نَحْنُ أَعْلَمُ بِمَن فِيهَا لَنُنَجِّيَنَّهُ وَأَهْلَهُ إِلَّا امْرَأَتَهُ كَانَتْ مِنَ الْغَابِرِينَ ﴿٣٢﴾}}. ألعنكبوت.

    واتە: جا کاتێک کە فریشتەکانمان گەیشتنە لای ئیبراهیم و مژدەی هاتنە دنیای ئیسحاقیان پێبەخشی، گوتیان بەڕاستی ئێمە لەناوبەری خەڵکی ئەو شارەین، جونکە بێگومان خەڵکەکەی زۆر ستەمکار بوون. ئیبراهیم گوتی ئاخر (لوط) لەوێیە، فریشتەکان گوتیان: ئێمە چاکتر دەزانین کێی لێیە، دڵنیابە کە ئەوو خاووخێزانی ڕزگار دەکەین جگە لە هاوسەرەکەی کە تووشی هەمان سزای کافران دەبێت.

    {{يَا إِبْرَاهِيمُ أَعْرِضْ عَنْ هَذَا إِنَّهُ قَدْ جَاء أَمْرُ رَبِّكَ وَإِنَّهُمْ آتِيهِمْ عَذَابٌ غَيْرُ مَرْدُودٍ ﴿٧٦﴾}}. هود. (فریشتەکان گوتیان): ئەی ئیبراهیم وازبهێنە لەو باس و کێشەیە، دڵنیابە بەڕاستی پەروەردگارت فەرمانی داوە و (کار تەواو بووە) و بێگومان سزایەکەیان بۆ هاتووە کە ناگەڕێتەوە.

    فریشتەکان (فەلەستین) یان جێهێشت و بەرەو (سەدوم) کەوتنە ڕێ، لە نزیک باخەکەی لوط (عليه السلام) چاویان کەوت بە کچەکانی لوط (عليه السلام) کە خەریکی ئاودانی باخەکە بوون. فریشتەکان گوتیان ئایا میوان ڕادەگرن؟ دوو خوشکەکە گوتیان لەجێگەی خۆتان مەبزون تاوەکو دەچین باوکمان دەهێنین. کچەکان بەپەلە بەرەو ماڵەوە ڕۆیشتن و بە باوکیان گوت: چەند گەنجێکی جوان هەتا ئێستا جوانی وامان بەدی نەکردووە، داوا دەکەن میوانداریان بکەین، هەڵسە فریابکەوو تاوەکو ئەو گەلە بەدڕەفتارە خراپەیەن لەگەڵ نەکردوون و ئابڕوویان نەبردوون، ئەویش بەپەلە چوو بۆ باخەکەی و لەوێ بەخێر هاتنی لێکردن و لەبەر ئەوەی نەیدەزانی کە ئەوانە فریشتەن، بۆیە هەستی بە دڵتەنگی یەکی زۆر دەکرد لەو هاتنەیان، چونکە دەیزانی گەلەکەی چەند بەڕەوشت و بەدفەساڵن، قەدری میوان و غەریبان نازانن، بەڵام ناچار بوو و بەدزی هێنانی بۆ ماڵەکەی خۆی، تەنها دووکچەکەی و هاوسەرەکەی ئاگاداری هاتنیان بوون و خەڵکی شاریش هەستیان بەوە نەکرد. هاوسەرەکەی لوط (عليه السلام) بێ باوەڕ بوو، یەکسەر هەواڵی گەیشتنی ئەو گەنجە جوانانەی بۆگەلەکەی برد[٢٥].

    دوای ئەوەی هەواڵی هاتنی ئەو میوانە جوان و قۆزانە لەلایەن هاوسەرەکەی لوط (عليه السلام) ەوە گەیشتە ئەو گەلە، بێباوەڕانی بەدفەڕ، هەوەس پەرستانی دوور لە خودا، بەپەلە بەرەو ماڵی پێغەمبەرەکەی خودا بەڕێ کەوتن. خودای گەورە فەرموویە:

    {{وَلَمَّا جَاءتْ رُسُلُنَا لُوطًا سِيءَ بِهِمْ وَضَاقَ بِهِمْ ذَرْعًا وَقَالَ هَذَا يَوْمٌ عَصِيبٌ ﴿٧٧﴾ وَجَاءهُ قَوْمُهُ يُهْرَعُونَ إِلَيْهِ وَمِن قَبْلُ كَانُواْ يَعْمَلُونَ السَّيِّئَاتِ قَالَ يَا قَوْمِ هَؤُلاء بَنَاتِي هُنَّ أَطْهَرُ لَكُمْ فَاتَّقُواْ اللّهَ وَلاَ تُخْزُونِ فِي ضَيْفِي أَلَيْسَ مِنكُمْ رَجُلٌ رَّشِيدٌ ﴿٧٨﴾ قَالُواْ لَقَدْ عَلِمْتَ مَا لَنَا فِي بَنَاتِكَ مِنْ حَقٍّ وَإِنَّكَ لَتَعْلَمُ مَا نُرِيدُ ﴿٧٩﴾ قَالَ لَوْ أَنَّ لِي بِكُمْ قُوَّةً أَوْ آوِي إِلَى رُكْنٍ شَدِيدٍ ﴿٨٠﴾}}. هود.

    واتە: کاتێکیش وەفدی فریشتەکانی ئێمە هاتنە لای لوط، ناڕەحەت بوو پێیان، زۆر دڵتەنگ بوو (چونکە لە شێوەی چەند لاویکی پێکەوتوودا هاتبوون، لەدلی خۆیدا) گوتی: ئەمە ڕۆژێکی سەختە (منی تێکەوتووم). هۆزەکەشی بەبیستنی هاتنی ئەو میوانانە، بەپەلەو بێ شەرمانە کشان بۆ لای، پێشتریش کردارە خراپەکانیان دەکرد، (کاتێک لوط ئەم دیمەنە ناشیرینەی بینی) گوتی: ئەی خزمەکانم ئائەوانە کچەکانمن و ئەوان پاک و خاوێنن بۆ ئێوە (وەرن لەناو هوزدا کێتان بە دڵە بە شێوەیەکی شەرعی و ڕەوا لێتان مارە بکەم) جا لە خودا بترسن و شەرمەزارم مەکەن لەناو میوانەکانمدا، ئایا پیاوێکی ژیرو مەردتان تێدا نیە (کە لە کاری ناڕەوای ئاوا جڵەوگیری بکات)؟! ئەوانیش بێ شەرمانە گوتیان: تۆ چاک دەزانیت ئێمە هیچ حەقێکمان نیە بەکچەکانی تووە، بێگومان تۆش دەزانیت ئێمە چیمان دەوێت! لوط گوتی: خۆ ئەگەر کۆمەڵێکی بەهێزیشم (لە خزم و کەس و کار) هەبوایە (بۆ پشت بەستن پێیان تا تۆڵەتان لی بکەمەوە) یان پەنا بەرمە بەر هێزێک (و خۆمی پێ سەرخەم)(١).

    خۆ ئاشکرا کردن

    خەڵکەکە هەر وازیان نەهێنا و هەوڵی ئەوەیان دەدا بچنە ژوورەوە، لوط (عليه السلام) زۆر هەوڵی ئەوەی دا کە پاشگەزببنەوە بەڵام بێ سوود بوو. کاتێک فریشتەکان حاڵی گەلەکەیان بینی و داوا و سکاڵای پێغەمبەرەکەیان بیست، یەکێک لە فریشتەکان باڵێکی بەسەریان داهێنا یەکسەر هەموویان چاویان کوێر بوو، بەهۆی دیوار و لاشیپانەوە ڕۆیشتنەوە بۆ ماڵەکانیان. هەروەک خودای گەورە فەرموویە:

    {{وَلَقَدْ رَاوَدُوهُ عَن ضَيْفِهِ فَطَمَسْنَا أَعْيُنَهُمْ فَذُوقُوا عَذَابِي وَنُذُرِ ﴿٣٧﴾}}. القمر.

    واتە: ئەو خەڵکە بەد ڕەوشتە چاویان بڕیبووە میوانەکانی و (دەیانویست دەستدرێژیان بکەنە سەر) ئێمەش چاومان کوێر کردن، بینایمان لێ سەندنەوە دە بچیژن سزاو ئاکامی وریاکردنەوەکانم.

    پاشان فریشتەکان خۆیان ئاشکرا کرد و گوتیان: ئەی لوط ئیمە فریشتەی نێرراوی پەروەردگارتین، ئەو تاوانبارانە هەرگیز ناگەنە لات (تابتوانن دەستدرێژی بکەنە سەر ئێمە) و جا تۆو خاوو خێزانت لەبەشێکی (تاریکی) شەودا دەربکەو کەس لەئێوە لانەکاتەوە و ئاوڕ نەداتەوە، جگە هاوسەرەکەت (کە لاسارەو بەگوێت ناکا لەگەڵ خۆت مەبە)، چونکە ئەو سزایەی کە تاوانبارانی گرتۆتەوە ئەویش دەگرێتەوە، بەڕاستی کاتی سزاکەشیان لە بەرەبەیاندایە، ئایا بەرەبەیانی ئەمشەو نزیک نی یە؟ هەروەک خودای گەورەش فەرموویە:

    {{قَالُواْ يَا لُوطُ إِنَّا رُسُلُ رَبِّكَ لَن يَصِلُواْ إِلَيْكَ فَأَسْرِ بِأَهْلِكَ بِقِطْعٍ مِّنَ اللَّيْلِ وَلاَ يَلْتَفِتْ مِنكُمْ أَحَدٌ إِلاَّ امْرَأَتَكَ إِنَّهُ مُصِيبُهَا مَا أَصَابَهُمْ إِنَّ مَوْعِدَهُمُ الصُّبْحُ أَلَيْسَ الصُّبْحُ بِقَرِيبٍ ﴿٨١﴾}}. هود.

    هەرئەو شەوە گەورەمان لوط (عليه السلام) و دوو کچەکەی ئەو ناوچەیان بەجێ هێشت و هاوسەرەکەشی لەگەڵ خۆیدا نەبرد.

    هاتنی سزای خودا بۆ گەلی لوط

    خودای گەورە فەرموویە:

    {{فَلَمَّا جَاء أَمْرُنَا جَعَلْنَا عَالِيَهَا سَافِلَهَا وَأَمْطَرْنَا عَلَيْهَا حِجَارَةً مِّن سِجِّيلٍ مَّنضُودٍ ﴿٨٢﴾ مُّسَوَّمَةً عِندَ رَبِّكَ وَمَا هِيَ مِنَ الظَّالِمِينَ بِبَعِيدٍ ﴿٨٣﴾ }}. هود.

    واتە: کاتێک فەرمانی ئیمە بۆ تێداچوونیان هات، شارەکەمان ژێرەو ژوور کرد بە قوڕی سوورەوەکراوی وەک بەرد، چین لەسەر چین بەردبارانمان کرد. هەموو ئەو بەردانەی دیاری کراو بوون، لەلایەن پەروەردگارتەوە (ناوی خاوەنەکەی لەسەر نوسرابێت کە بدات بەسەری کێدا). ئەم کارەسات و ئەم بەردبارانەش وەنەبێت زۆر دوور بێت لە ستەمکارانەوە (لە هەموو سەردەمێکدا، لەو کەسانەی تاوانی وەک تاوانی ئەو گەلە ئەنجام دەدەن).

    لەگەڵ گزنگدا سزای خودای گەورە بۆ ئەو گەلە بەدڕەوشتە هات، بارانێکی بەسەردا باراندن کە بەهیچ جۆرێک بارانی وا نەباریوە، ئەو بارانە لە ئاو نەبوو، لە تەزرە نەبوو، بەڵکو لەبەردی لە قوڕ دروست کراو، زۆر ڕەق و یەک لەدوای یەک و بەشیوەیەکی ورد و ڕێک خراو وەک باران بەسەریاندا دەباری.

    جاری وا هەیە تەزرە دەبارێت هەندێ دەنکەکانی گەورەیە، چ خەسارەتێک دەدات، ئەی ئەگەر بەرد ببارێت دەبێ وەزعی ئەو ناوچەیە چی لێبێت؟ ئەی ئەگەر بەردەکە وەک پشکۆ سورەوەکراوبێت؟ ئەی ئەگەر هەر بەردەو ناوی خاوەنەکەی لەسەر نوسرابێت کە بەسەری کێ دەکەوێت؟ ئەی ئەگەر شارەکەیان ژێرە و ژوور بێت، دەبێ دیمەنی ئەو شارە لەو کاتەدا چۆن بێت؟ ابن كثير لە کتێبی (قصص الأنبياء) دا دەڵێ کۆی شارکان حەوت شار و دانیشتوانیشی چوار هەزار کەس بوون کە بە سزای خودای گەورە بە هیلاک چوون.

    ئیتر لەو ڕۆژەوە ناوچەی (سەدووم) و دەوروبەری بوو بەو دەریایای کە پێی دەگوترێ دەریای مردوو (البحر المیت)، چونکە هیچ جۆرە گیاندارێکی تێدا ناژیت.

    سزای ئەوانەی تاوانی نێربازی ئەنجام دەدەن ١- خودای گەورە دەربارەی سزاکەی گەلی لوط (عليه السلام) فەرموویە: مُّسَوَّمَةً عِندَ رَبِّكَ وَمَا هِيَ مِنَ الظَّالِمِينَ بِبَعِيدٍ ﴿٨٣﴾ }}. هود. واتە: ئەو سزایەی گەلی لوط بەدوور نی یە لەو کەسانەی وەک ئەوان تاوان ئەنجام دەدەن.

    ٢- پێغەمبەری خودا (عليه السلام) فەرموویە:((مَنْ وَجَدْتُموهُ يَعْمَلُ عَمَلَ قَوْمِ لُوطٍ فَاقْتُلوا الْفاعِلَ وَالْمَفْعولَ بهِ)). رواه أبو داود/٤٤٦٢، ألترمذي/ ١٤٦١، إبن ماجة/٢٥٦١ وصححه ألألباني في الصحيح الجامع/٩٥٨٩. واتە: هەرکەس تاوانی قەومی (لوط) ی بەسەردا چەسپی و ئیسبات بوو ئەوا بکەر و بەرکار بکوژن.

    ٣- پێشەوایان شافیعی و ئەحمەدی کوری حەنبەل و زۆر زانای دیکەش ڕایان وایە: ئەو کەسەی ئەو تاوانەی بەسەردا ساغ بێتەوە دەبێت (رەجم) بکریت، واتە بەردباران بکرێت.

    ٤- بەڵام پێشەوا ئەبو حەنیفه ڕای وایە دەبێت لەسەر شاخێکی بڵندەوە فڕێ بدرێتە خوارەوە و ئەوجا بەردبارانیش بکرێت.


     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام