ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

    ژیان نامه‌ی شوعه‌یب علیه‌ السلام

    ژیان نامه‌ی شوعه‌یب علیه‌ السلام


     

    خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{وَإِلَى مَدْيَنَ أَخَاهُمْ شُعَيْبًا قَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُواْ اللّهَ مَا لَكُم مِّنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ وَلاَ تَنقُصُواْ الْمِكْيَالَ وَالْمِيزَانَ إِنِّيَ أَرَاكُم بِخَيْرٍ وَإِنِّيَ أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍ مُّحِيطٍ ﴿٨٤﴾ وَيَا قَوْمِ أَوْفُواْ الْمِكْيَالَ وَالْمِيزَانَ بِالْقِسْطِ وَلاَ تَبْخَسُواْ النَّاسَ أَشْيَاءهُمْ وَلاَ تَعْثَوْاْ فِي الأَرْضِ مُفْسِدِينَ ﴿٨٥﴾ بَقِيَّةُ اللّهِ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ وَمَا أَنَاْ عَلَيْكُم بِحَفِيظٍ ﴿٨٦﴾}}. هود.

    واتە: بۆ لای خەڵکی ـ مەدیەن ـ یش براو کەسی خۆیان (شوعەیب) مان بە پێغەمبەرێتی ڕەوانەکرد، ئەویش گوتی: ئەی خزمەکانم بەندایەتی خودا بکەن، جگە لەو هیچ خودایەکی پەرستراوی ڕاستەقینەتان نی یە، هەروەها کەم و کوڕی مەکەن لە پێوانە و کێشانەدا، بەڵکو لەخێر و خۆشی و دارایی دا دەتانبینم، بێگومان من دەترسم ئەگەر لە فەرمانی خودا دەرچن ئێوە تووشی سزای ڕۆژێک ببن کە گەمارۆتان بدات و لێی ڕزگار نەبن. ئەی قەوم و خزمەکانم، با پێوان و کێشانتان تێر و تەواوبێت و بە دادپەروەرانە ئەنجامی بدەن، شتومەکی خەڵکی کەم نرخ مەکەن و (فێڵیان لێ مەکەن) و خراپەکاری مەکەن لە زەویدا و تۆوی خراپە مەچێنن. ئەوەی خودای گەورە بۆتان دەهێڵێتەوە لە قازانج، و حەڵاڵی کردووە بۆتان، ئەوە چاکترە لە زۆرێکی حەرام، ئەگەر ئێوە ئیماندار بن، منیش ئەو پارێزەرو چاودێرە نیم (کە هەموو تاوانەکانتان ببژێرم و سزاتان بدەم لەسەری، بەڵکو حەق و ڕاستیتان پێ ڕادەگەیەنم).

    شوعەیب (علیه السلام)(١) یەکێکە لە پێغەمبەرە عەرەبەکان کە چوار پێغەمبەر بوون، لە فەرموودەیەکدا کە أبي ذر (علیه السلام) ڕیوایەتی کردووە[٢٦] فەرموویەتی: پێغەمبەران چواریان عەرەب بوون، ئەوانیش: هود، صالح، شوعەیب و پێغەمبەرەکەت ئەی (ئەبی ذەر). واتە پێغەمبەری پێشەوامان محمد (علیه السلام).

    خودای گەورە شوعەیب (علیه السلام) ی ناردووە بۆ گەلی (مەدیەن)، کە گەلێکی کۆنی عەرەبن لە جۆری عەرەبە لەناو چووەکان (العرب ألبائدة)، باوە گەورەیان ناوی (مەدیەن) بووە، نەوەی ئیبراهیم (علیه السلام) بووە و گەلەکەی هەر بەو ناوە ناسراون وە شارەکەشیان بەناوی (مەدیەن) بووە کەوتۆتە قەراغی (شام) بەلای خاکی (حیجاز) دا، لە زەویەکانی (مەعان) نزیک بە دەریای مردوو (البحر المیت)، واتە ناو وڵاتی (ئوردون).

    ئەو گەلە واتە گەلی (مەدیەن) بێ باوەڕبوون، باوەڕیان بەخودا نەدەهێنا، درەختێکی گەورەیان دەپەرست ناوی (ئەلئەیکە) بوو، تەرازووباز بوون، لە سەوداو ئاڵوێریی و کڕین و فرۆشتندا خراپترین خەڵک بوون، ئەگەر شتێکیان بفرۆشتایە سوک دەیان کێشا، هەروەها چەتەیی و ڕێگرییان دەکرد و خەڵکییان دەترساند و ئەزیەت و ئازاریان دەدان و باج و سەرانەیان بەزۆر لێ وەردەگرتن.

    هەروەها هەڕەشەشیان لەو کەسانە دەکرد کە بانگەوازەکەی شوعەیبیان بەدڵ بوو و وەکو ئەو ڕەفتار و گفتاریان دەکرد، چونکە دەیان گوت: ئەوانە جێگە بە ئێمە لێژ دەکەن، بۆیە وا چاکە لە ئێستاوە سەرکوتیان بکەین. بۆیە لەسەر رێگای ماڵی (شوعەیب) و هەر ڕێگەیەکی دیکە ڕادەوەستان و چاودێری ی هات و چۆی ئەو کەسانەیان دەکرد کە دەچوون بۆلای (شوعیب) تاکو لەرێبازی خودایان دوورخەنەوە. (شوعەیب) یش لەسەر ئەو ڕەفتارانە سەرزەنشتی دەکردن ئاماژەی بۆ نالەباری و ناشیرینی ی ڕەفتارەکانیان دەکرد و دوای ئەوەش نیعمەت و بەخششە بێ پایانەکانی خودای بەبیر دەهێنانەوە. خودای گەورە فەرموویە:

    {{وَلاَ تَقْعُدُواْ بِكُلِّ صِرَاطٍ تُوعِدُونَ وَتَصُدُّونَ عَن سَبِيلِ اللّهِ مَنْ آمَنَ بِهِ وَتَبْغُونَهَا عِوَجًا وَاذْكُرُواْ إِذْ كُنتُمْ قَلِيلاً فَكَثَّرَكُمْ وَانظُرُواْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُفْسِدِينَ ﴿٨٦﴾ وَإِن كَانَ طَآئِفَةٌ مِّنكُمْ آمَنُواْ بِالَّذِي أُرْسِلْتُ بِهِ وَطَآئِفَةٌ لَّمْ يْؤْمِنُواْ فَاصْبِرُواْ حَتَّى يَحْكُمَ اللّهُ بَيْنَنَا وَهُوَ خَيْرُ الْحَاكِمِينَ ﴿٨٧﴾}}. الأعراف.

    واتە: هەروەها لەسەر هیچ رێگەیەک دامەنیشن هەڕەشە لەخەڵکی بکەن و ئەوانەی کە باوەڕیان هێناوە بەخودا قەدەغەیان بکەن لەگرتنی رێبازی خودا و بتانەوێت ڕێبازی خودا بە لاری لەوێری پێشان بدرێت و پیادە بکەن، یادی ئەو کاتەش بکەن کە کەم و لاواز بوون خودا زۆر و بەهێزی کردن، تەماشا بکەن و سەرنج بدەن و بزانن چۆن بوو سەرەنجامی ئەوانەی چێنەری تۆوی خراپەن. خۆ ئەگەر دەستەیەک لەئێوە باوەڕی هینابێت بەو بەرنامەیەی کە پێی ڕەوانە کراوم و ئەگەر دەستەیەکیش باوەڕیان نەهێنابوو، ئەوە خۆتان بگرن و چاوەرێ بن هەتا خودا خۆی دەبێ بەحەکەم و دادوەر لەنێوانماندا، خوداش خۆی چاکترینی دادوەرانە.

    وەڵامی گەلەکەی و گاڵتە کردن بە شوعەیب

    وەکو هەموو مل هوڕان و ستەمکاران سەروەت و سامانی حەرام چاوی سوور کردبوون و بێ ئاگای کردبوون، هەر خەریکی دنیا ویستی و دنیا پەرستی بوون، گاڵتەیان بەئامۆژگاریەکانی شوعەیب دەهات و پێیان دەگوت: ئەی شوعەیب، ئایا نوێژەکانت فەرمانت پێدەکات کە ئێمە وازبهینین لەوەی باوو باپیرانمان پەرستوویانن، پاشان سووریش بیت لەسەر ئەوەی نەهێڵیت بەئارەزووی خۆمان هەڵسوکەوت و مامەڵە بەپارەو سامانمان بکەین و چیمان بوێت بیکەین و لەکاتێکدا بەسیفەتەکانی ئارامی و ژیری و هۆشمەندی لەلای ئێمە ناسراویت؟(٢). خودای گەورە فەرموویە:

    {{قَالُواْ يَا شُعَيْبُ أَصَلاَتُكَ تَأْمُرُكَ أَن نَّتْرُكَ مَا يَعْبُدُ آبَاؤُنَا أَوْ أَن نَّفْعَلَ فِي أَمْوَالِنَا مَا نَشَاء إِنَّكَ لَأَنتَ الْحَلِيمُ الرَّشِيدُ ﴿٨٧﴾ قَالَ يَا قَوْمِ أَرَأَيْتُمْ إِن كُنتُ عَلَىَ بَيِّنَةٍ مِّن رَّبِّي وَرَزَقَنِي مِنْهُ رِزْقًا حَسَنًا وَمَا أُرِيدُ أَنْ أُخَالِفَكُمْ إِلَى مَا أَنْهَاكُمْ عَنْهُ إِنْ أُرِيدُ إِلاَّ الإِصْلاَحَ مَا اسْتَطَعْتُ وَمَا تَوْفِيقِي إِلاَّ بِاللّهِ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ ﴿٨٨﴾ وَيَا قَوْمِ لاَ يَجْرِمَنَّكُمْ شِقَاقِي أَن يُصِيبَكُم مِّثْلُ مَا أَصَابَ قَوْمَ نُوحٍ أَوْ قَوْمَ هُودٍ أَوْ قَوْمَ صَالِحٍ وَمَا قَوْمُ لُوطٍ مِّنكُم بِبَعِيدٍ ﴿٨٩﴾ وَاسْتَغْفِرُواْ رَبَّكُمْ ثُمَّ تُوبُواْ إِلَيْهِ إِنَّ رَبِّي رَحِيمٌ وَدُودٌ ﴿٩٠﴾ }}. هود.

    واتە: خەڵکەکە گوتیان: ئەی شوعەیب، ئایا نوێژەکەت فەرمانت پێدەکات کە ئێمە واز بهێنین لەوەی کە باب باپیرانمان هەر پەرستوویانن، پاشان نەهێڵیت بەئارەزووی خۆمان هەڵسوکەوت و مامەڵە بەپارەو سامانمان بکەین، لەکاتیکدا بەسیفەتەکانی ئارامی و ژیری و هۆشمەندی لەلای ئێمە ناسراویت. لەوەڵامیاندا شوعەیب پێ ی گوتن: ئەی قەوم و خزمەکانم: هەواڵم بدەنێ ئەگەر منتان دیت و بۆتان دەرکەوت کە لەسەر بەرنامەیەکی رێک و ڕۆشنم لەلایەن پەروەردگارمەوە و هەر لەلایەن خۆشیەوە ڕزق و ڕۆزی باش و تەواوی پێداوم، منیش نامەوێت قەدەغەی شتێکتان لێ بکەم، کەچی خۆم وەک ئێوە نەکەم (چی بەئێوە بگەیەنم خۆم لە پێشدا ئەنجامی دەدەم)(٣). من تەنها چاکسازیی و خۆش کردنی باری ژیانی خۆتانم مەبەستە بەگوێرەی توانام (هێندەی لەتوانامدا بێت لەم ڕووەوە هەوڵی چاکردنی ئێوە دەدەم)، ئەگەر بەیارمەتی و پشتیوانی ی خوداش نەبێت من لەگەیاندنی هەقدا سەرکەوتوو نابم ، پشت و پەنام هەر بەو بەستووە و هەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێمەوە. ئەی قەوم و خزمەکانم: ناکۆکی و دژایەتیتان لەگەڵ مندا، واتان لێ نەکات (ئەو ئایین و بیرو باوەڕەی هێناومە لەلایەن خوداوە بەدرۆی بزانن و) جا ئەو کاتە ئەوەی تووشی هۆزی نوح و هود و صالح بوو تووشی ئێوەش ببێت، خۆ هۆزی لوط لێتانەوە زۆر دوور نیە. داوای لێ خۆشبوونیش لە پەروەردگارتان بکەن و وازبهێنن لە تاوان و خراپەکاری و پاشان بگەڕێنەوە بۆ لای خودا، بێگومان پەروەردگاری من زۆر بەزەیی و میهرەبانە، زۆر بەسۆزو دلۆڤانە.

    تێڕوانینی نەفامی

    گەلەکە بێ پێج وپەنا باسی حاڵی خۆیان کردو کەوتنە هەڕەشەو گوتیان: ئەی شوعەیب ئێمە تێ ناگەین وحاڵی نابین لەزۆربەی ئەو باسانەی کە تۆ دەیڵێیت، چونکە پێوانەکان لای شوعەیب (علیه السلام) و لای گەلەکە جیاوازبوو، لای گەلەکە تێڕوانین وابوو چاکترین ڕیگەو ڕێباز ئەو ڕێگەیە بوو زیاترین وزۆرتین سامان کۆبکاتەوە وەشوعەیبیان بە کەسێکی لاواز و بێ دەسەڵات دەهاتە پێش چاو کەواتە لای گەلەکە شوعەیب نە پارەدار نە دەسەڵات دار:

    {{قَالُواْ يَا شُعَيْبُ مَا نَفْقَهُ كَثِيرًا مِّمَّا تَقُولُ وَإِنَّا لَنَرَاكَ فِينَا ضَعِيفًا وَلَوْلاَ رَهْطُكَ لَرَجَمْنَاكَ وَمَا أَنتَ عَلَيْنَا بِعَزِيزٍ ﴿٩١﴾ قَالَ يَا قَوْمِ أَرَهْطِي أَعَزُّ عَلَيْكُم مِّنَ اللّهِ وَاتَّخَذْتُمُوهُ وَرَاءكُمْ ظِهْرِيًّا إِنَّ رَبِّي بِمَا تَعْمَلُونَ مُحِيطٌ ﴿٩٢﴾ }}. هود.

    واتە: خزمانی نالەبار گوتیان: ئەی شوعەیب ئێمە تێناگەین لە زۆربەی ئەو باسانەی کە تۆ دەیڵێیت! ئێمەش بەڕاستی تۆ بە لاواز دەبینین لەناو خۆمانداو خۆ ئەگەر خزمەکانت نەبوایە بەردبارانمان دەکردیت، وەنەبێت تۆ هیچ تواناو دەسەڵاتێکت هەبێت بەسەرماندا(٤). (گەورەمان شوعەیب ــ سەلامی لێ بیت ــ ئەو قسانە ساردی نەکردەوە لە گەیاندنی پەیامەکەی، بەڵکو بەردەوام بوو بە بەڵگەی جوان و) گوتی: ئەی هۆزو خزمانم ئایا کەس وکارم بەلای ئێوەوە بە تواناو دەسەڵاتدارترە لە خودا؟! لەکاتێکدا خوداتان فەرامۆش کردووەو گوێ نادەن بە فەرمانەکانی، بەڕاستی پەروەردگارم ئاگادارە بەوەی ئێوە ئەنجامی دەدەن.

    دوای ئەوەی ئامۆژگاری وهاندان وڕوون کردنەوەی ڕێگەی چاکەو خراپە دادی ئەو گەلە دارپەرستەی نەداو وازیان نەهێنا لە تەرازووبازی وچەتەیی، گەورەمان شوعەیب (علیه السلام) بە سزای خودا ترساندنی و پێی گوتن: ئەی قەومەکەم مادەم بەقسەم ناکەن دەی کەواتە لەسەر ئەو خراپەکاریەی خۆتان بەردەوام بن، ئێمەش لەسەر بەرنامەی خۆمان بەردەوام دەبین، و لەمەولا دەردەکەوێت ودەزانن کێ سزای بۆ دێت و سەرشۆڕی دەکات وکێش درۆزنە، ئێوە چاوەڕێ بن بەڕاستی منیش لەگەڵتاندا چاوەڕیم. ئەو ئایەتەی دەیخوێننەوە باسی ئەو بەسەرهاتەیە کە لەو دێرانەی پێشوودا شیکارو واتایان خرایە ڕوو:

    {{وَيَا قَوْمِ اعْمَلُواْ عَلَى مَكَانَتِكُمْ إِنِّي عَامِلٌ سَوْفَ تَعْلَمُونَ مَن يَأْتِيهِ عَذَابٌ يُخْزِيهِ وَمَنْ هُوَ كَاذِبٌ وَارْتَقِبُواْ إِنِّي مَعَكُمْ رَقِيبٌ ﴿٩٣﴾}}. هود.

    هەڕەشەی دەربەدەرکردن ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بواری موناقەشەی نێوان (باوەڕداران) و نێوان (گەلە بێ باوەڕەکە) تەسک دەبۆوە، بۆیە دەستەی دەسەڵاتداران، ئەوانەی فیزو تەکەبورو لووت بەرزیەکەیان نەیهێشت شوێن بانگەوازەکەی شوعەیب (علیه السلام) بکەون و هەڕەشەیان لێ کردو بەڕقی کوێرانەو تووڕەیی یەوە پێ یان گوت: ئەی شوعەیب یان ئەوەتا:

    یەکەم: خۆت وئەوانەش باوەڕیان پێ هێناویت بەزۆرە ملێ لەم شارو وڵاتەماندا دەرتان دەکەین و هەردەشبێت دەرتان کەین. دووەم: یان پەشیمانی لە بیروباوەڕەکەتان دەربڕن بگەڕینەوە ناو ئاینەکەمان، ئیمانداران گوتیان: ئەگەر حەزیشی لێ نەکەین، بەدڵیشمان نەبێت؟. بەڕاستی ئێمە درۆو دەلەسەمان بەناوی خوداوە هەڵبەستووە، ئەگەر پەشیمان ببینەوەو بگەڕێینەوە ناو ئاینەکەی ئیوە، دوای ئەوەی کە خودا لەدەست (ئەو خورافاتە) ڕزگاری کردین، ئێمە بۆمان نی یە بگەڕێینەوە بۆ ناو ئایینی ئێوە مەگەر ویستی خودای پەروەردگارمانی لەسەر نەبێت، هەر خودای گەورەش بەزانستی خۆی و بەعیلم و ئاگاداریی خۆی هەموو شوێنێکی تەنیوەو بەسەر هەموو لایەکدا باڵادەستە، ئێمەش داوای لێ دەکەین و دەپارێینەوە کە بەڕێبازە ڕاست و هەق خوازی یەکەی خۆی دادوەری لەنێوان ئێمەو ئێوەدا بکات و هەر خۆیشی دادگەرترینی دادوەرانە:

    {{قَالَ الْمَلأُ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُواْ مِن قَوْمِهِ لَنُخْرِجَنَّكَ يَا شُعَيْبُ وَالَّذِينَ آمَنُواْ مَعَكَ مِن قَرْيَتِنَا أَوْ لَتَعُودُنَّ فِي مِلَّتِنَا قَالَ أَوَلَوْ كُنَّا كَارِهِينَ ﴿٨٨﴾ قَدِ افْتَرَيْنَا عَلَى اللّهِ كَذِبًا إِنْ عُدْنَا فِي مِلَّتِكُم بَعْدَ إِذْ نَجَّانَا اللّهُ مِنْهَا وَمَا يَكُونُ لَنَا أَن نَّعُودَ فِيهَا إِلاَّ أَن يَشَاء اللّهُ رَبُّنَا وَسِعَ رَبُّنَا كُلَّ شَيْءٍ عِلْمًا عَلَى اللّهِ تَوَكَّلْنَا رَبَّنَا افْتَحْ بَيْنَنَا وَبَيْنَ قَوْمِنَا بِالْحَقِّ وَأَنتَ خَيْرُ الْفَاتِحِينَ ﴿٨٩﴾}}. ألأعراف.

    هەوڵدان بۆ پەشیمان کردنەوەی شوێن کەوتوان هەنگاوێكێ دیکەی دەستەی دەسەڵاتداران تا کاریگەری شوعەیب لەناو خەڵکیدا کەم بکەنەوەو بێ ڕێزی بکەن، ویستیان باوەڕداران پەشیمان بکەنەوە بە هەڕەشە کردن لێیان و گوتیان: ئەگەر ئێوە شوێنی شوعەیب بکەون، بەڕاستی ئەو کاتە ئێوە لە زەرەرمەندانن:

    {{وَقَالَ الْمَلأُ الَّذِينَ كَفَرُواْ مِن قَوْمِهِ لَئِنِ اتَّبَعْتُمْ شُعَيْباً إِنَّكُمْ إِذاً لَّخَاسِرُونَ ﴿٩٠﴾}}. ألأعراف.

    سزای خودا بۆ خەلکی "مەدیەن"

    خودای گەورە نزاو پاڕانەوەی پێغەمبەرەکەی قبوڵ کردو بڕیاری ئیلاهی بۆ لەناوچوونی خەڵکی مەدیەن دەرچوو، لە ئاکامی سەرکێشی و یاخی بوونیان لەڕێبازی خودا، ئیدی خودای گەورە گەرمایەکی زۆر بەتینی ناردە سەریان، ئەو گەرمایە بۆ چەندین ڕۆژ بەردەوام بوو، هەوا کش و مات بوو، هیچ پەلکی دارێک نەدەجوڵایەوە، لەبەر ئەو گەرما بەتێنە خەڵکەکە لەهیچ جیگایەک حەوانەوەیان نەبوو، لەتاواندا ڕوویان لەدەشت و دەر و چۆڵەوانیەکان کرد، پاش جەندین ڕۆژ خودای گەورە پەڵە هەورێکی بۆ ناردن و خەڵکەکە هەمووی لەژێر سێبەری هەورەکە کۆبوونەوە بۆ ئەوەی فێنکاییەکیان بۆ بێت، ئەوجا خودای گەورە لەهەورەکەوە بە هەورە بروسکە ئاگربارانی کردن : {{فَكَذَّبُوهُ فَأَخَذَهُمْ عَذَابُ يَوْمِ الظُّلَّةِ إِنَّهُ كَانَ عَذَابَ يَوْمٍ عَظِيمٍ ﴿١٨٩﴾ }}. ألشعراء.

    ئەوجا یەکسەر بوومولەرزەیەک ودەنگێکی سامناک گرتنی و پێچانیەوەو وای لێکردن هەموویان بەسەردەم و چاویاندا تەخت بن و بکەون و لەناوبچن، لەئاکامدا شارەکە کاول و کڵێس بوو، بێباوەڕان بە چۆکدا هاتن و هێزی ئەژنۆیان شکاو لەناوچوون. ئەوانەی کە بەرنامەی شوعەیبیان بەدرۆزانی و باوەڕیان پێی نەبوو (لەناو بران) هەروەک لەو ناوەدا نەبووبن و نەژیابن وابوو، ئەوانەی شوعەیبیان بەدرۆزانی و باوەریان پێی نەبوو تەنها ئەوان زەرەرمەندو ماڵوێران بوون:

    {{فَأَخَذَتْهُمُ الرَّجْفَةُ فَأَصْبَحُواْ فِي دَارِهِمْ جَاثِمِينَ﴿٩١﴾}}. ألأعراف. {{وَأَخَذَتِ الَّذِينَ ظَلَمُواْ الصَّيْحَةُ فَأَصْبَحُواْ فِي دِيَارِهِمْ جَاثِمِينَ ﴿٩٤﴾}}. هود {{فَأَخَذَتْهُمُ الرَّجْفَةُ فَأَصْبَحُواْ فِي دَارِهِمْ جَاثِمِينَ ﴿٩١﴾ الَّذِينَ كَذَّبُواْ شُعَيْبًا كَأَن لَّمْ يَغْنَوْاْ فِيهَا الَّذِينَ كَذَّبُواْ شُعَيْبًا كَانُواْ هُمُ الْخَاسِرِينَ ﴿٩٢﴾ }}. ألأعراف.

    ئەوجا شوعەیب پێغەمبەر، پشتی لێهەڵکردن و گوتی: ئەی قەوم و عەشرەتم سوێند بەخودا بەڕاستی پەیامەکانی پەروەردگارم بەچاکی پێڕاگەیاندن و دڵسۆزیم لەگەڵ کردن، ئیدی من چۆن خەم بخۆم بۆ قەومێک کە بێ باوەڕن: {{فَتَوَلَّى عَنْهُمْ وَقَالَ يَا قَوْمِ لَقَدْ أَبْلَغْتُكُمْ رِسَالاَتِ رَبِّي وَنَصَحْتُ لَكُمْ فَكَيْفَ آسَى عَلَى قَوْمٍ كَافِرِينَ ﴿٩٣﴾}}. ألأعراف.

    چەند وانەیەک • بنەمای چاکسازی له‌به‌سه‌رهاته‌که‌ی "شوعه‌یب"دا قورئانی پیرۆز ئه‌و شێوازه‌ جوان و دروسته‌مان بۆ ده‌رده‌خات که‌ پێویسته‌ مرۆڤی چاکه‌خوازو چاکساز بیگرێته‌ به‌ر تاکو کاریگه‌ریه‌کی به‌ته‌وژمی هه‌بێت له‌چاکه‌کردن و ڕاست کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی دا. خودای مه‌زن له‌زاری (شعیب)ه‌وه‌ لەبەشی دووەمی ئایەتی ٨٨ لە سورەتی (هود) دا ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌فه‌رموێت: {{إِنْ أُرِيدُ إِلاَّ الإِصْلاَحَ مَا اسْتَطَعْتُ وَمَا تَوْفِيقِي إِلاَّ بِاللّهِ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ﴿٨٨﴾}}. هود. واتە: من تەنها چاکسازیی و خۆش کردنی باری ژیانی خۆتانم مەبەستە بەگوێرەی توانام (هێندەی لەتوانامدا بێت لەم ڕووەوە هەوڵی چاکردنی ئێوە دەدەم)، ئەگەر بەیارمەتی و پشتیوانی ی خوداش نەبێت من لەگەیاندنی هەقدا سەرکەوتوو نابم ، پشت و پەنام هەر بەو بەستووە و هەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێمەوە.

    لێرەدا خواستی ـ شوعه‌یب ـ به‌دی ده‌کرێت له‌چاکسازی و ئیصلاح دا که‌ تاکه‌ خواستێکه‌ ته‌نها له‌به‌رخاتری خودای گه‌وره‌یه‌و دووره‌ له‌هه‌ر نیازێکی ماددی یان به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی تایبه‌تی و شه‌خصی. ئامانجه‌کانی پێغه‌مبه‌ران له‌هه‌موو قۆناغه‌کانی مێژوودا ئاوا بووه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش ئامرازی به‌ده‌ست هێنانی سه‌رکه‌وتن بووه‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕێگە ڕاست و دروسته‌یه‌ که‌ ده‌بێت مرۆڤی چاکه‌خوازو بانگه‌وازکاری (چاکسازی) بیگرێته‌ به‌ر بۆ گه‌یشتن به‌سه‌رکه‌وتن و بۆ هه‌ڵبژاردن و به‌جێ گه‌یاندنی چه‌ندین به‌هاو بنه‌مای جوان و باڵا له‌وانه‌ی باوه‌ڕی پێ یانه‌. جا بێگومان هه‌ر مرۆڤی چاکه‌خوازی ڕاستگۆو دابڕاو له‌هه‌ر نیازو ئاره‌زوویه‌کی نه‌فسه‌ که‌له‌ئه‌نجام دا سه‌رکه‌وتووه‌. به‌ڵام نیازو ئاره‌زووه‌ تایبه‌تی یه‌کان زۆرجار هه‌ر خۆیان په‌رده‌ له‌سه‌ر ڕووی خاوه‌نه‌کانیان لاده‌ده‌ن و شکست دێنن و ده‌گۆڕدرێن و دوایش ڕه‌نجه‌ڕۆیی و خه‌ساره‌تمه‌ندییان تووش ده‌بێت. ئیدی چۆن حه‌قیقه‌ت سه‌رناکه‌وێت له‌کاتێکدا هه‌ر خودای (خالقی گه‌ردوون) و (به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسمانه‌کان و زه‌وی) داڕێژه‌ری بووه‌و هه‌ر حه‌قیقه‌تیشه‌ که‌ ئایه‌ته‌که‌ له‌ کۆتاییدا ئاماژه‌ی بۆ دەکات: {{وَمَا تَوْفِيقِي إِلاَّ بِاللّهِ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ}}.

    • کاریگه‌ریی نوێژ هه‌روه‌ها له‌به‌سه‌رهاته‌که‌ی (شوعه‌یب) دا ئاسه‌واری نوێژ له‌سه‌ر هه‌ڵس و که‌وتی مرۆڤ دیاری کراوه‌، چۆن گه‌له‌که‌ی (شوعه‌یب) هۆی بانگه‌وازه‌که‌ی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌یان بۆ نوێژه‌کانی ده‌گێڕایه‌وه:‌ {{قَالُواْ يَا شُعَيْبُ أَصَلاَتُكَ تَأْمُرُكَ أَن نَّتْرُكَ مَا يَعْبُدُ آبَاؤُنَا أَوْ أَن نَّفْعَلَ فِي أَمْوَالِنَا مَا نَشَاء إِنَّكَ لَأَنتَ الْحَلِيمُ الرَّشِيدُ ﴿٨٧﴾}}. هود.

    بێگومان گه‌له‌که‌ی (شوعه‌یب) تێبینی کاریگه‌ریی نوێژیان له‌سه‌ر (شوعه‌یب) و شوێنکه‌وتوانی کردبوو که‌ چۆن ئه‌و نوێژه‌یان بارودۆخی بۆ گۆڕیبون و له‌په‌رستنی غه‌یری خودا ڕزگاری کردبوون بۆ په‌رستنی خوداو له‌فڕوفێڵی سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ی کێشانه‌و پێوانه‌ش دووری خستبوونه‌وه‌و بۆ ده‌ستپاکی و دادگه‌ری، هه‌ربۆیه‌ش به‌لووت به‌رزی و پلارو بالۆره‌گوتنه‌وه‌ ئه‌م قسه‌یان پێ ده‌گوتن: (ئه‌رێ ئه‌وه‌ نوێژه‌که‌تان داواتان لێ ده‌کات واز له‌ په‌رستراوه‌کانی خۆمان و باوو باپیرانمان بێنین؟) چونکه‌ له‌هزری خۆیاندا بڕیاریان وایه‌ که‌ نایانه‌وێت ئه‌و حاڵه‌ته‌ی خۆیان بگۆڕن.

    به‌ڵێ بێگومان نوێژ باری ده‌رونی و نه‌فسی شوێنکه‌وتوانی (شوعه‌یب)ی گۆڕیبوو، چونکه‌ نوێژکردن و په‌یوه‌ندی به‌خوداوه‌ به‌ستن (صلاة) بۆ مه‌به‌ستی دروست کردنی ویژدانێکی پاك و بێگه‌رده‌ له‌نێو مرۆڤ دا، ئه‌م ویژدانه‌ خاوێنه‌ش هه‌ست و نه‌ستی پارێزکاری (تقوی) و چاودێری (مراقبة)ی نه‌فس له‌ مرۆڤدا ده‌بزوێنێت و به‌رده‌وام ڕۆژی دادگایی و لێپرسینه‌وه‌ی بیرده‌خاته‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ی که‌ خودای مه‌زن له‌باره‌یه‌وه‌ فه‌رموویه‌: {{يَوْمَ تَجِدُ كُلُّ نَفْسٍ مَّا عَمِلَتْ مِنْ خَيْرٍ مُّحْضَرًا وَمَا عَمِلَتْ مِن سُوَءٍ تَوَدُّ لَوْ أَنَّ بَيْنَهَا وَبَيْنَهُ أَمَدًا بَعِيدًا ﴿٣٠﴾}}. آل عمران.

    واته‌: ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌و قیامه‌ت ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ هه‌موو مرۆڤێك ده‌زانێت چی کردووه‌و چ جۆره‌ مه‌حکه‌مه‌و سزایه‌کی بۆ ئاماده‌کراوه‌، ئه‌ویش به‌هۆی نامه‌و په‌ڕاوی کرده‌وانه‌یه‌تی که‌ پیشانی ده‌درێت و که‌ هه‌موو خراپه‌و به‌دڕه‌فتاری یه‌کانی تێدا نوسراوه‌، ئیدی له‌و کاته‌دا تاوانبار ئاوات دەخوازێت کە له‌نێوان خۆی و کردەوە خراپەکانیدا مەودا‌یه‌کی دوورو درێژ هه‌بوایە و هه‌رگیز پێ ی نه‌گات.

    له‌به‌رئه‌وه‌ نوێژ به‌ربه‌ستی گوناه و به‌دکاری یه‌و ڕێگری کاری ناشرین و ناپەسنده‌، نوێژ مرۆڤ له‌م جیهانه‌ پڕ له‌ شه‌پۆڵی فیتنه‌و گوناهه‌وه‌ ڕزگار ده‌کات و ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئاسۆی فراوانی ڕه‌حمه‌تی خوداو هه‌واری پان و به‌رینی دڵنیایی. له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ قورئان به‌م فه‌رمایشته‌ی خودا کاریگه‌ری نوێژی دیاری کردووه‌: {{إنَّ الصَّلَاةَ تَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاء وَالْمُنكَرِ ﴿٤٥﴾}}. العنکبوت.

    واته‌: بێگومان نوێژ بەرهەڵستی لەگوناهو تاوان و نادروستی دەکات.‌ جا داخۆ له‌ ڕۆژگارێکی وه‌ك ئه‌مڕۆش دا کۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ری چه‌ند پێویستیی به‌و نوێژه‌ ڕاست و دروسته‌ هه‌بێت که‌ مرۆڤ لە خودای خۆی نزیك ده‌کاته‌وه‌و له‌ژێر چنگی هه‌موو په‌رستراوێکی پووچه‌ڵ و به‌تاڵ و له‌ژێر چه‌پۆکی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی سته‌مکار ڕزگاری ده‌کات و پاشان له‌هه‌موو به‌دکاری و فه‌سادێکیش ده‌یپارێزێت که‌ ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌و چاره‌سه‌رکردنی ئاڵۆز بووه‌.

    • هاندان له‌سه‌ر ده‌ست پاکی هه‌ر له‌و ئامۆژگاریانه‌ی له‌ چیرۆکه‌که‌ی ـ شوعه‌یب ـ دا به‌دی ده‌که‌ین بانگکردنی گه‌له‌که‌یه‌تی بۆ ده‌ستپاکی و پاراستنی سپارده‌ (أمانة) و دادگه‌ری له‌ کڕێن و فرۆشتن و وازهێنان له‌ گزی و ته‌رازوو بازی و که‌م کردنه‌وه‌ی سه‌نگی که‌ل و په‌لی فرۆشراوو، ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ خراپه‌و شێواندن له‌سه‌ر زه‌وی. چونکه‌ ئه‌و ته‌رازوو بازی و خراپه‌کاریانه‌ ده‌بنه‌ هۆی ڕق و توڕه‌یی خودای تۆڵه‌سێن و خۆخستنه‌ به‌ر سزای توندوتیژی، وه‌ك چۆن خودا سزایه‌کی توندی بۆ گه‌له‌که‌ی –شوعه‌یب- ناردو به‌هۆی به‌دکاری خۆیانه‌وه‌ ته‌فروتونای کردن. دیاره‌ هه‌میشه‌ (شوعه‌یب) گه‌له‌که‌ی ووریا ده‌کرده‌وه‌ له‌و کاره‌ ناهه‌موارانه‌، هه‌روه‌ك خوداش له‌سه‌ر زاری ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌یه‌وه‌ له‌ فه‌رمایشته‌که‌یدا ئاگاداریان ده‌کاته‌وه‌:

    {{وَلاَ تَنقُصُواْ الْمِكْيَالَ وَالْمِيزَانَ إِنِّيَ أَرَاكُم بِخَيْرٍ وَإِنِّيَ أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍ مُّحِيطٍ ﴿٨٤﴾ وَيَا قَوْمِ أَوْفُواْ الْمِكْيَالَ وَالْمِيزَانَ بِالْقِسْطِ وَلاَ تَبْخَسُواْ النَّاسَ أَشْيَاءهُمْ وَلاَ تَعْثَوْاْ فِي الأَرْضِ مُفْسِدِينَ ﴿٨٥﴾ }}. هود. واتاو شیکاری ئەم ئایەتانە لە سەرەتای ئەم لاپەڕەیەدا ئاماژەی پێکراوە.


     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام