ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

    👇 ئێستا له‌ڕێی مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنه‌👇 

    https://bit.ly/49og2eD

    ژیانی سوله‌یمان علیه‌ السلام به‌شی دووه‌م

    ژیانی سوله‌یمان علیه‌ السلام به‌شی دووه‌م


     

    - گفتوگۆیەک لە نێوان پەپوو (هدهد) و "سولەیمان"دا

    - نامەی "سولەیمان" بۆ "شاژنی سەبەء"

    - تەخت و تاراجی "بەڵقیس" لەبەردەم "سولەیمان"دا

    - "بەڵقیس" لە کۆشکی "سولەیمان"

    - کۆچی دوایی‌ی "سولەیمان"

    گفتوگۆیەک لە نێوان پەپوو (هدهد) و "سولەیمان"دا

    لەمەوپێش باسی ئەوەمان کرد کە خودای گەورە نیعمەتی زۆری بە "سولەیمان" بەخشیبوو، یەک لەو نیعمەتانەش فێری زمانی ئاژەڵ و باڵندەی کردبوو.

    ڕۆژیکیان "سولەیمان" ویستی چاوی بە (پەپوو)ـەکەی بکەوێت کە لەکاتی کۆبوونەوەی باڵندەکاندا ئامادە نەبوو، بۆیە دەڵێت ئەرێ ئەوە (پەپوو) لە نێو باڵندەکاندا نابینم بزرە؟ ئەی باشە چۆن بەبێ ئاگاداربوونی من بزر دەبێت؟. دەبێ سزایەکی توندی بدەم یان سەری ببڕم چونکە بەبێ پرس دوا کەوتووە، هەروەها گوتی گەر (پەپوو) پاساوێکی شیاوی هەبێت و بەڵگەی پێویست لەسەر هۆی دیارنەبوونی بخاتە ڕوو ئەوا لێ‌ی دەبوورێت.

    بەڵام دیار نەمان و بزربوونەکەی (پەپوو) زۆری نەخایاند و گەڕایەوە بۆ لای "سولەیمان" و بەخێرایی پێ‌ی گوت: من هەواڵێکی دڵنیاو تەواوم دەربارەی (مەملەکەتی سەبەء) بۆ هێناوی کە هێشتا تۆ هیچی لەبارەوە نازانیت.. بەڕاستی لەوێ دیتم ئافرەتیک حوکمی ئەو مەملەکەتە دەکات و لەنازو نیعمەتدا دەژیت و خاوەنی هەموو جۆرە ئامڕازێکی جەنگی و دەستەڵاتدارێتی‌یە، هەروەها تەخت و عەرشیکی گەورەی هەیە و بە گوهەرو مرواری بۆی ڕازێنراوەتەوە، سەرەڕای ئەو هەموو نیعمەتانەی کە خودا بەسەر خەڵکی ئەو مەملەکەتەدا ڕشتووە، کەچی خودای گەورە ناپەرستن بەڵکو لە جیاتی ئەو (خۆر) دەپەرستن و سوجدەی بۆ دەبەن، دیارە شەیتانیش فریوی داون و ڕێگەی بۆ خۆش کردوون و لەسەر ڕێ‌ی ڕاست لای داون و دووری خستوونەتەوە لە سوجدەبردن بۆ ئەو خودایەی کە هەر ئەو شایستەی پەرستنە و هەر خوداشە دەزانیت لە ناخی زەوی‌دا چی حەشار دراوە، هەر خۆێشی دەزانێت لە چ ڕازە نیازێک دەروونی خەڵکی دایەو لە هەموو کردارێکی ئاشکراو نهێنی‌یان ئاگادارە.

    کاتێک (پەپوو)ەکە قسەکانی تەواوکرد، "سولەیمان" پێی گوت: ئیمە لەو مەسەلەیە دەکۆڵینەوە بزانین تۆ ڕاست دەڵێیت یان لە درۆزنانی.

    ئەم گفتۆگۆیەی پێشووی نیوان "سولەیمان" و (پەپوو)ەکەی، شیکاری ئەم ئایەتانەی لای خوارەوەیە کە ئەو بەشەی بەسەرهاتەکە دەگێڕیتەوەو خودای گەورە فەرموویە:

    {{وَتَفَقَّدَ الطَّيْرَ فَقَالَ مَا لِيَ لَا أَرَى الْهُدْهُدَ أَمْ كَانَ مِنَ الْغَائِبِينَ ﴿٢٠﴾ لَأُعَذِّبَنَّهُ عَذَابًا شَدِيدًا أَوْ لَأَذْبَحَنَّهُ أَوْ لَيَأْتِيَنِّي بِسُلْطَانٍ مُّبِينٍ ﴿٢١﴾ فَمَكَثَ غَيْرَ بَعِيدٍ فَقَالَ أَحَطتُ بِمَا لَمْ تُحِطْ بِهِ وَجِئْتُكَ مِن سَبَإٍ بِنَبَإٍ يَقِينٍ ﴿٢٢﴾ إِنِّي وَجَدتُّ امْرَأَةً تَمْلِكُهُمْ وَأُوتِيَتْ مِن كُلِّ شَيْءٍ وَلَهَا عَرْشٌ عَظِيمٌ ﴿٢٣﴾ وَجَدتُّهَا وَقَوْمَهَا يَسْجُدُونَ لِلشَّمْسِ مِن دُونِ اللَّـهِ وَزَيَّنَ لَهُمُ الشَّيْطَانُ أَعْمَالَهُمْ فَصَدَّهُمْ عَنِ السَّبِيلِ فَهُمْ لَا يَهْتَدُونَ ﴿٢٤﴾ أَلَّا يَسْجُدُوا لِلَّـهِ الَّذِي يُخْرِجُ الْخَبْءَ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَيَعْلَمُ مَا تُخْفُونَ وَمَا تُعْلِنُونَ ﴿٢٥﴾ اللَّـهُ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ رَبُّ الْعَرْشِ الْعَظِيمِ ﴿٢٦﴾ قَالَ سَنَنظُرُ أَصَدَقْتَ أَمْ كُنتَ مِنَ الْكَاذِبِينَ ﴿٢٧﴾}} ألنَّمل. [٤٣]

    نامەی "سولەیمان" بۆ "شاژنی سەبەء"

    "سولەیمان" بۆ دەرخستنی ئەم حەقیقەتە نامەیەکی دا بە (پەپوو) و فەرمانی پێکرد فڕێ‌ی داتە بەردەستی شاژنی "سەبەء"، داواشی لیکرد لە نزیکەوە چاودێریی ئەو ژنەو گەلەکەشی بکات و بزانێت چ وەڵامێکیان بۆ نامەکەی هەیە.

    (پەپوو) نامەکەی برد و هەڵیدایە بەردەستی شاژنی سەبەء کە ناسراوە بە (بەڵقیس)، ئەویش دوای خوێندنەوەی نامەکە هەموو پیاوە ماقوڵان و سەرکردەکانی گەلەکەی کۆکردەوەو پێ‌ی گوتن: من نامەیەکم لە "سولەیمان"ـەوە بۆ هاتووەو ئەمە دەقەکەیەتی: ( بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان .. خۆتان لە ئاست من بە گەورە مەگرن، بەڵکو دەبێت باوەڕ بێنن و خۆتان تەسلیمی بەرنامەی ڕاستی خودا بکەن) ...

    "بەڵقیس" ڕووی کردە ئەو کەسانەی چواردەوری خۆی و داوای ڕاوێژو تەگبیری لێكردن و گوتی: ئێوە خۆتان ڕێگەیەکم بۆ دانین و تەگبیرم بۆ بکەن، چونکە من هیچ حوکمێک نادەم بەبێ پرس و بڕیاری ئێوە نەبێت.

    ئەوانیش لە وەڵامدا گوتیان: ئیمە خاوەنی هێزیکی کاریگەرو ژمارەیەکی زۆرین و ئامادەی جەنگ و کوشتارین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش‌دا دوا بڕیار بۆ خۆتە.

    ئەم ئایەتانەی قورئانیش ئەو پرس و ڕا ناوخۆیی‌یەی نێوان "بەڵقیس"و گەلەکەیمان بۆ دەگێڕیتەوە:

    {{اذْهَب بِّكِتَابِي هَـٰذَا فَأَلْقِهْ إِلَيْهِمْ ثُمَّ تَوَلَّ عَنْهُمْ فَانظُرْ مَاذَا يَرْجِعُونَ ﴿٢٨﴾ قَالَتْ يَا أَيُّهَا الْمَلَأُ إِنِّي أُلْقِيَ إِلَيَّ كِتَابٌ كَرِيمٌ ﴿٢٩﴾ إِنَّهُ مِن سُلَيْمَانَ وَإِنَّهُ بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ ﴿٣٠﴾ أَلَّا تَعْلُوا عَلَيَّ وَأْتُونِي مُسْلِمِينَ ﴿٣١﴾ قَالَتْ يَا أَيُّهَا الْمَلَأُ أَفْتُونِي فِي أَمْرِي مَا كُنتُ قَاطِعَةً أَمْرًا حَتَّىٰ تَشْهَدُونِ ﴿٣٢﴾ قَالُوا نَحْنُ أُولُو قُوَّةٍ وَأُولُو بَأْسٍ شَدِيدٍ وَالْأَمْرُ إِلَيْكِ فَانظُرِي مَاذَا تَأْمُرِينَ ﴿٣٣﴾}} ألنَّمل.

    "بەڵقیس" ژیرو تیگەیشتوو بوو، بەجوانی بۆ ئەنجامی گشت کێشەو کاروبارێکی دەڕوانی، بۆیە ویستی زیانەکانی جەنگ بۆ سەران و فەرماندەکانی گەلەکەی ڕوون بکاتەوە، بۆیە پێ‌ی گوتن: بێگومان سوپاو لەشکری پادشایان گەر پێ بنێنە ناو شارێک وێران و خاپووری دەکەن و بەتەواوی دەیشێوێنن، تەنانەت سووکایەتی و بێ‌حورمەتی بە دانیشتوانەکەشی دەکەن، بۆیە من نیازم وایە دیاری‌یەکی گەورە بۆ سولەیمان و گەلەکەی بنێرم و بزانم ڕادەی کاریگەری ئەو دیاری‌یە لە دڵ‌‌و دەروونیاندا چەندە؟ خۆ ئەگەر پێغەمبەر بێت ئەوا بە هیچ شێوەیەک بە دیاری ڕازی نابێت و هەموو خواست و نیازێکی ئەوەیە هەردەبێت پەیڕەوی دینەکەی بکەین.

    وەفدەکەی "بەڵقیس" بە دیاری‌یەکانەوە گەیشتنە لای "سولەیمان"، بەڵام "سولەیمان" دیاری‌یەکانی ڕەت کردەوەو پێ‌ی ڕاگەیاندن ئەو چاوی لە دیاری نی‌یە بەڵکو داواکاری ئەو ئەوەیە کە واز لە (پەرستنی خۆر) بهێنن و باوەر بە خودا بێنن.

    هەروەها "سولەیمان" گوتی ئەو چاوی لە ماڵ و سامانی ئەوان نی‌یە چونکە خودای گەورە پلەی پێغەمبەرێتی‌ی پی‌بەخشیوەو مەملەکتیکی خستوەتە ژێر دەسەتەڵاتی و هەموو شتێکی بۆ تەسخیر کردووە. هەروەها بەردەوام بوو لە قسەکانیدا و گوتی: ئێوە دڵتان بە دیاری و مالی دنیا خۆشە بەڵام من وەک ئێوە نیم. بگەڕینەوە و دیاری‌یەکانتان ببەنەوە، ئەگەر بەدەم بانگەوازەمانەوە نەیەن ئەوا سوپایەکی وایان دەکەینە سەر کە هیچ توانایەکی بەرگری لەخۆکردنیان نەبێت و، لە شارەکەیان بە دیلی و سەرکزی و کۆیلەیی دەیانهێنینە دەرەوە:

    {{قَالَتْ إِنَّ الْمُلُوكَ إِذَا دَخَلُوا قَرْيَةً أَفْسَدُوهَا وَجَعَلُوا أَعِزَّةَ أَهْلِهَا أَذِلَّةً وَكَذَٰلِكَ يَفْعَلُونَ ﴿٣٤﴾ وَإِنِّي مُرْسِلَةٌ إِلَيْهِم بِهَدِيَّةٍ فَنَاظِرَةٌ بِمَ يَرْجِعُ الْمُرْسَلُونَ ﴿٣٥﴾ فَلَمَّا جَاءَ سُلَيْمَانَ قَالَ أَتُمِدُّونَنِ بِمَالٍ فَمَا آتَانِيَ اللَّـهُ خَيْرٌ مِّمَّا آتَاكُم بَلْ أَنتُم بِهَدِيَّتِكُمْ تَفْرَحُونَ ﴿٣٦﴾ ارْجِعْ إِلَيْهِمْ فَلَنَأْتِيَنَّهُم بِجُنُودٍ لَّا قِبَلَ لَهُم بِهَا وَلَنُخْرِجَنَّهُم مِّنْهَا أَذِلَّةً وَهُمْ صَاغِرُونَ ﴿٣٧﴾ }} ألنَّمل.

    تەخت و تاراجی "بەڵقیس" لەبەردەم "سولەیمان"دا

    وەفدەکە گەڕانەوەو خەبەری هەموو شتێکیان بە "بەڵقیس" گەیاند، ئەویش بەبیستنی ئەو دەنگ و باسانە تێگەیشت کە "سولەیمان" پێغەمبەری خودایە، بۆیە بەخۆیدا هاتەوەو خۆی رێکخست تا لەگەڵ پیاوماقوڵانی گەلەکەیدا بچن بۆ لای.

    "سولەیمان" لای خۆیەوە زانیبووی کەوا "بەڵقیس" بەڕێوەیە بۆ لای، لەم ڕووەشەوە ویستی هەندێک لەو موعجیزە تایبەتیانەی (کە خودا پێ‌ی داون) پێشانی بدات تاکو بەڵگەیەکی دیار بێت لەسەر پێغەمبەرێتی‌یەکەی.

    بۆ ئەم کارەش "سولەیمان" ڕووی کردە ئەو (جن)ـە چالاکانەی لە چواردەوری بوون و پێی گوتن: کامتان تەخت و سەکۆی فەرمانڕەوایی‌ی "بەلقیس"م بۆ دێنن پێش ئەوەی کەخۆی و گەلەکەی بگەنە لام و باوەڕ بێنن؟

    عیفریتێک لە (جن) گوتی من تەخت و تاراجیت بۆ دێنم پێش ئەوەی لەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆت هەڵسیت. هەروەها گوتی: من توانام لەسەر ئەو تەخت و تاراجە هەیە و دەستپاکم لەسەر پاراستنی هەر گەوهەرێکی بەنرخ کە تێیدا بێت.

    بەڵام یەک لە فریشتەکان کە خودا یارمەتی "سولەیمان"ی پێ دەدان و زانستی لەسەر کتێبە ئاسمانی‌یەکان هەبوو بە "سولەیمان"ی گوت: من لە ماوەیەکی خێراتر لە چاوتروکانێکدا ئەو تەخت و کورسی حوکمڕانی‌یەی بەڵقیست بۆ دەهێنم.

    ئینجا دەسبەجێ ئەو تەختەی گەیاندە لای "سولەیمان"، ئەویش سوپاس و ستایشی خودای کرد و گوتی: ئەم سەرکەوتن و پشتیوانی‌کردنە لە ئامادەکردنی خیرای تەختی "بەڵقیس" لە بەردەممدا هەر لە فەزڵ و بەخششی خودایەو تاقیکردنەوەیەکیشیەتی بۆمن سەبارەت بەوەی کە ئایا لەسەر ئەو نیعمەتانە سوپاسی دەکەم یان حاشاو کوفرانەی لێ‌دەکەم، جا من بەڕاستی هەر سوپاس و شوکرانەبژێریی پەروەردگارم دەکەم لەسەر ئەو هەموو بەهرەو بەخششانەی. جا ئەوەی سوپاسگوزاربێت ئەوە بەڕاستی سوپاسگوزارە بۆ خۆی، ئەوەش کە سپڵەیە، ئەوە بێگومان پەروەردگارم دەوڵەمەندو بێ‌نیازە و خاوەنی بەخششە بە هەمووان:

    {{قَالَ يَا أَيُّهَا الْمَلَأُ أَيُّكُمْ يَأْتِينِي بِعَرْشِهَا قَبْلَ أَن يَأْتُونِي مُسْلِمِينَ ﴿٣٨﴾ قَالَ عِفْرِيتٌ مِّنَ الْجِنِّ أَنَا آتِيكَ بِهِ قَبْلَ أَن تَقُومَ مِن مَّقَامِكَ وَإِنِّي عَلَيْهِ لَقَوِيٌّ أَمِينٌ ﴿٣٩﴾ قَالَ الَّذِي عِندَهُ عِلْمٌ مِّنَ الْكِتَابِ أَنَا آتِيكَ بِهِ قَبْلَ أَن يَرْتَدَّ إِلَيْكَ طَرْفُكَ فَلَمَّا رَآهُ مُسْتَقِرًّا عِندَهُ قَالَ هَـٰذَا مِن فَضْلِ رَبِّي لِيَبْلُوَنِي أَأَشْكُرُ أَمْ أَكْفُرُ وَمَن شَكَرَ فَإِنَّمَا يَشْكُرُ لِنَفْسِهِ وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ رَبِّي غَنِيٌّ كَرِيمٌ ﴿٤٠﴾}} ألنَّمل.

    "سولەیمان" فەرمانی دا کەمێک گۆڕانکاری بەسەر سیمای تەختەکەی "بەڵقیس"دا بێنن بۆ ئەوەی کاتێک لێ‌ی ورد دەبێتەوە دەیناسیتەوە یان نا؟. جا کە "بەڵقیس" هات و تەختەکەی دیت، پرسیاری لێکرا: ئایا ئەم تەخت و عەرشەی بۆی دەروانێت لەو عەرشەت دەچێت کە لە وڵاتەکەی خۆت بەجێت هێشتووە؟

    ئەویش لەوەڵامدا گوتی: (وەک ئەو وایە)! بەڵام دوای سەرنجی تەواو بۆی دەرکەوت عەرشەکەی خۆیەتی. هەروەها بەردەوام بوو لە قسەکانیدا و گوتی: ئێمە پێش ئەمەش زانیاریمان هەبوو (واتە دەربارەی تواناو دەستەڵاتی "سولەیمان") ئیمە تەسلیم بووین (نیازی جەنگمان نی‌یە). بەڵام ئەوەی کۆسپ و بەربەست بوو لە ڕێ‌ی ئاشکراکردنی ئیمانەکەمان و دەرخستنی‌دا ئەوە بوو ئێمە لەناو گەلێکی بێوباوەڕی کافردا دەژین و نەماندەتوانی تا کاتی ئامادەبوونمان لەلات دەری بڕین، بۆیە شاردبوومانەوە تا گەیشتینە لای تۆ.

    ئەم بڕگەیەش واتاو ڕاڤەی ئەم چەند ئایەتەی دی بوون کە دەربارەی ئەم بەشەی چیرۆکەکەیەو خودای گەورە فەرموویە:

    {{قَالَ نَكِّرُوا لَهَا عَرْشَهَا نَنظُرْ أَتَهْتَدِي أَمْ تَكُونُ مِنَ الَّذِينَ لَا يَهْتَدُونَ ﴿٤١﴾ فَلَمَّا جَاءَتْ قِيلَ أَهَـٰكَذَا عَرْشُكِ قَالَتْ كَأَنَّهُ هُوَ وَأُوتِينَا الْعِلْمَ مِن قَبْلِهَا وَكُنَّا مُسْلِمِينَ ﴿٤٢﴾ وَصَدَّهَا مَا كَانَت تَّعْبُدُ مِن دُونِ اللَّـهِ إِنَّهَا كَانَتْ مِن قَوْمٍ كَافِرِينَ ﴿٤٣﴾}} ألنَّمل . [٤٤]

    - "بەڵقیس" لە کۆشکی "سولەیمان"

    "سولەیمان" بۆ ئەوەی جوانترین شێوەی بیناسازی‌و ئەندازیاریی‌ی وەهاش پێشانی "بەڵقیس" بدات کە هەرگیز جگە لە "سولەیمان" کەسی دی نەیبووەو کە ئەو شاژنەش نەیبووەو نەیدیتوە، فەرمانی بە وەستایانی شارەزاو پسپۆڕانی بیناسازی کرد کۆشکێکی بۆ دروست بکەن. ئەوانیش ئەو جۆرە کۆشکەیان بۆ دروست کردو، کە ڕووبەندی زەوی‌یەکەی لە شووشەیەکی تەنک و تەخت و لووس دروست کرابوو.

    جا کە "بەلقیس" هاتە ناو کۆشکەکەوە بۆ ئەوەی چاوی بە "سولەیمان" بکەوێت، ئەویش کاتێک کۆشکەکەی بەو شێوەیە دیت سەری سوڕماو وای دەبینی گوایە پڕە لە ئاو، بۆیە کاتێک پێ‌ی نایە ژوورەوە هەردوو لاقی هەڵکرد تاکو جلکەکانی تەڕ نەبێت (بەڕای خۆی)و، "سولەیمان"یش خێرا دڵنیای کرد لەوەی کە ئەرزی ژوورەکە تەڕ نێ‌یە و هەوڵی دا ئەو سەرسوڕمانەی تێدا نەهێڵێت و پێ‌ی گوت: (ئەو هۆلە لە شووشەیەکی تەنک و ساف دروست کراوە). دیارە "بەڵقیس" لەوەو پێش ئەو جۆرە شوێنانەی نەدیتبوو و پێشیان ڕانەهاتبوو.

    پاشان کە ئەو هەموو ڕێزلێنانە زۆرو بێ‌وێنەیەی "سولەیمان"ی دیت ئەو حەقیقەتە ڕۆشنەشی دەربارەی خودا بۆ ڕوون بوویەوە کە لێ‌ی پەنهان ببوو، یەکسەر بە زمانی پاڕانەوەوە گوتی: ئەی خودای پەورەدگارم، بەڕاستی بەهۆی پەرستنی (خۆر)ەوە ستەمم لەخۆم کرد، جا وا لەگەڵ "سولەیمان"دا و (وەک ئەو) ملکەچی هەموو فەرمان و بەرنامەکەتم، چونکە ئەی پەروەردگاری جیهانی‌یان هەر خۆت شایستەی ئەوەی بپەرسترێیت:

    {{قِيلَ لَهَا ادْخُلِي الصَّرْحَ فَلَمَّا رَأَتْهُ حَسِبَتْهُ لُجَّةً وَكَشَفَتْ عَن سَاقَيْهَا قَالَ إِنَّهُ صَرْحٌ مُّمَرَّدٌ مِّن قَوَارِيرَ قَالَتْ رَبِّ إِنِّي ظَلَمْتُ نَفْسِي وَأَسْلَمْتُ مَعَ سُلَيْمَانَ لِلَّـهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ ﴿٤٤﴾}}ألنَّمل.

    کۆچی دوایی‌ی "سولەیمان"

    قورئانی پیرۆز بەم فەرمایشتەی خودای گەورە باسی مردنی "سولەیمان" دەکات:

    {{فَلَمَّا قَضَيْنَا عَلَيْهِ الْمَوْتَ مَا دَلَّهُمْ عَلَىٰ مَوْتِهِ إِلَّا دَابَّةُ الْأَرْضِ تَأْكُلُ مِنسَأَتَهُ فَلَمَّا خَرَّ تَبَيَّنَتِ الْجِنُّ أَن لَّوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ الْغَيْبَ مَا لَبِثُوا فِي الْعَذَابِ الْمُهِينِ ﴿١٤﴾}} سبأ .

    کاتێک بڕیاری مردنی "سولەیمان"مان داو مرد، تەنها مۆرانە نەبێت کە گۆچانەکەی کلۆر دەکرد (تا گۆچانەکەی لاوازبوو و قورسایی سولەیمان کەوتە سەر گۆچانەکەو شکا)، هیچ شتێک ئەوانی ئاگادار نەکرد لە مردنەکەی، جا کە "سولەیمان" کەوت بە ڕوودا، ئەوسا (جن)ـەکان زانیان "سولەیمان" دەمێکە وەفاتی کردووە، جا ئەگەر غەیب زان و نهێنی زان بوونایە، ئاوا لە کارو فرمانی ناخۆش و ڕیسواکەردا بەردەوام نەدەبوون (چونکە لە ترسدا لە کاری سەخت‌دا بەردەوام بوون و نەیانزانی مردووە).


     

    ژیانی سوله‌یمان علیه‌ السلام به‌شی 1


    ژیانی سوله‌یمان علیه‌ السلام به‌شی 2

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام