ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

    چیرۆكی هوود سه‌لامی خوای لێبێت

    چیرۆكی هوود سه‌لامی خوای لێبێت


     كۆشكه‌كان و بته‌كانی گه‌لی عاد گه‌لی عاد به‌ درووستكرنی كۆشكی به‌رز به‌ناوبانگ بوون... شانازییان به‌ كردنه‌وه‌ی كۆشك و ته‌لاری زۆر به‌رزو جوان به‌سه‌ر یه‌كدا ده‌كرد... قورئان ده‌فه‌رموێ ئه‌و كۆشكه‌كانه‌ له‌( ئه‌حقاف) بوون، مێژوونووسانیش ده‌ڵێن ئه‌حقاف كه‌وتۆته‌ نێوان( یه‌مه‌ن) و (عوممان)وه‌... گه‌لی عاد زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ ژیانیانیان به‌سه‌ر بردووه‌... خاكێكی سه‌وزو جوانیان هه‌بووه‌... مناڵی زۆریان هه‌بووه‌... ئه‌سپ و وشترو مه‌ڕوماڵاتیان ده‌شت و ده‌ریان پڕكردووه‌...


    به‌ڵام گه‌لی عاد خوای په‌روه‌ردگار ‌یان نه‌ده‌ناسی و سوپاسی خوای گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو رزق و رۆزییه‌ نه‌ده‌كرد، خۆیان له‌ به‌رد بتیان دروست ده‌كردو ده‌یانپه‌رست، سێ بتیان هه‌بوو به‌ناوی(صداء) و (صمود)و ( هباء) لێیان ده‌پاڕانه‌وه‌و داوای رزق و رۆزییان لێده‌كردن.


    بانگه‌واز بۆ لای خوای گه‌وره‌


    خوای گه‌وره‌ له نێو‌ بنه‌ماڵه ناوداره‌‌كانی عاددا پیاوێكی به‌ناوی هود هه‌ڵبژاردو كردی به‌ پێغه‌مبه‌ر، خوای گه‌وره‌ ویستی وابوو له‌ناو خۆیاندا پیاوێكی راستگۆو به‌ڕه‌وشت بكاته‌ نێرراو تا هه‌موویان بیناسن و لێی تێبگه‌ن و باوه‌ڕی پێبكه‌ن.


    هود ده‌ستی كرد به‌ بانگه‌وازو پێی وتن: ئه‌ى گه‌له‌كه‌م خوای گه‌وره‌ بپه‌رستن له‌و زیاتر خوایه‌كی ترتان نییه‌.


    هه‌روه‌ها وتی: خه‌ڵكینه‌ ئێوه‌ چۆن به‌رد ده‌په‌رستن و ئه‌و كه‌سه‌ ناپه‌رستن كه‌ درووستی كردوون؟


    گه‌لی عاد به‌ قسه‌كانی هود زۆر دڵیان ناخۆش ده‌بوو پێیان وت: ئێمه‌ نازانین تۆ چیت ده‌وێ؟ تۆ یان شێتی ئێمه‌ لێو تێناگه‌ین..! یان گه‌وجیت و درۆده‌كه‌یت..!


    به‌ڵام هود به‌و په‌ڕی ئه‌ده‌به‌وه‌ وتی: خه‌ڵكینه‌ من شێت نیم، به‌ڵكوو من پێغه‌مبه‌ری خوام بۆ ئێوه‌، من په‌یامی خوای گه‌وره‌م بۆ ئێوه‌ هێناوه‌.


    خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌یان ده‌زانی چی بڵێن، پێیان وت: خواكه‌ی ئێمه‌ له‌ تۆ توڕه‌ بووه‌، تۆی شێت كردووه‌و مێشكی تێكداوی و نه‌گبه‌تی رووی تێكردووی!


    هود وتی: ئه‌م بتانه‌ی ئێوه‌ كه‌ڵك و ‌زیانیان بۆ ‌كه‌س نییه‌، ئه‌م بتانه‌ به‌ردن... نه‌ئه‌بیستن... نه‌ قسه‌ده‌كه‌ن... خۆشتان و بته‌كانتان نه‌ خێرتان به‌ده‌سته‌و نه‌ شه‌ڕ... من له‌ خواكانی ئێوه‌ ناترسم... من دوورم له‌ هاوه‌ڵ بۆ خوا په‌یداكردن... له‌ ئێوه‌ش ناترسم چیتان له‌ ده‌ست دێت بیكه‌ن... من ته‌نها پشت به‌ خوای گه‌وره‌ ده‌به‌ستم... هه‌رچی له‌ جیهاندا هه‌یه‌ به‌ده‌ست خوای كردگاره‌... ته‌نانه‌ت گه‌ڵایه‌ك به‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌و له‌ دار ناكه‌وێته‌ خواره‌وه‌.


    وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی نیعمه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌


    هود هه‌میشه‌ نازو نیعمه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ى بیر خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌خسته‌وه‌، هود پێی وتن: ئه‌و خوایه‌ بپه‌رستن كه‌ رزق وسامانی زۆر كردوون و كۆشك و ته‌لاری جوانی داونه‌تێ... ئه‌و خوایه‌ بپه‌رستن كه‌ نه‌وه‌ی زۆر كردوون و خۆشتانی به‌هێز درووست كردووه‌... ئه‌و خوایه‌ بپه‌رستن كه ئێوه‌ی به‌ میراتگری قه‌ومی نوح كردووه‌.


    هود وتی: ده‌بوو له‌ پاداشتی ئه‌م هه‌موو نازو نیعمه‌ته‌دا ته‌نها خوای گه‌وره‌تان بپه‌رستایه‌.


    به‌ڵام گه‌لی عاد به‌ قسه‌ی هودیان نه‌كردو سوپاسی خوای گه‌وره‌یان نه‌ده‌كرد بۆ ئه‌م رزق و رۆزییه‌ی كه‌ خوا دابووی پێیان.


    گه‌لی عاد له‌بیریان چووبوه‌وه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر بتپه‌رستی لافاوی به‌سه‌ر قه‌ومی نوحدا هێناو هه‌موویانی له‌ناوبرد؛ ته‌نها باوه‌ڕداران نه‌بێ خوای گه‌وره‌ رزگاری كردن.


    گوفتوگۆ له‌گه‌ڵ گه‌لی عاد


    گه‌لی عاد ئامۆژگارییه‌كانی هودییان نه‌ئه‌بیست و باوه‌ڕیان نه‌ده‌هێنا، وتیان: ئه‌ی هود تۆ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كت نییه‌و به‌ قسه‌ی تۆ واز له‌ خواكانی خۆمان ناهێنین و باوه‌ڕت پێناهێنین.


    هه‌روه‌ها وتیان: ئێمه‌ش بڕوامان به‌ خواى تۆ نییه‌و لێی ناترسین، تۆ زۆر جار باسی سزای خواكه‌ت ده‌كه‌ی، ئه‌ى كوانێ ئه‌م سزایه‌ كه‌ی دێت؟


    هود وتی: خوای گه‌وره‌ توڕه‌یه‌ لێتان و سزاتان بۆ ده‌نێرێ، به‌ڵام كه‌ى؟ ئه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ خۆی ده‌زانێ، من ته‌نها ئاگاداركردنی ئێوه‌م له‌سه‌ره‌.


    گه‌لی عاد وتیان: ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و سزایه‌ ده‌كه‌ین، پێمان خۆشه‌ با ئه‌و سزایه‌ بێت!


    هود وتی: كه‌واته‌ چاوه‌ڕوانی سزابن، منیش له‌گه‌ڵتانا چاوه‌ڕێ ده‌بم!


    رزگاربوونی باوه‌ڕداران و تیاچوونی كافران


    خوای گه‌وره‌ چه‌ند ساڵێك بارانی له‌ گه‌لی عاد گرته‌وه‌و بارانی بۆ نه‌باراندن، زۆر پێویستییان به‌ باران بوو، هه‌موو رۆژێك سه‌یری ئاسمانیان ده‌كردو چاوه‌ڕێی باران بوون.


    هود وتی: ئه‌ی قه‌ومه‌كه‌م بۆ لاى خوای گه‌وره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌و داوای لێخۆشبوونی لێبكه‌ن، به‌هێزترتان ده‌كاو بارانتان بۆ ده‌بارێنێ، واز له‌ تاوانباری بهێنن و پشت له‌ خوای گه‌وره‌ هه‌ڵ مه‌كه‌ن.

    به‌ڵام گه‌لی عاد كه‌لله‌ ره‌ق بوون و ژیرییان به‌كارنه‌ده‌هێنا... به‌رده‌وام سه‌ركه‌شییان ده‌كردو سته‌میان له‌ بێهێز ده‌كرد... وه‌ك دڕنده‌ هه‌ژارو لاوازه‌كانیان ده‌ترساند... له‌ سزای رۆژی قیامه‌ت نه‌ده‌ترسان.


    رۆژێكیان هه‌ورێك هات و به‌ری ئاسمانی گرت، خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ خۆشیدا سه‌مایان ده‌كردو هاواریان ده‌كرد: هه‌وری بارانه‌... باران ده‌بارێ... به‌ڵام هود وتی: ئه‌وه‌ هه‌وری باران و خۆشی نییه‌، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ هه‌وری تۆفانه‌و سزایه‌كی سه‌ختی پێوه‌یه‌.


    هه‌ورێكی ره‌ش به‌ری دنیای گرت و تاریكی باڵی به‌سه‌ر گه‌لی عاددا كێشا ... تۆفان هه‌ڵی كرد... به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌رگیز شتی وایان نه‌دیبوو، ترسیان لێنیشتوو هه‌موو رایان كرد خۆیان له‌ كۆشكه‌كانیاندا ئه‌شارده‌وه‌، به‌ڵام تۆفانه‌كه‌ ٧ شه‌وو ٨ رۆژی خایاند... كشتوكاڵ و دره‌خته‌كانی له‌ بن ده‌رهێنان... كۆشك و ته‌لاری هه‌موو رووخاندن.


    وشترو ئه‌سپ و مه‌ڕو ماڵاتیانی هه‌ڵ‌ ئه‌گرت و دوور فڕێی ئه‌دان... هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ی كوشت و لاشه‌ی له‌و ناوه‌دا فڕێدان...


    به‌ڵام خوای گه‌وره‌ هودو باوه‌ڕدارانی په‌ناداو پاراستنی، له‌ رۆژێكدا كه‌ په‌نا ته‌نها په‌نای خوای گه‌وره‌یه‌... گه‌لی عادیش به‌هۆی كافری وكه‌لله‌ ره‌قییانه‌وه‌ هه‌موویان تیاچوون.


     

    چیرۆكی هود علیه‌ السلام


    چیرۆكی هود سه‌لامی خوای لێبێت

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام