ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

    👇 ئێستا له‌ڕێی مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنه‌👇 

    https://bit.ly/49og2eD

    ژیان نامه‌ی ئیسحاق و یه‌عقوب علیهم السلام

    ژیان نامه‌ی ئیسحاق و یه‌عقوب علیهم السلام


     

    ئیسحاق کوڕی "ئیبراهیم "ه لە "سارە"ی هاوسەری یەوە، لە کوڕو نەوەکانی "ئیسحاق" یشەوە پێغەمبەرانی ( بەنو ئیسرائیل ) هاتوون، لەپێش هەمووشیانەوە "یەعقوب"ی کوڕی.

    پێغەمبەرێتی ( نبوة ) یش لەنەوەکانی "ئیبراهیم"ەوە ( واتە لەهەردوو کوڕەکەی خۆی لە "ئیسماعیل و ئیسحاق"ەوە بووە )، هەروەک خودای گەورەش فەرموویە:

    {{وَوَهَبْنَا لَهُ إِسْحَقَ وَيَعْقُوبَ وَجَعَلْنَا فِي ذُرِّيَّتِهِ النُّبُوَّةَ وَالْكِتَابَ وَآتَيْنَاهُ أَجْرَهُ فِي الدُّنْيَا وَإِنَّهُ فِي الْآخِرَةِ لَمِنَ الصَّالِحِينَ ﴿٢٧﴾}}. [ألعنكبوت]

    واتە: پاشان ئیسحاقمان پێبەخشی و یەعقوبیشمان بە ئیسحاق بەخشی و پێغەمبەرایەتیمان کردە کاڵای باڵای نەوەکانی، کتێبە ئاسمانیەکانیشمان بۆ ناردن، هەر لەدنیادا پاداشتمان دایەوە، ئەو بەراستی لە قیامەتیشدا لەڕیزی پیاوچاکاندایە.

    هەروەها خودای گەورە لە قورئاندا باسی پێغەمبەرێتی ی "ئیسحاق"ی کردووە کە لە پێغەمبەران و لە چاکان ( صالحين )ـەو خودای گەورە ڕەحمەت و بەرەکەتی خۆی بەسەردا ڕشتووە وەک چۆن باوکیشی بەوە بەهرەمەند کردووەو مەلائیکەکانیش مژدەیان بە "ئیبراهیم" داوە لەسەر بوون بەباوکی ئەو کوڕە، هەروەک فەرموویە:

    {{وَبَشَّرْنَاهُ بِإِسْحَقَ نَبِيًّا مِّنَ الصَّالِحِينَ ﴿١١٢﴾ وَبَارَكْنَا عَلَيْهِ وَعَلَى إِسْحَقَ وَمِن ذُرِّيَّتِهِمَا مُحْسِنٌ وَظَالِمٌ لِّنَفْسِهِ مُبِينٌ ﴿١١٣﴾}} [ألصّافّات]

    واتە: مژدەی هاتنە دنیای "ئیسحاق"یشمان پێبەخشی، کە ئەویش پێغەمبەرێکە لەچاکان. هەروەها ئێمە خێرو بەرەکەتمان ڕژاند بەسەر ئیبراهیم و بەسەر ئیسحاقدا و لەنەوەی هەردووکیشیاندا واتە "ئیسماعیل و ئیسحاق" پیاو چاک و مرۆڤی صالح هەبووە و لەهەمان کاتدا مرۆڤی بەدکارو زۆرداریش هەبوون کەبەئاشکرا بەهۆی بەدکاری یەوە ستەمیان لەخۆیان کردووە.

    هەروەها خودای پەروەردگار باسی پێغەمبەرێتی ی "یەعقوب"یشی کردووەو لەم بارەیەوە ڕووی گفتارو فەرمایشتی کردۆتە پێغەمبەرەکەی "محمد" و فەرموویە:

    {{إِنَّا أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ كَمَا أَوْحَيْنَا إِلَى نُوحٍ وَالنَّبِيِّينَ مِن بَعْدِهِ وَأَوْحَيْنَا إِلَى إِبْرَاهِيمَ وَإِسْمَاعِيلَ وَإْسْحَقَ وَيَعْقُوبَ وَالأَسْبَاطِ وَعِيسَى وَأَيُّوبَ وَيُونُسَ وَهَارُونَ وَسُلَيْمَانَ وَآتَيْنَا دَاوُودَ زَبُورًا ﴿١٦٣﴾}} [ألنِّساء]

    واتە: ئێمە سرووش ( وەحی )ی پێغەمبەریتیمان بۆ تۆ ئەی ( محمد ) ناردووە، وەک چۆن لەمەوپێش بۆ "نووح" و ئەو پێغەمبەرانەی دوای "نووح"مان ناردووە، هەروەها بۆ "ئیبراهیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقوب" و هەر دوازدە ( کوڕو نەوەکانی ) "یەعقوب"یش ناردووە.

    هەروەها خودای مەزن لەم فەرمایشتەی دا ستایشی "ئیبراهیم و ئیسحاق و یەعقوب"ی کردووە و فەرموویە: {{وَاذْكُرْ عِبَادَنَا إبْرَاهِيمَ وَإِسْحَقَ وَيَعْقُوبَ أُوْلِي الْأَيْدِي وَالْأَبْصَارِ ﴿٤٥﴾ إِنَّا أَخْلَصْنَاهُم بِخَالِصَةٍ ذِكْرَى الدَّارِ ﴿٤٦﴾ وَإِنَّهُمْ عِندَنَا لَمِنَ الْمُصْطَفَيْنَ الْأَخْيَارِ ﴿٤٧﴾ }} [ص]

    خودای مەزن لەم ئایەتانەدا فەرمان بە "محمد"ی پێغەمبەری خۆی دەکات کە بەندەکانی دیکەی خودا وەک "ئیبراهیم و ئیسحاق و یەعقوب" و ئەوانی دیکە بەیاد بێنێتەوە، لەگەل باس کردنی ئەو سیفەتە بەرزانەیان لەهێزو لەخواپەرستی و لەو هەموو ئەو نیعمەتانەش کە لەپەیامی پێغەمبەرێتی یەوە پێ ی بەهرەوەر ببوون بەڕاستی خودای گەورەش هەموو ئەم پێغەمبەرانەی پاڵاوتووەو بەهۆی سیفەتێکی جوان و بەرزەکەوە هەڵیبژاردوون کە زیکرو یادی بەردەوامیان بووە لەسەر ڕۆژی ئاخیرەت و هەردەم بەیادی خۆیان هێناوەو بەیادی خەڵکیشیان هێناوەتەوەو خۆیان و خەڵکییان لێ ئاگادارکردۆتەوە، لەبەر ئەوە پێغەمبەران لەناو هەموو ڕۆڵەکانی ڕەگەزی خۆیاندا هەڵبژاردەو دەستنیشان کراوی خودای گەورە بوون. لەو دەقە قورئانی یەدا وانەیەکیش بۆ باوەڕداران بەدی دەکرێت لەسەر ئەوەی دەبێت ڕۆژی دوایی ( ئاخیرەت ) جێ ئومێدی بەرچاوانی بێت و بەکاری چاک ڕەنجی بەردەوام بۆی تی بکۆشێت تاکو نزیک بوونەوە لەخودای گەورەو ڕەزامەندی و ڕەحمەت و میهرەبانی یەکی دەستگیربێت.

    کورتەیەک لەژیانی "ئیسحاق و یەعقوب"

    قورئان شتێکی ئەوتۆی دەربارەی ژیانی شەخصی و تایبەتی ی "ئیسحاق" باس نەکردووە، هەروەک دەربارەی "یەعقووب"ی کوڕیشی هیچ شتێکی وای باس نەکردووە تەنها ئەوە نەبێت کە "یەعقووب" لەژیانی دا "یوسف"ی کوڕی لێ ون دەکرێت، لەگەڵ تەواوی ئەو ڕووداوو بەسەر هاتانەدا کە لەچیرۆکی "یوسف"دا هەمووی باس دەکەین، بەڵام لیرەدا پوختەی ئەو باسانەی ( أهل الكتاب ) دەخەینە ڕوو کە چون ئەوان ( واتە شوێنکەوتوانی ئاینەکانی دیکە وەک ئاینی یەهوودی و مەسیحی ) دەربارەی "ئیسحاق و یەعقووب" دیارییان کردووە:-

    کاتێک "ئیبراهیم " هەست بە نزیک بوونەوەی وادەی کۆچی دوایی ی خۆی دەکات هێشتا "ئیسحاق"ی کوڕی ژنی نەهێنابوو و باوکیشی نەیدەویست ئافرەتێكی ـ کەنعانی ـ ی خوانەناس و نامۆ بە هۆزەکەیان بۆ بخوازێت. لەبەر ئەوە "ئیبراهیم " خزمەتکار ( خادم ) ێکی خۆی کە جێ ی متمانەی بووەو کاروباری ناومالەکەی پێ سپاردووە، ڕادەسپێرێت بەوەی بچێت بۆ شاری ( حاران ) لە ـ عیراق ـ و کچێکی هۆزەکەی خۆی بۆ بهێنێت. خزمەتکارەکەش بەچاودێری و سەرپەرشتی ی خودای گەورە بەڕی دەکەوێت تاکو دەگاتە ( حاران ) و کچی ( بتوئیل )ی کوڕی ( ناحور )ی برای "ئیبراهیم "ی بۆ هەڵدەبژێرێت کە ناوی ( رفقة ) بووەو کچی برای ئیبراهیم ( کچە برازاکەی بووە ) لەگەڵ خۆی دەیهێنێت و دەگەڕێتەوە، ئینجا لە "ئیسحاق"ی مارە دەکەن.

    "ئیسحاق" دوای ( ٢٠ ) بیست ساڵ لەزەواجی خۆی دوو کوڕی ( دوانە )ی لە ژنەکەی دەبێت. یەکێکیان ناوی ( عیسوو ) بووە کە عەرەبەکان بە ( ألعيص )ی ناو دەبەن، دووەمیشیان ناو دەنێن "یەعقوب"، هەروەها بەناوی ( ئیسرائیل )یش ناسراوە (١).

    ئیسحاق ( عيص )ی لە ( یەعقوب ) زۆرتر خۆش دەویست چونکە نۆبەرەبوو و لەپێش ئەودا لەدایک ببوو، کەچی دایکیان ( رفقة ) یەعقوبی زیاتر خۆشویستووە چونکە ئەو گچکەتر بوو. لەبارەی ئەم دوو کوڕەوە بەسەرهاتێکیش دەگیڕنەوە کەوا جارێکیان "ئیسحاق" ئارەزووی لە خوراکێک دەبێت و داوا لە ( عيص ) دەکات ئەو خۆراکەی بۆ بهێنێت. بەڵام " یەعقوب " لەگەڵ دایکی دا لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون کە پێش ( عيص ) خۆراکەکە بۆ " ئیسحاق " ببات، ئەویش دەیخوات و دوعای بۆ دەکات. ( عيص ) بەمە دەزانێت و لەبراکەی زویر دەبێت و هەرەشەی لێ دەکات، دایکیان هەست بەم حاڵەتەی نێوانیان دەکات و فەرمان بە "یەعقوب" دەکات سەردانی براکەی خۆی ( لابان ) بکات، واتە برای ( رفقة ) کەدەبێتە خاڵی "یەعقوب" لەخاکی ( حاران ) لە - عیراق ـ و لەوێ لای ئەو بمێنێتەوە تاکو ڕق و تووڕەیی براکەی هێور دەبێتەوە، هەروەها کچێک لەکچانی ئەو خاڵەی بخوازێت. ( رفقة ) داوا لە "ئیسحاق"ی مێردیشی دەکات کە ئەویش لەلایەن خۆیەوە هەمان فەرمان بە "یەعقوب"ی کوڕیان بکات و بەو نیازە ڕایسپێرێت و دوعاشی بۆ بکات.

    "یەعقوب"یش کار بەم فەرمانە دەکات و دەچێت بۆ لای ( لابان )ی خاڵی و لەلای دەمینێتەوەو خزمەتی دەکات تا لەبەرامبەر ئەو خزمەتکردنەی دا ( ڕاحیل ) ی کچی ی پێی بدات، بەلام خاڵی لەجیاتی ئەو کچە ( ليئة )ی کچە گەورەی پێ دەدات. سەر لەبەیانی ی ڕۆژی دوایی بە خاڵی دەلێت: ( من ـ ڕاحیل ـ م لێ خواستبوویت ) چونکە چاکترو جوانتریش بوو، خاڵیشی پێ ی دەڵێت: ( ئێمە عادەت و داب و نەریتمان وانی یە کە کچی گچکە پێش کچی گەورە بەشوو بدەین، خۆ ئەگەر هەر ئەو خوشکەیانت دەوێت ئەوا دەبێت حەوت سالی دیکەش لەلام کار بکەیت ئینجا پێت دەدەم ). ئەویش حەوت ساڵ کاردەکات و جگەلە ( ليئة )، ( ڕاحیلیش ) دەخاتە پاڵی، واتە هەردوو خوشکەکە پێکەوە لەیەک کاتدا هاوسەری دەبن و ئەم دیاردەیەش لە ڕێساو شەریعەتی ئەو کاتەیاندا هەبووە.

    ( لابان )یش کە خەزووری یەعقوب و خاڵێشی بووە دوو کەنیزە بە هەریەکە لەو دوو کچەی خۆی دەبەخشێت، ئەو کەنیزەیەی بە ( ليئة )ی دەبەخشێت ناوی ( زلفا ) بووەو ئەوەشێان کە بە ( ڕاحیل )ی دەبەخشێت ناوی ( بلهە ) بووە، کچەکانیشی ( واتە هەردوو ژنەکەی یەعقوب ) هەریەکەو کەنیزەی خۆی بە ( یەعقووب ) ی مێردیان دەبەخشن. بەم ڕەنگەش " یەعقووب " چوار ژنی دەبێت و لەو ژنانە دوازدە کوڕی دەبێت:

    بۆ نمونە لە ( ليئة )ی ژنی ئەو کوڕانەی هەبووە ( ڕائۆبین ) و ( شەمعون ) و ( لاوی ) و ( یەهوذا ) و ( یەساکر ) و ( زوبۆلون ).

    لە ( ڕاحیل )یش، ( یوسف ) و ( بنیامین ) هەبووە.

    لە ( ‌بلهە )ش، دان و ( نفتالی )ی بووە.

    لە ( زلفا )ش، ( جاد )و ( ئەشیر )ی هەبووە.

    دوای تێپەڕبوونی بیست ساڵ بەسەر مانەوەی "یەعقووب" لەلای ( لابان )ی خاڵی، داوای لێ دەکات مۆڵەتی بدات کە بگەڕیتەوە بۆلای کەس وکاری خۆی، خاڵیشی مۆڵەتی ئەوەی پێ دەدات. "یەعقووب" بۆ ئەم مەبەستە خۆی بۆ گەڕانەوە ئامادە دەکات، بەڵام هەر لەخاکی کەنعان واتە لە ( فەلەستین ) نزیک دەبێتەوە هەواڵی ئەوەی پێ دەگات کەوا ( عیسۆ )ی برای بە چوارسەد پیاوەوە لەدژی وەستاوەو خۆی بۆ سازکردوە، ئەویش دەترسێت و دوعای سەلامەتی دەکات، ئینجا دیاری یەکی گەورە بۆ براکەی ئامادە دەکات و بەچەند پیاوێکی دا بۆی دەنێرێت. ( عیسو ) بەوە دڵی نەرم دەبێت کاتێک ئەو دیاری یە جوان و گەورەیەی براکەی دەبینێت، هەر بۆیەش ناوچەکە بۆ براکەی چۆڵ دەکات و دەڕوات بۆ چیاکانی ( سعیر ).

    "یەعقووب" دێتەوە لای "ئیسحاق"ی باوکی و لەشارۆچکەی ( حبرون ) لەگەڵی دەژی کە ئەمڕۆ بە شاری ( الخلیل ) ناودەبرێت. "ئیسحاق" سەدو هەشتا ساڵ ژیاوەو لەو ئەشکەوتەدا نێژراوە کە "ئیبراهیم"ی باوکی تێیدا نێژراوە لە شارۆچکەی ( خلیل ).

    نەوەکان

    نەوەکان ( ألأسباط ) ئەو دوازدە کوڕو کوڕەزایانەی "یەعقووب"ن کەوا بە ( أسباط ) ناسراون و بەهەریەکەیان ( سبط ) دەگوترێت، واتە کوڕ، یان کوڕی کوڕەکەی. ( سبط ) لە جوولەکەدا وەک تیرەیەکی عەرەبە و هەرئەوانیش ( واتە ـ جوولەکەکان ) خۆیان بۆ یەک باوک دەگێڕنەوە. هەر کوڕێکیش لەکوڕانی "یەعقووب" باوکی نەوە ( سبط )ێکە لە نەوەکانی ( بنی اسرائیل )، چونکە هەموو ( بنی اسرائیل ) لەدوازدە کوڕو نەوەکەی "یەعقووب"ـەوە پەیدابوون و زۆربوون.

    لەم نەوانەشدا بەم شێوەیە پێغەمبەرێتی دەرکەوتووە:

    لەنەوەی ( لاوی )دا پێغەمبەرێتی لە "موسا و هارون و ئەلیاس و ئەلیەسەع"دا دەرکەوتووە.

    لەنەوەی ( یەهووذا )دا پێغەمبەرێتی لە "داود و سولەیمان و زەکەرییاو یەحیا و عیسا"دا دەرکەوتووە.

    لەنەوەی ( بنیامین )دا پێغەمبەرێتی لە "یونس"دا دەرکەوتووە.


     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام