ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

    ژیانی پێغه‌مبه‌ر یوسف علیه‌ السلام

    ژیانی پێغه‌مبه‌ر یوسف علیه‌ السلام


     

    یەکێک لەو کوڕو نەوانەی "یەعقوب" کەخودای گەورە ئەرک و پلەی پێغەمبەرێتی پێ سپاردووە "یوسف"ـە. لەقورئاندا لەزاری یەکێک لەباوەڕدارانەوە کە ئامۆژگاری گەلەکەی کردووەو بەم جۆرە ئاڕاستەیان دەکات و پێغەمبەرێتی "یوسف"یان بەبیردێنێتەوە، هاتووە:

    {{وَلَقَدْ جَاءكُمْ يُوسُفُ مِن قَبْلُ بِالْبَيِّنَاتِ فَمَا زِلْتُمْ فِي شَكٍّ مِّمَّا جَاءكُم بِهِ حَتَّى إِذَا هَلَكَ قُلْتُمْ لَن يَبْعَثَ اللَّهُ مِن بَعْدِهِ رَسُولًا كَذَلِكَ يُضِلُّ اللَّهُ مَنْ هُوَ مُسْرِفٌ مُّرْتَابٌ ﴿٣٤﴾}} ... [غافر]

    واتە: ( ئەوەی لە بنەماڵەکەی "فیرعەون" باوەڕی هێنابوو بە گەلەکەی گووت): ئەرێ لەیادتانە لەمەوپێش "یوسف"یش بەڵگەو نیشانەی زۆری بۆ هێنان تا ڕێبازی خواناسی بگرنەبەر، کەچی بەردەوام لەگومانێکی شارراوەی ناو ناخی خۆتاندا بوون لەسەر ئەو پەیامەی بۆی هێنابوون، تەنانەت کاتێک مردیش ئەو گومانەی ناو ناخی سینەتان دەربڕی و نیفاق و دووڕوویی ی خۆتان ئاشکراکردو نکووڵیتان لەو پەیامە کردو گوتتان: ئیدی لەمەولا خودا هیچ پێغەمبەرێکی دیکە نانێرێت، هەر بەو شێوەیە خودا کەسانی سەرکەش و گوناهکارو دڵ دانەمەزراو و راڕا گومرا دەکات.

    خودای گەورە سوورەتێکی قورئانی بە سوورەتی "یوسف" ناوبردووەو تێیدا بەڕوونی باسی ژیانی و مەینەتی و تاقیکردنەوەی لەگەڵ براکانی دا دەکات، جگە لە تاقیکردنەوەی بە ژنەکەی ( عەزیز )ی ميصر و، چوونە ناو زیندان و، بانگەوازکردنی بۆ خودا و، پاشان دەرچوونی لە زیندان و، لێکدانەوەی خەونەکە بۆ پادشاو، لەئەستۆگرتنی پۆستی وەزارەتی دارایی و ئینجا هاتنی براکانی بۆ ( ميصر ) بەهۆی وشکانی و بێ بارانی یەوەو، دواتر ناسینەوەی براکانی جگە لەساتەکانی دوایی بەسەرهاتەکە، هەروەک لەم بەندانەی داهاتوودا بەدرێژی لەبەسەرهاتەکە دەدوێین.

    "یوسف" و فێڵی براکانی

    - خەونەکەی یوسف

    - پیلانێکی نهێنی دژی یوسف

    - یوسف لەناو بیرەکەدا

    - ڕزگارکردنی یوسف و فرۆشتنی

    خەونەکەی یوسف:

    "یەعقوب" لەناو تەواوی کورەکانی دا هەردوو کوڕە گچکەکەی، واتە "یوسف و بنیامین"ی بەتایبەتی خۆش دەویست و لەوانی دی زیاتر بایەخی پێ دەدان،

    قورئانی پیرۆز سەرەتای ئەم چیرۆکە بەوە دەست پێدەکات کە "یوسف" لەخەودنی دا دەبینیت ئەوا ( یازدە ئەستێرە ) و ( خۆر ) و ( مانگ ) بە ملکەچی یەوە ( سەجدەی ) بۆ دەبەن.

    سەر لەبەیانی لەکاتی لەخەو هەستانیدا ئەم خەونە بۆ باوکی دەگێڕێتەوە و باسی ئەو ڕووداوە نامۆو سەرسوڕهێنەرەی ناو خەونەکەی بۆ دەکات. گوتی: بابە گیان لەخەودا دیتم یازدە ئەستێرە و خۆر و مانگ کرنوش ( سجدة ) یان بۆ بردم.

    کاتیک ( یوسف ) خەونەکەی گێڕایەوە، گەورەمان ( یەعقوب ) بەتەواوەتی تێگەیشت و گومانی نەما کە ئەم کورەی پاشە ڕۆژی ڕوناکە و لەئایندەدا خاوەنی ڕێزو پلە و پایەیەکی تایبەتی دەبێت، چ لەلای خودای گەورەو، چ لەلای خەڵکیش، بۆیە گوتی: ڕۆڵە گیان! نەکەی ئەم خەونە لای براکانت بگێڕیتەوە، ئەگەر ئەوان ئەم خەونە ببیستن فێڵیکت لێ دەکەن و بەڵایەکت بەسەر دێنن بەهۆی ئەوەی ئێرەیی ( حەسودی ) یت پێدەبەن، بەڕاستی شەیتان دوژمنێکی ئاشکرای ئادەمیزادە.

    کوڕە شیرینەکەم: بزانە خودای پەروەردگار تۆ هەڵدەبژێرێت بۆ پێغەمبەرایەتی و فێری لێکدانەوەی خەونەکانیشت دەکات و نیعمەتەکانی خۆییت بەسەردا تەواو دەکات و بەهۆی تۆیشەوە بەسەر نەوەکانی ( یەعقوب )یشدا، هەروەک چۆن پێشتر نیعمەت و پلەو پایەی بڵندی پێغەمبەرایەتی بەخشی بە باپیرانت ( ئیبراهیم و ئیسحاق ) بەڕاستی پەروەردگارت زاناو دانایە.

    ئەم دێڕانەی پێشوو واتای ئەم ئایەتانەن کە دەیخوێنینەوە:

    {{إِذْ قَالَ يُوسُفُ لِأَبِيهِ يَا أَبتِ إِنِّي رَأَيْتُ أَحَدَ عَشَرَ كَوْكَبًا وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ رَأَيْتُهُمْ لِي سَاجِدِينَ ﴿٤﴾ قَالَ يَا بُنَيَّ لاَ تَقْصُصْ رُؤْيَاكَ عَلَى إِخْوَتِكَ فَيَكِيدُواْ لَكَ كَيْدًا إِنَّ الشَّيْطَانَ لِلإِنسَانِ عَدُوٌّ مُّبِينٌ ﴿٥﴾ وَكَذَلِكَ يَجْتَبِيكَ رَبُّكَ وَيُعَلِّمُكَ مِن تَأْوِيلِ الأَحَادِيثِ وَيُتِمُّ نِعْمَتَهُ عَلَيْكَ وَعَلَى آلِ يَعْقُوبَ كَمَا أَتَمَّهَا عَلَى أَبَوَيْكَ مِن قَبْلُ إِبْرَاهِيمَ وَإِسْحَقَ إِنَّ رَبَّكَ عَلِيمٌ حَكِيمٌ ﴿٦﴾ لَّقَدْ كَانَ فِي يُوسُفَ وَإِخْوَتِهِ آيَاتٌ لِّلسَّائِلِينَ ﴿٧﴾ }} يوسف ٤ـ٧

    پیلانێکی نهێنی دژی یوسف:

    کوڕەکانی "یەعقوب" زۆەر پەست و تووڕە بوون بەوەی باوکیان "یوسف" و "بنیامین" ی برا گچکەیان لەوان زیاتر خۆش دەویست بە شێوەیەک کە هیچ کوڕێکی دیکەیان هێندە لای باوکیان خۆشەویست نی یە، چونکە (بە ڕاو بۆچوون و ئیددیعای خۆیان) ئەمان چەند کەسێکی بە هێزو بازوون و یارمەتی باوکیان دەدەن، بۆیە (بە تێروانینی ئەوان) ئەوە ستەمە باوکیان لێیان دەکات بەوەی جیاوازی لە نێوانیاندا دەکات چونکە ئەو پیت و بەرەکەت و سوودەی بۆ باوکیان پەیدادەکەن زۆر لە سوودی ئەو دوو کوڕە گچکەیە زیاترە بۆی، بۆیە لەنێوان خۆیاندا بڕیارێکیان دا بەسەر باوکیان دا کە باوکیان بە هەڵەدا چووەو سەرلێ شێواوێکی ئاشکرایە، بە تێڕوانینی ئەوان.

    لەبەر ئەمەش نیازی خراپ لە دەروونی براکانی "یوسف" سەری هەڵداو ویستیان بە پەنهانی گێچەڵێک بۆ "یوسف" بنێنەوە، بۆ ئەم مەبەستە لە جێگایەک کۆبوونەوەو کەوتنە باس کردنی ئەو ستەمەی کە باوکیان لێیان دەکات (بەتێڕوانینی خۆیان) بەوەی جیاوازی لە نێوانیاندا دەکات، لە ئەنجامدا گەیشتنە ئەوەی هۆکاری ئەم سەر لێ شێواوی و ستەم کاریەی باوکیان یوسفی برایانە، بۆیە کەوتنە گەڵاڵەکردنی چەند بڕیارێک:

    ــ یەکەم: یوسف بکوژن.

    ــ دووم: یان دووری بخەنەوە بۆ خاکێکی دووری وەها کە هەرگیز ڕێی گەڕانەوەو هاتنەوە نەزانێت (ئەمە گەر هاتو لەمردن ڕزگاری ببێ لەو شوێنە دوورە).

    ئەنجام و بەرهەمی ئەم کارەشیان:

    دەکەونە بەر خۆشەویستی باوکیان و بەیەک چاو سەیری هەموویان دەکات و هیچ نەیارو پێشبڕکێکارێکی دیکەیان لەم ڕووەوە نامێنێت، ئەویش دوای ئەوەی لە پاش ئەنجامدانی کارە خیانەتکارییەکەیان تەوبە دەکەن و دەبن بە کۆمەڵێکی چاکەکار، دیارە ڕایان وابووە کە خودای مەزنیش تەوبەیان لێ وەردەگرێت و باوکیشیان پاساویان لێ پەسند دەکات.

    لەکاتی ئەم موناقەشانەدا برایەکیان هەڵی دایەو توانی قەناعەت بە هەموویان بکات و گوتی: نەکەن یوسف بکوژن و بیر لە کاری وا بکەنەوەو تاوانی کوشتن بەسەر خۆتاندا بهێنن، بەڵکو دوور لە چاوانی خەڵکی فڕێی دەنە ناو بیرێکی قووڵەوە (لەو بیرانەی لەسەر ڕێگە دوورەکاندا هەڵکەندرابوون) تاوەکو لەدواییدا کاروان چیەکان دێن و دەری دێننەوەو لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن، بەم پێ یەش نیازی خۆیان (کە دابڕینی یوسفە لە باوکی) بەدی بێنن و لە تاوانی کوشتنیش بەدووربن، براکانیشی ئەم ڕایەیان پەسندکردو دەستیان کرد بە جێبە‌‌جێ کردنی کارەکەیان.

    یەعقوب (علیە السلام) دوای ئەوەی خەونەکەی لە یوسف بیست زیاتر لە جاران چاودێری دەکردو نەی دەهێشت بچێتە دەشت و دەر.

    کوڕەکانی یەعقوب هاتنە لای باوکیان و بەفڕوفێڵ داوای ئەوەیان لە باوکیان کرد ڕێگەیان بدات (یوسف) لەگەڵ خۆیاندا ببەنە دەرەوە، ئەمەش دوای هەست کردنیان بەوەی کە باوکیان (یوسف)یان لێ دووەدەخاتەوە.

    ئەوان بە باوکیان گوت: ئەرێ بابە تۆ چ گومانێکت لە ئیمە پەیداکردووە کە (یوسف) مان لێ دووردەخەیەوەو هەست بە ئارامی و حەوانەوە ناکەیت کاتیک لەگەڵمان دایە؟ ئێمە بۆتی دووپات دەکەینەوە کە خۆشمان دەوێت و سۆزو بەزەییمان بۆی هەیە، لێی گەرێ سبەینێ لەگەڵ ئێمەدا بینێرە بۆ ئەو مێرگانە تاکو لەوێ گەمەو یاریمان لەگەڵدا بکات و نەختێک ببزوێت و تۆزێک دەشت و دەر ببینێ. خۆ ئێمەش ئاگامان لێ یەتی و وەک خۆمان دەیپارێزین و زیاتریش سوورین لەسەر پاراستنی.

    باوکیان دەیزانی کوڕەکانی هێندە (یوسف)یان خۆش ناوێت و ئەویش زیاد لەڕادە ئەو کوڕەی خۆش دەویست، بۆیە وەڵامی بۆ کوڕەکانی ئەوەبوو کە زۆر خەمبارو دڵتەنگ دەبێت گەر (یوسف) لێی دوورکەوێتەوەو ترسی ئەوەشی هەیە گەر بێ خەم و دڵنیابێت لێیان (واتە لەو کوڕانە) ئەوا لەوە دەترسێت ئەوان لێی بێ ئاگابن و گورگ بیخوات.

    کوڕەکان کە زانیان باوکیان نەرمی نواند هەموویان بەیەک جار گوتیان: چۆن ئێمە شەرمەزاییەکی ئاوها بەسەر خۆماندا دەهێنین و دەهێڵین گورگ بیخوات، لە کاتێکدا ئێمە کۆمەڵێکی بەهێزین.

    ئەمەی پێشوو پوختەی مانای ئەم فەرمایشتەی خودای گەورەیە لەم ئایەتانەی سوورەتەکەدا:

    {{إِذْ قَالُوا لَيُوسُفُ وَأَخُوهُ أَحَبُّ إِلَىٰ أَبِينَا مِنَّا وَنَحْنُ عُصْبَةٌ إِنَّ أَبَانَا لَفِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ ﴿٨﴾ اقْتُلُوا يُوسُفَ أَوِ اطْرَحُوهُ أَرْضًا يَخْلُ لَكُمْ وَجْهُ أَبِيكُمْ وَتَكُونُوا مِن بَعْدِهِ قَوْمًا صَالِحِينَ ﴿٩﴾ قَالَ قَائِلٌ مِّنْهُمْ لَا تَقْتُلُوا يُوسُفَ وَأَلْقُوهُ فِي غَيَابَتِ الْجُبِّ يَلْتَقِطْهُ بَعْضُ السَّيَّارَةِ إِن كُنتُمْ فَاعِلِينَ ﴿١٠﴾ قَالُوا يَا أَبَانَا مَا لَكَ لَا تَأْمَنَّا عَلَىٰ يُوسُفَ وَإِنَّا لَهُ لَنَاصِحُونَ ﴿١١﴾ أَرْسِلْهُ مَعَنَا غَدًا يَرْتَعْ وَيَلْعَبْ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ ﴿١٢﴾ قَالَ إِنِّي لَيَحْزُنُنِي أَن تَذْهَبُوا بِهِ وَأَخَافُ أَن يَأْكُلَهُ الذِّئْبُ وَأَنتُمْ عَنْهُ غَافِلُونَ ﴿١٣﴾ قَالُوا لَئِنْ أَكَلَهُ الذِّئْبُ وَنَحْنُ عُصْبَةٌ إِنَّا إِذًا لَّخَاسِرُونَ ﴿١٤﴾}} يوسف.

    "یەعقوب" ڕیی بە کوڕەکانی دا کە (یوسف) لەگەڵ خۆیاندا ببەنە دەشت و دەر، بەیانی بەناوی گەشت و سەیران و یاری بردیان و بەپێی ئەو پیلانە وردو نەخشە بۆ کێشراوەی کە لەناو خۆیاندا لە سەری ڕێکەوتبوون فڕێ یان دایە ناو بیرەکەوە، لەو ساتەشدا خودای گەورەو میهرەبان ئەوەی خستە نێو دڵ و زەینی (یوسف)ـەوە کە لەو حاڵەتەی ڕزگاری دەکات و بێ ئارام و نیگەران نەبێت، هەروەها ڕۆژێکیش دیت کە ئەم هەواڵە بە براکانی بگەیەنێتەوە سەبارەت بەو ڕەفتارە نائینسانیەی دەرهەقی کردیان.

    براکانی (یوسف) دوای ئەنجام دانی کارەکەیان سەر لە ئێوارەی ئەو ڕۆژە دەگەرێنەوەو خۆیان بە دڵتەنگ و غەمگین پێشان دەدەن و دەنگی هاوارو گریانیشیان لێ بەرزدەبێتەوەو دەچنە لای باوکیان و پێی دەڵێن: بابەگیان ئەمڕۆ ئێمە سەرگەرمی پێشبڕکێ و ڕاکردن بووین و (یوسف)یشمان لای کەل و پەل و شت ومەکەکانمان دانابوو تاکو پارێزگارییان لێ بکات و لەبێ ئاگایی ئێمەدا گورگ خواردبووی، هەرچەندە تۆ باوەڕ بە قسەکانیشمان ناکەیت ئەگەرچی ئێمە ڕاستگۆیش بین، لەم کاتەدا کراسەکەی (یوسف)یان هێنا کە بەخوێن ڕەنگ کرابو و پێشانی باوکیان دا.

    (یەعقوب)ی باوکیان بە حوکمی ناسین و شارەزایی لە (ناخی کوڕەکانی) دەیزانی ئەم قسانە ڕاست نین، هەر بۆیە پێیان دەڵێت: بێگومان ئێوە دەروونی خۆتان کارێکی ترسناکی بۆ مەیسەرکردوون و ئەوەی پێ کردوون،جا چارەم تەنها خۆگری و ئارام گرتنە بە جوانتری شێوە، داوای کۆمەکیش هەر لە خودا دەکەم بۆ دەرخستنی باری ڕاستەقینەی ئەو قسەوباسە پووچەڵەتان.

    ئەو دێڕانەی پێشوو واتای ئەم ئایەتانەن کە دەیخوێنینەوە:

    {{فَلَمَّا ذَهَبُوا بِهِ وَأَجْمَعُوا أَن يَجْعَلُوهُ فِي غَيَابَتِ الْجُبِّ وَأَوْحَيْنَا إِلَيْهِ لَتُنَبِّئَنَّهُم بِأَمْرِهِمْ هَـٰذَا وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ ﴿١٥﴾ وَجَاءُوا أَبَاهُمْ عِشَاءً يَبْكُونَ ﴿١٦﴾ قَالُوا يَا أَبَانَا إِنَّا ذَهَبْنَا نَسْتَبِقُ وَتَرَكْنَا يُوسُفَ عِندَ مَتَاعِنَا فَأَكَلَهُ الذِّئْبُ وَمَا أَنتَ بِمُؤْمِنٍ لَّنَا وَلَوْ كُنَّا صَادِقِينَ ﴿١٧﴾ وَجَاءُوا عَلَىٰ قَمِيصِهِ بِدَمٍ كَذِبٍ قَالَ بَلْ سَوَّلَتْ لَكُمْ أَنفُسُكُمْ أَمْرًا فَصَبْرٌ جَمِيلٌ وَاللَّـهُ الْمُسْتَعَانُ عَلَىٰ مَا تَصِفُونَ ﴿١٨﴾ }} يوسف.

    یوسف لەناو بیرەکەدا

    بیرەکە لەسەر ڕێگەی میسر (مصر) بوو، کاروانێک هات بەرەو میسر دەگەڕایەوە، کەسێکیان نارد بۆلای بیرەکە تاکو ئاویان بۆ بێنێت، ئەویش سەتڵەکەی شۆڕکردەوە بۆ خوارەوە، کاتێک هەڵیکێشایەوە زۆر قورس بوو کە هێنایە سەرەوە دیتی وا منداڵێکی زۆر جوان لەناو سەتڵەکەیە، ئەم پیاوە ئاودەرهێنەش بە خۆشحاڵی یەوە دەگەڕێتەوە لای هاوڕێکانی و پێیان دەڵێت: (مژدەبێ ئەوە کوڕێکی نەوجەوانە "غلام").

    ڕزگارکردنی یوسف و فرۆشتنی

    کاراوانچیەکان (یوسف) لەناو کەل و پەلەکانیاندا شاردەوەو کردیانە کەرەستەی فرۆشتن، لە میسر بەچەند دەرهەمێکی کەم دەیفرۆشن تا خێرا لەکۆڵ خۆیانی کەنەوە. کڕیارەکەش وەزیری پادشا دەبێت کە پلەی (عەزیز)ی هەبوو (واتە: وەزیری گەنجینەکان بووە). هەر کە دەیکڕێت دەینێرێتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی هاوسەرەکەشی ڕادەسپێرێت بەوەی چاک بێت لەگەڵیدا و پێی دەڵێت: بە چاکی هەڵس و کەوتی لەگەڵدا بکەو ڕێزی زۆر لێ بگرە تەکو ژیان و گوزەرانی لە لامان خۆش دەبێت و بۆ ئەوەی سوودمان پێ بگەیەنێت، یان بۆ ئەوەی بیکەین بە کوڕی خۆمان و کوڕمان بێت.

    جا هەروەک چۆن خودای گەورە پلەیەکی بەرزو ڕێزێکی زۆری بۆ (یوسف) لەماڵی وەزیرەکەی پادشادا مەیسەرکرد، هەرواش دەستەڵات و سەربەستیی لە بەکارهێنانی گشت جۆرە موڵک و کەل و پەلێکی وەزیرەکەسدا بۆ مەیسەرکردبوو، ئەمە جگە لە پلەوپایەیەکی بڵند لە خاکی (میسر)دا، هەروەها خودای گەورە سروشی لێکدانەوەی خەونی پێ بەخشیبوو. بێگومان خودای مەزن خۆی بەتوانایە لە ڕاپەڕاندنی هەر کارێکدا بیەوێت و ئیرادەی لەسەربێت، بەلام زۆربەی خەڵکی نهێنی و ڕازی حیکمەتی خودا نازانن. کاتێک یوسف گەشەی کردو پێگەیشت و هێزو بازووی تەواوی لە قۆناغی لاوێتی دا بۆ دروست بوو، خودای گەورە حیکمەت و زانینی نهێنیی شتەکانی و زانستێکی بەسوودی پێ بەخشی. ئەم پاداشتەو ئەم جۆرە پاداشتەش خودای گەورە هەر بەشایستەی چاکەکاران و خواناسانی دادەنێت:

    {{وَجَاءَتْ سَيَّارَةٌ فَأَرْسَلُوا وَارِدَهُمْ فَأَدْلَىٰ دَلْوَهُ قَالَ يَا بُشْرَىٰ هَـٰذَا غُلَامٌ وَأَسَرُّوهُ بِضَاعَةً وَاللَّـهُ عَلِيمٌ بِمَا يَعْمَلُونَ ﴿١٩﴾ وَشَرَوْهُ بِثَمَنٍ بَخْسٍ دَرَاهِمَ مَعْدُودَةٍ وَكَانُوا فِيهِ مِنَ الزَّاهِدِينَ ﴿٢٠﴾ وَقَالَ الَّذِي اشْتَرَاهُ مِن مِّصْرَ لِامْرَأَتِهِ أَكْرِمِي مَثْوَاهُ عَسَىٰ أَن يَنفَعَنَا أَوْ نَتَّخِذَهُ وَلَداً وَكَذَٰلِكَ مَكَّنَّا لِيُوسُفَ فِي الْأَرْضِ وَلِنُعَلِّمَهُ مِن تَأْوِيلِ الْأَحَادِيثِ وَاللَّـهُ غَالِبٌ عَلَىٰ أَمْرِهِ وَلَـٰكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ ﴿٢١﴾ وَلَمَّا بَلَغَ أَشُدَّهُ آتَيْنَاهُ حُكْمًا وَعِلْماً وَكَذَٰلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ ﴿٢٢﴾}} يوسف. [٢٦]


     

    ژیانی پێغه‌مبه‌ر یوسف علیه‌ السلام


    تاقی كردنه‌وه‌ی یوسف به‌ ئافره‌ت


    یوسف علیه‌ السلام له‌ زیندان


    یوسف علیه‌ السلام وه‌زیری پاشا


    یوسف علیه‌ السلام ناسینه‌وه‌ی براكانی


    به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی یه‌عقوب و یوسف


    چه‌ند په‌ند و وانه‌یه‌ك له‌ چیرۆكی یوسف علیه‌ السلام

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام