ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

    ژیان نامه‌ی یونس علیه‌ السلام

    ژیان نامه‌ی یونس علیه‌ السلام


     

    - پێغەمبەرێتی "یونس"

    - "یونس" بانگەواز بۆ خودا دەکات

    - "یونس" لە سکی نەهەنگدا (حوت)

    - چارەنووسی گەلەکەی "یونس"

    - ڕزگاربوونی "یونس" و ڕێنمونی‌کردنەوەی گەلەکەی

    پێغەمبەرێتی "یونس"

    خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی پێغەمبەرێتی (یونس)ی فەرمووە: {{وَإِنَّ يُونُسَ لَمِنَ الْمُرْسَلِينَ ﴿١٣٩﴾}} الصافّات

    واتە: بەڕاستی ــ یونس ــ یش لە پێغەمبەرانە.

    وە لەچەند شوێنێکی دیکەدا لە قورئانی پیرۆزدا باسی یونس کراوە، جگە لەوەی کە یەک سورەتی تایبەتی بەناوی (یونس) لە قورئاندا هەیە.

    "یونس" بانگەواز بۆ خودا دەکات

    خودای گەورە "یونس"ی نارد بۆ خەڵکی (نەینەوا) لە خاکی موسل (موصل) کە پایتەختی دەوڵەتی (ئاشووری) بوو، ئەو گەلە بەهۆی زۆریی‌ی ڕزق و ڕۆزی‌‌و دەوڵەمەندی زیاد لەڕادەو بی سنووریشیان ببوونە هۆی گومڕابوون و لەخۆبایی‌بوون و بەدکاری و گوناهکارییان. سەربارەی ئەمانەش ئەو خەلکە بتپەرست بوون و باوەریان بە خودای گەورە نەدەهێنا. هەر بۆیەش شایستەی سزای لەناوچوون دەبوون گەر خودای گەورە بەڕەحمەت و سۆزی خۆی فریایان نەکەوتایە، بۆ ئەم مەبەستەش خودا "یونس"یان بۆ ڕەوانە دەکات. "یونس"یش بانگیان دەکات بۆ خودا پەرستی و باوەڕداری، بەلام وەڵامیان نەدایەوەو سووربوون لەسەر بەدبڕوایی خۆیان، جا ئەم بارەش دریژەی کێشا. ئینجا "یونس" هەڕەشەی هاتنە خوارەوەی سزا بۆ سەریان لێ‌دەکات کە دوای ماوەیەک دەکەونە بەر ئەو سزایە.

    "یونس" لەو بڕوایە‌دا بوو کە ئیدی بەتەواوەتی پەیامی خودای گەیاندووەو ئەو ئەرکەی کە خودا پێ‌ی سپاردبوو بەجێ‌ی گەیاندووە، بەڵام میللەتەکە هەر یاخی بوون و سووربوون لەسەر بێ‌باوەڕی، لەبەر ئەم هۆیە "یونس" بە دڵتەنگی لەو شارەیان دەردەچێت و بەجێ‌یان دێڵێت.

    "یونس" پێ‌ی وابوو کە ئەگەر ئەم شارە بەبێ مۆڵەتێکی خودا جێ‌بێڵێت ئەوا خودا لێ‌ی ناپرسێتەوەو سزای نادات، بۆیە هەر دەڕۆشت و ڕێگەی دەبڕی تا گەیشتە سەر کەناری دەریاو لەوێ کەشتیەکی بینی کە ئامادەی سەفەر بوو و خەریک بوو دەردەچوو، ئەویش خێرا داوا لەسەرنشینانی دەکات جێگەیەکی بۆ بکەنەوەو لەگەڵ خۆیاندا بیبەن، ئەوانیش داواکەی جێبەجێ دەکەن و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن.

    "یونس" لە سکی نەهەنگدا (حوت)

    کەشتییەکە دەستی بە ڕۆیشتن کرد و گەیشتە ناوەڕاستی دەریاوە، لەو کاتەدا لەبەر قورسی سەرنشینەکانی کەشتییەکە لەنگەری تێک چوو، کەشتییەوانەکانیش لەگەڵ هەموو سەرنشینەکانی دی زۆر ترسان لەوەی کەشتییەکە نقوم ببێت، بۆیە لە نێو خۆیاندا ڕاوێژیان کرد لەسەر ئەوەی یەکێکیان هەڵدەنە ناو دەریا تاکو خۆیانی پێ بپارێزن، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاریان دا کە تیروپشک ( قرعە ) بکەن جا بۆ هەر کەسێک دەرچوو ئەوا ئەو کەسە هەڵدەدەنە ناو دەریاوە، ئەوەبوو لە ئەنجامی ئەو تیروپشکەدا دەبوایە پێغەمبەری خودا "یونس" بخەنە دەریاکەوە، "یونس"یش باسی بەسەرهاتی خۆی بۆ گێڕابوونەوە، ئەوانیش گوتیان: (ئەم کابرایە پیاوچاکێکە) و پێ‌یان باش نەبوو فڕێیدەنە دەریاکەوە، دیسان دووبارە تیروپشکیان ڕاکێشا، ئەم جارەش هەر کەوتەوە سەر "یونس".

    ئیتر "یونس" خۆی ئامادەکرد بۆ خۆ هەڵدانە نێو دەریاکەوە، بەڵام ئەوان پێ‌یان خۆش نەبوو خۆی فڕێ‌دات. سەرلەنوێ بۆ جاری سێ‌یەم تیروپشکیان ڕاکێشاو ئەم جارەش هەر کەوتە سەر "یونس"، بێگومان ئەوە هەر بەخواست و ئیرادەی خودای گەورە بووەو بۆ مەبەستێکی گەورە بووە، دواجار هەڵدرایە ناو دەریاکەوەو، لەوساتەدا خودا نەهەنگێکی گەورەی نادر و "یونس"ی قووت دا.

    خودای گەورە لە قورئاندا باسی ئەم بەسەرهاتەی "یونس"ی گێڕاوەتەوەو فەرموویە:

    {{ وَإِنَّ يُونُسَ لَمِنَ الْمُرْسَلِينَ ﴿١٣٩﴾ إِذْ أَبَقَ إِلَى الْفُلْكِ الْمَشْحُونِ ﴿١٤٠﴾ فَسَاهَمَ فَكَانَ مِنَ الْمُدْحَضِينَ ﴿١٤١﴾ فَالْتَقَمَهُ الْحُوتُ وَهُوَ مُلِيمٌ ﴿١٤٢﴾}} ألصافّات [٣٨]

    چارەنووسی گەلەکەی "یونس"

    کاتێک "یونس" گەلەکەی خۆی بەجێ‌هێشت، ئەوانیش لێ‌یان ڕوون بوو کە گیرۆدەی سزایەک دەبن و نیشانەکانی دەرکەوتبوون، خودای گەورەش نیازی تەوبەکردنی خستە دڵیانەوە، ئەوانیش لەوکردارانەی پێشوویان پەشیمان بوونەوە، هەروەها پیاوان و ژنان و ڕۆڵەکانیان کەوتنە گریان و پاڕانەوە لە خودا کە لێ‌یان خۆش بێت، بەڵێ ئەو ساتانە زۆر گەورەو کاریگەربون، لەبەر ئەوە خودای گەورەش بە ڕەحمەت و بەزەیی‌ی خۆی سزای لەسەر هەڵگرتن.

    خودای گەورە دەفەرموێت:

    {{فَلَوْلَا كَانَتْ قَرْيَةٌ آمَنَتْ فَنَفَعَهَا إِيمَانُهَا إِلَّا قَوْمَ يُونُسَ لَمَّا آمَنُوا كَشَفْنَا عَنْهُمْ عَذَابَ الْخِزْيِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَمَتَّعْنَاهُمْ إِلَىٰ حِينٍ ﴿٩٨﴾}} يونس

    واتە: دانیشتوانی هەر ئاوایی‌و شارو شارۆچکەیەک باوەڕیان بە خوداو ڕۆژی دوایی هێنابێت ئەوا باوەڕهێنانەکەیان سوودمەند بووە بۆیان، بەڵام هیچ گەلێک وەکو گەلەکی "یونس" باوەڕیان نەهێناوە کە هەر دوای باوەڕهێنانیان خودای گەورەش سزای ژێر دەستەیی‌و سەرگەردانی‌ی ژیانی دنیای لەسەر لابردوون و نازو نیعمەتی ژیانیشی تا کۆتایی تەمەنیان پێ بەخشیون.

    ڕزگاربوونی "یونس" و ڕێنمونی‌کردنەوەی گەلەکەی

    "یونس" لەناو تاریکایی هەناوی نەهەنگ بوو، خودای گەورە فەرمانی بەو نەهەنگە کردبوو کە هیچ ئازارێکی "یونس" نەدات، "یونس"یش وای دەزانی مردووە، بەڵام وردە وردە هەر چوارپەلی کەوتە جموجووڵ و ئینجا بۆی دەرکەوت کەوا هێشتا زیندووە، لەبەرئەوە هەر لەناو زگی نەهەنگەکەدا کڕنووشی بۆ خودا برد و فەرمووی: خودایە شوێنێکم کردۆتە جێکڕنووش کە هەرگیز هیچ کەسێک لەم شوێنەدا تۆی نەپەرستووە.

    پاشان تا چەند ڕۆژێک لە زگی نەهەنگەکەدا مایەوە و هەر زیکرو تەسبیحاتی دەکرد، دوای ئەوە نزای لای پەروەردگاری کرد و دانی کزۆڵی و بەندایەتی‌ی بە پەروەردگارێتی‌ی خودای خۆی‌دا نایەوەو دانی بەوەش دانا کە ستەمکار بووە لەکاری بەجێ‌هێشتنی گەلەکەی‌دا بەبێ مۆڵەت دانی خودا. خودای گەورەش نزاکەی گیراکردو تەوبەو پەشیمان بوونەوەی لێ پەسند کرد و فەرمانی بە نەهەنگەکە کرد تاکو لە کەناری دەریا "یونس" دابنێ، نەهەنگەکەش "یونس" فرێ دەداتە دەرەوەو لەسەر زەوی‌یەکی وشک و چۆڵەوانی دایدەنێت.

    "یونس" کاتیک لە زگی نەهەنگەکە هاتە درەوە لاوازو نەخۆش ماندوو بوو، لەش و لاری لەناو زگی نەهەنگەکەدا ناسک و لاواز ببوەوە، خودای گەورەش درەختێکی چڕو پڕ گەڵای وەک کولەکە (يقطين) بۆ ڕواند، واتە لەو گەڵایانەی کە زۆر پان‌و درێژن وەک گەڵای کاڵەک و ئەو ڕووەکانەی لەسەر زەوی بەرزنابنەوە، دارێکی بەم جۆرە گەڵایانەوە بۆ دەستەبەرکرد کە سێبەرێکیشی بۆ خۆپاراستن لە گەرمای خۆر بۆ ڕەخساندبوو. زانایان دەڵێن: (کولەکە گەڵاکانی نەرمەو سێبەرەکەی چڕو خۆشە، مێش پێوەی نانیشێ، بەروبومەکەی هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی وەرز دەخورێت بە کاڵی و کوڵاوی و بە تویکڵ و بێ توێکڵ و بە دەنکەکانیشیەوە، وە سوودیکی زۆری هەیە بۆ بەهێزکردنی مێشک). إبن كثير/ ژیاننامەی پێغەمبەران، لاپەڕە ٢٢٩.

    "یونس" لەم حاڵەدا مایەوە تاکو هێزی هاتەوە بەر و ترس و ئازاری نەما، ئینجا خودای گەورە فەرمانی پێکرد بگەڕێتەوە بۆ لای ئەو گەلەی خۆی کە بەجێ‌ی هێشتبوون و ژمارەیان پتر لە سەد هەزار کەس دەبوو، ئەویش گەڕایەوە بۆ لایان و بانگی کردنەوە بۆ سەر ڕێگەی ئیمان و ئەوانیش ڕێ‌ی هیدایەت و خوداناسییان گرتە بەر.

    خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{فَلَوْلَا أَنَّهُ كَانَ مِنَ الْمُسَبِّحِينَ ﴿١٤٣﴾ لَلَبِثَ فِي بَطْنِهِ إِلَىٰ يَوْمِ يُبْعَثُونَ ﴿١٤٤﴾ فَنَبَذْنَاهُ بِالْعَرَاءِ وَهُوَ سَقِيمٌ ﴿١٤٥﴾ وَأَنبَتْنَا عَلَيْهِ شَجَرَةً مِّن يَقْطِينٍ ﴿١٤٦﴾ وَأَرْسَلْنَاهُ إِلَىٰ مِائَةِ أَلْفٍ أَوْ يَزِيدُونَ ﴿١٤٧﴾ فَآمَنُوا فَمَتَّعْنَاهُمْ إِلَىٰ حِينٍ ﴿١٤٨﴾}} ألصافّات

    واتە: خۆ ئەگەر لەو کەسانە نەبوایە کە تەسبیحات و یادی خودا دەکەن ئەوە دەمایەوە لە زگی نەهەنگەکەدا تا ڕۆژێک کە هەمووان زیندوو دەکرێنەوە، لەوەودوا فڕێماندایە چۆڵیەکی بێ گژوگیاو درەختەوە بێ هێزو ماندوو نەخۆش، ئینجا ڕوەکی کولەکەی گەورەمان بۆ پێگەیاند و ئینجا گەراندمانەوەو ڕەوانەمانکرد بۆلای سەفهەزار کەس و زیاتریش دەبن (کە قەوموکەیەتی). ئینجا هەموویان باوەڕیان هێنا، ئێمەش ژیانێکی خۆشمان بۆ فەراهەم هێنان ت کاتێکی دیاریکراو.

    هەروەها خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{وَذَا النُّونِ إِذ ذَّهَبَ مُغَاضِبًا فَظَنَّ أَن لَّن نَّقْدِرَ عَلَيْهِ فَنَادَىٰ فِي الظُّلُمَاتِ أَن لَّا إِلَـٰهَ إِلَّا أَنتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنتُ مِنَ الظَّالِمِينَ ﴿٨٧﴾ فَاسْتَجَبْنَا لَهُ وَنَجَّيْنَاهُ مِنَ الْغَمِّ وَكَذَٰلِكَ نُنجِي الْمُؤْمِنِينَ ﴿٨٨﴾}} ألأنبياء [٣٩]

    واتە: یادی (ذوالنون)یش بکەرەوە کاتێک بە توڕەیی‌یەوە ڕۆیشت، گومانی وابوو کە هەرگیز دنیای لێ تەنگ ناکەینەوە (بەڵام بە پێچەوانەی گومانەکەیەوە خودا خستی‌یە ناو زگی نەهەنگەوە)، جا لەناو تاریکای‌یەکاندا (تاریکایی شەوو دەریاو تاریکایی ناو زگی نەهەنگ) هاوارو نزای لێ بەرز بویەوە و گوتی: خودایە هیچ خودایەک نی‌یە جگە لە تۆ، پاکی و بێ‌گەردی هەر بۆ تۆیە، بەڕاستی من لە ستەمکاران بووم (کاتێک بەبێ فەرمانی تۆ قەومەکەم جێ‌هێشت). ئێمەش بەهانایەوە چووین و ڕزگارمان‌کرد؛ لەو خەم و پەژارەو تەنگانەیەی کە تێ‌ی کەوتبوو، بەو شێوەیەش ئیمانداران ڕزگار دەکەین (کاتێک کە دەکەونە تەنگانەوە و هاناو هاوار بۆ ئێمە دەهێنن).

    چەند پەندو وانەیەک لە چیرۆکی "یونس"ـەوە

    ــــ خوداپەرستی مرۆڤ لە تەنگانە ڕزگار دەکات.

    ـــ پەنابردنە بەر خودا لەکاتی تەنگانەدا.

    ـــ ئارام گرتن لەبواری بانگەوازدا.


     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام