
موسا پێغەمبەرێکەو، یەکێکیشە لە پێغەمبەرانی خاوەن (عەزم). خودای گەورە فەرموویە:
{{وَاذْكُرْ فِي الْكِتَابِ مُوسَىٰ إِنَّهُ كَانَ مُخْلَصًا وَكَانَ رَسُولًا نَّبِيًّا ﴿٥١﴾}} مَريَم.
واتە: هەروەها لە قورئاندا بەسەرهاتی موسا بەیادبێنەوە کە ئەو (واتە موسا) هەڵبژاردەو پاڵاوتەکراوی خودا بووەو هەروەها (پێغەمبەرێک) هەواڵبەر بووە.
ئەم پێغەمبەرە نازناو (لقب)ی دوێنراوی خودا (كليم الله)یە چونکە خودا بەبێ (ئامڕازو هۆکارێکی ناڕاستەوخۆ) دواندویوتی و قسەی لەگەڵدا کردووە. هەروەک فەرموویە:
{{قَالَ يَا مُوسَىٰ إِنِّي اصْطَفَيْتُكَ عَلَى النَّاسِ بِرِسَالَاتِي وَبِكَلَامِي فَخُذْ مَا آتَيْتُكَ وَكُن مِّنَ الشَّاكِرِينَ ﴿١٤٤﴾ }} ألأعراف
واتە: ئەی موسا من تۆم هەڵبژاردوەو لەناو خەڵکیدا پالاوتومیت بەم پەیامەی کە بە سرووش بۆم ناردوویتو بە وتەو دواندنی ڕاستەوخۆ لەگەڵتا، جا تۆش ئەوەی پێم داویت لە پەیامو ڕاسپاردەو لاپەڕەکانی (تەورات) وەربگرەو سوپاس گوزاری خودای پەروەردگارت بکە.
(هارون)یش "علیە السلام" بە ڕەچەڵەک برای (موسا)یەو خودای گەورە ئەویشی ڕەوانە کردووە وەک پاڵپشتو یاریدەدەرێک بۆ (موسا)، بە تایبەتی (موسا)ی دەنارد بۆلای فیرعەون تا پەیامی خودای پێ ڕاگەیەنێت. دانانی هارون بە یاریدەدەرو پاڵپشت لەسەر داواکاریەکی (موسا) بووە کە ئاڕاستەی خودای پەروەردگاری کردووە:
{{وَاجْعَل لِّي وَزِيرًا مِّنْ أَهْلِي ﴿٢٩﴾ هَارُونَ أَخِي ﴿٣٠﴾ اشْدُدْ بِهِ أَزْرِي ﴿٣١﴾ وَأَشْرِكْهُ فِي أَمْرِي ﴿٣٢﴾ }} طه.
واتە: (موسا) داوای کرد: خودایە لەکەسو کاری خۆم یەکێک بکەیت بە پاڵپشتو هاوکارم کە ئەویش (هارون)ی برام بێت تاکو خۆمی پێ بەهێزبکەمو لەم کاروبارەمدا بەشداری بکەمو هاوبەشو هاوخەمی کارە گرنگەکانی پێغەمبەرێتیم بێت. خودای گەورەش داواکەی (موسا)ی جێبەجێ کردو (هارون)ی لەگەڵدا ناردو بەڕەحمەتو بەخشندەییی خۆی پلەی پێغەمبەرێتیشی پێدا، (واتە بە هارون):
{{ وَوَهَبْنَا لَهُ مِن رَّحْمَتِنَا أَخَاهُ هَارُونَ نَبِيًّا ﴿٥٣﴾}} مَريَم.
چەوسانەوەی (بنو إسرائيل)
لەمەوپێش لە چیرۆکی یوسف (علیه السلام) دا ئەوەمان باس کرد کە چۆن باوکی و کوڕو نەوەکانی باوکی نیشتەجێبوون لە خاکی (میسر) و گوزەرانیان کردووەو بەکاروباری بەخێوکردنی ئاژەڵ و لەوەڕاندنیانەوە خەریک بوون، ئەم بارودۆخە لەسەردەمی (پادشا شوانەکان)دا بووەو لەو ڕۆژگارەدا خەڵکی بە شوانکارییەوە سەرقاڵ بوون.
لەدوای ئەوانیش رۆژگار گۆڕراوەو پادشایەک هاتووەو کاتێک دیتی (بني إسرائيل) بەرەو زۆربوون دەچن و ژمارەیان زیاتر دەبێت و وەچەو نەوەیان زیاد دەکات، ترساوە لەوەی ببنە پاڵپشتێک بۆ دوژمنانی (میسر)، لەبەر ئەوە هەوڵی وەڕس کردنیانی داوەو لەقورسترین کاردا بەکاری هێناون تاکو هێزیان کەمو لاوازکاتەوە، جگە لەوەی تەقەللایەکی هێجگار زۆری داوە لەپەرتەواز کردنیاندا بۆ چەند دەستەو تاقمێک، لەم بارەیەوە گوتراوە: کاهینو جادوگەرەکانی ئەو سەردەمە هەوالی ئەوەیان بە فیرعەون داوە کە لەداهاتوودا ئەو مولکو دەستەڵاتەی هەیەتی لەسەر دەستی یەکێک لە کوڕە تازە لەدایک بووکانی ئەو ماوەیەی کە تێیدا دەژیان لەناو دەبرێت.
(فیرعەون)یش بە بیستنی ئەو هەوالە دەترسێت و فەرمان دەدات بە کوشتنی هەر کوڕیکی تازە لەدایک بووی (بني إسرائيل)، بەڵام ئەگەر کچ بێت ناکوژرێت و مەترسی نیە .. دیارە پیرانیش لەو ماوەیەدا زۆریان لێ دەمرد بەهۆی ماندوبوونی زیاد لە توانایان لە کاردا، لەبەر ئەوە سەرانی (قیبتییەکان) چوونە لای (فیرعەون)و پێیان گوت: ئەوا مردن بەزۆری ڕووی کردۆتە پیرەمێردو بەساڵاچووەکانی نەوی ئیسرائیل (بني إسرائيل)و تۆش منداڵە کۆرپەکانیان دەکوژیتو، بەم پێیەش خەریکە کارەکایان بکەونە سەرشانی ئێمە و جگە لەخۆمان کەسێکیان لێ نامێنێتەوە بۆ بەردەستیو خزمەتکاری.
ئینجا فیرعەون فەرمانی دا کە ساڵێک منداڵان بکوژن و ساڵێکی دی وازیان لێ بێنن، تاکو هەموو نەوەکانی (إسرائيل) لەنێو نەچن، لەو سالەشدا کە (نۆرەی نـەکوشتنی منداڵە تازە لەدایک بووەکان بوو)، (هارون) لەدایک بوو، بۆیە وازی لێ هێنراو نەکوژراو لەئامێزی دایکو باوکیدا بەخێو کرا.
بەڵام موسا (علیه السلام) لەو ساڵەدا لەدایک بوو کە نۆرەی (واتە ساڵی کوشتنی منداڵان) بوو، لەبەر ئەوە هەر کە هاتە دنیاوە، خیرا دایکی لەبەرچاوان شاردیەوەو، ئیتر هەواڵی لەدایک بوونی بە (فیرعەون) نەگەیشت.
خودای مەزن ئاماژەی بۆ ئەم ستەمە گەورەیەی فیرعەون کردووە کە دەرهەق نەوەی (إسرائيل)و سەربڕینی منداڵەکانیان ئەنجامی داوە .. هەروەک فەرموویە:
{{نَتْلُو عَلَيْكَ مِن نَّبَإِ مُوسَىٰ وَفِرْعَوْنَ بِالْحَقِّ لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ ﴿٣﴾ إِنَّ فِرْعَوْنَ عَلَا فِي الْأَرْضِ وَجَعَلَ أَهْلَهَا شِيَعًا يَسْتَضْعِفُ طَائِفَةً مِّنْهُمْ يُذَبِّحُ أَبْنَاءَهُمْ وَيَسْتَحْيِي نِسَاءَهُمْ إِنَّهُ كَانَ مِنَ الْمُفْسِدِينَ ﴿٤﴾ وَنُرِيدُ أَن نَّمُنَّ عَلَى الَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا فِي الْأَرْضِ وَنَجْعَلَهُمْ أَئِمَّةً وَنَجْعَلَهُمُ الْوَارِثِينَ ﴿٥﴾}} ألقصص. [٣٤]
واتە: لە هەواڵو بەسەرهاتی موساو فیرعەون باری حەقیقەتو ڕاستەقینەی ڕووداوەکانی نیوانیانت بۆ دەگێڕینەوە تاکو هۆیەکی پەند وەرگرتنو ڕێنماییی زیاتر بێت، بۆ ئەو کەسانەی باوەڕیان پێ هێناویت و ئەوانەش لەمەولا باوەڕت پێ دێنن، بێگومان فیرعەون ستەمکارو ڕۆچووی نێو زوڵمو کفرو تاوان و خۆبەزل زانین بوو و جیاوازیی دەخستە نێوان دانیشتوانی وڵاتەکەیەوە وەک یەک سەوداو مامەڵەی لەگەڵدا نەدەکردن، بەڵکو کردبوونی بە چەند دەستەو تاقمێکەوە، ئەوەبوو هەموو میسرییەکانی لەخۆی نزیک کردبویەوە کەچی (بني إسرائيل)ی دەچەوساندەوەو کوڕەکانیانی سەردەبڕیو ئافرەتەکانیانی بۆ کۆیلایەتیو بەدکاری لای خۆیان دەهێشتەوە، تاکو ئەو گەلە قڕکات، بەڕاستی فیرعەون بەم ڕەفتارە گەندەڵانەی لەدژی (بني إسرائيل) یەکێک بووە لەو زۆردارە تێکدەرو گومڕایانەی کە کاروباریان هەر شێواندنو گێرەشێوێنی بووە، بەڵام ئێمەش لەدژی ئەو زۆردارە خواستی پێویستمان لەسەر ئەوە بووە کە چەوساوانو بێدەستەڵاتان بەهێزکەین و فەزڵی سەربەرزیو دەستەڵاتیان پێببەخشین و پاشان بیانکەین بە پێشەواو بیانکەینە میراتگری سامانو دەستەڵاتی ستەمکاران.
ژیانی موسا پێش پێغهمبهرایهتی بهشی 1
ژیانی موسا پێش پێغهمبهرایهتی بهشی 2
پێغهمبهرێتی موسا و هارون بهشی 1
پێغهمبهرێتی موسا و هارون بهشی 2
ژیان و خهباتی موسا و گهلهكهی
چارهنووسی فیرعهون و گهلهكهی