ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

    ژیانی ئیبراهیم علیه‌ السلام به‌شی یه‌كه‌م

    ژیانی ئیبراهیم علیه‌ السلام به‌شی یه‌كه‌م


     

     خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{وَلَقَدْ آتَيْنَا إِبْرَاهِيمَ رُشْدَهُ مِن قَبْلُ وَكُنَّا بِه عَالِمِينَ ﴿٥١﴾إِذْ قَالَ لِأَبِيهِ وَقَوْمِهِ مَا هَذِهِ التَّمَاثِيلُ الَّتِي أَنتُمْ لَهَا عَاكِفُونَ ﴿٥٢﴾قَالُوا وَجَدْنَا آبَاءنَا لَهَا عَابِدِينَ ﴿٥٣﴾قَالَ لَقَدْ كُنتُمْ أَنتُمْ وَآبَاؤُكُمْ فِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ ﴿٥٤﴾قَالُوا أَجِئْتَنَا بِالْحَقِّ أَمْ أَنتَ مِنَ اللَّاعِبِينَ ﴿٥٥﴾قَالَ بَل رَّبُّكُمْ رَبُّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ الَّذِي فَطَرَهُنَّ وَأَنَا عَلَى ذَلِكُم مِّنَ الشَّاهِدِينَ ﴿٥٦﴾}}.ألأنبياء.

    بێگومان ئێمە ژیری و هۆشمەندیمان پێشتر بە ئیبراهیم بەخشی، ئێمە چاک ئەومان دەناسی. کاتێك بە باوک و قەومەکەی دەگوت: ئەم بتانە چیە ئێوە هەمیشە بە دەوریدا دێن و دەیانپەرستن؟. لە وەڵامدا (تەنها بەڵگەیان ئەوە بوو، کە) گوتیان: ئێمە باوو باپیرانمان بینیوە ئەوانەیان پەرستووە. ئیبراهیم گوتی: ئیوە و باوو باپیرانی ئێوە لە گومڕاییەکی ئاشکرادا بوون. خەڵکەکە گوتیان: ئایا تۆ پەیامێکی ڕاستت بۆ ئێمە هیناوە یان گاڵتەمان لەگەڵدا دەکەیت؟! ئیبراهیم گوتی: نەخێر بەڕاستی دەدوێم و پەروەردگارتان پەروەردگاری ئاسمانەکان و زەویە و کە بەدی هێناون و منیش بۆتان دەسەلمێنم.

    لەگەڵ پێغەمبەرێکی دی لە پێغەمبەرانی خودا ئەویش (ئیبراهیم)ـه.......

    ئیبراهیم (سەلامی خودای لەسەر بێت) پلە و پایەیەکی گەورەی هەیە لەلای( مسوڵمانان، یەهوودی یەکان و نەسرانی یەکان) و ناوەکەشی هەمیشە بە ڕێزلێنان و نزا و شکۆداری یەوە بەستراوەتەوە...چونکە یەکێکە لە پێغەمبەرانی خاوەن عەزم (اولی العزم) و لە پێناوی بانگەواز بۆ پەرستنی خودا و بەیەک دانانیدا جیهادی کردووە خۆی خستووەتە بەر مردنیش لە پێناوی ئەو بیر و باوەڕەی کە ئیمانی پێ هێنابوو.

    هەروەها پلە و پایە و بەرزی شان و شکۆی (ئیبراهیم) لەوەدا دەدرەوشێتەوە کە باوکی پێغەمبەرانە و هەر کتێبێک لە ئاسمانەوە بۆ سەر پێغەمبەرێك لە پێغەمبەرانی دوای خۆی نێررابێتە خوارەوە لە وەچەو پەیڕەوکاران و ڕەچەڵەکی خۆی بوون[٤]. ئەوەش جێ و مەقامێکی وەهایە بۆ ئیبراهیم (عليه السلام) کە هیچ جێ و مەقامێکی دیکەی پێ ناگات، چونکە ئەو دوو کوڕی هەبووە و خودا کردوونی بە پێغەمبەر و ناویان ئیسماعیل (عليه السلام) و ئیسحاق (عليه السلام) بووە.(ئیسماعیل) باپیرە گەورەی پێغەمبەری پێشەوامانە محمد (عليه السلام)[٥] و پاپیرەی عەرەبی (حیجاز) ـە و عەرەبی (حیجاز) یش بنەچە و (نەسەبیان) بۆ هەردوو کوڕەکەی ئیسماعیل (عليه السلام) دەگەرێتەوە واتە بۆ (نابت و قيذار)[٦]. قورئانی پیرۆزیش ئاماژەی بۆ باوکایەتی (أبوة) ـەی ئیبراهیم (عليه السلام) لە عەرەبدا کردووە، هەروەک خودا تێیدا ڕووی گفتاری کردووەتە ئیماندارانی عەرەب و دەفەرموێ:

    {{وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ مِّلَّةَ أَبِيكُمْ إِبْرَاهِيمَ هُوَ سَمَّاكُمُ الْمُسْلِمينَ مِن قَبْلُ﴿٧٨﴾}}. ألحج.

    واتە: خودا لە ئایین و بەرنامەکەیدا هیچ جۆرە شتێکی ناڕەوا و قورس و گرانی لەسەر دانەناون (کە نەتوانن ئەنجامی بدەن، جا ئەم بەرنامەیە) ڕێ و شوێن و بەرنامەی ئیبراهیمی بابە گەورەتانە کە پێشتر هەر خودای گەورە ناوی (مسوڵمان) ی لێ ناون.

    هەروەها خودای گەورە کوڕیکی داوە بە (ئیسحاق) بە ناوی (یەعقووب) ئەویش هەر پێغەمبەر بووە و نازناوەکەشی (لقب) بە ـ ئیسرائیل ـ ناو دەبرێت.

    ئیبراهیم (عليه السلام) باوکی پیغەمبەرانی دوای خۆیەتی هەروەک خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{وَوَهَبْنَا لَهُ إِسْحَقَ وَيَعْقُوبَ كُلاًّ هَدَيْنَا وَنُوحًا هَدَيْنَا مِن قَبْلُ وَمِن ذُرِّيَّتِهِ دَاوُودَ وَسُلَيْمَانَ وَأَيُّوبَ وَيُوسُفَ وَمُوسَى وَهَارُونَ وَكَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ ﴿٨٤﴾ وَزَكَرِيَّا وَيَحْيَى وَعِيسَى وَإِلْيَاسَ كُلٌّ مِّنَ الصَّالِحِينَ ﴿٨٥﴾ وَإِسْمَاعِيلَ وَالْيَسَعَ وَيُونُسَ وَلُوطًا وَكُلاًّ فضَّلْنَا عَلَى الْعَالَمِينَ ﴿٨٦﴾ وَمِنْ آبَائِهِمْ وَذُرِّيَّاتِهِمْ وَإِخْوَانِهِمْ وَاجْتَبَيْنَاهُمْ وَهَدَيْنَاهُمْ إِلَى صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ ﴿٨٧﴾}}. ألأنعام.

    واتە: (لەوەودوا) ئیسحاق و یەعقوبمان پێبەخشی، هەریەک لەوانمان ڕێنمویی کرد، پێشتریش (نوح) مان ڕێنمویی کردبوو و لەنەوەکانی (دیکەی ئیبراهیم) داود و سلیمان و ئەییوب و یوسف و موسا و هاروون (هاتنە دنیاوە و بوونە ڕابەڕ و چاوساغ بۆ خەڵکی) ئا بەم شێوەیە پاداشتی چاکەخوازان دەدەینەوە (نەوەی چاک و پاک و خوداناسیان پێدەبەخشین). (هەروەها) زەکەریا و یەحیا و عیسا و ئیلیاس هەرهەموویان لەپاک و چاکان بوون. ئیسماعیل و یەسەع و یونس و لوطٍیش (لەهیدات دراوو پێغەمبەران بوون) هەریەک لەوانیشمان ڕێزدار کرد بەسەر خەڵکی دیکەدا. هەروەها هەندێک لەباوانیان و نەوەکانیان و براکانیانمان هەڵبژارد و هیدایەت و ڕێنمووییمان کردن بۆ ڕێگە و ڕێبازی ڕاست و دروست.

    ئەگەر سەرنجی ئەو دەقە قورئانی یەی سەرەوە بدەین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئیبراهیم (عليه السلام) باپیری هەموانە، باپیری جوولەکە و نەسرانی و مسوڵمانە.

    ئیبراهیم (عليه السلام) ئەوەندە کەسێکی ڕاستگۆ و ئیماندار و لەخوداترس بووە، بۆیە لای خودا خۆشەویست بووە کردوویەتی بە (خۆشەویستی خۆی). بەڕاستی ئەو پلە و پایە بەرزەی دراوە بە ئیبراهیم (کە گەورەترین و بەرزترین پلەیە بە ئینسانێک درابێ)، ئامانجی هەموو مرۆڤێکی ئیماندارە کە بە پەرۆشی ئەوەیە تەنها خودای گەورە ڕازی بێ لێی. وەک خودای گەورە لەم ئایەتەدا دەفەرموی:

    {{وَمَنْ أَحْسَنُ دِينًا مِّمَّنْ أَسْلَمَ وَجْهَهُ لله وَهُوَ مُحْسِنٌ واتَّبَعَ مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا وَاتَّخَذَ اللّهُ إِبْرَاهِيمَ خَلِيلاً ﴿١٢٥﴾}}. ألنّساء.

    واتە: کێ هەیە ئاینی چاکتر و پەسندتر و جوانتر بێت لەو کەسەی ڕووی کردۆتە خودا و خۆی تەسلیمی ئەو زاتە کردووە لە کاتێکدا کارجوان و کار پەسەندە و شوێنی ئاینی ئیبراهیمی ملکەچ و فەرمانبەردار کەوتبێت، کە خودا ئیبراهیمی کردۆتە خۆشەویستی خۆی و ڕێزداری کردووە.

    هەروەها ئەم پێغەمبەرە بەتەنیا ئوممەتێک بووە. ئەوەتا خودای گەورە دەربارەی دەفەرموێت:

    {{إِنَّ إِبْرَاهِيمَ كَانَ أُمَّةً قَانِتًا لِلّهِ حَنِيفًا وَلَمْ يَكُ مِنَ الْمُشْرِكِينَ ﴿١٢٠﴾شَاكِرًا لِّأَنْعُمِهِ اجْتَبَاهُ وَهَدَاهُ إِلَى صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ ﴿١٢١﴾}}. ألنّحل.

    واتە: بەڕاستی ئیبراهیم هەرخۆی ئوممەتێک بوو، (هەر خۆی پێشەوایەک بوو) ملکەچ و فەرمانبەرداری خودا بوو و لە هەموو بیر و باوەڕێکی چەوت بەدوور بوو، لە موشریک و هاوەڵ پەیداکەران بۆ خودا بە دوور بوو. هەروەها زۆر سوپاسگوزاری خودا بوو و لە بەرانبەر ناز و نیعمەتی بێ شوماری پەروەردگاریەوە، ئەویش هەڵی بژارد و ڕێنموویی کرد بۆ ڕێبازی ڕاست و دروست.

    ئەو سەردەمەی تێیدا لەدایک بوو لەڕوی بیر و باوەڕەوە

    قورئانی پیرۆز باسی لە دایک بوون و باسی ژیانی سەردەمی منداڵی ئیبراهیم ناکات، هەروەها باسی ئەوە ناکات لە کوێ لەدایک بووە و بەچ زمانێک قسەی کردووە. بەڵام سەرچاوە عەرەبیەکان وای باس دەکەن کە شوێنی هاتنە دنیای ئیبراهیم لە (بابل)[٧] بووە. مێژوو نووس (یاقوت)[٨] یش لە وەسف کردنی خاکی بابل دا دەڵێت: (کەوتۆتە نێوان دیجلە و فورات) ـەوە و ئەو خاکەیە کە پێی دەگوترێ: سواد. بەڵام قورئان باسی ئەو سەردەمە دەکات بەگشتی کەچۆن خەڵکی لە پەرستنی خودای تاک و تەنیا لایان دابوو و ببونە سێ بەش:

    ــ بەشێک بتی جۆرا و جۆریان بەدەستی خۆیان ــ لە دار و بەرد ــ دروست دەکرد و دەیانپەرست.

    ــ بەشێک ئەستێرە و مانگ و خۆریان دەپەرست.

    ــ بەشێکیش پادشاکان و دەسەڵاتدارەکانیان دەپەرست.

    جا لەو ژینگەیەدا کە (فرە خوداوەندی) باڵی بەسەردا کێشابوو ، ئیبراهیم هاتە دنیاوە و خودای پەروەردگار هۆشی ساغ و ڕاستی ی تەواوی پێ بەخشی، ئەویش بە ڕای ڕاست و سرووشی (وەحی) ی پەروەردگاری خۆی زانیبوو کە بێگومان خودا (ألله) یەکە و هەر خۆی کاربەدەست و دەسەڵاتداری سەر ئەم گەردوونەیە، لەبەر ئەوە دەیەوێت ڕێنمایی گەلەکەی بکات و ڕزگاریان بکات لەو شتە پووچەڵ و بەتاڵانە

    ئیبراهیم بانگەوازی (ئازەر)ی باوکی دەکات

    ئیبراهیم بە پێویستی سەرشانی زانی کە لەپێش هەموو کەس داوا لە باوکی بکات کە واز لەبتپەرستی بێنێت، بەو پەڕی ئەدەب و نەرم و نیانی و حورمەتەوە بانگەوازی کرد بۆ ئەو حەق و ڕاستیەی کەبۆی هاتووە، بێگومان باوکی نزیکترین کەسە لێی، بۆیە حەزی کرد بەشداری ئەو خێر و چاکە گەورە بێت. خودای گەورە بەسەرهاتەکەی لەقورئانی پیرۆزدا گێڕاوەتەوە و فەرموویە:

    {{وَاذْكُرْ فِي الْكِتَابِ إِبْرَاهِيمَ إِنَّهُ كَانَ صِدِّيقًا نَّبِيًّا ﴿٤١﴾إِذْ قَالَ لِأَبِيهِ يَا أَبَتِ لِمَ تَعْبُدُ مَا لَا يَسْمَعُ وَلَا يُبْصِرُ وَلَا يُغْنِي عَنكَ شَيْئًا ﴿٤٢﴾يَا أَبَتِ إِنِّي قَدْ جَاءنِي مِنَ الْعِلْمِ مَا لَمْ يَأْتِكَ فَاتَّبِعْنِي أَهْدِكَ صِرَاطًا سَوِيًّا ﴿٤٣﴾يَا أَبَتِ لَا تَعْبُدِ الشَّيْطَانَ إِنَّ الشَّيْطَانَ كَانَ لِلرَّحْمَنِ عَصِيًّا ﴿٤٤﴾يَا أَبَتِ إِنِّي أَخَافُ أَن يَمَسَّكَ عَذَابٌ مِّنَ الرَّحْمَن فَتَكُونَ لِلشَّيْطَانِ وَلِيًّا ﴿٤٥﴾ قَالَ أَرَاغِبٌ أَنتَ عَنْ آلِهَتِي يَا إِبْراهِيمُ لَئِن لَّمْ تَنتَهِ لَأَرْجُمَنَّكَ وَاهْجُرْنِي مَلِيًّا ﴿٤٦﴾قَالَ سَلَامٌ عَلَيْكَ سَأَسْتَغْفِرُ لَكَ رَبِّي إِنَّهُ كَانَ بِي حَفِيًّا ﴿٤٧﴾وَأَعْتَزِلُكُمْ وَمَا تَدْعُونَ مِن دُونِ اللَّهِ وَأَدْعُو رَبِّي عَسَى أَلَّا أَكُونَ بِدُعَاء رَبِّي شَقِيًّا ﴿٤٨﴾}}. مريم.

    واتە: هەروەها لە قورئاندا باسی (گۆشەیەک لە بەسەرهاتی) ئیبراهیم بۆ ئەو خەڵکە بگێڕەوە، بەڕاستی ئەو کەسایەتیەکی ن ڕاستگۆ بوو، لە پێغەمبەرانیش بوو. کاتێک بە باوکی گوت: باوکی بەڕێزم! ئەوە تۆ بۆچی شتێک دەپەرستی کە نەگوێ بیستە، نە کەس بەرچاو ڕوون و ڕۆشنبیر دەکات، نە هیچ سوودێکت پێ دەگەیەنێت. ئەی باوکی بە نرخم! بەڕاستی ئەو زانستی و زانیاریەی کە بۆمن هاتووە (دەربارەی دەسەڵات و توانای بەدیهێنەری ئەم جیهانە) بێگومان بۆ تۆ نەهاتووە، کەواتە پەیڕەوی من بکە ڕێنمووییت دەکەم بۆ ڕێگە و ڕێبازێکی راست و دروست، ئەی باوکی ئازیزم! شەیتان مەپەرستە، چونکە بەڕاستی شەیتان یاخی یە لە خودای میهرەبان و سەرکێشی کردووە. ئەی باوکی بەڕێزم! بەڕاستی من دەترسم سزایەک لەلایەن خودای میهرەبانەوە یەخەت بگرێ، ئەو کاتە ئیتر دەبیتە یار و یاوەر و پشتگیری شەیتان. (باوکی ئیبراهیم بە سەغڵەتیەوە) گوتی: بۆچی ئەی ئیبراهیم! تۆ ئەوەندە لە خوداکانی من بێزاری، بەڕاستی ئەگەر کۆڵ نەدەیت و واز نەهێنیت بێگومان بەرد بارانت دەکەم، بڕۆ دوورکەرەوە لێرە و نامەوێ بتبینمەوە.

    ئیبراهیم گوتی: سەلامت لێ بێت لە مەولا داوای لێخۆشبوون و ( هیدایەتت) لە پەروەردگارم بۆ دەخوازم، چونکە منی خۆش دەوێت، ڕیزی بۆ داناوم. ئەوا ئیدی من دوور دەکەومەوە و کەنارگیری دەکەم لە ئێوە و لەو شتانەی کە لە جیاتی خودا دەیپەرستن، من تەنیا هاوار بۆ پەروەردگارم دەبەم و هەر ئەو دەپەرستم، ئومێدەوارم کە پەروەردگارم نائومێد و ڕەنجەڕۆم نەکات و دوعا و نزا و پەرستنم لێ وەربگرێت.

    بێگومان ئیبراهیم (عليه السلام) هەر داوای لێخۆش بوونی بۆ باوکی دەکرد لەبەر بەڵێنێک کە پێشتر پێی دابوو، بەڵام کاتێک بۆی دەرکەوت کە ئەو بەڕاستی دوژمنی خودایە، خۆی لێ بێبەری کرد و وازی لەو پاڕانەوەیە هێنا، وەک خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێ:

    {{وَمَا كَانَ اسْتِغْفَارُ إِبْرَاهِيمَ لِأَبِيهِ إِلاَّ عَن مَّوْعِدَةٍ وَعَدَهَا إِيَّاهُ فَلَمَّا تَبَيَّنَ لَهُ أَنَّهُ عَدُوٌّ لِلّهِ تَبَرَّأَ مِنْهُ إِنَّ إِبْرَاهِيمَ لأوَّاهٌ حَلِيمٌ ﴿١١٤﴾}}. ألتوبة.

    ئیبراهیم (عليه السلام) بانگەوازی گەلە بێباوەڕەکەی دەکات

    پاشان ئیبراهیم (عليه السلام) کەوتە بانگەوازی گەلەکەی و داوای لێکردن واز لە پەرستنی ئەو پەیکەرانە بێنن و بانگی کردن بۆ خوداپەرستی کە تەنیا هەر (ألله) خودا و پەروەردگاری جیهانیانە. خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{وَاتْلُ عَلَيْهِمْ نَبَأَ إِبْرَاهِيمَ ﴿٦٩﴾ إِذْ قَالَ لِأَبِيهِ وَقَوْمِهِ مَا تَعْبُدُونَ ﴿٧٠﴾ قَالُوا نَعْبُدُ أَصْنَامًا فَنَظَلُّ لَهَا عَاكِفِينَ ﴿٧١﴾ قَالَ هَلْ يَسْمَعُونَكُمْ إِذْ تَدْعُونَ ﴿٧٢﴾ أَوْ يَنفَعُونَكُمْ أَوْ يَضُرُّونَ ﴿٧٣﴾ قَالُوا بَلْ وَجَدْنَا آبَاءنَا كَذَلِكَ يَفْعَلُونَ ﴿٧٤﴾ قَالَ أَفَرَأَيْتُم مَّا كُنتُمْ تَعْبُدُونَ ﴿٧٥﴾ أَنتُمْ وَآبَاؤُكُمُ الْأَقْدَمُونَ ﴿٧٦﴾ فَإِنَّهُمْ عَدُوٌّ لِّي إِلَّا رَبَّ الْعَالَمِينَ ﴿٧٧﴾ الَّذِي خَلَقَنِي فَهُوَ يَهْدِينِ ﴿٧٨﴾ وَالَّذِي هُوَ يُطْعِمُنِي وَيَسْقِينِ ﴿٧٩﴾ وَإِذَا مَرِضْتُ فَهُوَ يَشْفِينِ ﴿٨٠﴾ وَالَّذِي يُمِيتُنِي ثُمَّ يُحْيِينِ ﴿٨١﴾ وَالَّذِي أَطْمَعُ أَن يَغْفِرَ لِي خَطِيئَتِي يَوْمَ الدِّينِ ﴿٨٢﴾ رَبِّ هَبْ لِي حُكْمًا وَأَلْحِقْنِي بِالصَّالِحِينَ ﴿٨٣﴾ }}.الشعراء.

    واتە: هەروەها بەسەرهات و هەواڵی ئیبراهیم بۆ ئەو خەڵکە باس بکە. کاتێک بە باوکی و بە قەومەکەی گوت: باشە، ئەوە ئێوە چی دەپەرستن؟! گوتیان ئێمە کۆمەڵێک بت دەپەرستین و بەردەوام دەور و خولیان دەدەین. ئیبراهیم گوتی: ئایا کاتێک کە هاناو و هاواریان بۆ دەبەن و دوعا و نزا دەکەن، گوێیان لەئاهـ و ناڵە و داخوازیەکانتان هەیە؟! یاخود دەتوانن ئەوانە قازانجێک یان زیانێکتان پێبگەیەنن؟! بت پەرستان وەڵامیان دایەوە و گوتیان: (ئێمە ئەوە نازانین)، باو و باپیرانمان دیتووە ئاوایان کردووە (ئێمەش وا دەکەین)...

    ئیبراهیم گوتی: باشە نابیینن چی دەپەرستن (کەی ئەو شتانە شایستەی پەرستنن). بەڕاستی ئێوەش و باو و باپیرانی دێرینیشتان (بە هەڵەدا چوون). بێگومان هەموو ئەوانە دوژمنی منن، بە دوژمنی خۆمیان دەزانم جگە لە پەروەردگاری جیهانیان. ئەوەی دروستی کردووم هەر ئەو ڕێنموییم دەکات. هەر خۆی خۆراکم پێ دەبەخشێ و تینویەتیم دەشکێنێ. کاتێکیش کە نەخۆش دەکەوم، ئەوە هەر ئەو چارەسەرم دەکات و شیفام بۆ دەنێرێت. هەر ئەویش دەممرێنێت و لەوەودواش زیندووم دەکاتەوە. هەر ئەوە ئومێدم پێیەتی کە لە گوناهم خۆش ببێت لە رۆژی قیامەتتدا.....

    (ئەوجا ئیبراهیم نزای کرد و گوتی) پەروەردگارا: زانیاری و دانایی و دەسەڵاتی تەواوم پێ ببەخشە و پەیوەستم بکە بە چاکەکارانەوە.

    هەر لەو بارەیەوە خودای گەورە لە سورەتی (العنکبوت) دا دەفەرموێ:

    {{وَإِبْرَاهِيمَ إِذْ قَالَ لِقَوْمِهِ اعْبُدُوا اللَّهَ وَاتَّقُوهُ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ ﴿١٦﴾إِنَّمَا تَعْبُدُونَ مِن دُونِ اللَّهِ أَوْثَانًا وَتَخْلُقُونَ إِفْكًا إِنَّ الَّذِينَ تَعْبُدُونَ مِن دُونِ اللَّهِ لَا يَمْلِكُونَ لَكُمْ رِزْقًا فَابْتَغُوا عِندَ اللَّهِ الرِّزْقَ وَاعْبُدُوهُ وَاشْكُرُوا لَهُ إِلَيْهِ تُرْجَعُونَ ﴿١٧﴾}}. ألعنكبوت.

    واتە: باسی ئیبراهیمیش بکە کە کاتی خۆی بە قەوم و هۆزی خۆی گوت: تەنیا خودا بپەرستن و هەر لەو بترسن، ئەو بیر و باوەڕە چاک و پەسەند و خێردارترە بۆتان، ئەگەر بزانن و تێبگەن. بەڕاستی ئەو شتانەی کە لە جیاتی خودا دەیانپەرستن تەنیا بت و پەیکەرن، ئێوە بوختان و شتی نابەجێ دروست دەکەن، بێگومان ئەو شتانەی کە لە جیاتی خودا دەیانپەرستن خاوەنی هیچ رزق و رۆزیەک نین بۆ ئێوە، کەواتە هەر داوای رزق و رۆزی لە خودا بکەن، هەر ئەویش بپەرستن، هەر سوپاسگوزاری ئەو بن، بۆ لای ئەویش دەگەڕێنرێنەوە.

    ئیبراهیم (عليه السلام) نەخشە دەکێشی بۆ شکاندنی بتەکان

    ئیبراهیم (عليه السلام) زۆر ڕقی لەو بت و پەیکەرانە دەبۆوە کە گەلەکەی دەیانپەرست. ئەوە بوو لەدڵی خۆیدا بڕیاری ئەوەی دا بیانشکێنێت، بۆیە لە فرسەتێک دەگەڕا بۆ ئەم مەبەستە. ئەوەش بۆ ئەوەی بۆ قەومەکەی بسەلمێنێ و بۆیان ئاشکرا بێت کە ئەوانە خودا نین و تێکشکاندنیان ببێت بە بەڵگەیەک کە ئەو بتانە هیچ زەرەر و قازانجێکیان نیە و تەنانەت ئەو بتانە ناتوانن ئازاری هیچ کەسێک بدەن گەر زیانیان لێبدات.

    بۆیە ئیبراهیم (عليه السلام) سوێندی خوارد کە بەڵایەک بەسەر ئەم بتانە بهێنێت. خودای گەورە دەفەرموێ:

    وَتَاللَّهِ لَأَكِيدَنَّ أَصْنَامَكُم بَعْدَ أَن تُوَلُّوا مُدْبِرِينَ ﴿٥٧﴾. ألأنبياء.

    واتە: ئەوجا ئیبراهیم لەبەر خۆیەوە سوێندی خوارد و گوتی: بەخودا نەخشەیەک دەکێشم و داوێک دەنێمەوە بۆ بتەکانتان دوای ئەوەی ئێوە بەجێتان هیشتن و پشتتان هەڵکرد.

    ئیبراهیم (عليه السلام) فرسەتێکی باشی بۆ هەڵکەوت بۆ شکاندنی بتەکان، ئەو فرسەتەش لەڕۆژێکدا بۆی هاتە پێشەوە لە ڕۆژی (جەژنی گەلەکەی)، کە هەموو خەڵکی دەچوونە دەرەوەی شار بۆ ئاهەنگ گێڕان. باوکی داوای لە ئیبراهیم کرد کە بچیت لەگەڵیاندا بۆ دەرەوەی شار بۆ ئاهەنگ گێڕان، (ئیبراهیم) یش بۆ ئەوەی خۆی دوا بخات و نەچێت لەگەڵیان، ئەوەبوو تەماشایەکی ئەستێرەکانی کرد و گوتی: (من لە دەرکەوتنی ئەستێرەدا ئەوە دەخوێنمەوە کە من دەردەدار بووم). {{فَنَظَرَ نَظْرَةً فِي النُّجُومِ ﴿٨٨﴾ فَقَالَ إِنِّي سَقِيمٌ ﴿٨٩﴾}}. ألصافّات.

    خەڵکەکە وا تێگەیشتن کە ئیبراهیم تووشی نەخۆشیەکی خراپ بووە، بۆیە دەستبەجێ بەجێیان هێشت بۆ ئەوەی نەخۆشییەکە ئەوانیش نەگرێتەوە.

    دوای ڕۆیشتنی خەڵکەکە کەوتە ڕێ بۆ لای بتەکان بە مەبەستی تێکشکاندنیان، کە چووە ناو هۆڵەکەی پەیکەرەکانی تێدابوو دیتی خواردنێکی زۆر لە بەردەمی بتەکان داندراوە (وا پێدەچێت بەنیازی قوربانی و خۆ لێ نزیک کردنەوەیە لەم بتانە ــ بە بۆچوونی خۆیان ــ). ئیبراهیم (عليه السلام) کە خواردنەکانی دیت، کەوتە گاڵتە پێکردن بە پەیکەرەکان پێی گوتن: ئەوە بۆ ناخۆن؟ بۆ هیچ کامتان وەڵام ناداتەوە؟... ئەوجا بەدەستی ڕاستی هەموویانی بە تەورێك شکاند و ورد و خاشی کردن. خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{فَرَاغَ إِلَى آلِهَتِهِمْ فَقَالَ أَلَا تَأْكُلُونَ ﴿٩١﴾ مَا لَكُمْ لَا تَنطِقُونَ ﴿٩٢﴾ فَرَاغَ عَلَيْهِمْ ضَرْبًا بِالْيَمِينِ ﴿٩٣﴾}}. ألصّافّات.

    ئیبراهیم (عليه السلام) تەنیا یەک بتی هێشتەوە ئەویش لە وانی دیکە گەورەتر بوو ( واتە گەورەترین خواوەندیان)، ئەوجا تەورەکەشی پێیدا هەڵپەسارد: {{فَجَعَلَهُمْ جُذَاذًا إِلَّا كَبِيرًا لَّهُمْ لَعَلَّهُمْ إِلَيْهِ يَرْجِعُونَ ﴿٥٨﴾}}. ألأنبياء. واتە: هەموو بتەکانی ورد و خاش کرد جگە لە گەورەکەیان، بەڵکو کە گەڕانەوە (پرسیار بکەن) و ئیبراهیم ڕاستیان بۆ ڕوون بکاتەوە.

    ئەوەی ئیبراهیم کردی لەگەڵ پەیکەرەکان گەورەترین بەڵگەیە بۆ گەلەکەی کە ئەگەر ئەم بتانە خواوەندێکی ڕاستەقینە بوونایە و شایانی ئەوە بوونایە خەڵکی بیانپەرستن ئەوا دەبوایە بەرگرییان لە خۆیان بکردایە و زیانیشیان بە هەرکەسێک بگەیاندایە کە نیازی خراپی بەرامبەریان هەبوایە..


     

    ژیانی ئیبراهیم علیه‌ السلام به‌شی 1


    ژیانی ئیبراهیم علیه‌ السلام به‌شی 2


    ژیانی ئیبراهیم علیه‌ السلام به‌شی 3


    ژیانی ئیبراهیم علیه‌ السلام به‌شی 4

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام