ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

    👇 ئێستا له‌ڕێی مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنه‌👇 

    https://bit.ly/49og2eD

    ژیانی ئیبراهیم علیه‌ السلام به‌شی سێیه‌م

    ژیانی ئیبراهیم علیه‌ السلام به‌شی سێیه‌م


     

    کۆچ کردنی ئیبراهیم (علیه السلام) و هاجەر و کۆرپەکەیان بۆ دۆڵی (مەککە) دوای ماوەیەک پەژارە و حەسوودی لە دەروونی (سارە) دەبزوێت لە بەر ئەوەی هاجەر کوڕی بوو و ئەویش بەساڵاچوو و نەزۆک بوو، داوای لە ئیبراهیم کرد کە (هاجەر و ئیسماعیل)ی کوڕی دوورخاتەوە چونکە وای لێ هاتبوو کە نەیدەتوانی ژیان لەگەڵ (هاجەر)دا بەسەر بەرێت. لەم ڵاشەوە خودای گەورە وەحی بۆ دەنێرێت کە دەبێت (هاجەر) و (ئیسماعیل) لە گەڵ خۆیدا ببات بۆ (مەککە). ئیبراهیم (علیه السلام) ئەو منداڵە و هاجەری بۆ سەفەر سازدا و لەگەڵیاندا کەوتە ڕێ.

    چەندین ڕۆژ بەڕێگەوە بوون تەنها خواست و ئیرادەی خودای گەورە ڕێگەی پێشان دەدا، هەتاخودای گەورە فەرمانی پێدا بەڕاوەستان لە خاکێکی چۆڵی دوور لەئاوەدانی، واتە لەو جێگەیەی کە دەبوو لە ئایندەیەکی نزیکدا ماڵی خودا (البیت الحرام)ی تیادا بنیات بنرێ. ئیبراهیم (هاجەر و ئیسماعیل)ی گەیاندە ئەو جێگە وشک و چۆڵاییەی نە ئاوی لێ بوو نە دار و درەخت، تووورەگەیەک خورما و جەوەندەیەک ئاوی بۆ بەجێ هێشتن و بەشوێنی خۆیدا گەڕایەوە. هاجەر بانگی لێ کرد و گوتی: بۆکوێ دەچی؟ چۆن لەو دۆڵە چۆڵ و وشکەدا بەجێمان دێڵیت؟..چەند جار ئەم پرسیارانەی لێ دووبارە دەکردەوە بەڵام ئیبراهیم هەر بەبێ دەنگی ڕێگەی گرتبووە بەر و دەڕۆیشت. ئەوجا هاجەر لێی پرسی: ئایا خودا فەرمانی پێ کردوویت؟ ئەمجارە ئیبراهیم وەڵامی دایەوە و گوتی: بەڵێ!! هاجەر حاڵی بوو کە ئەوە کاری خودایە بۆیە بەدڵنییای یەوە گوتی: کەوابوو خودا فەرامۆشمان ناکات..

    ئیبراهیم (علیه السلام) جێی هێشتن و ڕۆیشت، هەرچەندە زۆر لەدڵی گران بوو کەوا (هاجەر و ئیسماعیل)ی کوڕی کە شیرەخۆرە بوو بە تەنیا لەو چۆڵ و بیابانە جێ بێڵێت، بەڵام خواستی خودای گەورە لەسەرووی خواستی ئیبراهیمەوە بوو. تاوەکوو لەگردۆڵەکان وون بوو و ئەوانی لێ دیار نەما، ئەوجا ڕووی کردە ئەو جێگەیەی کە (لەدواییدا کەعبەی لێ بنیات درا)، لە خودا پاڕایەوە و ئەو دوعایەی کرد کەقورئانی پیرۆز بۆمان دەگێڕێتەوە:

    {{رَّبَّنَا إِنِّي أَسْكَنتُ مِن ذُرِّيَّتِي بِوَادٍ غَيْرِ ذِي زَرْعٍ عِندَ بَيْتِكَ الْمُحَرَّمِ رَبَّنَا لِيُقِيمُواْ الصَّلاَةَ فَاجْعَلْ أَفْئِدَةً مِّنَ النَّاسِ تَهْوِي إِلَيْهِمْ وَارْزُقْهُم مِّنَ الثَّمَرَاتِ لَعَلَّهُمْ يَشْكُرُونَ ﴿٣٧﴾ رَبَّنَا إِنَّكَ تَعْلَمُ مَا نُخْفِي وَمَا نُعْلِنُ وَمَا يَخْفَى عَلَى اللّهِ مِن شَيْءٍ فَي الأَرْضِ وَلاَ فِي السَّمَاء ﴿٣٨﴾}}. إبراهيم

    مانا و شیکاری ئایەتەکان: خودایە ئەوا من هەندێک لە وەچە و خێزانم لە دۆڵێکی وشکی بێ کشتوکاڵدا جێنشین کردووە؛ لەلای ئەو ماڵەتەوە (کە لەمەو لا بۆت بنیاد دەنێم و کەڕیز و بەهای گەورەی دەبێت و کەس ناتوانێت بە چاوی بێ حورمەتی و سووک بۆی بڕوانێت)!! خودایە بۆیە لێرە نیشتەجێم کردن تا بەچاکی نوێژ و خودا پەرستی ئەنجام بدەن، جا داواکارم دڵی هەندێک لەو خەڵکە کەمەندکێش بکەیت بۆ لایان و لە ڕزق و ڕۆزی جۆرا و جۆر بەهرەمەندیان بکەیت، تاکو سوپاسگوزاری بکەن. خودایە، تۆ لە نهێنی و ئاشکرامان ئاگاداریت (لە کار و کردەوەمان) و هیچ شتێک لە زەوی و لە ئاسماندا لە خودای گەورە پەنهان نابێت.

    هاجەر و کوڕەکەی بەتەنها مانەوە لەو دەشتە چۆڵە بێ ئاوە، بەردەوام شیری دەدا بە کوڕەکەی و لەو ئاوەشی دەخواردەوە کە ئیبراهیم (علیه السلام) بۆی بەجێ هێشتبوو، پاش ماوەیەک جەوەندەکە ئاوی تێدا نەما، زۆری پێ نەچوو خۆی و کوڕەکەی تینوێتی زۆری بۆ هێنان بەڵام (هاجەر) زیاتر بێ تاقەتی کوڕەکەی بوو و ئەو دیمەنە دڵتەزێنەی کوڕی کە ڕادەچڵەکی لە تینوان دا زۆر لەلا ناخۆش بوو، خۆی بۆ ڕانەگیرا و لەو ناوەدا کەوتە گەڕان و نەی دەزانی ڕوو لەکوێ بکات، نزیکترین شوێن لێیەوە تەپۆڵکەیەکی بڵند بوو کە بە (صفا) ناسراوە، یەکسەر ڕای کرد بۆی و چووە سەری و ڕوانیە دەور وبەری بەڵام هیچ کەسی بەدی نەکرد، پاشان هاتە خوارەوە بە گورگە لۆقە (هرولە) دامێنی کراسەکەی هەڵکردبوو شیوەکەی بڕی و چووە سەر تەپۆڵکەکەیەکی دیکە کە بە (مڕوە) ناسراوە، لەوێش زۆری ڕوانی هیچ کەسی بەدی نەکرد، دیسان بەهەمان شێوە شیوەکەی بڕی و گەڕایەوە بۆ (صفا). ئەم هات و چۆیەی نێوان (صفا) و (مڕوە) حەوت جاری خایاند (١). ((بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی (سعی) بەینی سەفا و مەڕوە کرتەیەک لەسەر بکە)).

    بیری زەمـــــزەم (زمزم)

    پاشان لەسەر (مەڕوە)وە دەنگێکی بیست، لەبەر خۆیەوە بەخۆی گوت: ئا بێدەنگ بە، جارێکی دیکەش دەنگەکەی بیستەوە کە ئاوڕی بۆ دایەوە دیتی فریشتەیەک (لە مەوقیعی زەمزەم) بە پاژنەی پێی یا بەباڵەکانی کێشا بە زەویدا و یەکسەر ئاو لەو جێگەیە هەڵقوڵا، فریشتەکە پێی گوت: مەترسن، ئێوە زایە نابن، ئائەوە ماڵی خودایە (ئاماژەی بۆ تەپۆڵکەیەکی نزیکی کرد، کە ئاوی باران لەم لاو ئەو لای کەم کردبۆوە)، فریشتەکە بەردەوام بوو و گوتی: ئەم کوڕە و باوکی لێرە ماڵی خودا دروست دەکەن [١٥]. هاجه‌ر‌ له‌ خۆشیاندا به‌ده‌ست ئاوه‌كه‌ی كۆ ده‌كرده‌وه‌ و نەیهێشت جۆگەلە بکات، گۆمیلکەی بۆ کرد و جه‌وه‌نده‌كه‌ی لێ پڕ كرد. پێغه‌مبه‌ر (دروود و سه‌لامی خودای له‌سه‌ر بێت)فه‌رموویە: (خودا ڕه‌حم به‌دایكی ئیسماعیل بكات ئه‌گه‌ر وای نه‌كردایه‌ و لێ بگەڕایە ئاوی زمزم بڕۆشتایە، ئێستا زمزم سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕه‌وان ده‌بوو). هاجه‌ر تێر ئاوی خوارده‌وه‌ و شیری دا به‌ منداڵه‌كه‌ی.

    هۆزی جورهوم

    خێلێکی عەرەب کەناویان (جورهوم) بوو کاروانێکیان لە نزیک ئەو شوێنەوە دەڕۆیشتن لە خوارووی مەککە لایان دابوو. دیتیان باڵندە بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەسووڕێتەوە، گوتیان: ئەو باڵندانە بەسەر ئاوێکدا دەسووڕێنەوە، ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین لەم دۆڵەدا ئاو نەبووە، کەسێکیان نارد بۆ زانینی هەواڵەکە و گەڕایەوە بۆ لایان و مژدەی بوونی ئاوی پێدان. پاشان کاروانەکە چوون بۆ لای (هاجەر) و پێیان گوت: ئایا ڕێگەمان پێ دەدەیت ئێمەش لێرەدا نیشتەجێ ببین؟ گوتی: باشە، بەڵام مافی تەسەرروفی ئاوەکە بەدەست خۆمەوەیە(٢).

    کاروانیەکان هەواڵیان نارد بۆ خێزانەکانیان کە بەرەو مەککە بکەونە ڕێ. ئیتر ئەو هۆزە واتە هۆزی (جورهوم) لەو شوێنە جێ نشین بوون. ئیسماعیل لەوانەوە فێری زمانی عەرەبی بوو، وە لەناویاندا گەورە بوو و ئافرەتێکی (جورهومی) کرد بە هاوسەری خۆی.

    پێغەمبەرێتی ی "ئیسماعیل" خودای گەورە بەدەقیکی قورئانی ئاماژەی بۆ پێغەمبەرێتی ی ئیسماعیل کردووە و فەرموویە:

    {{وَاذْكُرْ فِي الْكِتَابِ إِسْمَاعِيلَ إِنَّهُ كَانَ صَادِقَ الْوَعْدِ وَكَانَ رَسُولًا نَّبِيًّا ﴿٥٤﴾ وَكَانَ يَأْمُرُ أَهْلَهُ بِالصَّلَاةِ وَالزَّكَاةِ وَكَانَ عِندَ رَبِّهِ مَرْضِيًّا ﴿٥٥﴾}}. مريـــم.

    واتە: (هەرەوها) لە قورئاندا باسی ئیسماعیل بکە، بەڕاستی ئەو لە بەڵێن و پەیمانەکانیدا ڕاستگۆ بوو، ئەو پێغەمبەرو ڕەوانە کراوی خودا بوو. (ئیسماعیل) هەمیشە بەردەوام، فەرمانی دەدا بە خێزانی و خزمانی، کە نوێژەکانیان (بەڕیک و پێکی و لەکاتی خۆیدا) ئەنجام بدەن و زەکاتیش فەرامۆش نەکەن و ئەو لای پەروەردگاری شایستەی ڕێزو ڕەزامەندی بوو.

    خەونەکەی ئیبراهیم (علیه السلام) و قوربانی دان بە ئیسماعیل

    خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{وَقَالَ إِنِّي ذَاهِبٌ إِلَى رَبِّي سَيَهْدِينِ ﴿٩٩﴾ رَبِّ هَبْ لِي مِنَ الصَّالِحِينَ ﴿١٠٠﴾ فَبَشَّرْنَاهُ بِغُلَامٍ حَلِيمٍ ﴿١٠١﴾ فَلَمَّا بَلَغَ مَعَهُ السَّعْيَ قَالَ يَا بُنَيَّ إِنِّي أَرَى فِي الْمَنَامِ أَنِّي أَذْبَحُكَ فَانظُرْ مَاذَا تَرَى قَالَ يَا أَبَتِ افْعَلْ مَا تُؤْمَرُ سَتَجِدُنِي إِن شَاء اللَّهُ مِنَ الصَّابِرِينَ ﴿١٠٢﴾ فَلَمَّا أَسْلَمَا وَتَلَّهُ لِلْجَبِينِ ﴿١٠٣﴾ وَنَادَيْنَاهُ أَنْ يَا إِبْرَاهِيمُ ﴿١٠٤﴾ قَدْ صَدَّقْتَ الرُّؤْيَا إِنَّا كَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ ﴿١٠٥﴾ إِنَّ هَذَا لَهُوَ الْبَلَاء الْمُبِينُ ﴿١٠٦﴾ وَفَدَيْنَاهُ بِذِبْحٍ عَظِيمٍ ﴿١٠٧﴾ وَتَرَكْنَا عَلَيْهِ فِي الْآخِرِينَ ﴿١٠٨﴾ سَلَامٌ عَلَى إِبْرَاهِيمَ ﴿١٠٩﴾ كَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ ﴿١١٠﴾ إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُؤْمِنِينَ ﴿١١١﴾ وَبَشَّرْنَاهُ بِإِسْحَقَ نَبِيًّا مِّنَ الصَّالِحِينَ ﴿١١٢﴾ }}. ألصّافّات.

    واتە: (ئینجا ئیبراهیم گوتی): من ئێوە بەجێ دەهێڵم و دەڕۆم بەرەو ڕەزامەندی پەروەردگارم، لە ئاییندەشدا بەردەوام ڕێنموویم دەکات. (ئەوسا کۆچی کرد)، لە خودا پاڕایەوە و گوتی: خودایە نەوەیەکی چاک و پاکم پێ ببەخشە. ئێمەش مژدەی کورێکی بە ئارام و خۆگر و ژیرمان پێبەخشی (کە ئیسماعیل)ـه. کاتێک ئەو کوڕە پێ دەگات و گەشە دەکات و (دەچێتە ئەو تەمەنەوەی کە دەتوانێت خۆی هەوڵ بدات و توانای کارکردنی هەبێت)! ئیبراهیم پێی گوت: کوڕم؛ من لە خەومدا دەبینم کە تۆ سەردەبڕم! تۆ دەڵێی چی؟ ڕات چۆنە؟! گوتی: بابە؛ هەر فەرمانێکت پی دراوە جێبەجێی بکە، دەمبینیت ئەگەر خودا بیەوێت، لە ئارامگران دەبم. کاتێک هەردووکیان تەسلیمی فەرمانی خودا بوون، ئیبراهیم کوڕەکەی بە ڕوودا دەخات! ئێمەش بانگمان لێکرد: ئەی ئیبراهیم خەوەکەت هێنایە دی، ئێمە هەر ئاوا پاداشتی چاکەکەران دەدەینەوە. بەڕاستی ئەمە خۆی تاقیکردنەوەیەکی ئاشکرا و ڕوونە. ئێمەش قۆچێکی گەورەمان کردە قوربانی (ئیسماعیل). پاشان ئێمە لە ناو گەلان و نەوەکانی داهاتوودا ناوی ئیبراهیممان هێشتەوە. سڵاو و دروود لەسەر ئیبراهیم. ئێمە بەو شێوەیە پاداشتی چاکەکەران دەدەینەوە. بەڕاستی ئەویش لە بەندە ئیماندارەکانی ئێمەیە. مژدەی هاتنە دنیای ــ ئیسحاق ــ یشمان پێبەخشی، کە ئەویش پێغەمبەرێکە لە چاکەکان.

    ئیبراهیم (علیه السلام) کە هیجرەتی کرد و قەومەکەی بەجێهێشت، داوای لە خودای گەورە کرد کە نەوەیەکی (صالح)ی پێبدات، خودای گەورەش داواکاری یەکەی پەسند دەکات و کوڕێکی هێمن (غُلامٌ حَليم)ی(٥) پێدەبەخشێت کە (ئیسماعیل)ـه و یەکەم کوڕیەتی و لەتەمەنی (٨٦) ساڵیدا خودا پێی دەبەخشی. ئەوجا لەگەڵ (هاجەر)ی دایکی دەیانبا لەو دەشتە وشکە و بێ ئاوییەی (مەککە) بەجێیان دەهێڵێت و خۆی دەگەڕێتەوە.

    ئیبراهیم (علیه السلام) لەو ماوەی ژیانیدا چەندین جار سەردانی مەککەی کردووە. یەکێک لەو سەردانانەی کاتیک بوو کە کوڕە تاقانەکەی بوو بە (لاو) و چووە ئەو تەمەنەوەی کە توانای کەرکردنی هەبێت! ئیبراهیم (علیه السلام) خەونی دیت لە خەونەکەیدا دیتی کە کوڕە تاقانەکەی سەردەبڕێت(٦). ئیبراهیم (علیه السلام) مەسەلەکە دەخاتە بەرچاوی ئیسماعیل تاکو ئەم کارە لەبەر دڵیدا لەبارت رو ئاسان تریش بێت لەوەی کە بەزۆر سەری ببڕێت! و پێی دەڵێ: کوڕی خۆم من لەخەودا پێیان گوتم تۆ بکەم بە قوربانی، بزانم تۆ دەڵێی چی؟ ڕات چۆنە؟ گوتی: بابە گیان ئەوەی فەرمانت پێ کراوە جێ بەجێی بکە، پشت بەخودا دەمبینیت لە ئارامگران دەبم....

    باوکەکە دەزانێت خەونی پێغەمبەران سروش (وەحی) خودایە...کوڕەکە دەزانێت خەونی پێغەمبەران (وەحی)یە... باوکەکە نایەت لەخودا بپاڕێتەوە ئەو ئەرکە گرانەی لەسەر لاببات بەڵکو دەستبەجێ دەیەوێ فەرمانەکەی پەروەردگاری جێبەجێ بکات...یاخود باوکەکە نایەت (تەئویل) بکات و بڵێت: ئەی بو ڕاستەوخۆ پێم نەگوتراوە!!....باوکەکە خۆی ناخاتە درەنگ و سبەینێ یا ڕۆژێکی دی بەڵکو زوو بەدەم فەرمانەکەی پەروەردگاریدا رۆیشتووە...کوڕەکەش نایەت ناڕەزایی دەربڕێت، خۆی ناشارێتەوە بەڵکو زۆر بەئەدەبەوە گوێ ڕایەڵی باوکی دەبێت و ئامادەیی خۆی پیشان دەدات...

    کە هەردووکیان خۆیان دەدەنە دەست فەرمان و بڕیاری خودا و بەتەمای ڕاپەڕاندنی ئەمری خودا دەبن، ئیبراهیم ئیسماعیلی بە ڕوودا خستە سەر خاک (واتە دەم و چاوی دەخاتە سەر زەوی و بە سکدا دەیخات) تاکو لە پشتەوە سەری ببڕێت و ڕوخساری کوڕەکەی لە حاڵەتی سەربڕیندا نەبینێت، ئەوجا چەقۆکە بە ملیدا دێنێت بەڵام نایبڕیت (واتە جەقۆکە نایبڕێت). لە دواوە بانگێکی لێکرا: ئەی ئیبراهیم (دەست هەڵگرە لە سەربڕینی کوڕەکەت چونکە مەبەستی تاقیکردنەوەتمان دەست کەوت و لێمان ڕادییت کە گوێڕایەڵیت و فەرمانی خودای خۆت بە چاکی ڕادەپەڕێنیت)، ئەمە ئەو تاقیکردنەوە گەورە و دیار و ڕۆشنە بوو کە باوەڕ و ئیمانی تۆمان پێ هەڵسەنگاند و (تۆش تیایدا سەرکەوتوو بویت)، جا لە بریتی کوڕەکەت ئەم بەرانەی بۆمان داناویت (سەرببڕە و بیکە بە قوربانی کوڕەکەت). کە ئاوەڕیان دایەوە بەرانێکی شاخداری گەورە لە دوایانەوە ڕاوەستابوو [١٧]، پاشان چوون لە (مینا) سەریان بڕی [١٨]. تێبینی یەک:

    جوولەکەکان لە بەر حەسودی ئیددیعای ئەوە دەکەن کە سەربڕاوەکە (ئیسحاق)ی کوڕی ئیبراهیمە، چونکە لەکتێبەکەی ئەوان (سفر التکوین) بەو شێوەیە نوسراوە گوایەخودای گەورە بە (ئیبراهیم)ی فەرمووبێت: (کوڕە تاقانەکەی خۆت کە خۆشت دەوێت و (ئیسحاقە) لەگەڵ خۆتدا ببە بۆ خاکی ــ موریە ــ ). ئیمام إبن كثير ــ ڕەحمەتی خودای لێ بێت ــ لە وەڵامی ئەو ئیدیعایەی جوولەکەکاندا گوتوویەتی: (لەو ئیددیعایەیاندا بێژە (لفظ)ی ــ ئیسحاق ــ بەنابەجێ دانراوە، چونکە ــ ئیسحاق ــ کوڕی تاقانەو کوری یەکەم نەبووە، بەڵکو ــ ئیسماعیل ــ بووە، بەڵام جوولەکەکان ئەوەیان بە پێچەوانەوە باس کردووە لەبەر ئێرەیی (حەسوودی) بردنیان بە ـ عەرەب ـ، لەبەر ئەوەی ئیسماعیل باوکی ئەو عەرەبانەیە کە لە (حیجاز)دا نیشتەجێ بوون و یەکێک لەوانیش (محمد ـ ی پێغەمبەری خودایە)، (ئیسحاق)یش باوکی ـ یەعقووبە ـ واتە (ئیسرائیل) کە جوولەکەکان لە ڕەچەڵەکی ئەون و ویستوویانە ئەو پلە و پایەیە بۆخۆیان بێت، بەم ڕەنگەش دەستکاریی ی (٧) فەرمایشتی خودایان کردووە و بۆیان زیاد کردووە [١٩].

    هاوسەرەکەی ئیسماعیل دوای ماوەیەک (هاجەر) وەفات دەکات. ڕۆژێکیان ئیبراهیم (علیه السلام) دێت بۆ مەککە بۆ سەردانی ماڵی ئیسماعیلی کوڕی، تەنها بووکەکەی لەماڵەوە دەبێت و ئەویش ئیبراهیم (علیه السلام) ناناسێت چونکە نەی دیتبوو. ئیبراهیم (علیه السلام) هەواڵی ئیسماعیلی لێ پرسی، ئەویش لەوەڵامدا پێی ڕاگەیاند مێردەکەی چووە بۆ ڕاو، پاشان لە حاڵ و بارودۆخی گوزەرانیانی پرسی، ئەویش لەوەڵامدا گوتی: زۆر دەست کورت و نەدارین، ئیدی زۆری لەو قسانەی کرد. ئیبراهیم (علیه السلام) پێی گوت: ئەگەر مێردەکەت هاتەوە سەلامی لێ بکە و پێی بڵێ: با لاشیپانی دەرگەکەی بگۆڕێت(٣). دوای ئەوەی کە ئیبراهیم (علیه السلام) ڕۆیشت، ئیسماعیل هاتەوە. وەک هەستی شتیکی کردبێت، لە هاوسەرەکەی پرسی: ئەمڕۆ کەس هاتووە بۆ لاتان؟! ئەویش لە وەڵامدا گوتی: بەڵێ، پیاوێکی پیری لەم حاڵە و لەم ڕەنگە پرسیاری تۆی لێ کردم و منیش وەڵامم دایەوە، پاشان پرسیاری حاڵ و گوزەرانمانی کرد، منیش گوتم لە ناڕەحەتی و سەغلەتیداین. ئیسماعیل پرسیاری کرد و گوتی: ئەی باشە هیچ ڕاسپاردەیەکی پێ نەگوتی؟! گوتی: بەڵێ، پێی گوتم سەلامی لێ بکە و پێی بڵێ: لاشیپانی دەرگەکەی بگوڕێت. ئیسماعیل گوتی: ئەوە باوکم بووە، فەرمانی پێ کردووم لێت جیاببمەوە،کەواتە تۆش بڕۆ بۆ ماڵی باوکت!!... بەو ڕەنگە تەڵاقی داو هەر لەم هۆزە ژنێکی دیکەی هێنا.

    پاش ماوەیەکی دی ئیبراهیم (علیه السلام) سەردانی کردەوە، ئەم جارەشیان ئیسماعیل لە ماڵ نەبوو، ئیبراهیم (علیه السلام) هەواڵی ئیسماعیلیلە هاوسەرەکەی پرسی ئەویش لە وەڵامدا پێی ڕاگەیاند مێردەکەی چووە بۆ ڕاو! ئینجا پرسیاری دەربارەی بارودۆخی ژیان و گوزەرانیانی لێ کرد. ئەویش گوتی: سوپاس بۆ خودا زۆر باشین، گوزەرانمان چاکە، سوپاس و ستایشی زۆری خوداشی لەلا کرد. ئەوجا پرسیاری جۆری خواردنیانی لێ کرد. ئەویش لەوەڵامدا گوتی: گۆشت! ئیبراهیم (علیه السلام) پرسی: ئەی خواردنەوەتان؟! وەڵامی دایەوە و گوتی: ئاو! ئیبراهیم فەرمووی: (أللهُمَّ بارِكْ لَهُم في اللَّحْمِ والْماءِ)، واتە: خودایە بەرەکەتیان بۆ بخەیتە گۆشت و ئاوەوە(٤)....پاشان فەرمووی ئەگەر مێردەکەت هاتەوە سەلامی لێ بکە و پێی بڵێ: (لاشیپانی دەرگەکەی جێگیرکا و بیهێڵێتەوە). کاتێک ئیسماعیل گەڕایەوە ماڵەوە، بە هاوسەرەکەی گوت: کەس سەردانی کردوون؟ گوتی: بەڵێ! پیاوێکی بە تەمەنی ڕوخسار جوانی نورانی، پرسیاری تۆی کرد، منیش وەڵامم دایەوە، پاشان پرسیاری حاڵ و گوزەرانمانی کرد، منیش گوتم: باشین! ئیسماعیل گوتی: هیچ ڕاسپاردەی پێ نەگوتی؟ گوتی: بەڵێ! پێی گوتم سەلامی لێ بکە و پێی بڵێ:(لاشیپانی دەرگەکەی چێگیرکا و بیهێڵیتەوە)! ئیسماعیل گوتی ئەوە باوکم بووە! لاشیپانی دەرگەکەش تۆی! فەرمانی پێ کردووم دەستت لێ بەرنەدەم.

    باسی لەدایک بوونی گەورەمان ئیسحاق

    خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{وَبَشَّرْنَاهُ بِإِسْحَقَ نَبِيًّا مِّنَ الصَّالِحِينَ ﴿١١٢﴾ وَبَارَكْنَا عَلَيْهِ وَعَلَى إِسْحَقَ وَمِن ذُرِّيَّتِهِمَا مُحْسِنٌ وَظَالِمٌ لِّنَفْسِهِ مُبِينٌ ﴿١١٣﴾}}. الصّافّات.

    واتە: مژدەی هاتنی دنیای ــ ئیسحاق ــ یشمان پێبەخشی، کە ئەویش پێغەمبەرێکە لە چاکان. خێر و بەرەکەتمان ڕژاند بەسەر ئیبراهیم و بەسەر ئیسحاقدا و لە نەوەی هەردووکیان واتە: (ئیسماعیل و ئیسحاق) چاکان و پاکان، هەروەها ئەو کەسانەش پەیدا دەبن بە ڕوونی ستەم لە خۆیان دەکەن. ڕۆژێک لەڕۆژان چەند فریشتەیەک لەسەر شێوەی مرۆڤ هاتن بۆ ماڵی ئیبراهیم (علیه السلام) لە (فەلەستین) و بوون بە میوانی. ئەویش وەک عادەتی میوانداری گایەکی قەڵەوی بۆ سەربڕین، کاتێک خواردنەکە ئامادە کرا، دیتی میوانەکان دەست بۆ خواردنەکە ڕاناکێشن و نایخۆن، لەبەر ئەوە ئیبراهیم زۆر ترسا چونکە عادەت وابوو هەر میوانێک لە خواردنی خانەخوێی نەخواردایە، مەبەست وابوو نیازی خراپیان هەیە. (بۆ نموونە لە کوردەواریشدا وا باوە هەر کەسێک خواردنی ماڵێکی خواردبێ، دەڵی: نمەکم کردوون و قەد زیان بەو ماڵە و خەڵکی ماڵەکە ناگەیەنێت).

    خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{وَلَقَدْ جَاءتْ رُسُلُنَا إِبْرَاهِيمَ بِالْبُشْرَى قَالُواْ سَلاَمًا قَالَ سَلاَمٌ فَمَا لَبِثَ أَن جَاء بِعِجْلٍ حَنِيذٍ ﴿٦٩﴾ فَلَمَّا رَأَى أَيْدِيَهُمْ لاَ تَصِلُ إِلَيْهِ نَكِرَهُمْ وَأَوْجَسَ مِنْهُمْ خِيفَةً قَالُواْ لاَ تَخَفْ إِنَّا أُرْسِلْنَا إِلَى قَوْمِ لُوطٍ ﴿٧٠﴾ وَامْرَأَتُهُ قَآئِمَةٌ فَضَحِكَتْ فَبَشَّرْنَاهَا بِإِسْحَقَ وَمِن وَرَاء إِسْحَقَ يَعْقُوبَ ﴿٧١﴾ قَالَتْ يَا وَيْلَتَى أَأَلِدُ وَأَنَاْ عَجُوزٌ وَهَذَا بَعْلِي شَيْخًا إِنَّ هَذَا لَشَيْءٌ عَجِيبٌ ﴿٧٢﴾ قَالُواْ أَتَعْجَبِينَ مِنْ أَمْرِ اللّهِ رَحْمَتُ اللّهِ وَبَرَكَاتُهُ عَلَيْكُمْ أَهْلَ الْبَيْتِ إِنَّهُ حَمِيدٌ مَّجِيدٌ ﴿٧٣﴾فَلَمَّا ذَهَبَ عَنْ إِبْرَاهِيمَ الرَّوْعُ وَجَاءتْهُ الْبُشْرَى يُجَادِلُنَا فِي قَوْمِ لُوطٍ ﴿٧٤﴾ إِنَّ إِبْرَاهِيمَ لَحَلِيمٌ أَوَّاهٌ مُّنِيبٌ ﴿٧٥﴾}}. هود.

    واتاو شیکاری ئایەتەکان: بێگومان وەفدێکی ڕەوانە کراوی ئێمە (لە چەند فریشتەیەک پێک هاتبوو) هاتن بۆ ماڵی ئیبراهیم بە مژدەوە (مژدەی بوونی منداڵێک) و گوتیان: سەلامی خودات لێبێت، ئەویش گوتی: سەلامی خودا لە ئێوەش، دوای بەخێرهاتنیان ڕۆیشت و جا زۆری پێ نەچوو گەڕایەوە بە گۆشتی گۆلکێکی برژاوەوە. جا کاتێک ئیبراهیم دیتی دەستی بۆ نابەن، کارەکەیانی بە نائاسایی داناو لەدڵی خۆیدا لێیان ترسا. فریشتەکان کاتێک زانیان خۆفێک بە سەر دڵی (ئیبراهیم) دا هاتووە گوتیان مەترسە، ئیمە فریشتە و نێردراوی خوداین، بۆ ئەوە هاتووین تا گەلی (لوط) لەناو بەرین ـــ لە چیرۆکی لوط (علیه السلام)دا بە درێژی باس لە ناوچوونی قەومەکەی دەکەین ــ. لەو کاتەداخێزانەکەی (سارا) وەستابوو، یەکسەر پێکەنی (کە زانی میوانەکان فریشتەن و نێردراوی خودای گەورەن، هەروەها دڵیشی بەوە خۆش بوو کە مژدەی لە ناوچوونی گەلی خراپەکاری ــ سەدووم ــ یشیان هێناوە). جا (خودای گەورە فەرمووی): ئێمەش مژدەمان دایە کە (ئیسحاق)ت پێدەبەخشین و لەدوای ئەویش یەعقوب (لەنەوەی ئیسحاق دێتە دنیاوە). خێزانی ئیبراهیم گوتی: (شەرمەزارخۆم)! چۆن منداڵم دەبێت من پیرم و ئەوەش مێردەکەمە، پیر و بەساڵا چووە، بەڕاستی شتێکی سەر سوڕهێنەرە!! فریشتەکان گوتیان: ئایا سەرسام دەبیت لە فەرمان و کاری خودا؟ دەی بزانن ڕەحمەت و بەرەکەتی خودا لە سەر ئێوەیە، ئەی خێزانی ئەم ماڵە پیرۆزە، (بێگومان خودای گەورە کاری وا دەکات) و چونکە هەمیشە سوپاسکراوە و خاوەنی بەرزی و دەسەڵاتیشە. جا کاتێک ترسەکە لە دڵی ئیبراهیم دەرچوو (هێمن بۆوە) و مژدەکەشی بۆ هاتبوو، کەوتە موجادەلە لەگەڵ فریشتەکان، دەربارەی گەلی (لوط). ‌‌بەڕاستی ئیبراهیم زۆر لەسەر خۆو بە ئارام و خەمخۆر و گەڕاوەیە بۆ لای خودا.

    دروست کردنی کەعبەی پیرۆز

    خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{وَإِذْ بَوَّأْنَا لِإِبْرَاهِيمَ مَكَانَ الْبَيْتِ أَن لَّا تُشْرِكْ بِي شَيْئًا وَطَهِّرْ بَيْتِيَ لِلطَّائِفِينَ وَالْقَائِمِينَ وَالرُّكَّعِ السُّجُودِ ﴿٢٦﴾ وَأَذِّن فِي النَّاسِ بِالْحَجِّ يَأْتُوكَ رِجَالًا وَعَلَى كُلِّ ضَامِرٍ يَأْتِينَ مِن كُلِّ فَجٍّ عَمِيقٍ ﴿٢٧﴾}}. ألحج.

    واتە: کاتیک شوێنی کەعبەمان دیاری کرد بۆ ئیبراهیم (دوای تەواوبوونی، فەرمانمان پێدا) کە هیچ جۆرە هاوەڵێکم بۆ بڕیار نەدەیت و (بیکە بە بنکەی یەکخواناسی) و ماڵی من (واتە کەعبە) پاک بکەرەوە بۆ ئەوانەی بەدەوریدا دەسوڕینەوە، یاخود بە پێوەن یا لە کرنووش و سوجدە بردندان. جا بانگی خەلکی بکە و جاڕ بدە لە ناویاندا با بێن بۆ حەج، ئەوانیش بە پیادە دێن بەدەم بانگەوازەکەتەوە، یان بە سواری (ئەو حوشترانەی کە دووری ماوەکە) لاوازی کردوون و لە هەموو ڕێگەیەکی دوورەوە هەر دێن.

    خودای گەورە فەرمانی کرد بە ئیبراهیم (علیه السلام) بچێت خانوویەک بۆ عیبادەت و خودا پەرستی لە مەککە دروست بکات، تاکو ببێتە یەکەمین ماڵ بۆ خودا پەرستی. ئیبراهیم و ـ ئیسماعیل ـ کوڕی (سەلامی خودایان لێبیت) بەڕێ کەوتن بۆ ئەنجام دانی کارەکە، خودای گەورەش ڕێنمایی کردن بۆ جێگەکەی کە لەو شوێنەدا دروستی بکەن(٨).

    کوڕ و باوک پێکەوە کەوتنە دروست کردنی بینای کەعبەی پیرۆز، لەکاتی ئیش کردندا لە بەرخۆیانەوە زیکر و وێرد و دوعایان دەکرد لەو دوعایانە: {{وَإِذْ يَرْفَعُ إِبْرَاهِيمُ الْقَوَاعِدَ مِنَ الْبَيْتِ وَإِسْمَاعِيلُ رَبَّنَا تَقَبَّلْ مِنَّا إِنَّكَ أَنتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ ﴿١٢٧﴾ رَبَّنَا وَاجْعَلْنَا مُسْلِمَيْنِ لَكَ وَمِن ذُرِّيَّتِنَا أُمَّةً مُّسْلِمَةً لَّكَ وَأَرِنَا مَنَاسِكَنَا وَتُبْ عَلَيْنَآ إِنَّكَ أَنتَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ ﴿١٢٨﴾ رَبَّنَا وَابْعَثْ فِيهِمْ رَسُولاً مِّنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِكَ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَيُزَكِّيهِمْ إِنَّكَ أَنتَ العَزِيزُ الحَكِيمُ ﴿١٢٩﴾ }}. ألبقرة.

    واتە: ئەو کاتەی ئیبراهیم پایەکانی کەعبەی بەرز دەکردەوە لەگەڵ ئیسماعیلدا و (دەیانگوت): ئەی خودای پەروەردگارمان! ئەم کارەمان لێ وەربگرە و لەڕیزی چاکەکانماندا تۆماری بکە، چونکە هەر تۆ بیسەر و زانایت. ئەی خودای پەروەردگارمان هەردووکمان وا لێ بکە تەنها فەرمانبەردار و ملکەچی تۆ بین و لە نەوەکانیشمان ئوممەتێکی مسوڵمان و فەرمانبەردار بۆ خۆت فەراهەم بهێنە و چۆنیەتی ڕێبازی بەندایەتیمان فێربکە و نیشانمان بدە و تەوبە و پەشیمانیمان لێ وەربگرە، بێگومان تۆ زۆر تەوبە وەرگر و میهرەبان و دلۆڤانیت. ئەی خودای پەروەردگارمان! بۆ ئەو خەڵکەی کە لەئایندەدا دێن (لە نێو ئەو وەچەو نەوانەماندا) پێغەمبەرێک لەخۆیان ڕەوانە بکە (کە ئەویش پێغەمبەری خودا محمـــــــد بوو)(٩)، تاکو ئەو ئایەت و بەڵگەو نیشانانەیان (دەربارەی بوون و تاک و تەنیایی تۆ و گەورەیی شان و شەوکەتی تۆ) یان بۆ بخوێنێتەوە، فێری کتیبە پیرۆزەکەی تۆ (واتە قورئان) و داناییان بکات، تا دڵ و دەروونیان لە هەموو داب و نەریتێکی خراپ و گشت سیفەتێکی ناپەسند پاک بکاتەوە، بەڕاستی هەر تۆ باڵادەست و دانایت.

    ئیبراهیم دەستی کرد بە دروست کردنی دیوارەکانی (کەعبە) و ـ ئیسماعیل ـ ی کوڕیشی بەردی دەدایە دەست، کاتێک دیوارەکە بەرز بۆوە ئیبراهیم نەیدەتوانی بەرد بەرز بکاتەوە بەڵکو چووە سەر بەردێک کە بە (مەقامی ئیبراهیم) ناو دەبرێت [٢٠]، ئیدی هەر کە لایەکی دیوارەکەی تەواو دەکرد ئەو بەردەی ژێر پێ ی دەگواستەوە بۆ تەواو کردنی لایەکی دیکە و لەسەری دەوەستا، تا گەیشتنە ئاستێک ئیبراهیم بە ئیسماعیل (علیه السلام)ی گوت: بەردێکی باشم بۆ ئەم جێگەیە بۆ بهێنە، ئیسماعیل درەنگ هاتەوە، کە هاتەوە دیتی ئەو جێگەیە ئەو چوبو بەردی بۆ بێنێ بەردێکی ڕەشی زۆر چاکی لێ داندراوە، گوتی ئەوە کێ ئەو بەردەی هێنا؟ ئیبراهیم (علیه السلام) فەرمووی کەسێک لە تۆ چوست و چالاک تر [٢١]، پاشان خەریک بوون تا هەموو دیوارەکانیان تەواو کرد.

    قورئانی پیرۆزیش ئاماژە بۆ کاری دروست کردنی کەعبەی پیرۆز دەکات لەم ئایەتانەدا:

    {{وَإِذْ جَعَلْنَا الْبَيْتَ مَثَابَةً لِّلنَّاسِ وَأَمْناً وَاتَّخِذُواْ مِن مَّقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى وَعَهِدْنَا إِلَى إِبْرَاهِيمَ وَإِسْمَاعِيلَ أَن طَهِّرَا بَيْتِيَ لِلطَّائِفِينَ وَالْعَاكِفِينَ وَالرُّكَّعِ السُّجُودِ ﴿١٢٥﴾ وَإِذْ قَالَ إِبْرَاهِيمُ رَبِّ اجْعَلْ هََذَا بَلَدًا آمِنًا وَارْزُقْ أَهْلَهُ مِنَ الثَّمَرَاتِ مَنْ آمَنَ مِنْهُم بِاللّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ قَالَ وَمَن كَفَرَ فَأُمَتِّعُهُ قَلِيلاً ثُمَّ أَضْطَرُّهُ إِلَى عَذَابِ النَّارِ وَبِئْسَ الْمَصِيرُ ﴿١٢٦﴾ وَإِذْ يَرْفَعُ إِبْرَاهِيمُ الْقَوَاعِدَ مِنَ الْبَيْتِ وَإِسْمَاعِيلُ رَبَّنَا تَقَبَّلْ مِنَّا إِنَّكَ أَنتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ ﴿١٢٧﴾. ألبقرة.

    واتە: (یادی ئەوەش بکەنەوە "خودای گەورە ئەو نیعمەتە دەخاتەوە یادی عەرەبە مسوڵمانەکان")، چۆن ئەم ماڵەمان (کەعبە) کردە جێگای کۆبوونەوەی خەڵکی، کە بەوپەڕی هێمنی و ئاسایش و ئاسوودەییەوە لەوێ بەیەک بگەن (دە ئێوەش خەڵکینە) مەقامی ئیبراهیم کە شوێنی تایبەتی خوداپەرستی ئەو بوو، بیکەنە جێگەی خوداپەرستی و نوێژ، ئینجا فەرمانماندا بە ئیبراهیم و ئیسماعیل کە ئەو ماڵەم خاوێن بکەنەوە (لە چەپەڵی ماددی وەک بەدکرداری و بەدخوویی، هەروەها لەچەپەڵی مەعنەوی وەک هاوەڵ بۆ خودادانان "شرک" و بتپەرستی) بۆ تەواف کاران (ئەوانەی بەدەوریدا دەسوڕێنەوە) و بۆ ئەوانەی (اعتکاف) دەکەن، هەروەها بۆ کڕنووشبەران و سوجدەبەران.

    (یادی ئەوە بکەنەوە) کاتێک ئیبراهیم دوعای کرد و گوتی: ئەی خودای پەروەردگار: دەورووبەری ئەم ماڵەت بگێڕە بە شارێکی پڕ لە ئاسایش و دانیشتوانەکەشی کە باوەڕیان بە خودا و ڕۆژی دوایی هێناوە بەهرەمەندکە لە ڕزق و ڕۆزیی. (خودای گەورەش نزاکەی گیراکرد) و فەرمووی: تەنانەت ئەوەش کافرە بێ بەش ناکەم لە بەرهەم و ناز و نیعمەتی کەم تەمەنی ئەم دنیایە، بەڵام لە ڕۆژی قیامەتدا دەیانخەمە بەر سزای دۆزەخ و دژوارترین چارەسەر. (بەیاد بهێنن) ئەو کاتەی ئیبراهیم پایەکانی کەعبەی بەرز دەکردەوە لەگەڵ ئیسماعیلدا و (دەیانگوت): ئەی خودای پەروەردگارمان ئەم کارەمان لێ وەربگرە و لەڕیزی چاکەکەنماندا تۆماری بکە، چونکە هەر تۆ بیسەر و زانایت.

    بەڵـــــێ.....خودای گەورە نزاکەی ـ ئیبراهیم ـ ی گیراکرد و داواکاری یەکەی بەجێ گەیاند و شاری ـ مەککە ـ ی کردە وڵاتیکی ئارام و هێمن و هەر کەسێک ویستبێتی دەستدرێژی بکاتە سەر، خودای گەورە لەناوی بردووە، هەروەها ئەو نزایەشێ گیراکرد دەربارەی بەخشینی ڕزق و ڕۆزی یەکی زۆر بە دانیشتوانەکەی....

    توانای خودای مەزن لەسەر زیندوو کردنەوەی مردوان خودای گەورە توانای بەسەر هەموو شتێک لە گەردووندا هەیەو هیچ شتێکی لەلا گران و ئاسەنگ نی یە، چونکە وەک چۆن مرۆڤی لەسەرەتادا خەلق کردووە تواناشی لەسەر زیندووکردنەوەی بۆ ڕۆژی قیامەت هەیە، وەڵامێکی قورئان بۆ ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بەڕۆژی دوایی نی یە، یا ئەو کەسانەی کە دوودڵن و گومانیان هەیە کە بەدی هاتنی ڕۆژی دوایی (أليوم ألآخر) بە دوور دادەنێن و گوایە خودا لەوە دەستەوسانە. وەڵامێکی قورئان بۆ ئەو جۆرە کەسانە لە وەسف کردنی قودرەتی خودا ئەوەیە:

    {{أَوْ كَالَّذِي مَرَّ عَلَى قَرْيَةٍ وَهِيَ خَاوِيَةٌ عَلَى عُرُوشِهَا قَالَ أَنَّىَ يُحْيِي هََذِهِ اللّهُ بَعْدَ مَوْتِهَا فَأَمَاتَهُ اللّهُ مِئَةَ عَامٍ ثُمَّ بَعَثَهُ قَالَ كَمْ لَبِثْتَ قَالَ لَبِثْتُ يَوْمًا أَوْ بَعْضَ يَوْمٍ قَالَ بَل لَّبِثْتَ مِئَةَ عَامٍ فَانظُرْ إِلَى طَعَامِكَ وَشَرَابِكَ لَمْ يَتَسَنَّهْ وَانظُرْ إِلَى حِمَارِكَ وَلِنَجْعَلَكَ آيَةً لِّلنَّاسِ وَانظُرْ إِلَى العِظَامِ كَيْفَ نُنشِزُهَا ثُمَّ نَكْسُوهَا لَحْمًا فَلَمَّا تَبَيَّنَ لَهُ قَالَ أَعْلَمُ أَنَّ اللّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ ﴿٢٥٩﴾}} . ألبقرة.

    واتە: یاخود وەک ئەو کەسەی تێپەڕی بەلای شارۆچکەیەکدا کە هەموو خانووەکانی بەسەر سەقفەکانیدا تەپی بوون، لەبەر خۆیەوە گوتی: ئاخۆ خودای گەورە چۆن خەڵکی ئەم شارۆچکەیە دوای مردنیان زیندوو دەکاتەوە؟! (ئەو کەسە عوزەیر پێغەمبەر بوو)، یەکسەر خودای گەورە سەد ساڵ مراندی و پاشان زیندووی کردەوە و پێی فەرموو: چەند مایتەوە؟ (عوزەیر) گوتی: ڕۆژێک یا کەمتر لە ڕۆژێک ماومەتەوە، (خودا) فەرمووی: نەخێر ئەوە سەد ساڵت پێجووە، جا تەماشای خواردن و خواردنەوەکەت بکە (لەو ماوە درێژەدا) نەگۆڕاوە و تێک نەچووە، تەماشای گوێدرێژەکەشت بکە؛ (بۆیە ئەوەمان کرد) تا بەم بەسەرهاتە بتکەینە موعجیزە بۆ خەڵکی، جا تەماشای ئێسکەکانی (گوێدرێژەکەت) بکە، چۆن بەرزیان دەکەینەوە و بەیەکەوەیان دەبەستین و پاشان بە گۆشت دایاندەپۆشین، کاتێک دیتی و بۆی دەرکەوت گوتی: چاک دەزانم و دڵنیام بەڕاستی خودا دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا هەیە..

    ئیبراهیمیش (علیه السلام) هەرچەند باوەڕی هەبوو بەتوانای خودا لەسەر زیندووکردنەوەی مردوان لەرۆژی دواییدا، بەڵام داوای نموو نەیەکی بەرچاوو هەست پێکراوی لەو بارەیەوە لە خودای پەروەردگار کرد تاکو ئارامی و دڵنیایی لە دەروونیدا بچەسپێن، خودای گەورەش ئەو داوایەی بۆ بەجێ هێناو توانای خۆی پێشان دا، هەروەک قورئانیش بەم جۆرە بۆمان دەگێڕیتەوە:

    وَإِذْ قَالَ إِبْرَاهِيمُ رَبِّ أَرِنِي كَيْفَ تُحْيِي الْمَوْتَى قَالَ أَوَلَمْ تُؤْمِن قَالَ بَلَى وَلَكِن لِّيَطْمَئِنَّ قَلْبِي قَالَ فَخُذْ أَرْبَعَةً مِّنَ الطَّيْرِ فَصُرْهُنَّ إِلَيْكَ ثُمَّ اجْعَلْ عَلَى كُلِّ جَبَلٍ مِّنْهُنَّ جُزْءًا ثُمَّ ادْعُهُنَّ يَأْتِينَكَ سَعْيًا وَاعْلَمْ أَنَّ اللّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ ﴿٢٦٠﴾ }}. ألبقرة.

    واتە: هەروەها ـ ئیبراهیم ـ داواکاری یەکی لە خودا هەبوو و گوتی: خودایە پێشانم بدە چۆن مردوو زیندوو دەکەیتەوە؟ خودا فەرمووی: ئەی مەگەر باوەڕت بەوە نەهێناوە؟ ئەویش گوتی. بەڵێ! (چۆن باوەرم نەهێناوە) بەڵام حەز دەکەم (بەچاوی خۆم بیبینم) تا دڵم ئارام بگرێت، (خودای گەورەش بۆ وەڵامی داواکەی) پێ ی فەرموو: دە کەواتە چوار باڵندە بێنە و پارچە پارچەیان بکەو هەر بەشێک لەو پارچانەش بخەرە سەر چیایەک، ئەوجا بانگیان بکە، دەبینیت بە خێرایی هەموویان دێنەوە بۆلات و (زیندوو بوونەتەوە). بەم ڕەنگەش بزانە خودا باڵادەست و دانایە.

    ئەگەر بەوردی سەرنج لەم فەرمایشتەی خودای گەورە بدەین بۆمان دەردەکەوێت کەوا (ئیبراهیم) هیچ گومانێکی لە (باوەڕ بە قودرەتی خودا و زیندووکردنەوەی مردوان بۆ ڕۆژی دوایی) نیە، بەڵکو بۆ دڵنیایی ئەم داوایەی لە خودا کردووە چونکە ئەگەر گومانی هەبوایە لەم مەسەلەیەدا داواکارییەکەی بەم جۆرە دەبوو: (ئایا مردووان زیندوو دەکەیتەوە؟: هل تحیی الموتی؟) نەک (چۆن مردوان زیندوو دەکەیتەوە... کیف تحیی الموتی). پرسیارەکەشی وەک پرسیاری ئەو مرۆڤەیە کە دەیەوێت دڵارام و دامەزراو بێت و بوارێک بۆ گومان و ڕارایی نێو دەروونیدا نەهێلێتەوە.


     

    ژیانی ئیبراهیم علیه‌ السلام به‌شی 1


    ژیانی ئیبراهیم علیه‌ السلام به‌شی 2


    ژیانی ئیبراهیم علیه‌ السلام به‌شی 3


    ژیانی ئیبراهیم علیه‌ السلام به‌شی 4

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام