ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

    👇 ئێستا له‌ڕێی مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنه‌👇 

    https://bit.ly/49og2eD

    چیرۆكی صاڵح علیه‌ السلام

    چیرۆكی صاڵح علیه‌ السلام


     

     خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{وَإِلَى ثَمُودَ أَخَاهُمْ صَالِحًا قَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُواْ اللّهَ مَا لَكُم مِّنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ هُوَ أَنشَأَكُم مِّنَ الأَرْضِ وَاسْتَعْمَرَكُمْ فِيهَا فَاسْتَغْفِرُوهُ ثُمَّ تُوبُواْ إِلَيْهِ إِنَّ رَبِّي قَرِيبٌ مُّجِيبٌ﴿٦١﴾}} [هود].

    واتە: بۆ هۆزی ( ثمود ) يش صالح ی برایانمان* ڕەوانە کرد ، گوتی: ئەی خزمەکانم گوێڕایەڵی خودای گەورە بکەن، جگە لەو زاتە هیچ خودایەکی دیکەتان نیە، ئەو بەرپای کردوون لە زەویدا و داوای لێکردوون کە ئاوەدانی بکەنەوە، جا کەوابوو داوای لێ خۆشبوونی لێ بکەن پاشان بگەڕێنەوە بۆ لای و فەرمانەکانی بەجێ بهینن، چونکە بەڕاستی پەروەردگاری من زۆر نزیکە و نزا وەرگرە (لەو کەسانەی لێی دەپاڕێنەوە و داوای لێ خۆشبوونی لێ دەکەن).

    خودای گەورە (صالح) ی نێرراو و پێغەمبەری خۆی بۆلای گەلی (ثمود) نارد تاکو بانگیان بکات بۆ پەرستنی خودا و وازهێنان لە (بت پەرستی).

    لە قورئانی پیرۆزدا نشینگەکانی ئەم گەلە دیاری نەکراوە، بەڵکو هەر ئەوەندەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم گەلە لە چەند ناوچەیەکی شاخاویدا نیشتەجێ بوون و خانووەکانیان لە بەردی گەورەی ناو شاخەکان دروست کردووە و لە دۆڵەکە نیشتەجێ بوون. خودای گەورە دەفەرموێ: {{وَثَمُودَ الَّذِينَ جَابُوا الصَّخْرَ بِالْوَادِ ﴿٩﴾ }}.(ألفجر). واتە: ئایا نەتزانیووە قەومی ثمود یش خودا چی لێکردن، ئەوانەی لە دۆڵ و شیوەکانەوە بەردیان دەتاشی و دەیانگواستەوە بۆ ناو قەدی چیاکان و لەوێ خانوویان دروست دەکرد؟ .

    لەم ئایەتەی سەرەوەدا باسی (الواد) هاتووە، بە مانای (دۆڵ) یا دۆڵەکە، وادیارە مەبەست لەو دۆڵە (وادی القری)یە کە دەکەوێتە بەینی (مەدینە) و (شام) کەئەو گەلەی لێ نیشتەجێ بوون. هەرووهاچیرۆک گێرەوەکانیش باسی بیرێک دەکەن بەناوی (بیری "ثمود") هەر لەناوچەکەدایە. لە صحيحي بخاری هاتووە: پێغەمبەری پێشەوامان () ڕێی نەداوە بەهاوەڵانی (الصحابة) لە ئاوی ئەو بیرە بخۆنەوە کەبەلایدا ڕۆیشتوون لەکاتی جەنگی (تبوک)، تەنانەت ڕێگریی ئەوەیشی لێکردون کەلەدەورووبەری ناوچەکە دانیشن.[١]

    گەلی (ثمود) دەستیان کرد بەدرۆخستنەوەی پێغەمبەر (صالح) وەك چۆن گەلانی پێشوویان بەهەمان شێوە پێغەمبەرانی خودایان بەدرۆ دەخستەوە، بەهێچ جۆرێك بەدەم بانگەوازی خودا بەیەكگرتن و لەخوداترسانەوە نەچوون، خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{كَذَّبَتْ ثَمُودُ الْمُرْسَلِينَ ﴿١٤١﴾ إِذْ قَالَ لَهُمْ أَخُوهُمْ صَالِحٌ أَلَا تَتَّقُونَ ﴿١٤٢﴾ إِنِّي لَكُمْ رَسُولٌ أَمِينٌ ﴿١٤٣﴾ فَاتَّقُوا اللَّهَ وَأَطِيعُونِ ﴿١٤٤﴾وَمَا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ مِنْ أَجْرٍ إِنْ أَجْرِيَ إِلَّا عَلَى رَبِّ الْعَالَمِينَ ﴿١٤٥﴾ أَتُتْرَكُونَ فِي مَا هَاهُنَا آمِنِينَ ﴿١٤٦﴾فِي جَنَّاتٍ وَعُيُونٍ ﴿١٤٧﴾وَزُرُوعٍ وَنَخْلٍ طَلْعُهَا هَضِيمٌ ﴿١٤٨﴾وَتَنْحِتُونَ مِنَ الْجِبَالِ بُيُوتًا فَارِهِينَ ﴿١٤٩﴾فَاتَّقُوا اللَّهَ وَأَطِيعُونِ ﴿١٥٠﴾ وَلَا تُطِيعُوا أَمْرَ الْمُسْرِفِينَ ﴿١٥١﴾الَّذِينَ يُفْسِدُونَ فِي الْأَرْضِ وَلَا يُصْلِحُونَ ﴿١٥٢﴾}}.[ألشعراء].

    واتە: قەومی (ثمود) یش بڕوایان بە پێغەمبەران نەکرد، کاتێك (صالح) ی برایان پێی گوتن: باشە ئەوە ئێوە لەخودا ناترسن، پارێزگار نابن؟ بەڕاستی دڵنیابن کە من فرستادەیەکی ئەمین و دڵسۆزم بۆتان. کەوابوو لەخودا بترسن و فەرمانبەرداری من بکەن. من داوای هیچ جۆرە پاداشتێکتان لێ ناکەم لەسەری، من تەنها پاداشتی خۆم لە پەروەردگاری جیهانەکان دەخوازم. ئایا واگومان دەبەن هەروا ئالێرەدا بەخۆشی و ئاسوودەیی دەهێڵرێنەوە لەناو باخ و کانیاوی سازگاردا؟!! لە ناو بێستان و دارخورمادا کەخورمای نەرم و ناسك و بەتام دەگرێت؟!! .(هەروەها بۆتان دەلوێت) ماڵ و شوینی خۆش لەچیاکان دابتاشن و بەجوانی دروستی بکەن و بەخۆشی و بەبێ باکی تێیدا بژین (پاشان سوپاسی خودا نەکەن لەسەریان و کڕنووشی بەندایەتی بۆنەبەن لەسەر ئەو هەموو نیعمەتە گەورانە)؟!!!! دە ئیدی لەخودا بترسن و فەرمانبەرداری من بکەن (لەو فەرمانانەدا کە ڕێنمایی ئێوەی پێ دەکەم). بە فەرمانی موسریف و لەسنوور دەرچووەکان هەڵس و کەوت مەکەن. ئەوانەی کە تۆوی فەساد و تاوان لە زەویدا دەچێنن و هەرگیز چاکسازی نازانن .

    پێغەمبەر (صالح) بەردەوام بوو لەئامۆژگاری کردنی گەلەکەی و پێی دەگوتن: یادی ئەو کاتەش بکەنەوە کە خودا ئێوەی کردە جێنشین لەدوای قەومی عاد، ژیانی لەسەر زەویدا بۆ ئاسان کردن، لە دەشتەکاندا کۆشك و تەلار دروست دەکەن، لە شاخ و کێوەکانیشدا ژوور دادەتاشن، کەواتە یادی ناز و نیعمەتەکانی خودا بکەن و تۆوی خراپە و فەساد و گوناه لەسەر زەویدا مەچێنن. {{وَاذْكُرُواْ إِذْ جَعَلَكُمْ خُلَفَاء مِن بَعْدِ عَادٍ وَبَوَّأَكُمْ فِي الأَرْضِ تَتَّخِذُونَ مِن سُهُولِهَا قُصُورًا وَتَنْحِتُونَ الْجِبَالَ بُيُوتًا فَاذْكُرُواْ آلاء اللّهِ وَلاَ تَعْثَوْا فِي الأَرْضِ مُفْسِدِينَ}} ألأعراف/٧٤.

    لەجیاتی ئەوەی بەدەم بانگەوازەکەی (صالح) دا بڕۆن کە ڕێگای ڕاست و حەقی بۆ ڕوون دەکردنەوە و داوای لێ دەکردن کە واز لە بت پەرستن بهێنن و داوای لێ بووردن لەخودای گەورە بکەن هەتا خودای گەورە بەدەنگیانەوە بێت وجوابی دوعایان بداتەوە و لێیان ببورێت. بەڵام ئەو گەلە زۆر کەللە ڕەق بوون، خۆیان کەڕکرد و چاویان لەڕاست حەق کوێر کرد و باوەڕیان پێ نەکرد و وەڵامیان دایەوە و گوتیان: ئەی صالح، بەڕاستی پێش ئەم باسانەت تۆ لەناو ئێمەدا شوێنی هیوامان بوویت، ئایا بەرگری ئەوەمان لێدەکەیت لەپەرستنی ئەو خودایانەی کە باو و باپیرانمان شوینی کەوتوون و پەرستوویانن؟!! ئێمە لەگومانداین لەو بانگەوازەی تۆ و بەدبینین لێی.

    {{قَالُواْ يَا صَالِحُ قَدْ كُنتَ فِينَا مَرْجُوًّا قَبْلَ هَذَا أَتَنْهَانَا أَن نَّعْبُدَ مَا يَعْبُدُ آبَاؤُنَا وَإِنَّنَا لَفِي شَكٍّ مِّمَّا تَدْعُونَا إِلَيْهِ مُرِيبٍ }} ألأعراف/٦٢.

    "ثمود" داوای موعجیزەیەك دەکەن

    گەلی "ثمود" تۆمەتی ئەوەیان خستە پاڵ "صالح" کە گوایە عەقڵی تێک چووە و سیحری لێکراوە و ئەو سیحرە هەموو هۆش و هەست و نەستی داگیر کردووە و وای لێکردووە تاخۆی بەپێغەمبەرێکی ڕەوانەکراوی خودا بزانێت. وە بۆئەوەی بیسەلمێنێت کەبەڕاستی پێغەمبەرە داویان لێکرد موعجیزەیەکیان بۆ بەڵگە لەسەر پێغەمبەرێتی یەکەی پێشان بدات :

    {{قَالُوا إِنَّمَا أَنتَ مِنَ الْمُسَحَّرِينَ ﴿١٥٣﴾مَا أَنتَ إِلَّا بَشَرٌ مِّثْلُنَا فَأْتِ بِآيَةٍ إِن كُنتَ مِنَ الصَّادِقِينَ ﴿١٥٤﴾ قَالَ هَذِهِ نَاقَةٌ لَّهَا شِرْبٌ وَلَكُمْ شِرْبُ يَوْمٍ مَّعْلُومٍ ﴿١٥٥﴾وَلَا تَمَسُّوهَا بِسُوءٍ فَيَأْخُذَكُمْ عَذَابُ يَوْمٍ عَظِيمٍ ﴿١٥٦﴾}}. ألشعراء.

    واتە: خودانەناسان گوتیان: وادیارە تۆ بەڕاستی لەوانەی کە فێڵ و جادووت لێکراوە!! تۆ جگە لەوەی کەهەر بەشەرێکی وەکو ئێمە، هیچی دی نیت، بەڵگەیەکمان نیشان بدە ئەگەر لە ڕاستگۆیانیت؟ (جا خودا بەتوانا حوشترێکی بۆ بەدیهێنان، تا دەمکوتیان بکات و بیانویان ببڕێت)، ئینجا - صالح ـ پێغەمبەر پێی گوتن: ئەمە حوشترێکە موعجیزەیەکە دەبێت ڕۆژێک نۆرە ئاوی ئەو بێت و ڕۆژێکیش بۆ ئێوە، دیاریکراو بێت. نەکەن دەستدرێژی بکەنە سەر و ئازاری بدەن، بەهۆی ئەوەوە سزایەکی سەخت لەڕۆژێکی سامناکدا یەخەتان دەگرێت.

    هەر لەم بارەیەوە خودای پەروەردگار دەفەرموێ:

    {{كَذَّبَتْ ثَمُودُ بِالنُّذُرِ ﴿٢٣﴾فَقَالُوا أَبَشَرًا مِّنَّا وَاحِدًا نَّتَّبِعُهُ إِنَّا إِذًا لَّفِي ضَلَالٍ وَسُعُرٍ ﴿٢٤﴾ أَؤُلْقِيَ الذِّكْرُ عَلَيْهِ مِن بَيْنِنَا بَلْ هُوَ كَذَّابٌ أَشِرٌ ﴿٢٥﴾سَيَعْلَمُونَ غَدًا مَّنِ الْكَذَّابُ الْأَشِرُ ﴿٢٦﴾إِنَّا مُرْسِلُو النَّاقَةِ فِتْنَةً لَّهُمْ فَارْتَقِبْهُمْ وَاصْطَبِرْ ﴿٢٧﴾وَنَبِّئْهُمْ أَنَّ الْمَاء قِسْمَةٌ بَيْنَهُمْ كُلُّ شِرْبٍ مُّحْتَضَرٌ ﴿٢٨﴾}}. ألقمر.

    واتە: "ثمود" یش هەموو بێدارکردنەوە و داچڵەکاندنێکیان بە درۆ زانی و بڕوایان پێ نەبوو. جا گوتیان باشە ڕەوایە: ئێمە شوێنی تاکە کەسێك بکەوین لەخۆمان؟!، ئێمە ئەگەر بڕوا بە کەسێکی وا بکەین، ئەو کاتە ئێمە بەڕاستی لەگومڕایی و شێتی داین؟! ئایا ڕاستە لەنێوان ئێمەدا وەحی و نیگا بۆ ئەو ڕەوانە کرابێت، نەخێر شتی وا نابێت، بەڵکو ئەو هەر کابرایەکی زۆر درۆزن و خۆ پەرستە و حەز بە گەورەیی دەکات!! سبەی دەزانن و بۆیان دەردەکەوێت کە کێ درۆزن و خۆ پەرست و خۆ بەگەورە زانە. بێگومان ئێمە حوشترێکمان داناوە و (ناردووە) بۆ تاقیکردنەوەیان، تۆش ئەی ـ صالح ـ چاوەڕوان و چاودێری سەرەنجامیان بە، ئارامیش لە سەر ئازار و ئەشکەنجەیان بگرە و پەلە مەکە و هەواڵیشیان بدەرێ: کە ئاوەکە بەشکراوە (ڕۆژێك بۆ ئەوان و ماڵاتەکەیان، ڕۆژێکیش بۆ حوشترەکەیە) و هەر لایەنەش لە ڕۆژی سەرە (نۆبە) ی خۆیدا ئامادە بێت.

    تەقینەوەی دوژمنایەتی

    کافرەکان زۆر دەترسان لەنەمان و تێداچوونی موڵک و دەسەڵاتیان دوای ئەوەی بۆیان ئاشکرا بوو کە زۆربەی خەڵکی لەگەلەکەی (صالح) ڕاستی پێغەمبەرێتی ئەویان بۆ دەرکەوتبوو بە بۆنەی (موعجیزەی پەیدابوونی حوشترەکە). هەر بۆیەش لەناخەوە ڕکێکی زۆریان لە حوشترەکە بوو وە هەڵوێستی ڕکەبەری و دوژمنایەتییان بەرامبەر (صالح) و باوەڕداران گرتەبەر. (صالح) هەستی بەو هەڵوێستە شەڕخوازیانەی ئەوان کرد و پێی گوتن: ئەی قەوم و کەسم بۆچی ئێوە پەلەی خراپەتانە پێش چاکە و حەز دەکەن بەڵا و ناخۆشیتان بەسەربێت، ئەدی بۆچی داوای لێخۆشبوون لە خودا ناکەن بو ئەوەی ڕەحمتان پێ بکات؟ خەڵکەکە لە وەڵامدا گوتیان: ئێمە تووشی شووم و نەگبەتی بووین بە هۆی تۆ و ئەوانەی لەگەڵ تۆدان (واتە ئیماندارەکان)، صالح گوتی: نەخێر وانیە، نەگبەتی و شوومتان لە لایەن خوداوە بۆدێت (ئەگەر بەردەوام بن لەسەر یاخی بوونتان)، بەڵکو ئێوە قەومێکن کە تاقی دەکرێنەوە:

    {{قَالَ يَا قَوْمِ لِمَ تَسْتَعْجِلُونَ بِالسَّيِّئَةِ قَبْلَ الْحَسَنَةِ لَوْلَا تَسْتَغْفِرُونَ اللَّهَ لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ ﴿٤٦﴾ قَالُوا اطَّيَّرْنَا بِكَ وَبِمَن مَّعَكَ قَالَ طَائِرُكُمْ عِندَ اللَّهِ بَلْ أَنتُمْ قَوْمٌ تُفْتَنُونَ ﴿٤٧﴾}}. ألنمل.

    سەربڕینی حوشترەکە

    دەستەی دەسەڵاتدارە لووت بەرزەکان لەقەومەکە سەرزەنشتی چەوسێنراوەکانیان دەکرد لەوانەیان کە باوەڕیان هێناوە: باشە ئێوە دەزانن کە (صالح) لەلایەن پەروەردگاریەوە ڕەوانە کراوە؟! لەوەڵامدا ئیمانداران گوتیان: بە دڵنیاییەوە ئێمە باوەڕدارین بەو پەیامەی کە بەودا ڕەوانە کراوە:

    {{قَالَ الْمَلأُ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُواْ مِن قَوْمِهِ لِلَّذِينَ اسْتُضْعِفُواْ لِمَنْ آمَنَ مِنْهُمْ أَتَعْلَمُونَ أَنَّ صَالِحًا مُّرْسَلٌ مِّن رَّبِّهِ قَالُواْ إِنَّا بِمَا أُرْسِلَ بِهِ مُؤْمِنُونَ ﴿٧٥﴾قَالَ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُواْ إِنَّا بِالَّذِيَ آمَنتُمْ بِهِ كَافِرُونَ ﴿٧٦﴾}}.ألأعراف.

    سەرانی ئەو گەلە زۆر ناڕەحەت بوون بە وجودی حوشترەکە و لەوەش دەترسان کە ژمارەی باوەڕداران بە بۆنەی ئەو حوشترە زیاد بکات، بۆیە ئەوە وای لێکردن هەوڵی کوشتنی حوشترەکە بدەن سەرەڕای ئەو ئاگاداری یە و هۆشداری یەی لەلایەن پێغەمبەرەکەیانەوە ئاڕاستەیان کراوە دەربارەی سزادانیان و هەڕەشە لێ کردنیشیان بەتیاچوون گەر بەخراپی توخنی حوشترەکە بکەون، کەچی ئەوان بێ باکانە حوشترەکەیان سەربڕی و لەفەرمانی پەروەردگاریان یاخی بوون و گوتیان: ئەی صَالِحً، ئەگەر تۆ لەپێغەمبەرانیت ئادەی ئەو هەڕەشانەی کەلێمان دەکەیت بۆمان پێش بهێنە:

    {{فَعَقَرُواْ النَّاقَةَ وَعَتَوْاْ عَنْ أَمْرِ رَبِّهِمْ وَقَالُواْ يَا صَالِحُ ائْتِنَا بِمَا تَعِدُنَا إِن كُنتَ مِنَ الْمُرْسَلِينَ ﴿٧٧﴾}}.ألأعراف.

    دوای سەربڕینی حوشترەکە خودای گەورە وادەی سزای بۆ دانان ئەویش بریتی بوو لە سێ ڕۆژ:

    {{فَعَقَرُوهَا فَقَالَ تَمَتَّعُواْ فِي دَارِكُمْ ثَلاَثَةَ أَيَّامٍ ذَلِكَ وَعْدٌ غَيْرُ مَكْذُوبٍ ﴿٦٥﴾ }}. هود.[٢]

    واتە: یەکسەر چوون سەریان بڕی، جا (صالح) یش پێی گوتن: ڕابوێرن لە ماڵ و مەنزڵی خۆتاندا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، (دوای ئەو ماوە دیاری کراوە تێدا دەچن) و ئەوەش پەیمانێکە و هەرگیز بەدرۆ ناخرێتەوە.

    پیلان گێڕان بۆ کوشتنی (صالح) پێغەمبەر

    {{وَكَانَ فِي الْمَدِينَةِ تِسْعَةُ رَهْطٍ يُفْسِدُونَ فِي الْأَرْضِ وَلَا يُصْلِحُونَ ﴿٤٨﴾قَالُوا تَقَاسَمُوا بِاللَّهِ لَنُبَيِّتَنَّهُ وَأَهْلَهُ ثُمَّ لَنَقُولَنَّ لِوَلِيِّهِ مَا شَهِدْنَا مَهْلِكَ أَهْلِهِ وَإِنَّا لَصَادِقُونَ ﴿٤٩﴾وَمَكَرُوا مَكْرًا وَمَكَرْنَا مَكْرًا وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ ﴿٥٠﴾}}. ألنمل.

    واتە: لەو شارەدا نۆ دەستە هەبوو کە گوناه و تاوانیان ئەنجام دەدا و تۆوی خراپەیان لە وڵاتدا دەچاند و بەلای چاکە و چاکەکاریدا نەدەچوون. هەموویان سوێندیان بە خودا بۆ یەکتر خوارد کە لەشەودا بدەن بەسەر (صالح) و ماڵ و منداڵیدا و لەناویان بەرن، پاشان (ئەگەر گومانیان لێکردین) سوێند دەخۆین و بە کەس و کاری دەڵێین: ئێمە ئاگامان لە تێداچوونی ئەوان نیە و دڵنیابن ئێمە ڕاستگۆشین. (ئەو تاوانبارانە) پیلان و تەڵەیان گێڕا (بۆ لەناوبردنی صالح و شوێنکەوتووانی) ئێمەش نەخشەیەکی دیکەمان کێشا (بۆ ڕزگارکردنی ئیمانداران و لەناوبردنی خودا نەناسان) ئەوان ئاگایان لێ نەبوو، هەستیان پێ نەدەکرد.

    چارەنووسی ڕەشی گەلی "ثمود"

    خودای پەروەردگار دەفەرموێ:

    {{فَلَمَّا جَاء أَمْرُنَا نَجَّيْنَا صَالِحًا وَالَّذِينَ آمَنُواْ مَعَهُ بِرَحْمَةٍ مِّنَّا وَمِنْ خِزْيِ يَوْمِئِذٍ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ الْقَوِيُّ الْعَزِيزُ ﴿٦٦﴾وَأَخَذَ الَّذِينَ ظَلَمُواْ الصَّيْحَةُ فَأَصْبَحُواْ فِي دِيَارِهِمْ جَاثِمِينَ ﴿٦٧﴾كَأَن لَّمْ يَغْنَوْاْ فِيهَا أَلاَ إِنَّ ثَمُودَ كَفرُواْ رَبَّهُمْ أَلاَ بُعْدًا لِّثَمُودَ ﴿٦٨﴾ }}. هود.

    واتە: جا کاتێك فەرمانی ئێمە هات و بڕیاردرا لەکاتی دیاری کراودا، ئێمە (صالح) و ئەوانەی بڕوایان هێنابوو لەگەڵیدا ڕزگارمان کردن بە میهرەبانی و بەزەیی خۆمان، لەسەرشۆڕی ئەو ڕۆژەش پەناماندان، بەڕاستی پەروەردگارت هەر خۆی خاوەنی هێز و باڵادەستە. جا ئەو دەنگە سامناکەی - کە بووە هۆی تێداچوونیان - هەموو ئەوانەی گرتەوە کە تاوان و ستەمیان کرد و فەرمانبەرداری پەروەردگاریان نەبوون، سەرەنجام هەموویان لەشوێنەکانی خۆیاندا کەوتن بەڕووی زەویدا و تێداچوون لە بەرەبەیاندا.وەك ئەوەی لەو شوێنەدا نەبووبن و تێیدا نەژیابن، بەڕاستی هۆزی ثَمُودَ بێ بڕوا بوون بە پەروەردگاریان، ئاگاداربن بڕیاری دووری لە بەزەیی خودا درا بۆ هۆزی ثَمُودَیش.

    ئەوەیە ئەنجامی لووت بەرزی و لەخۆ بایی بوون و بێ باوەڕی، بەڕاستی ئەم سزایەی کەگەلی (ثمود) ی گرتەوەو هەر وەها گەلانی پێشووتریش بەهۆی پشت کردنە خودای پەروەردگار و بێ باوەڕییان، بێگومان گەلانی دیکەش دەگریتەوە کە لەڕیی حەق لادەدەن و بێ ویژدانن. ئەمەش بێگومان پەندێکی کاریگەرە کە قورئانی پیرۆز دەیخاتە بەر چاوانمان تاکو بەتینترین وانەی لێ وەربگرین.

    لەناوچوونی گەلی "ثمود"

    لە ناوبردنی گەلی "ثمود" بە هەورە تریشقە (ألصاعقة) بووە، هەوروەک خودای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ:

    {{وَفِي ثَمُودَ إِذْ قِيلَ لَهُمْ تَمَتَّعُوا حَتَّى حِينٍ ﴿٤٣﴾فَعَتَوْا عَنْ أَمْرِ رَبِّهِمْ فَأَخَذَتْهُمُ الصَّاعِقَةُ وَهُمْ يَنظُرُونَ ﴿٤٤﴾ فَمَا اسْتَطَاعُوا مِن قِيَامٍ وَمَا كَانُوا مُنتَصِرِينَ ﴿٤٥﴾}}. ألذاريات.

    واتە: هەروەها لە بەسەرهاتی ثمودیشدا پەند و ئامۆژگاری هەیە، کاتێک پێیان گوترا: تا ماوەیەک ڕابوێرن!! ئەوانیش لە فەرمانی پەروەردگاریان یاخی بوون، کتوپڕ بروسکەیەک پێچانیەوە و بەچاوی ئەبڵەقەوە دەیانڕوانی. ئیدی نەیانتوانی هەستنە سەر پێ و سەرکەوتووش نەبوون. وشەی "صاعقة" بەو بروسکە گەورەیە (کە ئاگرێکی ئاسمان) ە دەگوترێت کە پێك دێت لە شۆرتێکی کارەبایی نێوان دوو بارگەی جیاوازی کارەبایی سارد و گەرم (موجب و سالب) کە لە هەوردا ڕوودەدا و ئەو کاتەی دەگاتە سەر زەوی، جگە لەوەی کە دەنگێکی بەهێزی هەیە ئەوا مەترسی سووتانی ئەو شوێنەی هەیە کە بەری دەکەوێ، هەروەها کەبەردی گەورەشی لێ بێت وردی دەکات و گەر خانو و بیناشی لێ بێت دەڕووخێت.

    هەروەها قورئان لەهەندێک شوێندا وشەی (رجفە ـ واتە زەمین لەرزەی توند) و وشەی (طاغيةـ واتە دەنگی زۆر بەهێز) ی بەکارهێناوە:

    {{فَأَخَذَتْهُمُ الرَّجْفَةُ فَأَصْبَحُواْ فِي دَارِهِمْ جَاثِمِينَ ﴿٧٨﴾}}. ألأعراف. {{كَذَّبَتْ ثَمُودُ وَعَادٌ بِالْقَارِعَةِ ﴿٤﴾فَأَمَّا ثَمُودُ فَأُهْلِكُوا بِالطَّاغِيَةِ ﴿٥﴾}}. ألحاقة.

    چا لەبەر ئەوەی هەورە تریشقە (صاعقة) دەنگێکی گەورە دروست دەکات بە وشەی (صيحة) ش ناوبراوە واتە: دەنگ و هاواری زۆر گەورە:

    {{وَأَخَذَ الَّذِينَ ظَلَمُواْ الصَّيْحَةُ فَأَصْبَحُواْ فِي دِيَارِهِمْ جَاثِمِينَ ﴿٦٧﴾ }}. هود.

    لەوانەشە ئەو هەورە تریشقەیە (صاعقة) لەرزەیەکی وای لەگەڵ دابێت کە لە بوومەلەرزە بچێت و هەموو دڵێک بەڕوودانی لەرزینەکەی بلەرزێنێت و ڕابچلەکێنێت. لەوانەشە لەجێ ی خۆیەوە پەل بهاوێت و زیادەڕۆیی بکات (يطغى) تاکو جێ یەکی دیکەش بگرێتەوە و بەمەش ناوببریت بە (طاغية). جا ئەو وەسفانەی دی کە قورئان بەچەند گوزارشتێکی دی بۆ (صاعقة) ی داناوە دەربڕینێکی دروست و تەواوە کە وەسفی شوێنەوار و هۆکاری و دیاردەکانی دەکات.

    چەند پەند و وانەیەک

    لەڕێنماییە جوان و بەهادارەکانی قورئان ئەوەیە: ١ـ پاراستنی ئەو نیعمەتە جوان و بەنرخانەی کە خودای گەورە بۆ بەندەکانی تەرخان کردووە. ٢ ـ داوای ڕێکی و میانڕەوی لە بژێویدا لێکردوون وڕێگەی دەست بڵاوی و پەرش و بەفیڕۆدانی ئەو نیعمەتانەی لێگرتوون, هەروەک لە ئایەتێکی قورئاندا لەسەر زاری هود (عليه السلام) هاتبوو دەڵێت: (بۆچی ئەو هەموو کۆشك و تەلارە گەورانە لە شوێنە بڵندەکاندا دروست دەکەن؟ ئایا بۆ ئەوەیە تاکو ڕادەی دەوڵەمەندی و دەست ڕۆیشتوویتان بزانرێت و بەئومێدی ئەوەن هەمیشە بژین و نەمرن؟:

    {{أَتَبْنُونَ بِكُلِّ رِيعٍ آيَةً تَعْبَثُونَ ﴿١٢٨﴾وَتَتَّخِذُونَ مَصَانِعَ لَعَلَّكُمْ تَخْلُدُونَ ﴿١٢٩﴾}}. ألشعراء.

    (هود) ی پێغەمبەر لەکاری بینا و خانووی گەورەدا سەرزەنشتی گەلەکەی دەکات، چونکە ئەوان ئەو جۆرە خانووبەرەیان بە مەبەستی نیشتەجێ بوون و حەوانەوە بنیاد نەنابوو، دەنا سەرزەنشتی نەدەکردن لەسەر ئەو کارە، بەڵکو بەحەز و ئارەزوویان لەشانازی بەخۆوەکردن و لووتبەرزی و خۆ بە گەورەزانینەوە ئەو کۆشک و تەلارانەیان بنیات نابوو، ئەوەش نەریتێکی دەست بڵاوی بێزراوە چونکە لەپشت ئەو کارانەوە بەتەمای نەمریی بوون لە زەویدا و وێڕای ئەوەش کە نەمری (خلود) مەحاڵە و خۆشی ی دنیاش کەمە.

    (صالح) یش ـ علیه السلام ـ بەهەمان شێوە داوا لەگەلەکەی دەکات کە نیعمەتەکانی خودایان بیر نەچێتەوە و خۆیان بە گەورە نەزانن و لەخۆیان بایی نەبن، خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{أَتُتْرَكُونَ فِي مَا هَاهُنَا آمِنِينَ ﴿١٤٦﴾فِي جَنَّاتٍ وَعُيُونٍ ﴿١٤٧﴾وَزُرُوعٍ وَنَخْلٍ طَلْعُهَا هَضِيمٌ ﴿١٤٨﴾وَتَنْحِتُونَ مِنَ الْجِبَالِ بُيُوتًا فَارِهِينَ ﴿١٤٩﴾فَاتَّقُوا اللَّهَ وَأَطِيعُونِ ﴿١٥٠﴾}}

    واتە: ئایا وا دەزانن هەروا ئالێرەدا بە خۆشی و ئاسوودەیی دەهێڵرێنەوە (ژیانتان کۆتایی نایەت)؟!! لەناو باخ و باخات و کانیاوی سازگاردا؟!! لە ناو بێستان و دارخورمادا کە خورمای نەرم و ناسك و بەتام دەگرێت؟!! (هەروەها بۆتان دەلوێت) ماڵ و شوینی خۆش لەچیاکان دابتاشن و بەجوانی دروستی بکەن و بەخۆشی تێیدا کەشخە بکەن؟! لە خودا بترسن و فەرمانبەرداری من بکەن. [٣]

    ئێستاش لەو سەردەمەدا خەڵکێکی زۆر هەن کە بۆ فەخر و شانازی کۆشك و تەلار و خانووی بڵند و گەورە بنیاد دەنێن تەنیا بەمەبەستی خۆ هەڵکێشان و خۆ بەزل زانین، چەند زۆریشە ئەو پارە و سامانە کە لەبەر دەستی ئەو دەست بڵاوانە دایە، ئایا نازانن ئەو پارە و موڵکە کە خودای گەورە داویەتی بەوان هی ئەوان نیە!! هی خودای گەورەیە، خودای گەورە ئەو سامانەی داونەتی بۆ تاقی کردنەوەیان لە دنیادا، ئەو سامانە (ئەمانەت) ـه لای ئەوان دەبێ بزانن لەچی سەرف دەکەن و ئایا یارمەتی هەژارانی پی دەدەن؟ یاخود پڕۆژە و کارخانەی بەسوود لەو پارەیە دروست دەکەن کە هەژاران و خەڵکی بێکار کاری تێدا بکەن؟ یاخود یارمەتی مانگانە و بەردەوام بۆ ماڵی هەتیو و کەم دەرامەت دەبڕنەوە وەک (سەدەقەی جاری) بۆیان بنوسرێت لای خودای گەورە و لە ڕۆژی قیامەتدا سوودی لێ وەربگرن؟

    لە ئەبو بەرزەوە (رضي الله عنه) دەڵێ: پێغەمبەری پێشەوامان () فەرموویەتی: عن أبي برزة (رضي الله عنه) قال: قال رسول الله ():{ لا تزول قدما عبد يوم القيامة حتى يُسأل عن أربع خصال: عن عمره فيم أفناه، وعن شبابه فيم أبلاه، وعن ماله من أين اكتسبه وفيم أنفقه، وعن علمه ماذا عمل فيه}..رواه الترمذي وقال حديث حسن صحيح.

    واتە: لەڕۆژی قیامەتدا بەندە کە لەبەردەمی دادگای خودادا ڕادەوەستێ لە شوێنی خۆی ناجوڵێ هەتا ئەو چوار پرسیارەی ڵی دەکرێ: تەمەنی خۆی بەچی بەسەر برد، لەشی خۆی لە چی دا نیوداش کرد، ئەو ماڵەی کە هەیبوو چۆنی پەیدا کرد و لەکوێ هێنای و لەچیدا خەرجی کرد وە ئەو زانستەی کە هەیبوو چی پێی کرد...(ترمذي)

    جێگەی سەرسوڕمانە کە مرۆڤیکی دەوڵەمەند کۆشکێکی گەورە و ڕازێنراو دروست دەکات کە چەندەها ژووری تێدایە و بەسەدان هەزار دۆلاری تێ دەچێت، لەکاتیکدا کە بەهەزاران خەڵکی دیکە هەن یەک ژووریان دەست ناکەوێت تێیدا بژین و ئەو دەوڵەمەندەش ئەو هەموو ژوورەی هەیە لە کۆشکەکەی نازانێ لە کام ژووریان بخەوێت. ئەی واباشتر نەدەبوو گەر ئەو پیاوە دەوڵەمەندە خاوەن کۆشکە لە خانوویەکی مام ناوەندیدا بژیایە و هەموو ئەو پارە و سامانە زۆرەی لە کارووباری ژیانی میللەتدا بەکار بێنایە بۆ بەگەڕخستنەوەی کشتوکاڵ و پیشەسازی و پێویستی یە گرنگەکانی خەڵکی؟ ئایینی ئیسلام ئەم چەمکە دادگەرێتی یە کۆمەڵایەتی یەی لە دڵ و دەروونی شوینکەوتوانی و پەیڕەوکارانیدا جێگیر کردووە تاکو کۆمەڵگەی ئیسلامی لەسەر کۆڵەکە ڕاست و دروستەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بنیات بنرێت و پاشان تاکو دەسەڵاتداران و حاکمانی کۆمەڵگەی ئیسلامی لەوپەڕی شەونخوونی و بێداریدا بن بۆ ئاگاداربوون لە هەر کەسێک و دەستە و تاقمێك کە پارە و ماڵی میللەت بۆ هەوا و هەوەس و ئارەزووە گەندەڵەکانیان بەکار بێنن، چونکە ماڵ و سامانی دەوڵەمەندان (بە تێڕوانین و یاسای قورئان) ئەگەرچی لە موڵکدارێتی ی تایبەتیدا بێت، بەڵام سوودەکەی سوودێکی گشتی یە بۆ میللەت،.

    بۆ ئەوانەش کە پارە و سامان و دەسەڵاتیان هەیە، دەبێ زۆر وریا بن نەبن بە خزمەتکاری ئەو پارە و سامانە و شتێکی وا نەکەن بە هۆی ئەوەوە خودای پەروەردگاریان لەبیر بچێت و پەیوەندییان لەگەڵ خودای گەورە بپچڕێت. خودای گەورە دەفەرموێت:

    {{يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تُلْهِكُمْ أَمْوَالُكُمْ وَلَا أَوْلَادُكُمْ عَن ذِكْرِ اللَّهِ وَمَن يَفْعَلْ ذَلِكَ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ ﴿٩﴾وَأَنفِقُوا مِن مَّا رَزَقْنَاكُم مِّن قَبْلِ أَن يَأْتِيَ أَحَدَكُمُ الْمَوْتُ فَيَقُولَ رَبِّ لَوْلَا أَخَّرْتَنِي إِلَى أَجَلٍ قَرِيبٍ فَأَصَّدَّقَ وَأَكُن مِّنَ الصَّالِحِينَ ﴿١٠﴾وَلَن يُؤَخِّرَ اللَّهُ نَفْسًا إِذَا جَاء أَجَلُهَا وَاللَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ ﴿١١﴾}}. ألمنافقون.

    واتە: ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە، هەوڵ بدەن نە ماڵ و سامانتان، نە ڕۆڵەکانتان، نەبنە هۆی ئەوەی کە لەیادی خودا و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەو کەمتەرخەمی و بێ ئاگاتان بکەن، جا هەرکەس لە یادی خودا کەمتەرخەمی بکات، ئا ئەوانە هەر خۆیان خەسارەتمەند و زەرەرمەندن. لەو ماڵ و زانستی و هێز و دەسەڵاتەی کە پیمان بەخشیوون، ئێوەش لێی ببەخشن و دەستی بەسەردا مەگرن و قۆرخی مەکەن؛ پێش ئەوەی کە مردن یەخە بەیەکێکتان بگرێت و بڵێت: خودای پەروەردگار، خۆزگە ماوەیەکی کەمی دی مۆڵەتت بدامایە تا خێر و چاکەم بکردایە و مال و سامانم ببەخشیایە و بجوومایەتە ڕیزی چاکانەوە. جا ئەو داخوازییە بەجێ نیە، چونکە ڕۆژی هەرکەسێک تەواو بوو، کاتی مەرگی هەر کەسێك هات، هەرگیز خودا دوای ناخات و مۆڵەتی بۆ تازە ناکاتەوە، خوداش زۆر ئاگایە بە هە موو ئەو کار و کردەوانەی کە ئەنجامی دەدەن.

    ٣_ ئیسلام ڕازی نابێت کە شوێنکەوتوانی خۆی ملکەچی چەند ستەمکارێکی لووتبەرز بن ئەوانیش بیانکەن بە کۆیلەی خۆیان و هەموو جۆرە سزا و ئەشکەنجەیەکیشیان پێ بچێژن و بەپێ ی هەوا و ئارەزووەکانیان بەکاریان بێنن.

    ئیسلام ڕازی نابێت کە شوێنکەوتوانی خۆی ملکەچی چەند ستەمکارێکی لووتبەرز بن ئەوانیش بیانکەن بە کۆیلەی خۆیان و هەموو جۆرە سزا و ئەشکەنجەیەکیشیان پێ بچێژن و بەپێ ی هەوا و ئارەزووەکانیان بەکاریان بێنن. بەڵکو بەپێچەوانەوە ئیسلام سوێنکەوتوانی خۆی هان دەدات کە بەڕووی ئەو ستەمکارانەدا ڕاپەڕن و گوێ بە هێز و دەسەڵاتیان نەدەن. چونکە ئەگەر بەڕاستی باوەڕداران خوازیاری ڕزگاری بن ئەوا لەپێناویدا قوربانی دەدەن و دەستیشیان دەکەوێت. بێگومان خودای گەورە و باڵادەستیش لەقورئاندا مژدەی ئەوەی بەباوەڕداران داوە کە چارەنووسی ستەمکاران هەر زەرەرمەندی و لەناو چوونە: {{وَخَابَ كُلُّ جَبَّارٍ عَنِيدٍ ﴿١٥﴾}}. إبراهيم ..

    ٤_چەسپاندنی بیر و باوەڕی یەکتاپەرستی (التوحید).

    ٥_ناساندنی شێوازی بانگەوازی پێغەمبەران.

    ٦_بەئاگابوون لە بت پەرستی لەبەرگی نوێدا.

    ٧_زانینی شێوازی شوین کەوتنی ڕاست (تبعية ألحق).

    ٨_پشت بەستن بە خودای گەورە لە هەموو کارێکدا: دیارە هەر کەسێکیش پشت بەخودای پەروەردگاری ببەستێت و پەنا بۆ خالقی خۆی بەرێت کە سەرچاوەی گشت هێزێکە لەوجوودا ئەوە شایستەی ئەوەیە خودا ترسەکەی بە ئارامی بۆ بگۆڕێت و لاوازی یەکەیشی بە (هێز) بۆ بگۆڕێت.

    {{إِنِّي تَوَكَّلْتُ عَلَى اللّهِ رَبِّي وَرَبِّكُم مَّا مِن دَآبَّةٍ إِلاَّ هُوَ آخِذٌ بِنَاصِيَتِهَا إِنَّ رَبِّي عَلَى صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ ﴿٥٦﴾}}.هود.

    واتە: چونکە بەڕاستی من پشتم بەخودا بەستووە، کە پەروەردگاری من و پەروەردگاری ئێوەیشە، هیچ گیانلەبەرێک نیە جڵەوی بەدەست خودای گەورە نەبێت، بێگومان پەروەردگارم لەسەر بەرنامە و ڕێبازکی ڕاست و دروستە. مرۆڤی خاوەن باوەڕی چاکساز و بانگەوازکار پێویستی یەکی هێجگار زۆری بەخودا و بەو پشت بەخودا بەستنە هەیە چونکە دڵنیایی و خۆڕاگری و ڕازی بوونی بە هەرجۆرە قوربانی یەکی لەپێناوی ڕەزامەندی خودادا پێ دەبەخشێت.

    ٩_ئاکامی خۆ بەزل دانان تێداچوونە وەک لە سوورەتی (فُصِّلَتْ) خودای گەورە دەفەرموێ:

    {{فَأَمَّا عَادٌ فَاسْتَكْبَرُوا فِي الْأَرْضِ بِغَيْرِ الْحَقِّ وَقَالُوا مَنْ أَشَدُّ مِنَّا قُوَّةً أَوَلَمْ يَرَوْا أَنَّ اللَّهَ الَّذِي خَلَقَهُمْ هُوَ أَشَدُّ مِنْهُمْ قُوَّةً وَكَانُوا بِآيَاتِنَا يَجْحَدُونَ ﴿١٥﴾فَأَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ رِيحًا صَرْصَرًا فِي أَيَّامٍ نَّحِسَاتٍ لِّنُذِيقَهُمْ عَذَابَ الْخِزْيِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَلَعَذَابُ الْآخِرَةِ أَخْزَى وَهُمْ لَا يُنصَرُونَ ﴿١٦﴾}}. فُصِّلَت.

    واتە: ئەوسا قەومی عاد بە ناحەق خۆیان بە گەورە زانی لە زەویدا و گوتیان: کێ هەیە بە ئەندازەی ئێمە هێز و دەسەڵاتی هەبیت؟ باشە ئایا ئەوە نەیانزانی بەڕاستی ئەو خودایەی کەدروستی کردوون، ئەو لەوان هێزی زۆر زیاترە (بەڵکو هەر بەراورد ناکرێت) و ئەوانە هەر ئینکاری ئایەت و موعجیزەکانی ئێمەیان دەکرد. ئەوسا ئیتر ئێمە بایەکی ساردمان هەڵکردە سەریان لەچەند ڕۆژێکی شوومدا، تا هەر لەژیانی دنیادا بەسزای سەرشۆڕیان بگەیەنین و تاڵاو بکەین بە گەروویاندا، بێگومان سزای قیامەت زیاتر سەرشۆڕکەر و تاڵترە و ئەوانە سەرفراز و ڕزگار نابن.

    ئەو ئیدیعا و خۆهەڵکێشانی ئەو سەردەمەی گەلی (عاد) یش هەمان ئیدیعا و خۆهەڵکیشانی دەوڵەتە گەورە و زلهێزەکانی ئەمڕۆشە کە بەناحەق میللەتان دەچەوسێننەوە و خۆیان کردووە بەگەورەی هەموو میللەتان و سەروەت و سامانیان زەوت دەکەن و بێ ویژدانانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، ئەوجا دەوڵەتانی دی کەسەرەکانیان ویژدانی خۆیان فرۆشتووە بەو وڵاتە زلهێزانە ئەوانیش لەلای خۆیانەوە خەریکی چەوساندنەوەی میللەتانی بێ دەسەڵات و ئاشتی خوازی دیکەن، بۆ نموونە میللەتی ئاشتیخوازی (کورد) کە ساڵەهای ساڵە دەناڵێنێ لەدەست دەوڵەتانی سەر بەو وڵاتە زلهێزانە و خەرێکی تاڵان کردن وزەوت کردنی سەروەت و سامانی میللەتی (کورد) ن، بەوەشەوە ناوەستن بەڵکو هەموو شێوازێکی نابەجێ و ناڕەوایان گرتووتە بەر بۆ دەرکردنیان لەسەر خاکی باو باپیریان و زەوت کردنی زەوییەکانیان و جێ نشین کردنی میللەتانی دی لەسەر ئەم خاکە و دەمێکە ئەوان خەرێکی ئەم سیاسەتە چەپەڵەن و ئێستاش هەر بەردەوامن!!!! زمانی حاڵیشیان دەڵێت: {{مَنْ أَشَدُّ مِنَّا قُوَّةً}}. هەروەك کە لەئایەتی ژمارە (١٥) ی سوورەتی (فُصِّلَتْ) یشدا هاتووە.

    بە پشت بەستنی میللەتی کورد بە خودای گەورە و ڕازی کردنی ئەو زاتە لە هەموو کارێکدا، إن شاء الله ئەو میللەتە سەرکەوتوودەبێ و دوژمنانیشی سەرشۆڕدەبن.


     

    چیرۆكی صاڵح علیه‌ السلام


    ژیانی صاڵح علیه‌ السلام به‌شی 1


    ژیانی صاڵح علیه‌ السلام به‌شی 2


    ژیانی صاڵح علیه‌ السلام به‌شی 3


    ژیانی صاڵح علیه‌ السلام به‌شی 4


    ژیانی صاڵح علیه‌ السلام به‌شی 5

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام