ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

    تاقی كردنه‌وه‌ی یوسف به‌ ئافره‌ت

    تاقی كردنه‌وه‌ی یوسف به‌ ئافره‌ت


     

    ژنەکەی "عەزیز" یوسف فریو دەدات؟

    -یوسف و ئافرەتان

    ژنەکەی "عەزیز" یوسف فریو دەدات

    خودای گەورە بڕێکی زۆری لەجوانی بە "یوسف" بەخشیبوو، ئەم جوانی یەش هۆیەکی بەڵاو مەینەتیی تاقیکاری یەکانی ژیانی بوو .. هاوسەرەکەی عەزیزی میسر منداڵی نەدەبوو، ئەم منداڵە یەکجار جوان و قەشەنگەش وا لەبەردەستی خۆیدا بوو بە هەرزەکار، ئەویش (واتە هاوسەرەکەی عەزیزی میسر) بەچاوی مییینەیی ی خۆی ئەو جوانی یەی (یوسف)ی دەبینی و دڵی بۆی لێ دەداو هەست و نەستیشی گڕی گرتبوو. ئەو هەموو سۆزو ئەوین و ئارەزوەی لە دڵی دا بەرامبەری دروست ببوو بەلاوە ئاسان بوو چونکە ئەو کوڕە جوانەی بە بەندە (عبد)ی خۆی دادەناو ملکەچی فەرمان و ئیشارەتی خۆی بوو، بێگومان ئەو ژنە خۆیشی ژنێکی گەنج و لەسەرەتای تەمەنی لاوی و جوان و شۆخ و شەنگ بوو.

    ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئارەزووی ئەم ژنە زیاتر دەبوو لەم گەنجەی بەردەستی بەڵام دوودڵ بوو لەدەرخستنی هەست و سۆزی خۆی بۆ (یوسف) .. بەڵام هێندەی نەخایاند کە عاتیفەو سۆزی بەجۆشی بەسەردا زاڵ بوو.

    هەربۆیەش ڕۆژێکیان هەلی (یوسف)ی بە تەنها لەماڵدا قۆستەوەو دەستی کرد بەجێبەجێ کردنی نیازەکەی .. هەموو دەرگەکانی ماڵەکەی داخست و (یوسف) ی بانگ کردە ژوورەوە و داوای لێکرد کاری خراپەی لەگەلدا ئەنجام بدات و پێی گوت: وەرە!

    (یوسف)یش بەنەریتی لەخواترسانی خۆی لێی دوورکەوتەوەو نکۆڵی ی لەو کردارەو سەرپێچی ی لەفەرمانەکەی کردو پێی گوت: من پەنا دەگرم بە خودا تاکو لەگوناه بمپارێزێت، چونکە پەروەردگارم دەرووی لێکردوومەتەوە و، مێردەکەی تۆی بۆ ڕەخساندم کە ئەویش گەورەی منەو ڕێزی لێ ناوم و چاک ڕەفتار بووە لەگەڵمدا و پلەو مەقامێکی چاکی لەناو ماڵەکەی دا پێ داوم. نەخێر شتی وا ناکەم چونکە بەڕاستی هەرکەسێک ستەم و خیانەت بکات لە بەرامبەر چاکەکەیدا کە لەگەڵی دا کراوە سەرکەوتوو و سەرفراز نابیت.

    ئەو ژنە هیچ بایەخێکی بە وتەکانی یوسف نەدا، بەڵکو هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی دەستی لەگەڵدا تێکەڵاوبکات، تەنانەت نەفسی سەرکێشی خۆی فەرمانی ئەوەی پێکرد کە پەلاماری بدات، بەڵام یوسف لەو ساتەشدا ڕووناکی ڕاستەقینەی خودای بەدی کردو خۆی بەو نوورەی خودا پارێزراوو بەهرەمەند کردو مەیل و هەوای نەفس نەیتوانی زەفەری پێ ببات و بەربەرەکانی ی (گوناه و یاخی بوون)ی پێشاندا بەم ڕەنگەش خودای گەورە خراپەی زیناکاری و ناپاکی (خیانەت)ی لێ دوورخستەوە، چونکە لەو بەندە خوداویست و خوداپەرستانە بوو کە (بە پوختی و بێ گرێ و گۆڵ و پێچ و پەنا) و بە دڵسۆزی یەوە خودای خۆیان دەپەرست.

    یوسف خۆی گەیاندە لای دەرگای ژوورەکە تا بەپەلە لەژێر دەستی هەڵێت و ڕزگاری بێت، ئافرەتەکەش بەدوای دا ڕای دەکرد تا نەهێڵێت لەو ژوورە دەرچێت و لەڕووی پشتەوە یەخەی کراسەکەی ڕادەکێشا بۆ هێنانەوە ناو ژوورەکەی، بەڵام کراسەکەی دڕاو توانی دەرچێت بۆ دەرەوە.

    لەو چرکە ساتانەدا کت و پڕ هەردووکیان لای دەرگاکە عەزیزی میسریان بینی کە دەهاتەوە بۆ ماڵەوە، لەو ساتەدا خێرا ژنەکە دەستپێشخەری ی کرد بۆ تۆمەتبارکردنی (یوسف) بەتاوانی هەوڵی پەلاماردانی و دەستدرێژی کردنە سەری و بە مێردەکەی گوت: باشە ئاخۆ سزای ئەو کەسە چی بێ کە ویستبێتی خراپە لەگەڵ خێزانەکەتدا بکات، جگە لەوەی بەند بکرێت یان سزایەکی بە ئێشی بدرێت، (یوسف)یش نکووڵی لەو تاوانە کرد و گوتی کەوا ئەم ژنە خۆی هەوڵی پەلاماردانی داوەو ویستوویوتی خیانەت لە مێردەکەی بکات و ئەویش (واتە یوسف) بەرگری لەخۆی کردووەو وەڵامی داواکەی نەداوەتەوە.

    لە کاتێکدا (یوسف) و ژنەکەی (عەزیزی میسر) خەریکی تاوانبارکردنی یەکدی بوون، کەسێکی نزیک (ناسیاو)ی ئافرەتەکە بەسەر ئەو قسەو باس و مشت و مڕەیاندا هات و دوای تێگەیشتن لە ڕووداوەکە، کەوتە چارەسەرکردنی کێشەکەو گوتی: ئەگەر کراسەکەی ئەم کوڕە لە پێشەوە (واتە لە بەرۆکیەوە) دڕابێت ئەوە بێگومان ژنەکە ڕاست دەڵێت و کوڕەکە درۆ دەکات، چونکە مانای وایە کوڕەکە هێرشی بردۆتە سەری و بەروە ڕووی چووەو ژنەکە بەرگری لەخۆی کردووە، خۆ ئەگەر کراسەکەی ئەم کوڕە لەدواوە دڕابێت ئەوە ژنەکە درۆ دەکات و یوسف ڕاستگۆیە، چونکە مانای وایە ژنەکە پەلاماری داوەو ئەو تەنها بەرگری لەخۆی کردووەو هەوڵی دەربازبوونی داوە. کاتێک مێردی ژنەکە دیتی کراسەکەی (یوسف) لە ڕووی پشتەوە دڕاوە، بە ژنەکەی خۆی گوت: بەڕاستی ئەم کردەوەیە لە فڕوفێڵ و مەکری ژنانە، بێگومان نەخشەو فێڵی ئێوە زۆر گەورەیە لەم جۆرە شتانەدا. میردی ژنەکە خێرا ڕووی کردە (یوسف)و گوتی: ئەمەی کە تووشت هات لە بیرخۆتی بەرەوە گوێی مەدەرێ "دیارە ئەم مێردە حەزی کردووە ئەو کردارە شەرمەزاری و ئابڕووبەرانەیە پەردەپۆش بکرێت و کەس پێی نەزانێت)، بە ژنەکەشی گوت: تۆش داوای لێخۆشبوون و لێبووردن بکە لە هەڵەو تاوانەکانت چونکە تۆ لەم کارەتدا لە گوناهکارانیت. ئەمەی پێشوو تەفسیری ئەم ئایەتانەی لای خوارەوەی بەشێکی دیکەی سورەتەکەیە کە خودای گەورە تێیدا فەرموویە:

    {{وَرَاوَدَتْهُ الَّتِي هُوَ فِي بَيْتِهَا عَن نَّفْسِهِ وَغَلَّقَتِ الْأَبْوَابَ وَقَالَتْ هَيْتَ لَكَ قَالَ مَعَاذَ اللَّـهِ إِنَّهُ رَبِّي أَحْسَنَ مَثْوَايَ إِنَّهُ لَا يُفْلِحُ الظَّالِمُونَ ﴿٢٣﴾ وَلَقَدْ هَمَّتْ بِهِ وَهَمَّ بِهَا لَوْلَا أَن رَّأَىٰ بُرْهَانَ رَبِّهِ كَذَٰلِكَ لِنَصْرِفَ عَنْهُ السُّوءَ وَالْفَحْشَاءَ إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُخْلَصِينَ ﴿٢٤﴾ وَاسْتَبَقَا الْبَابَ وَقَدَّتْ قَمِيصَهُ مِن دُبُرٍ وَأَلْفَيَا سَيِّدَهَا لَدَى الْبَابِ قَالَتْ مَا جَزَاءُ مَنْ أَرَادَ بِأَهْلِكَ سُوءًا إِلَّا أَن يُسْجَنَ أَوْ عَذَابٌ أَلِيمٌ ﴿٢٥﴾ قَالَ هِيَ رَاوَدَتْنِي عَن نَّفْسِي وَشَهِدَ شَاهِدٌ مِّنْ أَهْلِهَا إِن كَانَ قَمِيصُهُ قُدَّ مِن قُبُلٍ فَصَدَقَتْ وَهُوَ مِنَ الْكَاذِبِينَ ﴿٢٦﴾ وَإِن كَانَ قَمِيصُهُ قُدَّ مِن دُبُرٍ فَكَذَبَتْ وَهُوَ مِنَ الصَّادِقِينَ ﴿٢٧﴾ فَلَمَّا رَأَىٰ قَمِيصَهُ قُدَّ مِن دُبُرٍ قَالَ إِنَّهُ مِن كَيْدِكُنَّ إِنَّ كَيْدَكُنَّ عَظِيمٌ ﴿٢٨﴾ يُوسُفُ أَعْرِضْ عَنْ هَـٰذَا وَاسْتَغْفِرِي لِذَنبِكِ إِنَّكِ كُنتِ مِنَ الْخَاطِئِينَ ﴿٢٩﴾}} يوسف. [٢٧]

    - یوسف و ئافرەتان

    ئەم ڕووداوەی ماڵی عەزیزی میسر کەوتە سەرزاری گەورە ژنانی شار، هەر ئافرەتە لەلایەن خۆیەوە غەیبەتی ئافرەتەکەیان دەکرد و قسەی ناشرینیان پێ دەگوت و دەشیانگوت: ژنەکەی عەزیزی میسر حەزی لەخزمەتکارەکەی خۆی کردووەو هەڵی ناوە بۆ کاری نابەجێ و ویستوویوتی بەدکاری لەگەڵ دا بکات، بەڵام ئەو کوڕە بەدەم داخوازی یەکەیەوە نەچووە، وادیارە ئەو ژنە هێندە حەزی لەو کوڕەیە کەئارامی لەبەر بڕیوەو دڵی پارەپارە کردووەو گەشتۆتە قوڵایی دڵی، بێگومان لەسەرگەردانیەکی ئاشکرادایە.

    ئەم قسانەی چینی ئافرەتان کە لەناو خۆیاندا ئاوا باسی ژنەکەی (عەزیز)یان دەکرد و توانج و پلاریان تێ دەگرت گەشتەوە بە ژنەکەی (عەزیز) و پێی ڕاگەیەندرا کە لەنێو ژناندا چۆن باسی دەکرێت. دیارە ئەویش بەمە پەست دەبێت و دەیەوێت (یوسف) و (جوانی یوسف) پێشانی ئەوانیش بدات تا چی دی بەناهەق لەخۆڕا سەرزەنشتی نەکەن و پاکانەش بۆ هەڵوێستی خۆی بهێنیتەوە.

    بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژێک داوەتیان دەکات و شوێنێکی نەرم و خۆشیان بە (سەرین و دۆشەک) بۆ ڕێک دەخات. ئافرەتەکانیش دوای ئەوە دێن و لەجێی خۆیاندا جێگیر دەبن و هەریەکەیان چەقۆو میوەی بۆ دانرا و فەرمووی لێکردن میوەکە بخۆن ئەوانیش چەقۆکانیان بەدەستەوە دەگرن و میوەکانیانی پێ لەت دەکەن، لەو ساتە ناسکانەدا ژنەکەی (عەزیز) فەرمان بە یوسف دەکات بێت و خۆی پێشانیان دات.

    ئەوانیش هەر کەچاویان بە یوسف دەکەوێت تەزوویوکی توند دەیانگرێت و ڕادەچڵەکن بەو جوانی یە لەڕادەبەدەرو بێ وێنەی (یوسف)، هەر بۆیەش لەو وەختەدا کت و پڕ هەموویان بێ ئەوەی ئاگایان لەخۆیان بێت دەستی خۆیان بە چەقۆکان بریندار دەکەن لەبەر زۆریی سەرسوڕمان و لەهۆش خۆچوونیان بە دیتنی (یوسف).

    جوانی (یوسف) نەک هەموویانی سەرسام! بەڵکو بێهوش کردبوو، هەستیان بە ئازاری پەنجە بڕاوکانیان نەدەکرد و گوتیان: پاکی و بێگەردی و دووری لە هەموو ناتەواویەک شایستەی خودایە کە ئەمەی دروست کردووە، ئەمە مرۆڤ نی یە، بەڵکو فریشتەیەکی بەڕێزە.

    کاتێک ژنەکەی (عەزیزی میسر) ئەم هەڵس و کەوتەی لە ئافرەتاکان دیت و هاوبەشی بوون لە سەرسوڕمان و هۆگری یاندا بە (یوسف)، گوتی: ئەمە ئەو کوڕە نەوجەوانە (فتی)یەیە کە ئێوە لۆمەی منتان کردووە لەسەری، هەرچەند هەوڵم لەگەڵدا بەڵام ڕازی نەبوو، ئێستاش لەسەر هەمان نیازی خۆم سوورم لەسەر ئەوەی گەر گوێڕایەڵیم لەم فەرمانەمدا نەکات ئەوا لە زینداندا بەندی دەکەم و بەم کارەش زەلیل دەبێت و بەکەم تەماشا دەکرێت.

    بەڵام (یوسف) لەبەردەم ئەو هەرەشەو گوڕەشانەدا ورەی بەرنەداو تەنانەت لەهیچ یەکێک لەو ئافرەتانەشی ڕانەدەبینی گەر لەو بارەیەوە ئامۆژگارییان بکات تا ئەوانیش گوێ ی لێ بگرن و سوودی لێ وەرگرن. بۆیە پەنای بردە بەر خودای پەروەردگاری و لێی پاڕایەوە کە زیندانەکەی بۆ بڕەخسێنێت، چونکە ژیانی ناو زیندانی بە باشتر دەبینی وەک لەسەرپێچی کردنی خودا، پاشان داوای لە پەروەردگاری کرد کە هەر خەراپەو زیانێکی ئەو مەکرو تەڵەکبازی یەی ئافرەتەکانی لێ دوورخاتەوە تاکو نەکەوێتە بەر مەترسی ی مەیل کردن لە داواکاری یەکانیان و بەم ڕەنگەش ببێت لەیەکێک لە نەفام و گەمژە لەڕێ لادەرەکان.

    خودای پەروەردگاریش بەهانای نزاکەی (یوسف)ـەوە چوو و گوناه و تاوانی لێ دوورخستەوەو لە فێڵ و مەکری ئافرەتەکان ڕزگاری کرد، چونکە هەر خودایە کە بیسەری نزاو پاڕانەوەی پەنابەرانی یەتی.

    ئەمەش دەقی ئایەتەکانی تایبەت بەم بەشەی چیرۆکەکەیە:

    {{وَقَالَ نِسْوَةٌ فِي الْمَدِينَةِ امْرَأَتُ الْعَزِيزِ تُرَاوِدُ فَتَاهَا عَن نَّفْسِهِ قَدْ شَغَفَهَا حُبّاً إِنَّا لَنَرَاهَا فِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ ﴿٣٠﴾ فَلَمَّا سَمِعَتْ بِمَكْرِهِنَّ أَرْسَلَتْ إِلَيْهِنَّ وَأَعْتَدَتْ لَهُنَّ مُتَّكَأً وَآتَتْ كُلَّ وَاحِدَةٍ مِّنْهُنَّ سِكِّينًا وَقَالَتِ اخْرُجْ عَلَيْهِنَّ فَلَمَّا رَأَيْنَهُ أَكْبَرْنَهُ وَقَطَّعْنَ أَيْدِيَهُنَّ وَقُلْنَ حَاشَ لِلَّـهِ مَا هَـٰذَا بَشَرًا إِنْ هَـٰذَا إِلَّا مَلَكٌ كَرِيمٌ ﴿٣١﴾ قَالَتْ فَذَٰلِكُنَّ الَّذِي لُمْتُنَّنِي فِيهِ وَلَقَدْ رَاوَدتُّهُ عَن نَّفْسِهِ فَاسْتَعْصَمَ وَلَئِن لَّمْ يَفْعَلْ مَا آمُرُهُ لَيُسْجَنَنَّ وَلَيَكُونًا مِّنَ الصَّاغِرِينَ ﴿٣٢﴾ قَالَ رَبِّ السِّجْنُ أَحَبُّ إِلَيَّ مِمَّا يَدْعُونَنِي إِلَيْهِ وَإِلَّا تَصْرِفْ عَنِّي كَيْدَهُنَّ أَصْبُ إِلَيْهِنَّ وَأَكُن مِّنَ الْجَاهِلِينَ ﴿٣٣﴾ فَاسْتَجَابَ لَهُ رَبُّهُ فَصَرَفَ عَنْهُ كَيْدَهُنَّ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ ﴿٣٤﴾}} يوسف. [٢٨]


     

    ژیانی پێغه‌مبه‌ر یوسف علیه‌ السلام


    تاقی كردنه‌وه‌ی یوسف به‌ ئافره‌ت


    یوسف علیه‌ السلام له‌ زیندان


    یوسف علیه‌ السلام وه‌زیری پاشا


    یوسف علیه‌ السلام ناسینه‌وه‌ی براكانی


    به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی یه‌عقوب و یوسف


    چه‌ند په‌ند و وانه‌یه‌ك له‌ چیرۆكی یوسف علیه‌ السلام

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام