ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

    چه‌ند په‌ند و وانه‌یه‌ك له‌ چیرۆكی یوسف علیه‌ السلام

    چه‌ند په‌ند و وانه‌یه‌ك له‌ چیرۆكی یوسف علیه‌ السلام


     

    - وانەیەک لەسەر باوەڕ لە "یەعقوب" ەوە

    - وانەیەک لەسەر داوێن پاکی

    - بەرەنجامی ئارام گرتن

    - سوودی چاکە کردن

    - ئابڕوومەندیی‌و ئاکاری جوان

    - لێبوردن لەکاتی دەستەڵاتدارێتی‌دا

    - دادگەرێتی‌ی باوکان لە نێوان ڕۆڵەکانیاندا

    وانەیەک لەسەر باوەڕ لە "یەعقوب" ەوە

    باوەڕهینان بە خودا گەورەترین شوێنەواری لە دەروونی ئینسانی‌دا هەیەو لە کاتی ڕوودانی کارەساتێکدا سەبووری‌و ئارامی‌ی پێ دەبەخشێت، هەرەوها دڵنیاییشی بۆ دەڕەخسێنێت تاکو بەهۆی ئەوەوە خۆڕاگرو بەورەبیت لەبەردەم هەر ڕووداوو مەترسی‌یەکدا کە تووشی ببێت. ئەم باوەڕە لە هەڵس‌و کەوتی (یەعقوب)دا بە جوانی ڕەنگی داوەتەوە، ئەویش لە زنجیرەیەک کارو هەڵوێستی‌دا لە ماوەی ژیانی‌و لە شێوازی ڕینمایی‌کردنی رۆڵەکانیدا. بۆ نموونە کاتێک هەواڵی لەناوچوونی خۆشەویست‌ترین کوڕی خۆی پی دەگات کە گوایە گورگ خواردوێتی، بروانە لە بەرامبەر ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەدا پەنا بۆ خودا دەبات و ئارام لەسەر ئەو بەڵایەش دەگرێت و بەم وتە نایابە دەری دەبڕێت: {{فَصَبْرٌ جَمِيلٌ وَاللَّـهُ الْمُسْتَعَانُ عَلَىٰ مَا تَصِفُونَ ﴿١٨﴾}} واتە: سەبرێکی جوان کە هیچ وەڕس بوون‌و پرتەو بۆڵەیەکی تێدا بێت‌و خوداش پەناو پشتیوانم بێت لەئاست ئەو ئیدیعاو درۆو دەلەسە ئاشکرایەتان‌دا.

    لەلایەکی دیکەشەوە (یەعقوب) هەروا دەبینین بە باوەڕیکی قووڵ‌و پڕ لە سۆزی سەرپەرشتی‌ی ئیلاهی‌یەوە باوەردارەو بە متمانە‌و دڵنیایی‌یەوە خۆی پێ سپاردووە، کاتێک کوڕەکانی داوای لێ دەکەن ڕێ‌یان بدات (بنیامین) لەگەڵ خۆیاندا ببەن بۆ میسر، ئەویش بەچەند وشەیەک وەڵامیان دەداتەوە کە هەریەکەیان باوەڕی بەهێزی لێ‌پەخش دەبێت .. باوەڕ بەسۆزو لوتفی خوداو متمانە بەدادگەری‌و ڕەحمەتی خودا لەکاتی قایل بوونی‌دا بە ناردنی (بنیامین)ی جگەرگۆشەی لەگەلیان‌دا، واتە بەم وشانە وەڵامیان دەداتەوە: {{فَاللَّـهُ خَيْرٌ حَافِظًا وَهُوَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ}} واتە: خودا بەهێزترین‌و باشترین پارێزەرەو هەر خۆیشی بەڕەحمترینی بەڕەحمانە.

    هەروەها دەبینین (یەعقوب) پشتی بەخودا بەستووەو بەمەش ئارامی‌و هیمنیەیەکی دەروونی‌ی لە فەرمان و بڕیاری خودایی‌یەوە بۆ دەستەبەردەبێت، ئەویش کاتێک کوڕەکانی ڕادەسپێرێت بەوەی لە گەشتی دووەمیاندا بۆ میسر تەنها لە یەک دەروازەوە نەچنە ناو ئەو وڵاتەوە، هۆی ئەم ڕاوێژو تەکبیر بۆکردن‌و هۆشداری پێدانەی وا لێک دایەوە کە ئەو ناتوانێت هیچ قەزاو قەدەرێکی خودایان لەسەر لابات: {{وَمَا أُغْنِي عَنكُم مِّنَ اللَّـهِ مِن شَيْءٍ}} چونکە گەر خودا خواستی ناخۆشی‌یەکی لەسەریان هەبێت، ئەوا ئەم ڕاوێژو ئامۆژگاری کردنەشی سوودمەند نابێت بۆیان.

    پاشان (یەعقوب) لەسەر ئامۆژکار‌یەکەی بۆ کوڕەکانی بەردەوام دەبێت و بەم ڕستەیە دەیاندوێنێت کە (باوەڕی زۆرو خۆدانە دەست ئیرادەی خودا)ی لێ هەڵدەقوڵێت: {{إِنِ الْحُكْمُ إِلَّا لِلَّـهِ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَعَلَيْهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُتَوَكِّلُونَ}} لێرەدا (یەعقوب) وانەیەکمان فێر دەکات لەسەر ئەوەی دەبێت لە پشت بەخودا بەستنیسدا هۆو ئامڕاز بگرینە بەرو وریاو ئاگاداریش بین لە زەرەروزیان.

    سەرنج بدە لە حاڵەتێکی دیکەی ..... (یەعقوب) هەواڵی کت‌و پڕیی بە بەندەکردنی (بنیامین)ی لە میسرەوە پێ دەگات .. ئەم ڕووداوە لەناکاوە تازەیەش کارەساتەکەی (یوسف)ی بیردەخاتەوەو بەنداوی خەم‌و پەژارەکانی دەرەقێنێتەوە، کاتێک کەس‌و کارەکانیشی گلەیی ئەوەی لێ‌دەکەن گوایە بووە بە هاوڕێ‌و هاودەمی خەم، دەبینین وایان تی دەگەیەنێت کە سکاڵای هەر خەم‌و دەردێکی بە ئازاری تەنها لەلای خودای گەورە دەکات: {{إِنَّمَا أَشْكُو بَثِّي وَحُزْنِي إِلَى اللَّـهِ}} واتە: من خەمی هەرە گەورەو گرانم دەخەمە بەردەمی خوداو سکاڵای کاروبارم هەر لای ئەو دەکەم، چونکە خودا هەر خۆی بەڕەحم‌و میهرەبانە‌و توانای لەسەر لابردنی خەمەکەم هەیە، جا ئیدی من سکاڵای خۆم نابەمە بەردەمی ئەو بەندانەی کە لە ئاست کێشمەکێشی رۆژگارو ناڕەحەتی‌یەکەنی دا هیچ هێزو توانایەکیان نی‌یە.

    دواجار هەر لەم لایەنەوە دیمەنێکی دیکە لە گەشبینی‌و ئومێدەواریی (یەعقوب) بەباوەڕ تێرو تەواوەکەیەوە بەدی دەکەین، ئەویش کاتێک کورەکانی ڕادەسپێرێت بە سۆراغ کردنی (یوسف) و (بنیامین) و هەوڵی دۆزینەوەیان، ئەوەتا پێ‌یان دەڵێت:

    {{يَا بَنِيَّ اذْهَبُوا فَتَحَسَّسُوا مِن يُوسُفَ وَأَخِيهِ وَلَا تَيْأَسُوا مِن رَّوْحِ اللَّـهِ إِنَّهُ لَا يَيْأَسُ مِن رَّوْحِ اللَّـهِ إِلَّا الْقَوْمُ الْكَافِرُونَ ﴿٨٧﴾ }} يوسف (یەعقوب) بەم وتانە (باری دەروونی)ی مرۆڤی ئیماندار دیاری دەکات‌و داوای لێ‌دەکات لەڕەحمەت‌و بەزەیی‌ی خودا بێ ئومێد نەبێت، چونکە بێ‌ئومێدی (يأس) پێ‌نەزانین و بێ‌باوەڕی‌یە بە نیعمەتی ژیان و بە خاوەنی نیعمەتەکەش (کە خودایە)، چونکە ژیان و ئیرادەی مرۆڤ ئیفلیج دەکات‌و دەستەوسانیشی دەکات لە خۆخستنە سەر ڕێ‌ی کاروانی ژیان، بەڵام باوەڕ (ئیمان) دوژمنی سەرسەختی بێ‌ئومێدی‌یە، بگرە ئیمان هەرخۆی ئومێدەو هیوایە بە ڕەحمەتی خودا، سا ئیتر تەنگانەو بگرەو بەردە هەرچەندێک زۆرو چڕبێت‌و، بارودۆخ و زەمانەش هەرچەندێک گران و ئاڵۆزبن، {{فَإِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْرًا ﴿٥﴾}} ألشرح ... لەدوای هەر ناخۆشی‌یەک خۆشی هەیە، لەدوای (تەنگانەو بارگرانی)یش ئاسوودەیی‌و ئازادی هەیە.

    وانەیەک لەسەر داوێن پاکی

    لەم ڕووەشەوە لە چیرۆکی (یوسف)دا خۆڕاگری‌و خۆپارێزیی کەم وێنەی گەنجێکی جوان‌و قۆزی وەک (یوسف) بەدی دەکرێت لەبەردەم ئەو تاقیکردنەوە سەختەی کەوتنە بەر تەماعی شەهوەت و کەخشتەبردندا، لەمەشدا وانەیەکی کاریگەر هەیە لەسەر داوین پاکی‌و بەرەنگاربوونەوەی ئارەزوو سەرکەوتن بەسەریدا، ئەوەش بەگەورەترین پەندو نموونە دادەنرێت بۆ ئەوەی چەندەها کوڕی لاوی دی شوێن پێ‌ی هەڵبگرن، لەوانەی مەبەستیان گەیشتنە بە ئاستێکی باڵای شکۆو ڕێزی ئینسانی. (ئارەزووی جنسی)یش ئەو هێزە توندو سەرشێتانەیە کە چەندین گەورەپیاوی مێژووی کۆن‌و نوێ لە پادشایان‌و سەرۆکان و سەرکردەکانی سوپا بە چۆک داهاتوون لە بەردەمی‌داو ملیان بۆ کەچ کردووە، بەڵام سەرکەوتن بەسەر ئەم هێزەی ئارەزووی جنسیی‌دا کلیلی گەورەیی‌و شکۆی ڕاستەقینەی گەورەپیاوانە.

    بەرەنجامی ئارام گرتن

    پەندێکی دی لەو پەندو وانە بەسوودانەی لە چیرۆکی (یوسف)ـەوە دەری ‌دێنین ئارامگری‌و خۆ ڕازاندنەوەیە بە سەبرو ئارامی، تاکو ئارام گرتن (صبر) ببێت بە توێشووی مرۆڤ لە گەشتی تەمەنیدا و پاشان بەرەنجامی چاک‌و بەپێزی لێوە دەست کەوێت.

    سوودی چاکە کردن

    لە چیرۆکی (یوسف)دا بەهادارکردن‌و خۆشەویست‌کردنی (نەریتی چاکەکردن) بەدی دەکرێت لەگەڵ دیاری‌کردنی شوێنەوارە جوان‌و بەکەڵکەکانی لەبەدەستهێنانی بەختیاری‌ی دنیاو ئاخیرەتیشدا. بەڵام چاکەکردن (ئیحسان) چی‌یە؟ ئیدی چ مانایەکی هەیە؟ چاکەکردن (إحسان) پێچەوانەی خراپەکردن (إساءة) یە، هەروەها مانای بەتین کردنی کارو جوان کردنیەتی.

    خودا چی بە (یوسف) بەخشی؟ بێگومان پلەو دەستەڵات و فەرمانڕەوایی‌ی لە پاداشتی ئیحسان و چاکەکردنی‌دا پێ‌بەخشی ..

    {{وَكَذَٰلِكَ مَكَّنَّا لِيُوسُفَ فِي الْأَرْضِ يَتَبَوَّأُ مِنْهَا حَيْثُ يَشَاءُ نُصِيبُ بِرَحْمَتِنَا مَن نَّشَاءُ وَلَا نُضِيعُ أَجْرَ الْمُحْسِنِينَ ﴿٥٦﴾}} يوسف

    ئەم ئایەتە بەڵینێکی ئیلاهی‌یە لەسەر ئەوەی هەر کەسێک چاکەکار (محسن) بێت خودا دەستەڵاتی حوکمی لەسەر زەوی پێ دەبە‌خشێت و دەیخاتە بەر ڕەحمەتی خۆی لەو ڕووەوە، ئەم بەخشش (عطاء)ـەش بە کەسێکی دیاریکراوەوە پەیوەست نێ‌یە، بەڵکو بە وەسفەکەوە بەستراوە.

    ئابڕوومەندیی‌و ئاکاری جوان

    هەروەها لەم چیرۆکەدا دەرسێکی کاریگەر هەیە دەربارەی پارێزگاری لە ئابڕووی چاک و بەرگری‌کردن لە ڕەوشت بۆ ئەوەی هیچ پەڵەیەکی ناشیرینی پیوە نەلکێت و تووشی خراپەیەک نەبێت. کاتیک (یوسف) وەک ئەو مرۆڤە سەنگینەی کە چەوساوەو ستەم لێ‌کراوبوو و بۆ ماوەیەکی زۆریش لە تاریکایی‌یەکانی زینداندا بوو بێ ئەوەی گوناهێکی کردبێت، کاتێک بڕیاری ئازادبوونی پێ دەگات و داوای لی دەکرێت بەدیداری پادشا بگات، هێندە پەرۆشی دەچوون نابێت و بەو مژدەیەش شاگەشکەو شادمان نابێت، بەڵکو قایل نی‌یە لەزیندانەکە دەرچیت هەتا ئەو تۆمەتەی لەسەر لادەبەن کە بە ناهەق دوایان خستبوو، هەر بۆیەش بە نوێنەرەکەی پادشا دەڵێت: (من هەرگیز لەزیندان نایەمەدەر هەتا دوای ئەوەی لە کێشەکەم دەکۆڵرێتەوەو ئەو بوختانەی بۆم هەڵبەستراوە بەدرۆ دەخرێتەوە) .

    لێبوردن لەکاتی دەستەڵاتدارێتی‌دا

    هەرەها لە چیرۆکی (یوسف) دا دەرسێک هەیە بۆ چاوپۆشیی و لێبوردن لە گوناهکارو سەودا لەگەڵ‌کردنی بە چاکەو لەگەڵ‌دا جووڵانەوەی بەباشی لە جیاتی ئەوەی خراپەی دەرهەق بکرێت یان تۆڵەی لێ‌بکرێتەوە.

    دادگەرێتی‌ی باوکان لە نێوان ڕۆڵەکانیاندا

    دواجار لەم چیرۆکەدا وانەیەک لەسەر (چۆنیەتی‌ی مامەڵەی باوکان لەگەل ڕۆلەکانیاندا بەدادو یەکسانی) بەدی دەکرێت، منداڵیش بە سروشتی خۆی دەمارگیر (غیور) و حەسەدکارەو پێویستی بە سۆزو نازی باوک و دایکیەتی، جا پشتگوێ خستنی لە هەر بارودۆخیکدا و کەمتەرخەمی لەلاواندنەوەی هەست و نەستی‌دا ڕقێکی شاراوەی بەرامبەر براکانی لەدڵ‌دا دەخوڵقێنێت. خۆپەسندی‌و دەمارگیری (غيرة)ش بەخێرایی لەنیوان براکاندا پەیدادەبێت، چونکە گەر دایک و باوک تاکە ڕۆڵەیەکیان بەجیا لەڕۆڵەکانی دی خۆش بوێت و نازی زیاتری پێ بدەن ئەوە دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی ئاگری دوژمنایەتی لەنێوانیان‌داو بەردەوام بەدرێژایی ڕۆژگار لە گڵپەسەندن دایە، دوایش دەبیتە هۆی پچڕانی پەیوەندی لەنێوان خێزانەکان‌دا.


     

    ژیانی پێغه‌مبه‌ر یوسف علیه‌ السلام


    تاقی كردنه‌وه‌ی یوسف به‌ ئافره‌ت


    یوسف علیه‌ السلام له‌ زیندان


    یوسف علیه‌ السلام وه‌زیری پاشا


    یوسف علیه‌ السلام ناسینه‌وه‌ی براكانی


    به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی یه‌عقوب و یوسف


    چه‌ند په‌ند و وانه‌یه‌ك له‌ چیرۆكی یوسف علیه‌ السلام

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام