ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

    به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی یه‌عقوب و یوسف

    به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی یه‌عقوب و یوسف


     

    - "یەعقوب" نێچیری خەم و پەژارە

    - براکان "یوسف" دەناسنەوە

    - "یەعقوب" هەواڵی ساغی و سەلامەتیی "یوسف"ی پێ دەگات

    - پێک گەیشتنەوەی پڕ شەوق و شادی و بەدی هاتنی خەونەکەی "یوسف"

    "یەعقوب" نێچیری خەم و پەژارە

    براکان (تەنها "بنیامین" و برا گەورەکەیان نەبێت) هەموویان گەڕانەوە لای باوکیان و بەسەرهاتەکەیان بۆ گێڕایەوە، ئەم هەواڵە سەرلەنوێ خەم و خەفەتەکانی ناو دڵی ی "یەعقوب"ی ورووژاندەوەو، ئازارە دەروونیەکانیشی بۆ لەدەست دانی کوڕی دووەمی دوو هێندەی دی زیاتر بوو، باوەڕیشی پێ نەکردن، چونکە لەبەسەرهاتەکەی (یوسف)ـەوە لێیان دڕدۆنگ ببوو، هەربۆیەش "یەعقوب" لەکاتی بیستنی ئەم هەواڵە تازەیەدا بەڕاشکاوی تاوانباری کردن و پێی گوتن: بێگومان هەواو ئارەزووی نەفستان ئەم پیلانەی بۆ ڕێک خستوون (واتە "یوسف" لە کوێ دەیزانی "بنیامین" لەبەرامبەر وەها تاونێکداو بەشەریعەتی ئێمە بە بەندە (عبد) دەگیرێت گەر ئێوە بڕیارو فەتوای واتان لەوێ بۆ نەدایەو پیلانتان لەسەر نەگێڕایە!). من لەم کێشەیەدا هیچ تەگبیرو ڕێگەچارەیەک شک نابەم تەنها ئەوە نەبێت بەجوانی و دانایانە ئارام بگرم و هەر بەتەمای ڕەحم و بەخشندەیی ی خودا بم و داوای لێ بکەم هەموو کوڕەکانم بۆ بگێڕێتەوە، چونکە هەر خودایە کە بەزانست و عیلمی خۆی لە هەموو شتیک ئاگادارەو حیکمەتی لە هەموو کاروبارێکدا هەیە.

    ئینجا "یەعقوب" لێیان دوورکەوتەوەو خەم و پەژارەش هەموو جەستەی داگرتبوو و داخ لەدوای داخ ڕووی تێ دەکرد. ئەم کارەساتەش کارەساتی "یوسف"ی بیردەخستەوەو دەیگوت: ئای چ داخ و دڵتەنگی یەکم بۆ "یوسف" هەیە. ڕەشینەی چاویشی لە زۆری و توندی ی خەم و پەژارەدا سپی ببوو و نەمابوو، جگە لەو ڕق و تورەیی ی کە لە کورەکانی هەبوو بێ ئەوەی دەری بڕێت و قسەیەکی ناخۆشیان پێ بڵێت.

    کوڕەکان کە باوکیان ئاوا دەبینی خەفەت ئەوانیشی دادەگرت و بەزەییان پێ دەهاتەوەو ترسی ئەوەیان هەبوو کە بەم هەموو خەم و خەفەتەوە تووشی ڕووداوێکی ناخۆش ببێت، بۆیە پێیان گوت: سوێند بەخوا تۆ وازناهێنیت و یادی "یوسف" دەکەیت و ناوی دەبەیت تا وات لێدێت پەکت دەکەوێت و ئەو هەموو خەم و خەفەتە بەرەو مردنت دەبات.

    ئەم وتەیەی کورەکانی هیچ کاریگەریەکی لەسەری نەبوو، بەڵام وەڵامی دانەوەو پێی گوتن: من سکاڵای خۆم و خەم و پەژارەم هەر تەنها بۆلای خودا دەبەم، چونکە ئەو ڕەحمەتە زۆرو فراوانەی کە لەخوداوە بەدی دەکەم و دەیزانم ئیوە نایزانن.

    بیگومان باوەڕو متمانە بە خودای گەورە هیوا دەژیەنێتەوە، خەم و پەژارەش نەیتوانی "یەعقوب" بێ هیوا بکات لەگەڕانەوەی کوڕەکانی بۆ لای، بۆیە فەرمان بەکوڕەکانی دەکات بگەڕینەوە بۆ (میسر)و بگەنەوە بە برا گەورەکەیان و لەگەڵ ئەودا هەموویان بەدوای (یوسف) و براکەی دا بگەرێن و لە سۆزو ڕەحمەتی خودای گەورەش بێ ئومێد نەبن، چونکە تەنها بێ باوەران و سەرگەردانەکان لە ڕەحمی خودا بێ ئومێدن.

    ئەمەش ئایەتەکانی تایبەت بەم بەشەی چیرۆکەکەیە کە خودای گەورە تێیاندا فەرموویە:

    {{قَالَ بَلْ سَوَّلَتْ لَكُمْ أَنفُسُكُمْ أَمْرًا فَصَبْرٌ جَمِيلٌ عَسَى اللَّـهُ أَن يَأْتِيَنِي بِهِمْ جَمِيعًا إِنَّهُ هُوَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ ﴿٨٣﴾ وَتَوَلَّىٰ عَنْهُمْ وَقَالَ يَا أَسَفَىٰ عَلَىٰ يُوسُفَ وَابْيَضَّتْ عَيْنَاهُ مِنَ الْحُزْنِ فَهُوَ كَظِيمٌ ﴿٨٤﴾ قَالُوا تَاللَّـهِ تَفْتَأُ تَذْكُرُ يُوسُفَ حَتَّىٰ تَكُونَ حَرَضًا أَوْ تَكُونَ مِنَ الْهَالِكِينَ ﴿٨٥﴾ قَالَ إِنَّمَا أَشْكُو بَثِّي وَحُزْنِي إِلَى اللَّـهِ وَأَعْلَمُ مِنَ اللَّـهِ مَا لَا تَعْلَمُونَ ﴿٨٦﴾ يَا بَنِيَّ اذْهَبُوا فَتَحَسَّسُوا مِن يُوسُفَ وَأَخِيهِ وَلَا تَيْأَسُوا مِن رَّوْحِ اللَّـهِ إِنَّهُ لَا يَيْأَسُ مِن رَّوْحِ اللَّـهِ إِلَّا الْقَوْمُ الْكَافِرُونَ ﴿٨٧﴾}} يوسف

    براکان "یوسف" دەناسنەوە

    کوڕەکانی "یەعقوب" بۆ دۆزینەوەی براکانیان و دەستکەوتنی ئەو دانەوێڵەو خۆراکەش کە پێویستیان پێ یەتی، چوونەوە بۆ (میسر)، لەوێ لەگەڵ برا گەورەکەیان چوونەوە بۆلای (یوسف)و پێیان گوت: ئەی عەزیزی بەڕێز، ئێمە خۆمان و خەڵک و کەس و کارمان تێکڕا تووشی بارودۆخێکی سەختی برسێتی و هەژاری بووین و کەل و پەلێکی تێکەڵ و پێکەڵ و کەم بایەخیشمان هێناوە کە شایەنی ئاڵ و گۆڕیش نی یە، داواکارین لێت پێویستیەکانمان لە دەغڵ و دان بۆ بپێوەو خێرمان پێ بکە، بێگومان خودا پاداشتی خێرخوازان دەداتەوە.

    (یوسف) بۆی دەرکەوت براکانی سکاڵای حالی بارگرانی‌ی خۆیان بە جۆرێک دەکەن کە گوزارشت (تعبیر) لە بارودۆخی تەنگانەو ژیانێکی پڕ لە زەحمەت دەکات و ئەو دڵ و دەروونە ڕەق و بێ ڕەحمانەشیان بۆ چەند دڵ و دەروونێکی نەرم و ناسک و هێمن گۆڕراون، ئەویش بەم خەم و مەینەتی و بێ چارەییەیان دڵی نەرم بوو و لێبوردن و لەخۆبڕانی تێدا خرۆشا، هەر بۆیەش بڕیاری دا کەسێتی‌ی ڕاستەقینەی خۆی دەرخات و خۆییان پێ بناسێنێتەوە تاکو ئەوان و دایک و باوکیشی بخاتە پاڵ خۆی و وایان لێ بکات لەمەولا بکەونە ناو شادی و کامەرانی و خۆشگوزەرانی‌یەوە، بۆیە بە براکانی گوت: ئایا زانیتان و لەبیرتانە چیتان کرد بە (یوسف) و براکەی؟ (واتە: ئایا لەیادتانە "یوسف"تان لە باوکی دابڕی و فڕیتان دایە ناو تاریکایی‌ی بیرەکەوە؟ دەربارەی (بنیامین)یش ئەوە دیارە چۆن دڵتەنگ و خەمبارتان کرد بەهۆی لەدەست دانی براکەی (شقیق) یەوە ـــ (واتە برای لە دایک و باوکەوە) و چێژی شیرینی‌ی ژیانتان لێ زەوت کرد تاکو لەو کارەساتەدا هاوبەش و هاوخەمی بێت).

    براکانی (یوسف) هەموویان لەم ووتەیە سەریان سوڕما و بەوردی سەرنجیان لە هیماو نیشانەکانی گۆنای دەداو فەرمانەکەی باوکیان بیرهاتەوە کە فەرمووی بەدوای (یوسف)دا بگەڕێن و وایان لێهات لەو قۆناغی نەناسینەیانەوە گومان لە کەسێتی‌ی ئەو کەسە بکەن کە بۆیان دەدویت و ئاخۆ (یەسف)ـە یان نا؟! لەبەر ئەوە خێرا بە پەشۆکاوی‌‌یەوە لێ‌یان پرسی: ئایا تۆ یوسفیت؟ ئەویش لە وەڵامدا بۆ بەڕاست دانانی گومانەکەیان گوتی: بەڵێ من (یوسف)م ئەمەش (بنیامین)ی برامە، بەڕاستی خودای میهرەبان ڕێزی لێناوین و بەهرەمەندی کردووین، بێگومان ئەوەی خۆپارێز بێت لە گوناە و خۆگربێت لە بەرامبەر ڕووداو و پێشهاتەکاندا، ئەوە خودای گەورە دەرووی لێ دەکاتەوە، خوداش بێگومان پاداشتی چاکەکاران ون ناکات.

    براکانی (یوسف) لەترسان سەریان داخست و شەرمەزاربوون، پاشان ویستیان پاکانەیەک ڕێک خەن تاکو خۆیان بێ تاوان کەن‌و لە سزای براکەیان ڕزگاربن، بەڵام هیج پاکانەو پاساوێکیان بۆ ڕێک نەخرا، بەڵکو تەنها ڕێگەی دان پێدانانی ڕاستەقینەیان لەبەردەم دابوو کە پێ‌یان گوت: سوێند بەخودا، بەڕاستی خودای گەورە ڕێزی تۆی داوە بەسەر ئێمەداو کاتی خۆی بە هەڵەداچوبووین و تاوانبارین. (یوسف)یش پێ‌ی گوتن: ئەمڕۆ هیچ گلەیی‌و سەرزەنشتێکتان لەسەر کردارەکانتان لێ ناکرێت، منیش داوای لێبوردن‌و ڕەحماتتان لەخودا بۆ دەکەم، خوداش بەڕەحمترینی بە ڕەحمانە.

    بەڵام (یوسف) هەر دڵی لای باوکیەتی و هەواڵی بیستووە چاوەکانی بیناییان لەدەست داوە، بۆیە کراسەکەی خۆی بە براکانی داو داوای لێکردن بیخەنە سەر ڕوخساری باوکیان چونکە بەوە چاوی چاک دەبێتەوە، جگە لەمەش داوای لە براکانی کرد کە جاری داهاتوو لەگەڵ تێکڕای کەس و کاریاندا بێنەوە بۆ (میسر).

    ئەنەی پێشوو شیکاری واتای ئەم ئایەتانەی بەشێکی دیکەی بەسەرهاتەکە بوو کە خودای گەورە لە سوورەتەکەدا فەرموویە:

    {{فَلَمَّا دَخَلُوا عَلَيْهِ قَالُوا يَا أَيُّهَا الْعَزِيزُ مَسَّنَا وَأَهْلَنَا الضُّرُّ وَجِئْنَا بِبِضَاعَةٍ مُّزْجَاةٍ فَأَوْفِ لَنَا الْكَيْلَ وَتَصَدَّقْ عَلَيْنَا إِنَّ اللَّـهَ يَجْزِي الْمُتَصَدِّقِينَ ﴿٨٨﴾ قَالَ هَلْ عَلِمْتُم مَّا فَعَلْتُم بِيُوسُفَ وَأَخِيهِ إِذْ أَنتُمْ جَاهِلُونَ ﴿٨٩﴾ قَالُوا أَإِنَّكَ لَأَنتَ يُوسُفُ قَالَ أَنَا يُوسُفُ وَهَـٰذَا أَخِي قَدْ مَنَّ اللَّـهُ عَلَيْنَا إِنَّهُ مَن يَتَّقِ وَيَصْبِرْ فَإِنَّ اللَّـهَ لَا يُضِيعُ أَجْرَ الْمُحْسِنِينَ ﴿٩٠﴾ قَالُوا تَاللَّـهِ لَقَدْ آثَرَكَ اللَّـهُ عَلَيْنَا وَإِن كُنَّا لَخَاطِئِينَ ﴿٩١﴾ قَالَ لَا تَثْرِيبَ عَلَيْكُمُ الْيَوْمَ يَغْفِرُ اللَّـهُ لَكُمْ وَهُوَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ ﴿٩٢﴾ اذْهَبُوا بِقَمِيصِي هَـٰذَا فَأَلْقُوهُ عَلَىٰ وَجْهِ أَبِي يَأْتِ بَصِيرًا وَأْتُونِي بِأَهْلِكُمْ أَجْمَعِينَ ﴿٩٣﴾}} يوسف

    "یەعقوب" هەواڵی ساغی و سەلامەتیی "یوسف"ی پێ دەگات

    کاروان ئەم جارەش لە (میسر)ـەوە بەرەو (شام) بەڕێ کەوتەوە، کاتێکیش کاروانی شام شارەکەی (میسر)ی جێهێشت، (یەعقوب)یش هەستێکی شارراوەی لەلاخوڵقا لەسەر نزیک بوونەوەی وادەی چاوپێکەوتنەوەی (یوسف)ی کوڕی، (واتە وەک چۆن لە غەیبەوە ئەو هەواڵەی بەدڵ‌دا هاتبێت) هەر بۆیە بە کەس و کاری خۆی و بە نەوەکانی (کوڕەزاکانی) دەڵێت: من هەست بە بۆنی (یوسف) دەکەم ئەگەر بە خەڵەفاوم نازانن. خانەوادەکەی گوتیان: سوێند بە خودا تۆ هەر لەناو سەرگەردانی و خەیاڵە کۆنەکەی خۆت دایت کە(یوسف) ماوە و گورگ نەیخواردووە.

    کەچی (یەعقوب) وێڕای ئەوەی ڕەخنەو سەرزەنشتی نەوەکانیشی لەلا گران بووبێت، هێندە بایەخی پێ نەدان و چاوی لێ‌پۆشین و گوێ‌ی بەو ئاخاوتنە ووشک و کورتبینی‌یەیان نەدا، بەڵکو لە ئاست ئەو قسە ڕەق و ناخۆشەیاندا بی‌دەنگ و خۆڕاگر بوو، خۆڕاگری و بێ دەنگی‌یەکەشی وەک وەڵامێک وابوو بۆیان. (یەعقوب) هەر لەسەر ئەو هەستە پاکەو پڕهیوایە بوو بۆ چاوەڕوانی کردنی کاتی چاوپیکەوتنەوەی کوڕەکەی تا ئەو ساتەی هەڵگری کراسەکەی (یوسف) هات‌و مزگێنی‌ی ساغی‌و سەلامەتی‌ی (یوسف)ی پێ‌گەیاند.

    جا کاتێک کراسەکەی (یوسف) درا بەسەر ڕوخساری باوکیدا، بەخواستی خودای گەورە چاوی بۆ گەرایەوە و چاوی هەڵهاتەوە بە دیتن، پاشان مزگێنی دەر (البشیر) هەموو حاڵەت‌و کاروبارێکی (یوسف)ی بۆ باس کرد و پێیشی گوت کەوا (یوسف) داوای لێ دەکات کە (یەعقوب)ی باوکی بەخۆی و کەس‌و کارو سەرجەم نەوەکانی‌یەوە بچن بۆلای لە میسر.

    لەو ساتەدا (یەعقوب) ڕووی کردەوە کەس و کارو ئەو نەوەو کورەزایانەی لەچوار دەوری بوون و پێ‌ی ڕاگەیاندن کە بیربکەنەوە لەڕاستی‌ی پێشبینی‌یەکەی و حەقیقەتی هەست کردنەکەی بەوەی ئەو بەجۆرێکی وەها لە ڕەحمەت و میهرەبانی‌ی خودا تێگەیشتووەو دەرکی پێ کردووە کە ئەوان ئاوا دەرکی پێ ناکەن. ئەوانیش زۆر داوای لێبوردنیام لێکرد لەسەر ئەو هەلوێستە نالەبارەو قسە ڕەق و ناخۆشانەیان و تکاشیان لێکرد لەلای خودا داوای لێخۆشبوونیان لە گوناهەکانیان بۆ بکات، (یەعقوب)یش بەڵێنی پیدان لەسەر ئەوەی داوای لێبوردنیان لە خودا بۆ بکات و بۆیان بپاڕیتەوە کە خودای گەورە لەو گوناهەیان خۆش بێت چونکە تەنها خودای تاک و تەنیاو بێ‌هاوەڵ لێبوردەو بە ڕەحم و میهرەبانە:

    {{ وَلَمَّا فَصَلَتِ الْعِيرُ قَالَ أَبُوهُمْ إِنِّي لَأَجِدُ رِيحَ يُوسُفَ لَوْلَا أَن تُفَنِّدُونِ ﴿٩٤﴾ قَالُوا تَاللَّـهِ إِنَّكَ لَفِي ضَلَالِكَ الْقَدِيمِ ﴿٩٥﴾ فَلَمَّا أَن جَاءَ الْبَشِيرُ أَلْقَاهُ عَلَىٰ وَجْهِهِ فَارْتَدَّ بَصِيرًا قَالَ أَلَمْ أَقُل لَّكُمْ إِنِّي أَعْلَمُ مِنَ اللَّـهِ مَا لَا تَعْلَمُونَ ﴿٩٦﴾ قَالُوا يَا أَبَانَا اسْتَغْفِرْ لَنَا ذُنُوبَنَا إِنَّا كُنَّا خَاطِئِينَ ﴿٩٧﴾ قَالَ سَوْفَ أَسْتَغْفِرُ لَكُمْ رَبِّي إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ ﴿٩٨﴾}} يوسف

    پێک گەیشتنەوەی پڕ شەوق و شادی و بەدی هاتنی خەونەکەی "یوسف"

    (یەعقوب) و سەرجەم کەس‌و کاری ناو بنە ماڵەکایان کە ژمارەیان (٧٠) کەس بوو بەڕێ کەوتن بەرەو میسر، لەولاوەش میسر لە ئامادەباشیدابوو بۆ پێشوازی‌کردن‌و بەپیرەوەچوونیان لەسەر سنووری (میسر).

    بنەماڵەی (یەعقوب) گەیشتنە میسر و دیتیان ئەوا (یوسف) لە پێشوازی‌کردنیان دایە .. (دیارە لێرە ناتوانین ڕادەی ئەو خۆشی‌و شادی‌یەی (یەعقوب) وەسف کەین لەئاست چاوپێکەوتنەوەی کوڕەکەی‌دا، چونکە ئەم وەسفە لەسەرووی وزەو توانای نوسەرەوەیە و ناتوانێ مافی تەواوی پێ‌بدات).

    (یوسف) دایک و باوکی خستە پاڵ خۆی‌و لە جێگەیەکی بەرزو بەهاداردا داینیشاندن و داواشی لێکردن ئیدی لە (میسر)دا بە هێمنی و ئاسوودەیی‌و بەیارمەتی‌و کۆمەکی خودا گوزەران بەرنەسەر.

    کاتێک گەیشتنە کۆشکە تایبەتی‌یەکەی خۆی دایک و باوکی لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی دانیشاند وەک ڕێزلێنانێکی زیاترو بایەخ پێدانی شایستەیان، (یەعقوب)و کوڕەکانیشی لەو خۆشی‌و شادی‌یەدا هەستیکی گەورەو فرەیان بەو هەموو ڕێزو شکۆیە کرد کە خودا لەسەر دەستی (یوسف) بۆی بەدی‌هێنابوون. لە بەرامبەر ئەودا بەعادەت‌و ڕێسای ڕەچاوکراوی خۆیان سڵاوێکیان لێ‌کرد، سڵاوەکەش جۆرە خۆ چەماندنەوەیەک بوو بەگوێرەی داب‌و نەریتی ئەو سەردەمە خەڵکی ئاوا بەو جۆرە سڵاویان لە سەرۆک و فەرمانرەوایان دەکرد.

    ئەم سڵاوەش یادگاری خەونەکەی لە دەروونی (یوسف)دا ووروژاندەوە کە بە مندالی بینیبووی، بۆیە لەدوای وەبیرکەوتنەوی خەونەکەی، بە باوکی گوت: ئەمە تەفسیرو لیکدانەوەی ئەو خەونەمە کە بە مندالی بینیم و بۆم گێرایتەوە و پێم گوتیت (من لە خەونمدا دیتم ئەوا یازدە ئەستێرە و خۆر و مانگیش کڕنوشم بۆ دەبەن) .. جا ئێستاش خودای پەروەردگارم ئەو خەونەی بۆ بەدی‌هێنام، هەروەها خودا رێزی زۆری لێنام و چاکەی لەگەڵداکردم، ئەویش بەو شێوەیەی کە بێتاوانییمی سەلماندو لە زیندانیش ئازادی کردم ئێوەشی لە دەشت و ژیانی دەشتەکی‌یەوە بۆ ئێرە هێنا تا لە میسر پێک بگەینەوە دوای ئەوەی (شەیتان) پەیوەندی نێوان من و براکانمی تێک دا.

    یوسف (سەلامی خودای لێ‌بێت) دەزانێت تەنها خودایە ئەم هەموو ڕێزی پێ بەخشیوە بۆیە دەستەکەنی بەرزکردەوەو بەزمانی شوکرانە بژێری‌و سوپاس‌گوزاری‌یەوە لە خودا پاڕایەوەو گوتی: ئەی پەروەردگار بەڕاستی حوکم و دەسەتەلاتێکی وات پێ بەخشیوم کە پێویستە سوپاست بکەم لە سەریان و لە لێکدانەوەی خەون شارەزات کردم، ئەی بەدیهێنەری ئاسمانەکان و زەوی، تۆ پشت و پەناو یارو یاوەری منیت لە دنیاو لە قیامەتدا، داواکارم کۆتایی ژیانم لەسەر ئیسلامەتی بێت و لەسەر ئەوە بممرێنەو بمگەیەنە کاروانی چاکان.

    {{فَلَمَّا دَخَلُوا عَلَىٰ يُوسُفَ آوَىٰ إِلَيْهِ أَبَوَيْهِ وَقَالَ ادْخُلُوا مِصْرَ إِن شَاءَ اللَّـهُ آمِنِينَ ﴿٩٩﴾ وَرَفَعَ أَبَوَيْهِ عَلَى الْعَرْشِ وَخَرُّوا لَهُ سُجَّدًا وَقَالَ يَا أَبَتِ هَـٰذَا تَأْوِيلُ رُؤْيَايَ مِن قَبْلُ قَدْ جَعَلَهَا رَبِّي حَقًّا وَقَدْ أَحْسَنَ بِي إِذْ أَخْرَجَنِي مِنَ السِّجْنِ وَجَاءَ بِكُم مِّنَ الْبَدْوِ مِن بَعْدِ أَن نَّزَغَ الشَّيْطَانُ بَيْنِي وَبَيْنَ إِخْوَتِي إِنَّ رَبِّي لَطِيفٌ لِّمَا يَشَاءُ إِنَّهُ هُوَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ ﴿١٠٠﴾ رَبِّ قَدْ آتَيْتَنِي مِنَ الْمُلْكِ وَعَلَّمْتَنِي مِن تَأْوِيلِ الْأَحَادِيثِ فَاطِرَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ أَنتَ وَلِيِّي فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ تَوَفَّنِي مُسْلِمًا وَأَلْحِقْنِي بِالصَّالِحِينَ ﴿١٠١﴾}} يوسف [٣٣]


     

    ژیانی پێغه‌مبه‌ر یوسف علیه‌ السلام


    تاقی كردنه‌وه‌ی یوسف به‌ ئافره‌ت


    یوسف علیه‌ السلام له‌ زیندان


    یوسف علیه‌ السلام وه‌زیری پاشا


    یوسف علیه‌ السلام ناسینه‌وه‌ی براكانی


    به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی یه‌عقوب و یوسف


    چه‌ند په‌ند و وانه‌یه‌ك له‌ چیرۆكی یوسف علیه‌ السلام

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام