ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

    👇 ئێستا له‌ڕێی مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنه‌👇 

    https://bit.ly/49og2eD

    یوسف علیه‌ السلام و ناسینه‌وه‌ی براكانی

    یوسف علیه‌ السلام و ناسینه‌وه‌ی براكانی


     

    - حەوت ساڵی وشک و بێ بارانی

    - براکانی یوسف لە میسر

    - گەڕانەوی براکان بۆ لای "یەعقوب"ی باوکیان

    - یوسف "بنیامین"ی برای بە بارمتە دەگرێت

    حەوت ساڵی وشک و بێ بارانی

    لێکدانەوەی (یوسف) بۆ خەونی پادشا وا دەرچوو کەڕاستە و دەبێت ئەو ماوەی خۆشی و ناخۆشی و شکەساڵی یە بەدی بێت، ئەوەبوو یەکەم جار حەوت ساڵی پڕ لەداهاتی کشتوکاڵی و پڕ لە خێروبەرەکەت هاتە پێشەوەو (یوسف)یش بە تەگبیری خۆی سەرپەرشتی کاروباری ئابووری و دارایی دەکردو بەروبومی زۆر زیاد لە پێویستی عەمبار دەکرد و لە گەنجینە دایدەنا. ئینجا وەک چاوەڕوان کرابوو ساڵەکانی گرانی هاتە پێشەوە، میسرو وڵاتانی دەوروبەری گرتەوە و برسێتیی و گرانیی خستەوە بەتایبەتی بۆ وڵاتانی دەوروبەری میسر وەک (فەلەستین) چونکە خەڵکی ئەو وڵاتانە خۆیان بۆ ئەو جۆرە ساڵانە ئامادەنەکردبوو و هەواڵی قات و قڕیان نەزانیبوو، بێگومان (یەعقوب) و کوڕەکانیشی وەک هەر خەڵکێکی دیکە تووشی بارگرانی و تەنگانەی ژیان بوون. بەڵام (یەعقوب) بیستی کە ڕزق و ڕۆزی لەلای خەڵکی میسر هەیە (چونکە وڵاتی میسر خۆی بۆ ڕۆژگارێکی ئاوا سازکردووە)، هەربۆیەش هەموو کوڕەکانی بانگ دەکات (تەنها "بنیامین"ی کوڕی گچکەی نەبیت) و داوایان لێ دەکات بچن بۆ میسر و ئەوەی هەیانە لە کەل و پەلی بازرگانی و شتی دیکەی بەنرخ لەگەڵ خۆیاندا بیبەن تا لەوێ بیگۆڕنەوە بە گەنم و جۆ.

    براکانی یوسف لە میسر

    یەعقوب (سەلامی خودای لێبێت) جگە لە "بنیامین" هەر دە کوڕەکەی دیکەی نارد بۆ "میسر"، هەواڵی دادپەروەری وەزیرەکەی پادشای میسر سەرتاپای دنیای ئەو سەردەمەی گرتبۆوە. "یوسف" لەوکاتەدا کە سەرپەرشتی کارەکانی دەکرد لە پڕدا دیتی وا براکانی برسیەتی زۆری بۆ هێناون و ئەوانیش هاتوون. "یوسف"یش بەهۆی ڕوخسارو و ڕەنگ و ڕوویان و قسەو گفتاریان و جلو بەرگە فەلەستینی یەکانیانەوە دەیانناسێتەوە، بەڵام ئەوان ئەوەی لە خیاڵیشیان دا نەمابێت "یوسف"بوو، لێیان نزیک بۆوەو کەوتە قسەی خۆش لەگەڵیان تاوەکو متمانەیان بۆ دروست ببێت و بڵێن بوون بە هاوەڵی وەزیری دارایی میسر.

    "یوسف" براکانی خۆی بە میوان دانا (لەجیاتی ئەوەی بەشێوەیەکی دی هەڵس و کەوتیان لە گەڵ بکات)، کوڕەکانی "یەعقوب" کەوتنە باس کردنی حاڵی خۆیان بۆ "یوسف" و گوتیان: باوکی ئێمە بە تەمەنە و پێغەمبەری خودایە، کاتی خۆی دوازدە بر ابووین، یەکێکمان بە منداڵی وون بووەو برا گچگەکەشمان کە ناوی (بنیامین)ـە لای باوکمان بەجێ ماوە. "یوسف" دوای ڕێزلێنانیان، گەنم و جۆی بەزیادەوەو پتر لە مافی شیاوی خۆیان بۆ کێشان (واتە لەو سەنگەی تای تەرازووەکە زیاتری بۆ کێشان) و تەنانەت خۆراکی ڕێگاشی پێدان و هەموو پێداویستی یەکی سەفەری بۆ دەستەبەرکردن.

    کاتێک کە باری حوشترەکانیان ئامادەبوو "یوسف" پێی گوتن: ئەگەر جارێکی دی هاتنەوە بۆ میسر برا گچکەکەتان لەگەڵ خۆتاندا بهێنن، ئایا نابینن من چۆن کێشانەو پێوانەم تەواوەو بە نرخی کەمتر بارەکانم بۆ ئێوە داناوە؟ ئەگەر هاتنەوەو ئەو برایەتان لەگەڵ نەبێت ئەوا هیچ پێوانەیەکتان لای من نابێت و هیچتان پێنادەم و ڕێ نادەم پێ بنێنەوە وڵاتەکەم.

    کاتێک یوسف ئەو داوایەی لە میوانەکانی (واتە براکانی) کردو ئاگاداریشی کردنەوە لە ئاکامی جێ بەجێ نەکردنی داواکەی و نەهێنانی براکەیان، ئەوانیش گوتیان: ئێمەش بە شێوازیکی وردو دانایانە لەگەڵ باوکماندا خەریک دەبین تاوەکو ڕازی بکەین و ڕێمان بدات برا گچکەکەمان بۆ (میسر) بێنین.

    بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەکی دیکەشەوە هانیان بدات بێنەوە، یوسف فەرمانی بە کارمەندانی خۆی کرد کە بە پەنهانی ئەو نرخەی بۆ گەنم و جۆکە هێنابوویان بخەنەوە ناو کەل و پەلەکانیان بێ ئەوەی ئەوان (واتە براکانی) لەو ساتەدا هەست بەوە بکەن کەوا وەزیری دارایی میسر بەخۆڕایی ئەو هەموو گەنم و جۆو پێداویستی یە زۆرەی پێداون، بەمەش "یوسف" دەیویست براکانی هەرکاتێک دەگەنەوە بۆ فەلەستین و نرخە گەڕێنراوەکە لەناو شتومەکانیاندا دەبینن، هەست بەگومان باشی ی (حسن الظن) ی لێ بکەن و ببێتە هاندەرێک بۆ گەڕانەوەیان.

    ئەم ئایەتانەش پوختەی ئەم بەسەی بەسەرهاتەکەیە کە خودای گەورە تێیاندا فەرموویە:

    {{وَجَاءَ إِخْوَةُ يُوسُفَ فَدَخَلُوا عَلَيْهِ فَعَرَفَهُمْ وَهُمْ لَهُ مُنكِرُونَ ﴿٥٨﴾ وَلَمَّا جَهَّزَهُم بِجَهَازِهِمْ قَالَ ائْتُونِي بِأَخٍ لَّكُم مِّنْ أَبِيكُمْ أَلَا تَرَوْنَ أَنِّي أُوفِي الْكَيْلَ وَأَنَا خَيْرُ الْمُنزِلِينَ ﴿٥٩﴾ فَإِن لَّمْ تَأْتُونِي بِهِ فَلَا كَيْلَ لَكُمْ عِندِي وَلَا تَقْرَبُونِ ﴿٦٠﴾ قَالُوا سَنُرَاوِدُ عَنْهُ أَبَاهُ وَإِنَّا لَفَاعِلُونَ ﴿٦١﴾ وَقَالَ لِفِتْيَانِهِ اجْعَلُوا بِضَاعَتَهُمْ فِي رِحَالِهِمْ لَعَلَّهُمْ يَعْرِفُونَهَا إِذَا انقَلَبُوا إِلَىٰ أَهْلِهِمْ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ ﴿٦٢﴾}} يوسف

    گەڕانەوی براکان بۆ لای "یەعقوب"ی باوکیان

    براکانی یوسف گەڕانەوە بۆ لای باوکیان و دەنگ و باسی سەفەرەکەیان و ئەوەی لە نێوان خۆیان و وەزیری دارایی ئەو وڵاتە ڕووی دابوو بۆ باوکیان گێڕایەوە، جگە لە باس کردنی ئەو هەموو مێواندارێتیی و ڕێزلێنان و بایەخ پێ دانەشیان، پاشان داواکاری یەکەیشیان پێ گەیاند کە ئەگەر جاری داهاتوو برا گچکەکەیان (بنیامین) لەگەڵ خۆیاندا بۆ میسر نەهێنن ئەوا هیچ خۆراک و دەغڵ و دانێکیان بۆ ناکێشیت. لەبەر ئەم ئاگادارکردنەوەیەش داویان لە باوکیان کرد ڕێ یان پێ بدات لە گەشتی دووەمیاندا (بنیامین)یش لەگەڵ خۆیاندا بەرن تاکو ئەو خۆراک و گەنم و جۆیەی پێویستیان پێیەتی دەستیان کەوێت. ئەوەشیان بۆ باوکیان دووپات کردەوە کە ئەوان چاودێری و پارێزگاریی لێ دەکەن.

    "یەعقوب" کە تائێستاش کزەی "یوسف" لەجەرگی یەوە دێت بە کوڕەکانی گوت: ئایا هەروا ئاسان متمانەتان پێبکەم لەسەری، هەروەک چۆن پێشتر متمانەم پێکردن لەسەر "یوسف"ی برای کە ونتان کردو پابەند نەبوون بە بەڵێنەکانتانەوە بۆ پارێزگارکردنی؟ ئەوەش بزانن باشترین و چاکترین پارێزەر تەنها خودایە و هەر ئەو میهرەبان ترینی میهرەبانانە.

    براکانی "یوسف" هێشتا بەوەشیان نەزانیبوو کە وەزیری دارایی ی میسر نرخی دەغڵ و دانەکەی بۆ ڕەت کردوونەوە، بەڵام دوای کردنەوەی بارەکانیان دیتیان هەرچی کەل و پەلیان دابوو بە کڕینی بارەکان خراوەتەوە ناو بارەکان و بۆیان گەڕاوەتەوە. ئەمەیان کردە هۆیەکی لەبار بۆ دڵ نەرم کردنی باوکیان تاکو قایل بێت بە ناردنی "بنیامین" لە گەڵیانداو بۆ هێنانی خۆراک لە "میسر" و گوتیان: (ئەگەر مۆڵەتی "بنیامین" بدەی لەگەڵمان بێت ئەوا دەیپارێزین و باری حوشترێکی دی لە خۆراک زیاد دەکات بۆمان). چونکە وەزیری دارایی بڕیاری دابوو هەر پیاوێک لە باری حوشترێک زیاتری پێ نەدات لەو داهاتە.

    بەڵام "یەعقوب" ئەو بەرجەی خستە سەر کوڕەکانی لە کاتێکدا (بنیامین) دەنێرێت لە گەڵیان دەبێت پەیمان بەخودای پەروەردگار بدەن لەسەر ئەوەی ئەم کوڕە گچکەیەی بۆ بهێننەوەو هیچ بەربەستێکیش ڕی ی ئەوەیان لێ نەگرێت مەگەر چواردەوریان بگیرێت و هیچ دەستەڵاتێکیان نەمینێت. ئەوانیش مەرجەکەی باوکیان پەسندکردو سوێندیان بۆ خوارد کە بیپارێزن.

    سەفەری دووەم هاتە پێشەوە، "یەعقوب" سەلامی خودای لێبێت، کەوتە ئامۆژگاری کردنی کوڕەکانی و گوتی: کوڕەکانم، هەمووتان لەیەک دەروازەوە مەچنە ناو "میسر"ـەوە بەڵکو لە چەند دەوازەیەکی جیاجیاوە بچنە ناوەوە. ئەویش (واتە یەعقوب) توانای ئەوەی نی یە زەرەرو زیانێکی لەو چەشنەیان لێ دووربخاتەوە، بەڵکو تەنها خودای تاک و باڵادەست توانای دوورخستنەوەی ئازارو زیانی هەیە.

    دەڵێن ئەم خۆپارێزییەی "یەعقوب" لەبەر ئەوە بووە تاوەکو (چاو) کاریان تێ نەکات، چونکە یازدە برای زۆر جوان بوون، ئەم ئامۆژگاری یەی باوکیان لەڕووی خۆپارێزی بوو، ئەگینا قەدەری خودا کاتێک بێت گەڕانەوەی بۆ نیە.

    ئەمەی پێشوو پوختەی واتاو شیکاری ئەم چەند ئایەتەی دیکەیە لە بەسەرهاتەکەدا کە خودای گەورە تێیاندا فەرموویە:

    {{فَلَمَّا رَجَعُوا إِلَىٰ أَبِيهِمْ قَالُوا يَا أَبَانَا مُنِعَ مِنَّا الْكَيْلُ فَأَرْسِلْ مَعَنَا أَخَانَا نَكْتَلْ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ ﴿٦٣﴾ قَالَ هَلْ آمَنُكُمْ عَلَيْهِ إِلَّا كَمَا أَمِنتُكُمْ عَلَىٰ أَخِيهِ مِن قَبْلُ فَاللَّـهُ خَيْرٌ حَافِظًا وَهُوَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ ﴿٦٤﴾ وَلَمَّا فَتَحُوا مَتَاعَهُمْ وَجَدُوا بِضَاعَتَهُمْ رُدَّتْ إِلَيْهِمْ قَالُوا يَا أَبَانَا مَا نَبْغِي هَـٰذِهِ بِضَاعَتُنَا رُدَّتْ إِلَيْنَا وَنَمِيرُ أَهْلَنَا وَنَحْفَظُ أَخَانَا وَنَزْدَادُ كَيْلَ بَعِيرٍ ذَٰلِكَ كَيْلٌ يَسِيرٌ ﴿٦٥﴾ قَالَ لَنْ أُرْسِلَهُ مَعَكُمْ حَتَّىٰ تُؤْتُونِ مَوْثِقًا مِّنَ اللَّـهِ لَتَأْتُنَّنِي بِهِ إِلَّا أَن يُحَاطَ بِكُمْ فَلَمَّا آتَوْهُ مَوْثِقَهُمْ قَالَ اللَّـهُ عَلَىٰ مَا نَقُولُ وَكِيلٌ ﴿٦٦﴾ وَقَالَ يَا بَنِيَّ لَا تَدْخُلُوا مِن بَابٍ وَاحِدٍ وَادْخُلُوا مِنْ أَبْوَابٍ مُّتَفَرِّقَةٍ وَمَا أُغْنِي عَنكُم مِّنَ اللَّـهِ مِن شَيْءٍ إِنِ الْحُكْمُ إِلَّا لِلَّـهِ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَعَلَيْهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُتَوَكِّلُونَ ﴿٦٧﴾ وَلَمَّا دَخَلُوا مِنْ حَيْثُ أَمَرَهُمْ أَبُوهُم مَّا كَانَ يُغْنِي عَنْهُم مِّنَ اللَّـهِ مِن شَيْءٍ إِلَّا حَاجَةً فِي نَفْسِ يَعْقُوبَ قَضَاهَا وَإِنَّهُ لَذُو عِلْمٍ لِّمَا عَلَّمْنَاهُ وَلَـٰكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ ﴿٦٨﴾}} يوسف [٣١]

    یوسف "بنیامین"ی برای بە بارمتە دەگرێت

    براکانی "یوسف" چوونەوە بۆ (میسر) و گەیشتنەوە لای "یوسف" ئەویش بەخێرهاتنی لێ کردن و میوانداری کردن، پاشان بەتەنیاو بەجیا لەگەڵ (بنیامین)ی برای دا دانیشت و لەژێر لێوەوەو بە ئەسپایی بە گوێیدا چرپاندی و پێی گوت: من "یوسف"ی براتم خەفەت مەخۆ بەو هەڵس و کەوتەی ئەوان دەیان کرد دەرهەق بە من و دەرهەق بە تۆ.

    ئینجا "یوسف" وای پێ خۆش بوو ئەم برایەی لای خۆی بهێڵێتەوە. شێوازی وەبەرنراویشی بۆ ئەو مەبەستە (واتە هێشتنەوەی "بنیامین" لەلای خۆی) ئەوە بوو کە تۆمەتی دزی کردنی بخاتە پاڵ و بەو هۆیەوە دەستبەسەری کات تاکو هەر لای خۆی بێت و هاوڕیی تەنهایی ی بێت، "بنیامین"یش بۆ ڕازی کردنی (یوسف)ی برای ئەو تۆمەت خستنە پاڵەی پەسند کرد.

    دیارە تۆمەتبارکردنی "بنیامین"یش بە دزی کردن تۆمەتبارکردنی هەموو براکانە، چونکە ئەوە سەرشۆڕیان دەکات و بە تۆمەتی کردنیشیان لە کەسێتی و گەورەیی یان کەم دەکاتەوە، هەروەها ئەم تۆمەتبارکردنەی (بنیامین) ئەو برایانەی دەخاتە ناو تەنگژەیەکی شەرمەزاریی ی بەردەم باوکیانەوە.

    بۆ دروست کردنی ئەم فێڵەش، "یوسف" دوای ئەوەی باری حوشترەکانی بۆ براکانی ئامادەکرد، ئەو کێلەیەی کە پێوانەی پێ دەکرا خستیە ناو باری حوشترەکەی (بنیامین)ی برای، کاروان ئامادەبوو و بەڕی کەوتن بەرەو شام، چەند هەنگاوێک ڕۆیشتن، جاڕچی جاڕی دا: هۆ کاروانەکە ڕاوەستن ئێوە دزیتان کردووە! ئەو برایانە بە بیستنی ئەمە ترسیان لێ نیشت و بەرەو ڕووی هاوارەکە ڕۆیشتن و گوتیان: چیتان دیار نەماوە؟ پاسەوانەکان گوتیان: بە دوای کێلەی پێوانەی دەغڵ و داندا دەگەڕێین، خەڵاتیشی باری حوشترێکە لە خۆراک بۆ ئەو کەسەی دەیدۆزێتەوە.

    براکانی (یوسف) سوێندیان خوارد لەسەر ئەوەی بێ تاوان و بێ ئاگان لە دزی و بەدکاری، پاسەوانەکان لێیان پرسین: ئایا سزای ئەو کەسە چی یە کە تاوانی دزی کردنی ئەنجام دابێت؟ براکانی یوسف گوتیان: سزای ئەو کەسەی تەرازووەکەی دزی بێت ئەوەیە وەک بەندەیەک (رقیق) بگیرێت لای ئەو کەسەی دزی لێکردووە. بێگومان ئەم سزایەش لە شەریعەتی بنەماڵەی (یەعقوب)دا بۆ دز داندرابوو.

    پاشان پاسەوانەکان دەستیان کرد بە گەڕان و پشکنینی کەل و پەلی براکان پێش (بنیامین) تاکو وا دەرنەکەوێت کە نەخشەیەک بۆ (مەسەلەی دزی یەکە) داڕیژراوە، پاشان کەل و پەلەکانی (بنیامین)یان پشکنی و تەرازووەکەیان تێدا بینی و لێ یان دەرهێنا.

    بەم ڕەنگەش فێڵەکەی (یوسف) سەری گرت و بە بڕیاری براکانی مافی ئەوەی هەبوو کە (بنیامین) بە بارمتە بگرێت. واتە بەو بڕیارو مەرجەی کە بەپێی شەریعەتی خۆیان (ئەو کەسەی تەرازووەکە لە کەل و پەلەکانی دا بێت وەک بەندەیەک دەگیرێت).

    خودای گەورەش بەم شێوەیە کارەکەی بۆ (یوسف) ڕێک خست چونکە نەیدەتوانی براکەی خۆی بە پێی شەریعەتی (میسر) بگرێت بەڵكو لە (میسر) بە یاسایەکی دی سزای دزیان دەدا، بەڵام بێگومان خودا ڕێنمایی (یوسف)ی کرد کە ئەو جۆرە ڕێ و شوێنە بگرێتەبەر بۆ هێشتنەوەی (بنیامین)ی برای لە لای خۆی.

    بەم پێ یەش خودا بەویست و خواستی دانایانەی خۆی هەر کەسێکی بوێت بە زانست و دانایی و ڕاوێژی جوان پایەبڵندی دەکات و وەک چۆن ئەو بەهرانەی بە (یوسف) دابوو لە سەروو هەموو زانستمەندێکیشەوە کەسێکی لەو زاناترو داناتر هەیە. خودای گەورەش لەسەرووی هەموویانەوەیە، دەبا هیچ مرۆڤێک لەخۆبایی نەبێت بەو زانستەی هەیەتی.

    {{ وَلَمَّا دَخَلُوا عَلَىٰ يُوسُفَ آوَىٰ إِلَيْهِ أَخَاهُ قَالَ إِنِّي أَنَا أَخُوكَ فَلَا تَبْتَئِسْ بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ ﴿٦٩﴾ فَلَمَّا جَهَّزَهُم بِجَهَازِهِمْ جَعَلَ السِّقَايَةَ فِي رَحْلِ أَخِيهِ ثُمَّ أَذَّنَ مُؤَذِّنٌ أَيَّتُهَا الْعِيرُ إِنَّكُمْ لَسَارِقُونَ ﴿٧٠﴾ قَالُوا وَأَقْبَلُوا عَلَيْهِم مَّاذَا تَفْقِدُونَ ﴿٧١﴾ قَالُوا نَفْقِدُ صُوَاعَ الْمَلِكِ وَلِمَن جَاءَ بِهِ حِمْلُ بَعِيرٍ وَأَنَا بِهِ زَعِيمٌ ﴿٧٢﴾ قَالُوا تَاللَّـهِ لَقَدْ عَلِمْتُم مَّا جِئْنَا لِنُفْسِدَ فِي الْأَرْضِ وَمَا كُنَّا سَارِقِينَ ﴿٧٣﴾ قَالُوا فَمَا جَزَاؤُهُ إِن كُنتُمْ كَاذِبِينَ ﴿٧٤﴾ قَالُوا جَزَاؤُهُ مَن وُجِدَ فِي رَحْلِهِ فَهُوَ جَزَاؤُهُ كَذَٰلِكَ نَجْزِي الظَّالِمِينَ ﴿٧٥﴾ فَبَدَأَ بِأَوْعِيَتِهِمْ قَبْلَ وِعَاءِ أَخِيهِ ثُمَّ اسْتَخْرَجَهَا مِن وِعَاءِ أَخِيهِ كَذَٰلِكَ كِدْنَا لِيُوسُفَ مَا كَانَ لِيَأْخُذَ أَخَاهُ فِي دِينِ الْمَلِكِ إِلَّا أَن يَشَاءَ اللَّـهُ نَرْفَعُ دَرَجَاتٍ مَّن نَّشَاءُ وَفَوْقَ كُلِّ ذِي عِلْمٍ عَلِيمٌ ﴿٧٦﴾}} يوسف

    براکانی یوسف کە دیتیان وا (بنیامین)ی برایان دزی لێدەرکەوت، زۆر شەرمەزاربوون و کەوتنە پاکانە بۆخۆیان، پاکانەکەشیان توانج دانێک بوو لە برا گچکەکەیان و لە (یوسف)یش، بەوەی گوتیان: شتێکی سیرو سەمەرە نی یە گەر ئەم کوڕە دزی بکات، چونکە ئەوە برایەکی تریشی هەبوو لەمەوبەر دزی ی کردبوو (واتە یوسف کە لەدایک و باوکەوە برای بوو نەک زڕبرا).

    یوسف ئەو قسە ناڕەواو تۆمەتە ناماقوڵانەی لە دڵی خۆیدا هێشتەوەو نەیخستە ڕوو بۆیان؛ بڵێت: (درۆ دەکەن من "یەسف"م، لەژێر لێوەوە گوتی: ئێوە لە کەسانێکی باش ناچن، خودا خۆی لە هەموو کەس زاناترە بەوەی ئێوە دەیڵێن و باسی دەکەن).

    براکانی یوسف هیچ ڕێگەچارەیەکیان لەبەردەمدا نەبوو بۆ ڕزگارکردنی (بنیامین) تا بتوانن پابەندبن بەو پەیمانەی بەخودایان دابوو لەبەردەم باوکیاندا، هەربۆیەش دەستیان کرد بەداوای ڕەحم و بەزەیی لە (یوسف) و زۆر تکایان لێکردو پێیان گوت: ئەم کوڕە باوکێکی پیری بەساڵاچووی هەیە کە دڵی هەر لایەتی، جا لە جیاتی ئەو یەکێکمان بگرەو لە جێگەی داینێ و ئەو بەرەڵاکە، ئێمە لەم ڕووەوە هەر چاکەو یارمەتی و بەخشندەییت لێ ڕادەبینین.

    یوسف گوتی: پەنا دەگرین بە خودا لەوەی ئەگەر ستەم لەبێ تاوان بکەم و یەکێکی دیکەتان لەجێی ئەو دابنێم، خۆ ئەگەر وابکەین ئەوا بەڕاستی لە ستەم کاران دەبین.

    براکانی دوای ئەوەی لەقەناعەت پێ هێنانی "یوسف" بێ ئومێدبوون و نەیانتوانی یەکێکی دیکەیان لە جیاتی (بنیامین) دابنێن، بەجیا لەناو خۆیاندا کۆدەبنەوەو دەست دەکەن بەڕاوێژکردن دەربارەی هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر باوکیان. لەئەنجامی ڕاوێژەکەیاندا قایل دەبن بەو بیروڕایەی براگەورەیان کە دەڵێ: مەگەر نازانن باوکتان پەیمانی لێوەرگرتوون و خودایشی کردووە بە شاهێد بەسەرتانەوە، پێشتریش چیتان بەسەر (یوسف) هێنا، لەبەر ئەوە من لە (میسر) دمێنمەوەو ئێرە بەجێ ناهێڵم هەتا ئەوکاتەی باوکم لەڕووی ڕاستەقینەی بارودۆخەکەمان تێ دەگات و مۆڵەتی گەرانەوەم پێ دەدات، یان خودا بەحوکمی ئیلاهیی خۆی ئیرادەی گەڕانەوەم بۆ دەڕەخسێنێت و هەر خودای گەورەش چاکترینی دادوەرانە. براکانم: ئێوە بگەڕینەوە لای باوکتان چی ڕاستەو ڕوویداوە ئەوە بگێڕنەوە و پێی بڵێن کوڕەکەت دزی کردووە و حوکم دراوە، ئەوەشمان بەچاوی خۆمان دی، خۆ ئەگەر لە (غەیب)مان بزانیبایە و هەواڵی ئەو ڕووداوەمان پێش (ڕوودانی) پێ بگەیەنرایە ئەوا هەرگیز لەگەڵ خۆماندا نەمان دەبرد، وە پێی بڵێن ئەگەر باوەڕیش بە قسەکانمان ناکەیت، ئەوا پرسیار بکە لە خەڵکی ئەو شارەی ئێمەی لێ بووین، یان ئەو کاروانیانەی لەگەڵماندا بوون، تاکو ڕاستیی قسەی ئێمەت بۆ ڕوون بێتەوە.

    تا ئێرە پوختەی لێکدانەوەی ئەم چەند ئایەتەی تایبەت بە چیرۆکی (یوسف) بوو خودای گەورە لەم بەشەی سوورەتەکەدا فەرموویە:

    {{قَالُوا إِن يَسْرِقْ فَقَدْ سَرَقَ أَخٌ لَّهُ مِن قَبْلُ فَأَسَرَّهَا يُوسُفُ فِي نَفْسِهِ وَلَمْ يُبْدِهَا لَهُمْ قَالَ أَنتُمْ شَرٌّ مَّكَانًا وَاللَّـهُ أَعْلَمُ بِمَا تَصِفُونَ ﴿٧٧﴾ قَالُوا يَا أَيُّهَا الْعَزِيزُ إِنَّ لَهُ أَبًا شَيْخًا كَبِيرًا فَخُذْ أَحَدَنَا مَكَانَهُ إِنَّا نَرَاكَ مِنَ الْمُحْسِنِينَ ﴿٧٨﴾ قَالَ مَعَاذَ اللَّـهِ أَن نَّأْخُذَ إِلَّا مَن وَجَدْنَا مَتَاعَنَا عِندَهُ إِنَّا إِذًا لَّظَالِمُونَ ﴿٧٩﴾ فَلَمَّا اسْتَيْأَسُوا مِنْهُ خَلَصُوا نَجِيًّا قَالَ كَبِيرُهُمْ أَلَمْ تَعْلَمُوا أَنَّ أَبَاكُمْ قَدْ أَخَذَ عَلَيْكُم مَّوْثِقًا مِّنَ اللَّـهِ وَمِن قَبْلُ مَا فَرَّطتُمْ فِي يُوسُفَ فَلَنْ أَبْرَحَ الْأَرْضَ حَتَّىٰ يَأْذَنَ لِي أَبِي أَوْ يَحْكُمَ اللَّـهُ لِي وَهُوَ خَيْرُ الْحَاكِمِينَ ﴿٨٠﴾ ارْجِعُوا إِلَىٰ أَبِيكُمْ فَقُولُوا يَا أَبَانَا إِنَّ ابْنَكَ سَرَقَ وَمَا شَهِدْنَا إِلَّا بِمَا عَلِمْنَا وَمَا كُنَّا لِلْغَيْبِ حَافِظِينَ ﴿٨١﴾ وَاسْأَلِ الْقَرْيَةَ الَّتِي كُنَّا فِيهَا وَالْعِيرَ الَّتِي أَقْبَلْنَا فِيهَا وَإِنَّا لَصَادِقُونَ ﴿٨٢﴾}} يوسف [٣٢]


     

    ژیانی پێغه‌مبه‌ر یوسف علیه‌ السلام


    تاقی كردنه‌وه‌ی یوسف به‌ ئافره‌ت


    یوسف علیه‌ السلام له‌ زیندان


    یوسف علیه‌ السلام وه‌زیری پاشا


    یوسف علیه‌ السلام ناسینه‌وه‌ی براكانی


    به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی یه‌عقوب و یوسف


    چه‌ند په‌ند و وانه‌یه‌ك له‌ چیرۆكی یوسف علیه‌ السلام

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام