ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

    یوسف علیه‌ السلام له‌ زینداندا

    یوسف علیه‌ السلام له‌ زینداندا


     

    - زیندانی کردنی یوسف

    - بانگەوازکردن لەزینداندا

    - یوسف خەونەکانی هەردوو هاوەڵەکەی لێک دەداتەوە

    زیندانی کردنی یوسف

    کاتێک هەواڵی ژنەکەی "عەزیز" و یوسف لە شاردا بڵاوبوویەوە، عەزیزی میسرو ئەهلی مەشورەتی وایان بە چاک زانی بۆ دابڕینی یوسف لەو ئافرەتە و تا ئەو ماوەیەی ئەم دەنگ و باسە لە شاردا نەمینێت و بۆ ئەوەی لە عەیب و عارو قسەوباسی سەرزمانی خەڵکیش ڕزگاربن، تەنها کاری زیندانی کردنی "یوسف" رێگەچارەیەو دەبێت تاوانەکەش بخرێتە پاڵ ئەو، سەرەڕای ئەوەی کە بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بێ تاوانی و داوێن پاکی ی (یوسف)یشیان بۆ دەرکەوتبوو.

    باروودۆخی "یوسف" لەکاتی چوونە ناو زیندانی دا تێکەڵەیەکی پێکهاتوو لە "خەم" و "شادی" بوو .. خەمەکەی بۆ ئەوە بوو چونکە بەستەم و بەناهەق دەخرێتە زیندانەوەو لە دەرئەنجامی ئەم گرتنەشدا لەوانەیە ڕێزو حورمەتی کەم بێتەوە، بە تایبەتی لەلای ئەو کەسانەی لە ڕاستی مەسەلەکە ئاگادارنین .... شادی و خۆشحاڵییشی بۆ ئەوە بوو کەوا لە ماڵی گەورەی خۆی (عەزیزی میسر) دەردەچێت و لە مەکرو ئاشووب دوور دەکەوێتەوە، بەڵام چوونە ناو زیندانیشی سەرەتای خێرو چاکەیەک بوو بۆی. ئەوە بوو هاوکات لەگەڵ زیندانی کردنی "یوسف"دا دوو کوری نەوجەوانیش لەدارودەستەی پادشا ـــ یەکێکیان سەرۆکی ئاوکێشەکان بوو و دووەمیشیان سەرۆکی نانەواکان بوو ـــ دەخرێنە زیندانەوە بە تاوانی پیلان گێڕان لە دژی پادشا.

    دوای ماوەیەک لە زیندان و ناسینی "یوسف" هەریەکەیان خەونێک دەبینێت و بۆ "یوسف"ی دەگێرنەوە، یەکەمیان دەڵێت: لە خەونمدا دیتم ترێم دەگوشی تا (مەی ی لێ دروست بکەم)، دووەمیشیان دەڵێت: منیش خەونم بەوەوە دی کە نانم لەسەر سەرم هەڵگرتبوو و باڵندەش لێ ی دەخوارد .. هەردووکیان داوا لە "یوسف" دەکەن خەونەکانیان بۆ لێک داتەوە دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوتبوو زانستی تەفسیرکردنی خەونی هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا سیفەتی خۆپارێزی و چاکەخوازی ی تێدایە.

    (یوسف)یش لەگەڵ ئەوەدا ئاماژە بۆ نیعمەتی خودای گەورە دەکات لە لیکدانەوەی خەون دا، دان بە نیعمەتێکی دیکەشدا دەنێت کە زانستی نادیارەکان (مغیبات)ـە و خودا سروشتی زانینیانی پێ داوە، بۆ نموونە دەتوانێ جۆری ئەو خۆراکەیان پێ بڵێت کە لەزینداندا پێیان دەدرێت پێش ئەوەی بیبینن و بزانن چی یە، خودای گەورەش ئەم مەسەلە غەیبییانەی بە تایبەتی بەو سپاردووە، چونکە خۆی دوورەپەرێزکرتووە لە ڕێبازە چەوتەکەی ئەو گەلەی باوەڕیان بەبوونی خودا نی یەو باوەڕیش بەڕۆژی دوایی ناهێنن:

    {{ثُمَّ بَدَا لَهُم مِّن بَعْدِ مَا رَأَوُا الْآيَاتِ لَيَسْجُنُنَّهُ حَتَّىٰ حِينٍ ﴿٣٥﴾ وَدَخَلَ مَعَهُ السِّجْنَ فَتَيَانِ قَالَ أَحَدُهُمَا إِنِّي أَرَانِي أَعْصِرُ خَمْرًا وَقَالَ الْآخَرُ إِنِّي أَرَانِي أَحْمِلُ فَوْقَ رَأْسِي خُبْزًا تَأْكُلُ الطَّيْرُ مِنْهُ نَبِّئْنَا بِتَأْوِيلِهِ إِنَّا نَرَاكَ مِنَ الْمُحْسِنِينَ ﴿٣٦﴾ قَالَ لَا يَأْتِيكُمَا طَعَامٌ تُرْزَقَانِهِ إِلَّا نَبَّأْتُكُمَا بِتَأْوِيلِهِ قَبْلَ أَن يَأْتِيَكُمَا ذَٰلِكُمَا مِمَّا عَلَّمَنِي رَبِّي إِنِّي تَرَكْتُ مِلَّةَ قَوْمٍ لَّا يُؤْمِنُونَ بِاللَّـهِ وَهُم بِالْآخِرَةِ هُمْ كَافِرُونَ ﴿٣٧﴾}} يوسف.

    - بانگەوازکردن لەزینداندا

    لەناو زینداندا ئاکارو ڕەفتاری "یوسف" سەرنجی هەموو بەندیەکانی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو و هەرهەموو زیندانیەکان هاوسۆز و هۆگری "یوسف" بوون و ڕێزێکی زۆریشیان بەهۆی لێکدانەوەی خەونەکانیانەوە لێ دەگرت، (یوسف)یش ئەمەی بەهەلێکی لەبارو پێویست دەبینی تا لەم ڕێ یەوە ناسنامەی خۆییان بۆ دەرخات کە لەچ بنەماڵەیەکی ڕەسەنەو ئەرکی ڕاستەقینەی سەرشانی بەرامبەریان چی یە، ئیدی دەست دەکات بە ئامۆژگاری کردنیان و بانگ کردنیان بۆ سەر ئایینی خودای تاک و تەنیا، پاشان ڕوون کردنەوەی پووچەڵی ی (ڕیبازی هاوەڵ بۆ خودادانان) کە هیچ بەڵکەو نیشانەیەکی نی یە پشتی پێ ببەستێت.

    (یوسف) بەم شێوەیە دەیدواندن و پێ ی دەگوتن: من هیچ ئاینێکم دانەهێناوەو دانەڕشتووە، بەڵکو شوینکەوتووی ئاینی ڕاستەقینەی باب و باپیرانم (إبراهيم و إسحاق و يعقوب)م کە خودا ڕێنمایی کردوون بۆ سەر باوەڕی ڕاستەقینەو ئەو عەقیدە ڕاست و دروستەی کە دەربارەی پەرستنی خودایە بە تەنها، ئەمەش فەزڵ و بەخششی خودایە لەسەر ئێمەو لەسەر خەڵکیش کاتێک ئێمەی بۆلای خەڵکی نارد تاکو ڕێنموونی یان بکەین بۆ سەر ئاینی ڕاست، بەڵام زۆربەی خەڵکی ئەم فەزڵ و بەخششە خودایی یە بە سوپاس و شوکرانە بژێری و باوەڕهێنانەوە وەرناگرن، بەڵکو بە بێباوەڕی و نکووڵی کردنەوە بەبەرەکانی ی دەکەن.

    پاشان "یوسف" لە دواندنی هەردوو هاوڕێ ی نێو زیندانی بەردەوام دەبێت و پێیان دەڵێت: ئایا چەند خودایەکی هەمە جۆرو جیاواز بپەرسترێن چاکترێکن یاخود خودایەکی تاک و تەنیا و زاڵ بەسەر هەموو شتێکدا؟ ئەو خواوەندە هەمەچەشن و لێک جودایانەی ئێوە دەیانپەرستن لەجیاتی (ألله) تەنها چەند ناوێکن کە ئێوە خۆتان و باب و باپیرانتان ناوتان لێناون کە هیچ وجودێکیان لە واقیعدا نی یە. لێرەشدا حوکمی جیاکەرەوە لەسەر (زانینی خودای حەق و ئەوەی شایستەی پەرستنە) هەر بۆ خودا (ألله) خۆیەتی و فەرمانی کردووە کە ئیدی غەیری خۆی نەپەرسترێت و مل بۆ هیچ شتیکی دی کەچ نەکرێت. ئەمەی بۆم باس کردن پوختەی ئاینی ڕاست و ڕەوان کە بە چەندەها دەلالەت و بەڵگەوە بۆ مرۆڤ ڕوون بووەتەوە. کەچی زۆر کەس لە خەڵکی نایانەویت بەم بەڵگەڕۆشنانە ڕینمایی بکرێن و پەی بەم ڕاستی یە پرشنگدارەش نابەن:

    {{وَاتَّبَعْتُ مِلَّةَ آبَائِي إِبْرَاهِيمَ وَإِسْحَاقَ وَيَعْقُوبَ مَا كَانَ لَنَا أَن نُّشْرِكَ بِاللَّـهِ مِن شَيْءٍ ذَٰلِكَ مِن فَضْلِ اللَّـهِ عَلَيْنَا وَعَلَى النَّاسِ وَلَـٰكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَشْكُرُونَ ﴿٣٨﴾ يَا صَاحِبَيِ السِّجْنِ أَأَرْبَابٌ مُّتَفَرِّقُونَ خَيْرٌ أَمِ اللَّـهُ الْوَاحِدُ الْقَهَّارُ ﴿٣٩﴾ مَا تَعْبُدُونَ مِن دُونِهِ إِلَّا أَسْمَاءً سَمَّيْتُمُوهَا أَنتُمْ وَآبَاؤُكُم مَّا أَنزَلَ اللَّـهُ بِهَا مِن سُلْطَانٍ إِنِ الْحُكْمُ إِلَّا لِلَّـهِ أَمَرَ أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا إِيَّاهُ ذَٰلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ وَلَـٰكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ ﴿٤٠﴾}} يوسف

    - یوسف خەونەکانی هەردوو هاوەڵەکەی لێک دەداتەوە

    (یوسف) دوای ئەوەی پەندو ئامۆژگاری یەکانی بۆ هەردوو هاوڕێکەی ناو زیندانی بۆ تەواو دەکات، دێتە سەر وەڵامی پرسیارەکانیان لەسەر لێکدانەوەی خەونەکانیان و پێیان دەڵێت: یەکێکتان لەم زیندانە ڕزگاری دەبێت و هەروەکو جاران هەر وەک ئاوکێشی پادشا دەمینێتەوە. ئەوەی تریشتان حوکمی کوشتنی بەسەردا دەدرێت و لە دار دەدرێت و باڵندەش دوایی لەسەری دەخوات.

    پاشان (یوسف) ڕوودەکاتە هەردووکیان و پێیان دەلێت ئیتر خودای مەزن بڕیاری خۆی بەم ڕەنگە داوە کە من بۆم ڕوون کردنەوە، ئەم بڕیارەش هیچ ڕیگرێک و بەربەستێکی لەبەردەمدا نابێت.

    سەرۆکی ئاوکێشان بڕیاری ئازادبوونی بۆ دێت و لەکاتێکدا خەرێک بوو لە زیندان دەردەچوو، (یوسف) داوای لێکرد بەسەرهاتی خۆی (واتە بەسەرهاتی یوسف و مەسەلەی زیندانی کردنی) بە پادشا بگەیەنێت کاتێک پێ ی دەگات، لەگەڵ باس کردنی ئەو زۆڵم و ستەمەی لێ ی کراوە تاکو لە کاروباری بکۆڵێتەوەو چاو بەکێشەکەیدا بخشێنێتەوەو بۆ پادشا ڕوون بێتەوە کە "یوسف" بێ تاوانەو پاشان ئەو زۆڵم و ستەمەی لەسەر لابات کە بەناڕەوا دەرهەقی کراوە. بەڵام سەرۆکی ئاوکێشەکان لەبەر خۆشحاڵی ی لەڕادەبەدەری خۆی بەبۆنەی لە زیندان دەرچوونی یەوە لەبیری دەچێت کە باسی (یوسف) و گرفتەکانی لەلای پادشا بکات (دیارە ئەوەش خوویەکەو لەزۆربەی خەڵکی ی دا هەیە کاتێک لەداوی تەنگانەیەک دەکەونە خۆشی و شادی و ئاسوودەیی یەوە هاوڕێیانی تەنگانەیان لە بیردەکەن). بێگومان بەهۆی ئەو لەبیرچوونەوەیەی سەرۆکی ئاوکێشانەوە (یوسف) چەند ساڵێکی تر لە زینداندا مایەوە، هەروەک لە ئایەتەکەدا وشەی (بضع سنين) هاتووە و ماوەی نێوان (٣ـ٩) ساڵ دەگەیەنێت.

    ئەم دێرانەی پێشووش پوختەی مانای ئەم فەرمایشتەی خودای گەورەیە لەم ئایەتانەی بەشێکی دیکەی سوورەتی "یوسف" دا:

    {{يَا صَاحِبَيِ السِّجْنِ أَمَّا أَحَدُكُمَا فَيَسْقِي رَبَّهُ خَمْراً وَأَمَّا الْآخَرُ فَيُصْلَبُ فَتَأْكُلُ الطَّيْرُ مِن رَّأْسِهِ قُضِيَ الْأَمْرُ الَّذِي فِيهِ تَسْتَفْتِيَانِ ﴿٤١﴾ وَقَالَ لِلَّذِي ظَنَّ أَنَّهُ نَاجٍ مِّنْهُمَا اذْكُرْنِي عِندَ رَبِّكَ فَأَنسَاهُ الشَّيْطَانُ ذِكْرَ رَبِّهِ فَلَبِثَ فِي السِّجْنِ بِضْعَ سِنِينَ ﴿٤٢﴾}} يوسف.


     

    ژیانی پێغه‌مبه‌ر یوسف علیه‌ السلام


    تاقی كردنه‌وه‌ی یوسف به‌ ئافره‌ت


    یوسف علیه‌ السلام له‌ زیندان


    یوسف علیه‌ السلام وه‌زیری پاشا


    یوسف علیه‌ السلام ناسینه‌وه‌ی براكانی


    به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی یه‌عقوب و یوسف


    چه‌ند په‌ند و وانه‌یه‌ك له‌ چیرۆكی یوسف علیه‌ السلام

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌ پاره‌ به‌ده‌ست بهێنی ؟👇

    https://bit.ly/3IIfX9K

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام