ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

    ژیانی موسا پێش پێغه‌مبه‌رایه‌تی به‌شی یه‌كه‌م

    ژیانی موسا پێش پێغه‌مبه‌رایه‌تی به‌شی یه‌كه‌م


     

    - بەخێوکردنی موسا لەکۆشکی شاهانەی (فیرعەون)دا

    - موسا بەهانای یەکێک (لە بەنی ئیسرائیل)ـەوە دەچێت

    - کەشف بوونی "موسا"و ڕاکردنی

    - "موسا" لە خاکی مەدیەن

    - ژنهێنانی "موسا"

    بەخێوکردنی موسا لەکۆشکی شاهانەی (فیرعەون)دا

    "موسا" لەدوای هاتنە دنیای، چەند مانگێک لە ئامێزی دیکیدا مایەوە، پاشان کاتێک دایکی ترسی ئەوەی لێ نیشت کە پێ‌ی بزانن و منداڵەکەی بکوژن، خێرا بە ئیلهامی خودا سندووقێکی دروست کرد و "موسا"ی پێچایەوەو کردیە ناو سندووقەکەوە ئینجا بە سندووقەکەوە "موسا"ی هەڵدایە ڕوباری (نیل)ـەوە، ئەمەش لەساتەوەختێکدا بوو کە خودای گەورە ترس‌و نیگەرانی‌‌ی لێ دوورخستبوویەوەو مژدەی تەواوی پێ‌دابوو کە "موسا"ی جگەرگۆشەی بۆ دەگێڕیتەوەو، لە ئایندەشدا دەیکات بە یەکیک لە پێغەمبەران.

    جا لەو ماوەیەدا کە سندوقەکە بەناو ئاوەکەدا دەڕۆیشت چەند کەسێک لە دەست ‌و پێوەندی (فیرعەون) بەدییان کردو دەریان هێناو بردیانەوە بۆ ماڵی (فیرعەون)، لەوێش سندوقەکەیان هەڵپجڕی، ژنەکەی (فیرعەون) چاوی بە مندالەکە (واتە: موسا) کەوت‌و یەکسەر خودای گەورە لەو چرکە ساتانەدا خۆشەویستی‌ی ئەو منداڵەی دەخاتە دڵەوەو دەزانێت گەر (فیرعەون)ی مێردی بیبینێت و بزانێت (کوڕە) دەستبەجێ دەیکوژێت، وەک چۆن هەموو کوڕانی (بنی اسرائیل)ی دەکوشت، هەر بۆیەش بە (فیرعەون دەڵێت: ئەم کوڕە دەبێتە هۆی خۆشی‌و شادی من و تۆ، لەبەر ئەوە مەیکوژە بەشکم سوودمان پێ بگەیەنێت یان تاکو بیکەین بە کوڕی خۆمان و چیدی ئاوا بێ کوڕو وەجاخ کوێر نەبین. (فیرعەون) بەو ڕایە قایل بوو و بۆ ژنەکەی خۆی هێشتەوە.

    بەم ڕەنگە "موسا" لەو مەرگەساتە ڕزگاری بوو، بێگومان فیرعەون و (هامان)ی وەزیریشی‌و سەربازەکانیشیان نەیاندەزانی کە قەدەر چ شتێکی لەناخی خۆیدا بۆ حەشارداون‌و ئەو منداڵەی کە لە ئاوەکەیان دەرهێناوە دەبێت بە دوژمنیان و بەسەرچاوەیەکی خەم و نیگەرانییان و، بە هۆکارێکی لەناوچوونیان لە ئاکامی بێ باوەڕی‌و ڕۆچونیان لە ستەم‌دا.

    ئەمە بوو حاڵی "موسا" لە ساتەکانی هەڵدانە نێو ڕووبارو دەرهێنانەوەی‌دا، ئەی داخۆ حاڵی دایکی چۆن بووبێت؟! بێگومان دایکی هەر کە ئەم کۆرپەیەی هەڵدەداتە ناو ڕوبارەکەوە، خێرا کچەکەی خۆی (واتە: خوشکەکەی "موسا") بەدوای ئاسەواری سندوقەکەدا دەنێرێت و لەمەودایەکی دوورەوە چاودێری‌ی دەکات تا دەیبینێت چۆن هەڵدەگیرێتەوەو بۆ ماڵی (فیرعەون) دەبرێت، بۆیە بە پەلە هەواڵەکە بە دایکی دەگەیەنێت و ئەویش بەبیستنی ئەو هەواڵە‌و لەترس‌ و بێ‌ئارامیدا هۆش و عەقڵی لەلا نامینێت و دڵی لە هەموو شتێک خاڵی دەبێتەوەو هیچی تێدا نامینێت تەنها یادو فیکری "موسا" نەبێت‌و خەریک بوو لەو پەرۆشی‌و بێ‌ئارامی‌یەیدا نهێنی‌یەکەش ئاشکراکات و پەردە لەسەر مەسەلەکی خۆی هەڵداتەوە، بەڵام خودا دڵی جێگیر دەکاتەوەو دەیکات بە مرۆڤێکی ئیماندارو پشت بەستوو بە پەیمانی خوداو دڵنیا دەبێت لەوەی کە خودا کۆرپەکەی بۆ دەگێڕێتەوە.

    جا کاتێک "موسا" لەمالی (فیرعەون) دابوو چەندی ئافرەتی دایەن و خاوەن کۆرپەی شیرخۆرەی بۆ دینن تاکو شیری خۆیانی پێ بدەن، بەلام مندالەکە شیری هیچ کەسێکیان ناخوات.

    لەو ماوەیەشدا خوشکەکەی دەگاتە لای‌و بەدەست و پێوەندەکەی (فیرعەون) و ژنەکەی دەڵێت: من ژنێک دەناسم کە دەتوانێت شیر بەو منداڵە بدات و ڕێم پێ بدەن بانگی بکەم بۆتان. ئەوانیش ڕێی پێ دەدەن و قایل دەبن بەوەی بینێرن بەدوایدا، (بێگومان مەبەستی ئەم کچە دایکی موسا بووە)، ئینجا خێرا دەچێت بەدوای دایکیداو دەیهێنێت بۆ ماڵی (فیرعەون) و "موسا"یش زوو هۆگری دەبێت و دەست دەکا بەشیر خواردن لە سنگی دایکی و هەموو دایەنەکانی دی ڕەت دەکاتەوە، بەم ڕەنگە دایکی "موسا" بە تەواوی بۆی ڕوون دەبێتەوە کە پەیمانی خودای گەورە ڕاست و ڕەوانە، دوای ئەوەی ساوا جگەرگۆشەکەی بۆ دەگێریتەوە.

    ئەمەی پێشوو شیکاری ئەم ئایەتانەیە کە دەیخوێننەوەو خودای گەورە تێیاندا فەرموویە:

    {{وَأَوْحَيْنَا إِلَىٰ أُمِّ مُوسَىٰ أَنْ أَرْضِعِيهِ فَإِذَا خِفْتِ عَلَيْهِ فَأَلْقِيهِ فِي الْيَمِّ وَلَا تَخَافِي وَلَا تَحْزَنِي إِنَّا رَادُّوهُ إِلَيْكِ وَجَاعِلُوهُ مِنَ الْمُرْسَلِينَ ﴿٧﴾ فَالْتَقَطَهُ آلُ فِرْعَوْنَ لِيَكُونَ لَهُمْ عَدُوًّا وَحَزَنًا إِنَّ فِرْعَوْنَ وَهَامَانَ وَجُنُودَهُمَا كَانُوا خَاطِئِينَ ﴿٨﴾ وَقَالَتِ امْرَأَتُ فِرْعَوْنَ قُرَّتُ عَيْنٍ لِّي وَلَكَ لَا تَقْتُلُوهُ عَسَىٰ أَن يَنفَعَنَا أَوْ نَتَّخِذَهُ وَلَدًا وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ ﴿٩﴾ وَأَصْبَحَ فُؤَادُ أُمِّ مُوسَىٰ فَارِغًا إِن كَادَتْ لَتُبْدِي بِهِ لَوْلَا أَن رَّبَطْنَا عَلَىٰ قَلْبِهَا لِتَكُونَ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ ﴿١٠﴾ وَقَالَتْ لِأُخْتِهِ قُصِّيهِ فَبَصُرَتْ بِهِ عَن جُنُبٍ وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ ﴿١١﴾ وَحَرَّمْنَا عَلَيْهِ الْمَرَاضِعَ مِن قَبْلُ فَقَالَتْ هَلْ أَدُلُّكُمْ عَلَىٰ أَهْلِ بَيْتٍ يَكْفُلُونَهُ لَكُمْ وَهُمْ لَهُ نَاصِحُونَ ﴿١٢﴾ فَرَدَدْنَاهُ إِلَىٰ أُمِّهِ كَيْ تَقَرَّ عَيْنُهَا وَلَا تَحْزَنَ وَلِتَعْلَمَ أَنَّ وَعْدَ اللَّـهِ حَقٌّ وَلَـٰكِنَّ أَكْثَرَهُمْ لَا يَعْلَمُونَ ﴿١٣﴾ }} ألقصص.

    شتێکی سروشتی‌و ئاساییشە کەوا "موسا" دوای ئەوەی ماوەی شیرخواردنی تواوبووە، هەر لە ماڵی (فیرعەون)دا بووبێت و هەر لەوێش واتە (لە کۆشکی شاهانەی فیرعەوندا) بەخێوکرابێت، جا کاتێک گەورە بووەو پێگەیشتووەو هێزێکی گەنجی‌ی بۆ خوڵقاوە خودا زانست و حیکمەتیشی پێ بەخشیوە، خودای گەورە ئەم جۆرە پاداشتە هەر بە چاکەکاران و باوەڕدارانی چاکەخواز دەبەخشێت هەروەک فەرموویە:

    {{وَلَمَّا بَلَغَ أَشُدَّهُ وَاسْتَوَىٰ آتَيْنَاهُ حُكْمًا وَعِلْمًا وَكَذَٰلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ ﴿١٤﴾ }} ألقصص.

    موسا بەهانای یەکێک (لە بەنی ئیسرائیل)ـەوە دەچێت "موسا" تا هەڕەتی لاوی‌ی لە ماڵی (فیرعەون)دا ژیانی بەسەربرد و جەستەیەکی بەهێزو توانایەکی زۆری هەبوو، ڕۆژیکیان "موسا" لە کۆشکەکەی (فیرعەون) دەچێتە دەرەوەو دەڕواتە ناو شار، لەکاتێکدا خەڵکەکە و دانیشتوانی شارەکە لە کاتی بێ ئاگایی بوون (وادیارە ئەو کاتە کاتی نیوەڕۆ بووە) وە لەوێ دەبینێت دوو پیاو لەگەڵ یەکدی بەشەڕ هاتوون کە یەکەمیان لە (بنی اسرائیل) بوو و لەگەلەکەی خۆیەتی وە دووەمیان لە گەلی (فیرعەون)ـە. ئەوەیان کە (ئیسرائیلی) بوو پەنای هێنا بۆ "موسا" تاکو فریای بکەوێت، چونکە ئەوان شانازیان بەوەوە دەکرد کە کاتی خۆی ئەوان "موسا"یان گەورە کردوەو وەکو (خاڵ) وابوون بۆی لەڕێگەی شیرەوە، ئیدی کە پیاوەکە پەنای بۆ "موسا" برد، "موسا" بەهانایەوە چوو و مشتەکۆڵەیەکی وەها توندی بە کابرای (فیرعەونی)دا دەدات کە یەکسەر لەناوی دەبات و هەناسەی لێ دەبڕێت، ("موسا" بەو نیازە پێیدا نەکێشا کە بیکوژێت، بەڵکو ویستی لە جەنگەکەدا پاشگەزی بکاتەوەو دووری بخاتەوە). بەڵام "موسا" زوو لەو کردەوەیەی پەشیمان دەبێتەوەو بە کردارێکی (شەیتانی) دادەنێت و داوای لێخۆشبوون لە خودای گەورە دەکات لەسەر ئەو گوناهەی کە کردی و لێی دەپارێتەوە تۆبەو پەشیمان بوونەوەی لێ وەرگرێت و نەیکات بە یاریدەدەرێکی تاوانباران، خودای گەورەش لێی دەبوورێت و تۆبەی لێ وەردەگرێت، هەروەک لەم بەشەی بەسەرهاتەکەی‌دا فەرموویەتی:

    {{وَدَخَلَ الْمَدِينَةَ عَلَىٰ حِينِ غَفْلَةٍ مِّنْ أَهْلِهَا فَوَجَدَ فِيهَا رَجُلَيْنِ يَقْتَتِلَانِ هَـٰذَا مِن شِيعَتِهِ وَهَـٰذَا مِنْ عَدُوِّهِ فَاسْتَغَاثَهُ الَّذِي مِن شِيعَتِهِ عَلَى الَّذِي مِنْ عَدُوِّهِ فَوَكَزَهُ مُوسَىٰ فَقَضَىٰ عَلَيْهِ قَالَ هَـٰذَا مِنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ إِنَّهُ عَدُوٌّ مُّضِلٌّ مُّبِينٌ ﴿١٥﴾ قَالَ رَبِّ إِنِّي ظَلَمْتُ نَفْسِي فَاغْفِرْ لِي فَغَفَرَ لَهُ إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ ﴿١٦﴾ قَالَ رَبِّ بِمَا أَنْعَمْتَ عَلَيَّ فَلَنْ أَكُونَ ظَهِيرًا لِّلْمُجْرِمِينَ ﴿١٧﴾}} ألقصص.

    کەشف بوونی "موسا"و ڕاکردنی

    بۆ ڕۆژی دووەم (واتە ڕۆژێک لەدوای کوشتنی کابرای فیرعەونی)، "موسا" دەجێتەوە بۆ ناو شارو لە کەشف بوونی کردارەکەشی دەترسێت، بەڵام دەبینێت ئەو پیاوە (ئیسرائیلی‌یە)ی کە دوێنی بە فریای گەیشتبوو و کابرای سەر بە خێڵی (فیرعەونی)ی لە پێناودا کوشتبوو، ئەوا خەریکی شەڕکردنە لەگەڵ پیاوێکی دیکەی (فیرعەونی)داو دووبارە داوای بەفریاکەوتنی لێ دەکاتەوە کە گوایە زوڵمی لێ دەکرێت.

    "موسا" زۆر تووڕەبوو لە کابرای (ئیسرائیلی یەکە چونکە هەموو ڕۆژێک حەزی لە شەڕو هەراو هۆریایە) وە بە توندی دەیگرێت و لە یەکتریان دووردەخاتەوە، کەچی کابرای (ئیسرائیلی) کە سەر بەهۆزەکەی (موسا)یەو ڕۆژێک لەوەوبەر پیاوێکی لەسەر کوژراوە وا گومان دەبات گوایە (موسا) دەیەوێت ئەو (واتە ئیسرائیلی‌یەکە) بکوژیت، هەر بۆیە پێ‌ی دەڵێت: دەتەوێ منیش بکوژیت وەک چۆن دوێنێ کەسێکت کوشت.

    پیاوە (فیرعەونی)یەکەش هەر کە ئەم وتەیەی بیست ڕایکرد خه‌به‌ره‌که‌ی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ "موسا" بووه‌ کابراکه‌ی دوێنێکه‌ی کوشتوه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ "موسا" که‌وته‌ مه‌ترسی یه‌وه‌ به‌ته‌واوی، چونکە تا ئەوکاتە گەلەکەی خۆی نەیاندەزانی کە کێ پیاوەکەی دوینێ‌یانی کوشتووە، هەواڵەکە گەیشتە کەس و کارو نێو هۆزی (فیرعەون)، ئەوانیش هەموو خۆیان سازدەکەن و بەگورجی دەکەونە خۆ بۆ گەڕان بەدوای "موسا"داو بۆ لەناوبردنی.

    لەو ساتانەدا پیاوێکی دلسۆزی "موسا" لەوپەڕی شارەوە بەپەلەو بەهەڵەداوان خۆی دەگەیەنێتە لای "موسا"ی هاوڕێ‌ی و لەو خۆسازدانەی گەلەکەی (فیرعەون)ی ئاگادار دەکاتەوەو ئامۆژگاریشی دەکات لەسەر ئەوەی خۆی قوتارکات و لە (میسر) دەرچێت تاکو دەستیان پێ‌ی نەگات. "موسا"ش ئامۆژگاری‌یەکەی لێ وەردەگرێت و بەترس و نیگەرانی‌یەکی ئاسایی‌و وریایی‌یانەوە هەڵدێت و نزاش لەلای پەروەردگاری دەکات کە لە دەست گەلی ستەمکاران ڕزگاری بکات.

    ئەم ئایەتانەی خوارەوەش بەشیکی دیکەی بەسەرهاتەکەیە کە لەم دێڕانەی پێشوودا لێکدرانەوە:

    {{فَأَصْبَحَ فِي الْمَدِينَةِ خَائِفًا يَتَرَقَّبُ فَإِذَا الَّذِي اسْتَنصَرَهُ بِالْأَمْسِ يَسْتَصْرِخُهُ قَالَ لَهُ مُوسَىٰ إِنَّكَ لَغَوِيٌّ مُّبِينٌ ﴿١٨﴾ فَلَمَّا أَنْ أَرَادَ أَن يَبْطِشَ بِالَّذِي هُوَ عَدُوٌّ لَّهُمَا قَالَ يَا مُوسَىٰ أَتُرِيدُ أَن تَقْتُلَنِي كَمَا قَتَلْتَ نَفْسًا بِالْأَمْسِ إِن تُرِيدُ إِلَّا أَن تَكُونَ جَبَّارًا فِي الْأَرْضِ وَمَا تُرِيدُ أَن تَكُونَ مِنَ الْمُصْلِحِينَ ﴿١٩﴾ وَجَاءَ رَجُلٌ مِّنْ أَقْصَى الْمَدِينَةِ يَسْعَىٰ قَالَ يَا مُوسَىٰ إِنَّ الْمَلَأَ يَأْتَمِرُونَ بِكَ لِيَقْتُلُوكَ فَاخْرُجْ إِنِّي لَكَ مِنَ النَّاصِحِينَ ﴿٢٠﴾ فَخَرَجَ مِنْهَا خَائِفًا يَتَرَقَّبُ قَالَ رَبِّ نَجِّنِي مِنَ الْقَوْمِ الظَّالِمِينَ ﴿٢١﴾}} ألقصص.


     

    ژیانی موسا علیه‌ السلام


    ژیانی موسا پێش پێغه‌مبه‌رایه‌تی به‌شی 1


    ژیانی موسا پێش پێغه‌مبه‌رایه‌تی به‌شی 2


    پێغه‌مبه‌رێتی موسا و هارون به‌شی 1


    پێغه‌مبه‌رێتی موسا و هارون به‌شی 2


    ژیان و خه‌باتی موسا و گه‌له‌كه‌ی


    چاره‌نووسی فیرعه‌ون و گه‌له‌كه‌ی


    په‌ند و وانه‌كان له‌ چیرۆكی موسا علیه‌ السلام

     بۆ پشتیوانیكردنی ماڵپه‌ڕ ڕۆژانه‌ 2 جار كلیك له‌م وێنه‌یه‌ بكه‌👇

     بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌

     ته‌له‌گرام   مه‌سنجه‌ر   یوتوب   انسته‌گرام